کوردستان میشنێری ژماره‌ی 4، ساڵی 18، ئاوریلی 1926
نامه‌ی مارتا داڵ
دۆستانی ئازیز له وڵات [ ئه‌مریکا]
مه‌به‌ستم ئه‌وه بوو به ڕێگای " کوردستان میشنێری" دا پیرۆزبایی کریسمه‌ستان لێ بکه‌م به‌ڵام، کاتێک نیوه‌ی نامه‌که‌م ته‌واو کردبوو نه‌خۆش که‌وتم. ئه‌من پێم خۆشه سپاسی هه‌مووتان بکه‌م که کارتی پیرۆزبایی کریسمه‌ستان بۆ ئێمه ناردبوو.پێم خۆشه بۆ هه‌رکامێکتان به جیاواز و به تایبه‌تی نامه بنووسم و ڕه‌نگه هه‌ر واش بکه‌م. ئه‌وه هه‌ستێکی زۆر خۆشی له من دا پێک هێنا خه‌به‌ری ئێوه ببیستم و بزانم که ئێوه ئێمه‌تان له بیره. یه‌که‌م کریسمه‌سی من له کوردستان کریسمه‌سێکی خۆش بوو.زۆر شاد بووم که له نه‌خۆشی هه‌ستاومه‌وه، نه‌خۆشییه‌کی ئاوای که ته‌نانه‌ت بڕیاڕیان دابوو له کوێشم بنێژن. سپاس بۆ خوڵای ئه‌و جاره‌ش ده‌فریام هات و ڕزگاری کردم.هیوادارم ته‌واو بێمه‌وه سه‌ره‌خۆ بۆ ئه‌وه‌ی درێژه بده‌م به خزمه‌ت کردنی.
ماوه‌یه‌کی کورت له دوای کریسمه‌س ئێمه له حاکمی سه‌رده‌شته‌وه نامه‌یه‌کمان بۆهات که تێیدا نووسیبووی پێویستییان به نێرسێکه.له به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه هێنده زۆرنین که که‌سێکمان له نێو دا هه‌ڵبژێردرێ ئه‌من ده‌بوو ئه‌و که‌سه‌بم که بچێ. چونکه ئه‌وه یه‌که‌م سه‌فه‌ری من به ته‌نێ بوو هێندێک دڵه‌خورپه‌م هه‌بوو. حاکمی سه‌رده‌شت،7 ئه‌سپ، دوو سه‌رباز و سێ خزمه‌تکاری ناردبوو بۆ بردنی من. جگه له‌وان میرزا حوسێن و کچێکیش له گه‌ڵم بوون. بۆیه ئێمه جه‌ماعه‌تێکی ته‌واو بووین کاتێک سه‌رله‌به‌یانی ڕۆژی جومعه، 8ی ژانڤییه [1926] له سابڵاغێ وه‌ڕێ که‌وتین. سه‌رله‌به‌یانییه‌کی زۆر جوان بوو. شه‌وێ به‌فرێکی ته‌نک باریبووبۆیه هه‌موو جێیه‌ک سپی و جوان بوو. کۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی له به‌ر ده‌گا. کاتێک ده‌بینن ئه‌سپه‌کان ئاماده ده‌کرێن له‌هه‌موو لایه‌که‌وه خه‌ڵک دێن بۆ ته‌ماشا کردن هه‌ر وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌ئه‌مریکا خه‌ڵک غارده‌ده‌ن بۆ ته‌ماشا کردنی ئاور. دوکتور
[شاڵک] و سه‌عید بۆ ماوه‌یه‌ک به سواری له‌گه‌ڵمان هاتن و به‌ڕێیان کردین. که گه‌یشتینه ده‌ره‌وه‌ی شاری دوکتور هێندێک وێنه‌ی هه‌ڵگرت. دوای ئه‌وه‌ی دوکتور گه‌ڕایه‌وه،ئه‌و سه‌ربازه‌ی که به‌رپرسی جه‌ماعه‌ته‌که بوو به سواری ئه‌سپه‌که‌ی له من نزیک بووه‌وه و لێی پرسیم داخودا ده‌ترسێم یان نا؟ له‌کاتێک دا فیشه‌کدانه دووقه‌ده‌که‌ی پیشان ده‌دام پێی گوتم: " نابێ بترسێی چونکه هیچ شتێک سه‌ده‌مه‌ت پێ ناگه‌یێنێ." دوایه ئه‌سپه‌که‌ی تاو دا و ده‌ستی کرد به ته‌قه کردن به‌ملاولا دا.ئه‌من ده‌بێ په‌سنی بده‌م که ئه‌و ده‌یتوانی له یه‌ک کات دا هه‌م ئه‌سپه‌که‌ی غار بدا و هه‌میشه ته‌قه بکا. میرزا حوسێن پێی گوتم سه‌ربازه‌که بۆ ڕێزلێنان له من ئه‌وه‌ی کرد و بۆیه له جیات من سپاسی کرد.ئه‌و سه‌روسه‌کوتی زۆر مڕچ و مۆن و به‌هه‌یبه‌ت بوو به‌ڵام دیار بوو له ژێره‌وه دڵێکیش لێده‌دا. زۆرم پێ خۆش بوو به چاکه باسی دایکی خۆی بۆ گێڕامه‌وه.مێهره‌وانییه‌کی زۆری له ئاست من نیشان دا.
ئێمه به ته‌بیعه‌تێکی زۆر جوان دا تێده‌په‌ڕین، له هه‌ورازان سه‌رده‌که‌وتین و ده‌هاتینه خواره‌وه، له هێندێک جێیان ڕێگه هه‌ره تێپه‌ڕگه‌یه‌کی ته‌نگ بوو. ئه‌من له‌وه ده‌ترسام ئه‌سپه‌که سه‌رسم بدا و له پێچه‌کان دا ڕه‌ت به‌رێ. به‌ره‌و نیوه‌ڕۆ له‌و کاته‌ی دا که ئێمه به دۆڵێکی زه‌نوێر دا تێده‌په‌ڕین ڕۆژ ته‌واو گه‌رمی کردبوو ، ولێرو له‌وێش تووشی جۆگه و جۆبار ده‌هاتین. زوو دیسان له هه‌ورازان وه‌سه‌رکه‌وتین و له‌وێ به‌فر که‌وتبوو و دایدا بارانێ. ئه‌وده‌می ئه‌من وه‌بیر بارانییه‌که‌م که‌وتبوومه‌وه که له ماڵێ به‌جێمهێشتبوو. سه‌ربازه‌که بارانی کابرایه‌کی پیری جه‌ماعه‌ته‌که‌ی خۆی له به‌ری داکه‌ند و به‌منی دادا. ئه‌وه به درێژایی سه‌فه‌ره‌که‌مان چه‌ند جار ڕوویدا، جا بۆیه ئه‌و پیاوه پیره به‌سته‌زمانه هه‌ر ئه‌و کاتانه‌ی که باران لێی ده‌کرده‌وه و تاووساو بوو خێری له بارانییه‌که‌ی خۆی ده‌دی. که له‌و دێیه‌ی نزیک بووینه‌وه که شه‌وێ ده‌بوو له‌وێ مزڵ بگرین سه‌ربازه‌که وه‌پیش که‌وته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی هاتنی ئێمه‌یان پێ ڕابگه‌یێنێ، و ئه‌وجار گه‌ڕاوه بۆ پێشوازی لێکردنمان. کاتێک ئێمه دابه‌زین ژووره‌که گه‌رم بوو و ئاوی چاییش خه‌ریک بوو ده‌کوڵی. هێنده‌ی پێ نه‌چوو گوێمان له کورکاندنی مریشکان بوو. وادیار بوو بۆ شه‌وێ خۆراکی مریشکمان ده‌ده‌نێ. خانمی دێیه‌که هێنده‌ی پێ نه‌چوو هات بۆ به‌خێرهێنانمان. ئه‌و زۆر به سوێوه بوو ئێمه بزانین مێرده‌که‌ی خاوه‌نی ئه‌و دێیه‌یه، 15 ئه‌سپ و چه‌نده نۆکه‌ر و قه‌ره‌واشیان هه‌یه و ئه‌و به‌خۆی چ خانمێکی گه‌وره‌یه. ئه‌وه‌ی که ئه‌و هیچ باسی نه‌کرد به‌ڵام، ئه‌من زۆر بۆم سه‌رنجڕاکێش بوو بزانم شه‌ش منداڵه ژیکه‌ڵه‌کانی بوون. له دێیه‌که دا هیچ مه‌دره‌سه نه‌بوو به‌ڵام کوره‌کان فێری خوێندنه‌وه ده‌کران. ئه‌من نه‌مده‌توانی هه‌ستی به‌داخه‌وه بوونم له خۆم دوورکه‌مه‌وه، له به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و منداڵه ژیکه‌ڵانه ده‌بێ له که‌شوهه‌وایه‌ک دا گه‌وره بن که چ ده‌رفه‌تیان نابێ بچنه مه‌دره‌سه.
هێندێک ژنی دیکه‌ش هاتن له‌به‌ر ده‌رگاوه که کرابووه‌وه چاویان لێ ده‌کردین. کاتێک ئه‌من سڵاوم لێکردن هه‌موویان هاتنه ژوورێ و زۆریان پێ خۆش‌بوو قسه بکه‌ن.میرزا حوسێن و ئه‌وکچه‌ی له‌گه‌ڵمه هه‌ردووکیان که‌مێک ئینگلیسی ده‌زانن جا بۆیه به یارمه‌تی وان ده‌متوانی هێندێکیان قسه له‌گه‌ڵ بکه‌م. یه‌ک له‌و پرسیارانه‌ی که زۆرجار لێم ده‌کرێ ئه‌مه‌یه: " میرده‌که‌ت له کوێیه؟" کاتێک پێیان ده‌ڵێم ئه‌من زه‌واجم نه‌کردووه به سه‌رسووڕمانه‌وه چاوم لێده‌که‌ن. ئه‌وان بۆیان ناچێته‌وه سه‌ریه‌ک چۆن شتی وا ده‌بێ. لێره کاتێک کچێک ده‌گاته ته‌مه‌نی 10 ساڵان ده‌ست ده‌که‌ن به‌وه‌ی بۆی به دوای مێردێک دا بگه‌ڕێن.
دوای چێژ وه‌رگرتن له شێوێک که بریتی بوو له مریشکی سووره‌وه‌کراو، نانی خۆماڵی و چای خواردنه‌وه ئێمه به ده‌وری سۆبه‌یه‌ک دا دانیشتین و هه‌تا وه‌ختی نوستنێ قسه‌مان کرد. ئه‌وه شوێنێکی گشتی بوو بۆ لادانی ڕێبواران بۆیه چه‌ندین پیاوی دیکه‌ش هاتن و له‌وێ دانیشتن و سیغاریان ده‌کێشا، هێندێکان به وه‌ره‌ق کایه‌یان ده‌کرد، هێندێک قسه‌یان ده‌کرد وهێندێکیش نوێژیان ده‌کرد. له سه‌عات 2، به پێی کاتی میرزا حوسێن، که کاتی کوردییه، ته‌نیا سه‌عاتێکی که ئێمه ده‌بوو به پێی وی ببزووینه‌وه و، پێنج سه‌عات له پێش کاتی ئێمه‌یه، داوا له پیاوه‌کان کرا بڕۆن بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه بتوانین بنووین. هه‌تا ئه‌وه‌ی که دووکه‌ڵی سیغار بزر نه‌بوو و هه‌وای ژووره‌که هێندێک ساردنه‌بووه‌وه خه‌وم لێنه‌که‌وت.
به‌ری به‌یانی بۆ ڕۆژی دواتر ئێمه درێژه‌مان دا به سه‌فه‌ره‌که‌مان. شه‌وێ به‌فرێکی زۆر باریبوو، جا بۆیه ئێمه نیگه‌ران بووین چۆن له‌وکێوه سه‌رکه‌شانه‌ی که له‌پێشمان بوون سه‌رکه‌وین. دوای نزیکه‌ی 6 سه‌عات سواری له‌و ڕۆژه دا له‌یه‌کێک له‌و شاخه به‌رزانه نزیک بووینه‌وه و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی جه‌ماعه‌ت ده‌یانه‌ویست به‌یانی زوو به‌و شاخه دا تێپه‌رن شه‌وێ له دێیه‌کی که ته‌واو گه‌وره و جێیه‌کی ئاسووده بوو ماینه‌وه.
بۆ به‌یانی ئه‌و شه‌وه که سه‌رله‌به‌یانییه‌کی ڕووناک، سازگار، و جوانی یه‌کشه‌مۆ بوو وه‌ڕێ که‌وتین. حوسێن له پێشه‌وه‌ی سواران بوو و به ده‌نگ سروودی " خوڵام نیزیکترت" Nearer My God to Theeی ده‌خوێنده‌وه. ئه‌وه هه‌ستی ئه‌وه‌ی تێدا پێک هێنام که ده‌بێ یه‌کشه‌مۆ بێ. ئه‌و ڕۆژه جه‌ماعه‌ت ئاخری ناچاریان کردم زینی ئه‌سپه‌که‌م بگۆڕم وله سه‌ر زینێکی ئاسووده‌ی خۆجیی دانیشم بۆ ئه‌وه‌ی دامپێچن چونکه هه‌وا له شاخه‌کان زۆر ساردی ده‌کرد، به‌ڵام نه‌متوانی خۆم بگرم و تا گه‌یشتینه ترۆپکی شاخی، زینه‌که‌م هیچ پێ ئاسووده نه‌بوو.ده‌تگوت هه‌موو گه‌ی به‌ده‌نم له جێ چوون، جا بۆیه تکام لێکردن با سواری ئه‌سپه قاوه‌ییه‌که‌ی خۆم و زینی ئاسایی ببمه‌وه،به دڵنیاییه‌وه تووشی به‌فر ده‌هاتین. یه‌کێک له خزمه‌تکاره‌کان جڵه‌وی ئه‌سپه‌که‌می ده‌کێشا و یه‌کی دیکه‌ش به ته‌نیشتمه‌وه بوو بۆ ئه‌وه‌ی ئاگای لێم بێ نه‌که‌وم کاتێک ئه‌سپه‌که به نێو تۆپه‌ڵه به‌فراندا بازی ده‌دا. بۆ ماوه‌یه‌ک ئێمه ناچار بووین به پێیان بڕۆین.زۆرم پێ سه‌یر بوو گوێم لێ دێبوو هه‌ر کاتێک ئه‌من ده‌نێو به‌فری ئه‌ستووردا ده‌که‌وتم پیاوه‌کان ده‌ستیان ده‌کرد به دۆعا کردن. ئێمه ئاخره‌که‌ی گه‌یشتینه دوندی شاخی. ده‌تگوت گه‌یشتوونه‌ته ته‌شقی ئاسمانێ. هه‌موو جێیه‌ک مژ بوو. بریا زانیبام ئه‌و شاخه چه‌نده به‌رز بوو. که له شاخی ڕا به‌ره‌و داوێنی هاتینه خوارێ کاتی ئه‌وه هاتبوو بۆ شه‌وێ له جێیه‌ک لابده‌ین. ئه‌و جاره تووشی جێیه‌کی زۆر ئاسووده نه‌هاتین. له ماڵه‌که دا له‌گه‌ڵ گا و مانگا و گوێدرێژان له جێیه‌ک دا بووین. هه‌ر که ده‌مانه‌ویست به ده‌وری ئاور دا دانیشین که له نێوه‌ڕاستی عه‌رزی گڕی لێ هه‌ڵده‌ستا ئه‌من بڕێک کشامه‌وه دوایه و به سه‌ر بێچوه گوێلکێکی تازه زاو دا که‌وتم که‌له شیرن خه‌و دا بوو. له سه‌ر سه‌کۆیه‌ک دوو ژن خه‌ریک بوو نانیان ده‌کرد و چه‌ند منداڵێکیش حه‌ولیان ده‌دا له ده‌وری " ته‌ندوور" خۆیان گه‌رم که‌نه‌وه. ئێستا ده‌زانم بۆ ئه‌و هه‌موو منداڵانه ده‌هێنن بۆ نه‌خۆشخانه که جێیه‌کیان سووتاوه. " ته‌ندوور" کونێکی گه‌وره‌یه ده عه‌رزی دا که بۆ دروستکردنی نانی خۆماڵی به‌کاری ده‌هێنن و ئاوردووی ته‌پاڵه‌یه. ئه‌و ژنانه‌ی نانیان ده‌کرد به‌خێرهاتنیان کردین. ئه‌و خه‌ڵکه داوای لێبوردن ناکه‌ن له به‌ر ئه‌وه‌ی جێگاکه‌یان باش نییه . ته‌نێ پێمان ده‌ڵێن به هاتنمان یه‌کجار خۆشحاڵن و ئه‌وه‌ی هه‌یانه ده‌مانده‌نێ.
دوای چا خواردنه‌وه و بڕێک شت خواردن ئێمه له‌وێ وه‌ده‌رکه‌وتین بۆ ئه‌وه‌ی جێیه‌کی باشتر بۆ نووستن ببینینه‌وه.
جێیه‌کمان دیته‌وه که ئاورگه‌که‌ی له لایه‌ک بوو و شوێنێکیش بۆ ده‌رچوونی دووکه‌ڵ هه‌بوو و، ته‌نیا ئه‌سپێکیان له ماڵێ دا بوو. دوای ئه‌وه‌ی که شه‌وێکی خۆشمان به‌ده‌وری ئاور دا به شه‌وچه‌له خواردن، سروود خوێندنه‌وه و قسه کردن ده‌رباز کرد وه‌ختی ئه‌وه بوو جێیه‌ک بۆ نوستن بدۆزینه‌وه.به ته‌نیشت ئاوره‌که‌وه جێیه‌کیان دا به من و سارا و له‌وێ ته‌خته خه‌وه‌که‌م دامه‌زراند. چوار منداڵ له نزیک ئێمه له سه‌ر سه‌کۆیه‌ک نووستبوون و چاویان له من بڕیبوو و دیار بوو کاتێکی خۆشیان هه‌یه. ئه‌من پێم وایه ئه‌وه یه‌که‌مجار بوو ببین که‌سێک له سه‌ر ته‌ختی خه‌و ده‌نوێ. جگه‌له‌وان چوارکه‌سی دیکه‌ش هه‌ر له هه‌مان ژوور دا نوستبوون.قوتوویه‌کی پچووک که نه‌وتی تێکرابوو وه‌ک چرا داندرابوو و هه‌موو شه‌وه‌که داییسا و بڕووسکه‌یه‌کیش چییه هه‌وا له ژووره‌که‌دا نه‌بوو. هه‌رکه ده‌نگی کاوێژ کردنی ئه‌سپه‌که ته‌واو بوو ئه‌من چاکم خه‌و لێ که‌وت.بۆ به‌یانی ڕا هه‌ستم کرد نا‌توانم له سه‌ر پێم بڕۆم چونکوو ژانێکی زۆری ده‌کرد. ئه‌من هێشتا فێر نه‌بووم وه‌ک خه‌ڵکی خۆماڵی چوار مه‌شقه‌کی دانیشم بۆیه ڕۆژی پێشووتر یه‌کێک پێی له پێم نا. ئه‌و ڕۆژه ئێمه ده‌بوو بگه‌ینه سه‌رده‌شت. بۆیه سه‌ربازه‌که داوای لێکردم سواری ئه‌سپه سپییه جوانه‌که‌ی ئه‌و بم. سه‌ربازه‌کان هه‌ر دووکیان له گشت سه‌فه‌ره‌که‌دا زۆر خۆش مه‌شره‌ب بوون. ئه‌و به‌یانییه یه‌کێکیانم دی بڕێک تووڕه بوو و دیاره ئه‌من ئه‌وه‌م پێ خۆش نه‌بوو. ئه‌من نازانم کێشه‌که چ بوو به‌ڵام یه‌كێک له‌وان قه‌مچییه‌که‌ی ده‌رکێشا له پیاوێک بدا. میرزا حوسێن به‌ریوانی کرد و نه‌یهێشت لێیدا.
ئێستا ئه‌وه له سه‌رده‌شت نزیک ده‌بووینه‌وه و ته‌بیعه‌ت زۆر جیاواز بوو. مه‌زرای که‌سک و داری زۆر.له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌م وه‌رزه دا دار گه‌ڵا ناکه‌ن ئه‌من بۆم ڕوون نه‌بووه‌وه ئه‌و دارانه چ جۆره دارێکن.له چۆمێکی گه‌وره‌ی جوان په‌ڕینه‌وه. ئاوه‌که‌ی ئه‌وه‌نده قووڵ بوو که ده‌بوو پێمان هه‌ڵکێشینه سه‌ره‌وه چونکه ئاو له ئاوزه‌نگیانی ده‌دا. دیسان له هه‌ورازێک وه‌سه‌ر که‌وتین، به‌فرێکی زۆر که‌وتبوو و ته‌نێ ڕێپێڵگه‌یه‌کی خز هه‌بوو پێیدا باژوێین. نزیک نیوه‌ڕۆ گه‌یشتینه ماڵی سوڵتان [ فه‌رمانده‌ری نیزامی ئێرانی ]. ئه‌و له به‌رده‌رگا هات به پێشوازمانه‌وه، خۆی ناساند و ئێمه‌ی برده نێوماڵه‌که‌ی که بریتی بوو له ژوورێکی فه‌ڕشکراو. زۆر مافووره‌ی جوانی هه‌بوو به‌ڵام چ مێز و کورسی نه‌بوو. دوای ماوه‌یه‌کی کورت شێوێکی خۆشیان داینێ. له سه‌ر عه‌رزی نانمان ده‌خوارد به‌ڵام، ده‌وری و که‌وچک و چنگاڵیان دانابوو که له‌م وڵاته دا ئاسایی نییه. ئه‌من ئێستا زۆر به باشی ده‌توانم به ده‌ستیشم نان بخۆم. ته‌نێ کاتێک قاپێک سووپم له پێشدا دا ده‌نێن به بێ که‌وچک نازانم چبکه‌م و داده‌مێنم. ئه‌وانی ده‌ور و به‌رم به ئاسایی هه‌ست به ده‌سته‌وه‌ستان بوونم ده‌که‌ن و که‌وچکێکی داری گه‌وره‌م بۆ دێنین [ ئه‌سکوێ] و ئه‌وده‌می ئیدی سووپه‌که‌م پێ ده‌خورێ.
سوڵتان فارسه؛ ژنه‌که‌ی کورده و دوو منداڵی خشپیلانه‌ی جوانیان هه‌بوو. دوای ده ڕۆژ مانه‌وه له سه‌رده‌شت ئێمه به‌ره‌و بانه ده‌چووین بۆ ئه‌وه‌ی یارمه‌تی ژنی فه‌رمانده‌ری ئه‌وێ بده‌م له کاتی منداڵ بوونی دا. سه‌فه‌ر له سه‌رده‌شته‌وه بۆ بانه ڕێگای دوو ڕۆژان و وه‌رزشێکی ڕاسته قینه بوو. سوڵتان له‌وێوه دووسه‌رباز و چه‌ند ئه‌سپی زۆر جوانی به دوودا ناردبووین. له سه‌رده‌شت چاومان به ئه‌فسه‌رێک که‌وت که له بانه خزمه‌تی ده‌کرد و وه‌ک دوکتوری سه‌بازان کاری ده‌کرد وله نه‌خۆشخانه‌یه‌کی ئینگلیسی هێندێک په‌روه‌رده‌ی دیتبوو. مرۆ که به کوردستان دا سه‌فه‌ر ده‌کا بچێته هه‌ر کوێیه‌ک چاوی به ئینسانی چاک ده‌که‌وێ. ڵێره هیچ ڕێگای ئاسن ، هیچ جاده‌ی شاره ڕێ یان ئوتومبیل نییه به‌لام له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا مرۆ ده‌توانێ زۆر به خۆشی لێره سه‌فه‌ر بکا.
له نێوان ڕێگای سه‌رده‌شت و بانه دا له‌و جێگایه‌ی بۆ شه‌وێ لامان دا خانه‌خوێ زۆر له‌گه‌ڵمان مێهره‌وان بوون و میواندارییه‌کی باشیان لێ‌کردین،ته‌نانه‌ت به گۆرانی گوتن و بلوێر ژه‌نین. هێندێک له گۆرانییه کوردییه‌کان زۆر خۆشن به‌ڵام، هێندێکی دیکه‌یان موسیقییه‌کی ئاوایان له گه‌ڵ نییه.دوکتوره‌که و میرزا حوسێنیش گۆرانی‌یان گوت. ئه‌وان هه‌ردووکیان ده‌نگیان زۆر خۆشه و به ڕاستیش چاکیان ده‌گوت. ده‌مه‌و ئێواره‌ی ڕۆژی دووه‌م له دووره‌وه شاخێکی به‌رزمان دی به‌فر دای پۆشیبوو، و پێیان گوتین بانه له بناری ئه‌و شاخه دایه. ئێمه ئێستا له ته‌ختانی دابووین و ده‌مانتوانی خێراتر باژوێین، بۆیه به‌رله‌وه‌ی تاریک دابێ گه‌یشتینه بانه. سوڵتانی ئێره [ فه‌رمانده‌ری نیزامی] کورده و ئێمه وه‌ک له ماڵی خۆمان بین وابوو. ئه‌و سوڵتانه ژنێکی ژیر و سێ منداڵی خوێن شێرینی هه‌یه. جیاوازی نێوان ئه‌م سوڵتانه و ئه‌وه‌ی له سه‌رده‌شت چووینه ماڵی بۆمن زۆر چاوڕاکێش بوو. له ماڵی سوڵتانی سه‌رده‌شتێ هیچ پیاوێک بۆی نه‌بوو بێته ژوورێ چونکه هیچ پیاوێک نه‌ده‌بوو ڕووی خانمه‌که‌ی ببینێ.
لێره له بانه میزرا حوسێن هه‌ر هاته ئه‌و ژووره‌ی که ئێمه‌ی لێ بووین، و خانمی سوڵتان ته‌نانه‌ت کاتێک قسه‌ی له گه‌ڵ ده‌کرد رووی خۆی دانه‌ده‌پۆشی. له بانه دیتنه‌وه‌ی خانوو ئه‌سته‌مه بۆیه سوڵتان ده‌یه‌ویست تاقه ژووری خۆی به‌جێ بهێڵێ و بیدا به ئێمه. ئێمه ئه‌وه‌مان قه‌بووڵ نه‌کرد بۆیه ئه‌وان داوایان له خێزانێکی دراوسێیان کرد خۆیان بچنه جێیه‌کی دی و ژووره‌که‌یان بده‌ن به ئێمه. ده‌بێ چه‌ند حه‌وتوویه‌ک لێره بمێنینه‌وه. ئه‌و مێهره‌وانییه‌ی ئه‌و فه‌رمانده‌ره له گه‌ڵ ئێمه‌ی کرد و ئه‌و سه‌رنجه‌ی ده‌یدا سه‌ر ئێمه زۆری کاری تێ‌کردم. ئه‌من ده‌پاڕێمه‌وه ڕووناکایی ئینجیل ڕوحیان ڕوون دابگێڕێ. ئه‌گه‌ر وابێ ده‌بێته هێزێکی ته‌واو. له ماوه‌ی ئه‌و ڕۆژانه دا زۆر نه‌خۆش هاتوونه‌لام ته‌ماشایان بکه‌م چونکه لێره هیچ دوکتورێک نییه. جگه له‌وه ئه‌من له لای میرزا حوسێن ده‌رسی زمانان ده‌خوێنم، بۆیه ڕۆژه‌کان خێرا ڕاده‌برن. ئێره به شاخه‌کانی پڕ له به‌فرییه‌وه‌شوێنێکی زۆر جوانه. خه‌ڵکی خۆشه‌ویست له وڵات، به دۆعا و دراوی خۆتان یارمه‌تیمان بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی دروشمی " کوردستان بۆ عیسا" هه‌رچی زووتر وه‌دی بێ.
دڵسوزتان له خزمه‌تی خوڵای گه‌وره دا،
مارتا داڵ"
کوردستان میشنێری له ژماره‌ی 10ی ساڵی 18، ئۆکتۆبری 1926 دا نامه‌یه‌کی یای داڵ ی چاپ کردووه که له ژماره‌یه‌کی ڕۆژنامه‌ی " Bible Student " دا بڵاو کراوه‌ته‌وه
"له ڕۆژنامه‌ی " Bible Student " وه.
ئه‌م په‌یامه‌ی خواره‌وه‌مان له لایه‌ن ئه‌ندامێکی ده‌سته‌ی خزمه‌ت Service Band وه بۆهاتووه که له جێیه‌کی دوور له کوردستان، ئێران خزمه‌ت به خوڵای خۆی ده‌کا:
زۆرسپاستان ده‌که‌م بۆ ئه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌ی " Bible Student " م بۆ ده‌نێرن و به ڕێکوپێکی به ده‌ستم ده‌گا و هه‌ر وه‌ها ئه‌و ئاو نه‌باته‌ش که هه‌ر له‌و دواییانه‌دا به ده‌ستم گه‌یشت......[ کورت کردنه‌وه له ده‌قی ماک دا ح.ق.] ئه‌من هه‌ره ماویه‌کی که‌م شانازی ئه‌وه‌م هه‌بوو له Bible School مه‌دره‌سه‌ی ئینجیل بخوێنم.به‌ڵام، له‌و ده‌مییه‌وه ئێوه‌م هه‌ر له بیره و پێشکه‌وتنه‌کانی مه‌دره‌سه‌که‌م به مرخ و مه‌یڵێکی زۆره‌وه شۆپاندووه......... [ کورت کردنه‌وه‌له ده‌قی ماک دا ح.ق.] له ساڵی یه‌که‌مدا نه‌خۆشی، ناهومێدی و ده‌ردی سه‌ری جیاوازم ته‌جره‌به کرد به‌ڵام، هه‌میشه‌ش ده‌می زۆر خۆشم بووه و له پشتیوانی خوڵای گه‌وره بێبه‌ش نه‌بووم...... [ کورت کردنه‌وه له ده‌قی ماک دا ح.ق] له‌و ڕۆژه‌وه هاتوومه ئێره پێم وایه هه‌ر له ماڵی خۆمم. ئه‌من ئاشقی ئه‌م گه‌له‌م و ته‌نیا ئاواتم ئه‌وه‌یه رۆژێک بێ بتوانم به زمانه‌که‌یان قسه بکه‌م بۆ ئه‌وه‌ی چیرۆکی ڕزگاریده‌ری ئه‌وینداریان بۆ بگێڕمه‌وه. چونکه ئه‌وان پێویستییان پێی هه‌یه! له‌وه‌تی هاتووم له نێو نه‌خۆشان دا کار ده‌که‌م ........[ کورت کردنه‌وه له ده‌قی ماک دا ح.ق.] ئه‌گه‌ر چی ئه‌وکاره‌ی لێره کراوه ماوه‌یه‌کی درێژی پێ نه‌چووه به‌ڵام ئێمه به ئاکامه‌که‌ی زۆر دڵگه‌رمین. چه‌ندین پیاونی گه‌نج هه‌ن که به دوای ڕاستیدا ده‌گه‌ڕێن سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که چه‌ندین جار هه‌ڕه‌شه‌یان لێ کراوه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که دێنه کۆبوونه‌وه‌کانی ئێمه........
___ مارتا داڵ "
له ژماره‌ی 1ی ساڵی 19، ژانڤییه‌ی 1927 گۆڵاده‌ی Golladay ئیدیتۆری کوردستان میشنێری ئاماژه به نامه‌یه‌کی یای داڵ ده‌کا و ده‌نووسێ: " له نامه‌یه‌ک که له‌و دواییانه‌دا یای داڵ بۆ خانمی وی Mrs.Wee ناردووه پیرۆزبایی کریسمه‌س له دۆستانی میسیۆنه‌که‌مان ده‌کا. ئه‌گه‌رچی دره‌نگ گه‌یشتووه به‌ڵام، جێی پێزانیینه.
ئه‌و له نامه‌که‌یدا ده‌ڵێ ته‌بیعییه ئه‌و کرێکارانه‌ی له پێگه‌ی دوور له وڵات کارده‌که‌ن بیر له نیشتمان و خۆشه‌ویستانی خۆیان بکه‌نه‌وه، به تایبه‌تی کاتێک وه‌رزی کریسمه‌س نزیک ده‌بێته‌وه؛ به‌ڵام ئه‌وان که‌یف خۆشن به‌وه‌ی که شادی بنه‌ڕه‌تی کریسمه‌س له کوردستانی دووره ده‌ست دا به ئی خۆیان بزانن و هه‌ر وه‌ها به ئی ئێمه له وڵات. ئه‌و ده‌نووسێ دوای دژوارییه‌کانی چه‌ند مانگ له‌مه‌وبه‌ر، که ناچاری کردن پێگه‌که‌یان بۆ وه‌رزێک به‌جێ بهێڵن، بارودۆخ ئارام بووه‌ته‌وه و، ئێستا پێشبینی هیچ گیروگرفت و کێشه‌ی دیکه ناکه‌ن، به‌ڵانی که‌مه‌وه له حاڵی حازر دا.
داڵ ده‌ڵێ له کاتی نووسینی ئه‌م نامه‌یه‌دا، که له‌سه‌ره‌تای نۆڤامبر [ 1926] دا نووسیویه‌تی، نه‌خۆشخانه ته‌نێ پێویستی به په‌نجه‌ره و سپیکاری هه‌یه و ئاماده ده‌بێ بۆ ئه‌وه‌ی تێوه‌ی بچن و له‌و ماوه‌یه دا ده‌بوو ده نه‌خۆش له ژووری ئه‌نبارێ دا بخه‌وێنن و یای داڵ لێی زیاد ده‌کا ئه‌و هێندێک له منداڵه‌کانی له ژووری تایبه‌تی خۆی دا حاواندووه‌ته‌وه. لێره دا ده‌بێ سه‌رنجی هێندێک له که‌یبانوانی تا ڕاده‌یه‌ک وه‌سواسی و به‌هیچ قایل نه‌بوو که قه‌ت به‌وه‌ی ڕازی نین هه‌یانه بۆ ئه‌م ڕسته‌یه ڕابکێشین، " ئێوه نازانن ته‌نانه‌ت خانووی گڵیش ده‌کرێ زۆر جوان ساز بکرێن." له‌وه‌ڕا به ته‌واوی ڕوون نابێته‌وه مه‌به‌ست له دانیشتوانی ئه‌و خانوه گڵییانه کێن، __ میسیۆنێره‌کان یان دراوسێکانیان. هه‌رچۆنێک بێ، ئه‌من بیر له‌وه ده‌که‌مه‌وه ئێمه وه‌ک بابه‌تێکی ژیانی ڕۆژانه چۆن چێژ له‌و ته‌جره‌به‌یه وه‌ردگرین؟
که‌شوهه‌وای کوردستان ده‌بێ زۆر جیاواز بێ له بار‌و دۆخی هه‌وای ئێمه لێره له ئۆهایۆ Ohio، چونکه یای داڵ له نامه‌که‌ی دا ده‌ڵێ، تا کاتی نووسینی ئه‌و دێڕانه، ئه‌وان له گشت وه‌رزی پاییزێ دا هه‌ر ڕۆژێکی بارانییان هه‌بووه. به‌لانی که‌مه‌وه ژیان له کوردستان هێندێک تێ هه‌ڵده‌هێندرێته‌وه.
له کۆتایی نامه‌که دا یای داڵ له سه‌ر نێوی ڕه‌نجبه‌رانی کوردستان سپاس له‌و که‌سانه ده‌کا به باربووه‌کانی خۆیان ،یارمه‌تییان کردووه نه‌خۆشخانه‌که ببێ به ڕاستییه‌ک.
__ گۆڵاده‌ی
له‌کوردستان میشنێری ژماره‌ی 1ی ساڵی 21! [ 20]، ژانڤییه‌ی 1928 سه‌رنووسه‌ر کورته‌یه‌ک له نامه‌یه‌کی یای داڵی بڵاو کردووه‌ته‌وه و ده‌نووسێ: " له ڕاپۆرتێک دا یای داڵ ڕاده‌گه‌یێنێ جه‌نابی بێورگر Rev.Boerger له نێو کورده‌کان دا زۆر خۆشه‌ویسته، و زۆریان سه‌ردانی ده‌که‌ن. ئه‌و خه‌به‌ره نه‌ک هه‌ر جێگه‌ی خۆشحاڵییه بۆ ئێمه که به‌رپرسی ناردنی جه‌نابی بێورگر بووین بۆ ئه‌وێ به‌ڵکوو، به تایبه‌تی بۆ من ده‌رسێکی گرینگیشه. ئه‌وه ده‌یسه‌لمێنی ئه‌گه‌ر ئێمه که‌سێکی مه‌عقوول،و چاونه‌ترسمان له‌وێ هه‌بێ که تاقه‌ت بێنێ له‌وێ بمێنێته‌وه، زمان فێر بێ، برایه‌ک و ڕاوێژکارێک بێ بۆ ئه‌و خه‌ڵکه، ئێمه ده‌توانین کاری هه‌ره باش بکه‌ین......."
ئیدی له ژماره‌کانی دواتری کوردستان میشنێری دا ،ئه‌وانه‌ی به‌ده‌سته‌وه‌ن چ نامه یان ڕاپۆرتی یای داڵ (میس داڵ خانم) نابینین. میس داڵ له سابڵا‌غ ده‌مێنێته‌وه و نازانین پێوه‌ندی وی له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵه‌ی لووتێری میسیۆنی ڕۆژهه‌ڵات چ شێوه‌یه‌ک به‌خۆیه‌وه ده‌گرێ. له نێوه‌ڕاست مانگی ئۆکتۆبری ساڵی 1942 دا کۆنسوولی بریتانیا له ته‌ورێز R.W.Urquhart ر.و. ئورکوارت سه‌ردانی سابڵا‌غ ده‌کا و له ڕاپۆرته‌که‌ی دا (1) که بۆ وه‌زاڕه‌تی کاروباری ده‌ره‌وه‌ی بریتانیای ناردووه زۆر به چاکی و به ورده ڕیشاڵ باسی که‌سایه‌تی یای داڵ و لێکدانه‌وه‌کانی له‌سه‌ر بارودۆخی سیاسی ئه‌و سه‌روبه‌ندی ده‌کا. ر.و.ئورکوارت ده‌نووسێ: "....... یه‌که‌م که‌سی نزیکه‌ی سه‌عات 7ی به‌یانی هات بۆ دیتنم ژنێکی نۆڕوێژی بوو. ئه‌و دوای کۆچکردنی بۆ ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا، له‌وێ خوێندبووی و ببوه نێرس و، له به‌رایی ساڵانی 1920 [ ده‌زانین که یای داڵ له مانگی مه‌ی 1925 دا هات بۆ سابڵاغێ، تێبینی ح.ق.] دا له‌وێوه هاتبوه مه‌هاباد بۆ خزمه‌ت کردن له میسیۆنی پژیشکی ئه‌مریکایی له‌وێ. ئه‌و ده‌ستی له میسیۆنه‌که هه‌ڵگرت و مێردی به کوردێک کرد، ئه‌گه‌رچی زۆریشی به دڵ نه‌بوه به‌ڵام، گله‌یی له به‌ختی خۆی ناکا و به‌وه‌ی کردوویه ڕازییه‌و ، له مه‌هاباد و ده‌وروبه‌ریدا بووه به که‌سێکی گرینگ و وه‌ک نێرس (نه‌خۆشه‌وان) کار ده‌کا. ئه‌و ئه‌نده‌روونی ماڵی زۆر له سه‌رۆکه کورده‌کانی دیوه، له ڕه‌زاییه‌وه بگره تا ده‌گاته سه‌رده‌شت.
ئه‌و بووه‌ته که‌سی جێی بڕوای هێندێک له ڕێبه‌ره ناوچه‌ییه‌کان و، کاتی هاتنی میوانی بریتانیایی یان ئه‌مریکایی بانگی ده‌که‌ن بێ و قسه‌کانیان وه‌ربگێڕێ. بۆیه، ناسیاوییه‌کی باشی سه‌باره‌ت به که‌سایه‌تییه‌کانی ئه‌وێ و هه‌روه‌ها بارودۆخ و پێشوه‌چوونه‌کانی تازه‌ی مه‌ڵبه‌ندی مه‌هاباد هه‌یه. ئه‌من له‌وبڕوایه دام ئه‌و قسانه‌ی ئه‌و خانمه ده‌یکا به ته‌واوی به جێ و جێی باوه‌رن و پوخته‌یان ئه‌مانه‌ن:
هه‌ر له یه‌که‌م ڕۆژه‌کانی ڕزگار بوون له چنگ زۆرداریی ڕه‌زا شا، پیاوی وه‌ک قازیی محه‌مه‌د حه‌ولیان داوه کورده‌کان یه‌کگرتوو که‌ن.ئه‌وان تێکۆشاون به‌ڵام سه‌رنه‌که‌وتوون کێشه و دووبه‌ره‌کی له نێو به‌رن و له هه‌نگاوی یه‌که‌م دا به‌ره‌و کوردستانێکی یه‌کگرتوو به پشتیوانی هێزێکی لاوه‌کی، بۆ نموونه، وه‌ک بریتانیا ده‌یانه‌وێ به لانی که‌مه‌وه ڕێژێمێک بۆ کورده‌کانی ئێران ساز که‌ن وه‌ک ئه‌وه‌ی که کورده‌کانی عێراق هه‌یانه.
ئه‌وان له پێشدا ڕوویان له بریتانیا نا که، وه‌ک هێزێک زیاتر له هه‌موو لایه‌نێکی دی وێده‌چوو و چاوه‌ڕوانی لێ ده‌کرا یارمه‌تییان بکا.
له 25ی سێپتامبری 1941 ئه‌فسه‌رێکی بریتانیایی و یه‌کی ئه‌مریکایی گه‌یشتنه مه‌هاباد، قازیی محه‌مه‌د، له کاتێکدا که ئه‌و یایه قسه‌کانی وه‌رده‌گێڕا و دیلمانجی بۆ ده‌کرد، گه‌ڵاڵه‌یه‌کی گشتی سه‌باره‌ت به کوردستانێکی یه‌کگرتوو له گه‌ڵ ئه‌فسه‌ره بریتانیاییه‌که هێنا گۆڕێ و داوای لێکرد به چ شێوه‌یه‌ک ده‌توانێ پێوه‌ندی له گه‌ڵ سه‌رکردایه‌تی عه‌سکه‌ری بریتانیا بگرێ.
ئه‌فسه‌ره بریتانیاییه‌که هیچ به‌ڵێنێکی به قازی نه‌دا به‌ڵام، ڕووسه‌کان ئه‌وه‌یان بیسته‌وه و ترسیان ڕێ نیشت. زانیاریده‌ره‌که‌ی من لێبڕاوانه ئه‌و خاڵه جه‌خت ده‌کاته‌وه و ده‌ڵێ: تا ئه‌وکاته‌ی که کورده‌کان ڕوویان له بریتانیاییه‌کان نا و له لایه‌ن ئه‌وانه‌وه به ساردی وه‌رگیران و چ به‌ڵێنێکیان نه‌درایه، هیچ جۆره وتووێژێکی سیاسی له نێوان کوره‌دکانی مه‌هاباد و ڕووسه‌کان له گۆڕێ‌دا نه‌بوو. دیاره له‌وانه‌شه کورده هیوابڕاوه‌کان به زانایی کارێکی ئه‌وتۆیان کردبێ ڕووسه‌کان له نێوه‌رۆکی قسه‌کانیان له گه‌ڵ بریتانییه‌کان ئاگادار بن، بۆ ئه‌وه‌ی هانیان ده‌ن بۆ ڕقه‌به‌ری بریتانیا به ده‌نگیانه‌وه بێ ......
زانیاریده‌ره‌که‌ی من ده‌ڵێ وه‌ک باس ده‌کرێ بڕیاری پێکهێنانی کۆنفڕانس و دیدارێک له نێوان ئه‌فسه‌ره بریتانیاییه‌کان و ڕێبه‌رانی کورد له بۆکان له ئارادا بووه و قازی محه‌مه‌د و ئه‌وانیدی له مه‌هاباده‌وه وه‌ڕێ که‌وتوون بۆ ئاماده‌بوون له‌و دانیشتنه دا، هه‌ر له‌و کاته دا ئه‌فسه‌ره ڕووسه‌کان ده‌گه‌نێ، به دوای نوێنه‌رانی مه‌هاباد دا ده‌چنه بۆکان، ده‌یان هێننه‌وه و ڕۆژی دواتر به ئۆتۆمبیل ده‌یانبه‌ن بۆ ته‌ورێز بۆ ئه‌وه‌ی له‌وێوه به‌ره‌و باکۆ بچن.
یای نۆروێژییه‌که ده‌ڵێ نازانێ کۆنفڕانسی بۆکان چی به سه‌ر هات و ئه‌وه‌ش نازانێ داخودا بریتانیا فکری له به‌ستنی کۆنفڕانسێکی ئاوا کردبووه‌وه یان نا؟...... هه‌رچۆنێک بێ زانیاریده‌ره‌که‌ی من و، هه‌روه‌ها کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک له مه‌هاباد ، له‌و بڕوایه دان دیدار و چاو به یه‌ک که‌وتنی بریتانیاییه‌کان و کورده‌کان بووه‌ته هۆی ورووژاندنی قووڵترین هه‌ستی ئێره‌یی ڕووسه‌کان و چوونی کورده‌کان بۆ باکۆ [ نۆڤامبری ساڵی 1941] ئاکامی ڕاسته‌وخۆی ئه‌وه‌بووه. قازیی محه‌مه‌د و دۆسته‌کانی زۆر به شانازییه‌وه له باکۆ وه هاتنه‌وه به‌ڵام، مانگه‌کانی دوای ئه‌و سه‌فه‌ره به ڕواڵه‌ت به‌ره به‌ره دڵساردی و نائومێدی پێوه دیار بوو.
زانیاریده‌ره‌که‌ی من ده‌ڵێ، ئێرانییه‌کانیش بێکار دانه‌نیشتوون، به‌ڵام سه‌رکه‌وتنێکی ئه‌وتۆشیان نه‌بووه، ئه‌میر ئه‌سعه‌دی دێبۆکری له مانگی ئاوریل دا [ 1942] چووه تاران و، وه‌ک فه‌رماندار به ئۆتۆمبیل و دراوێکی ئه‌وتۆوه گه‌ڕایه‌وه که بتوانێ سواره و ده‌ستووپێوه‌ند له ده‌وری خۆی کۆ بکاته‌وه به‌ڵام، نێوبراو ئه‌و پله‌یه‌ی لێ نه‌ده‌وه‌شاوه و نه‌یتوانی یارمه‌تییه ده‌وڵه‌تییه‌کان ڕه‌وایانه دابه‌ش بکا و له حاڵی حازر دا عه‌شیره‌ته ناڕازییه‌کان، که ده نێویان دا مه‌نگوڕه‌کان له هه‌موویان ناڕازیترن، جێی ئه‌میر ئه‌سعه‌دیان گرتووه‌ته‌وه و ئه‌ویش چووه‌ته‌وه سه‌ر مڵک و ماڵی خۆی له بۆکان.....
زانیاریده‌ره‌که‌م ئاماژه به که‌یسی سه‌رنجڕاکێشی بنه‌ماڵه‌کان کرد که ئه‌ندامانی ئه‌وتۆیان تێدایه که سه‌ر به ڕووسه‌کان داده‌ندرێن و ئی واشیان هه‌یه سه‌ر به ئێران وه‌حیساب دێن..... له‌وێ هیچ که‌س وه‌ک سه‌ر به بریتانیا به من نه‌ناسێندرا و ئه‌وه‌ش به نۆره‌ی خۆی گرینگه و جێی ئێعتیباره بۆ ئێمه.
خاڵه‌کانی دیکه له چیرۆکی ئه‌و یایه نۆڕوێژییه دا ئه‌وه بوو که کورده‌کان به گشتی قانوون و ڕێسا تازه‌کانی ئێران به هێند ناگرن و هه‌ر گوێشیان ناده‌نێ. بۆ نموونه، ئه‌مساڵ ژماره‌یه‌کی یه‌کجار زۆر کچی خوارووی 16 ساڵان به مێرد دراون. چینه‌کانی خواره‌وه‌ی کۆمه‌ڵ به‌تایبه‌تی ده‌یانه‌وێ هه‌رچییه‌کی شه‌قڵی ئێرانی پێوه‌بێ کۆتایی پێبده‌ن و به ته‌واوی با ده‌نه‌وه سه‌ر داب و شوێنی کۆنی عه‌شیره‌تیی خۆیان.
زانیاریده‌ره‌که‌ی من له‌مه‌ڕ پێوه‌ندییه‌کانی نێوان کورده‌کان و ڕووسه‌کان ئه‌وه‌نده‌ی نه‌ده‌زانی بتوانێ قسه‌ی لێوه بکا. له وتووێژی دواتر دا، ئه‌وه‌ی سه‌باره‌ت به سیاسه‌تی ڕووس یان نه‌بوونی سیاسه‌تی ڕووس به منی گوت ئه‌وه بوو که پێی وایه رووسه‌کان له مه‌ڕ سه‌فه‌ر و ته‌جروبه‌ی باکۆ تاڵووکه‌یان کردووه و ئێستا ورده ورده له‌و بۆچوونه‌ی ئه‌و ده‌می بوویانه پاشگه‌ز بوونه‌ته‌وه ، سیاسه‌تی ئێستایان به گشتی، ڕووی له‌وه‌یه خۆیان به دوور بگرن و ئه‌وه‌ش بووته هۆی نائومێدی کورده‌کان. ئه‌و یایه نۆڕوێژییه ده‌ڵێ: کاتێک له‌و دواییانه‌دا، کۆلۆنێل ئه‌سڵانۆڤ به دوای ڕووتکرانی تاجرێکی عێراقی سه‌ری له مه‌هاباد دا، ده‌مانچه‌ی له کاکه سوار سه‌رۆکی مه‌نگوڕان هه‌ڵکێشاوه که ئه‌و ده‌می به‌رپرسی پاراستنی مه‌هاباد بوو و هه‌ڕه‌شه‌ی لێکرد،بێتوو جارێکی دیکه شتی ئه‌وتۆ ڕووبدا، هه‌ر بیبینێ ته‌قه‌ی لێده‌کا،ئاکامی ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه ئه‌وه بوو ئه‌گه‌رچی گشت دراوه‌که‌ش نا به‌ڵام، به‌شی زۆری درایه‌وه به خاوه‌نی و، کاکه سوار وه‌ک ئه‌فسه‌ری پاراستنی هێمنی له سه‌ر کار لاچوو و عه‌لی خان جێی ئه‌وی گرته‌وه...."
ئه‌و قسانه‌ی یای داڵ له‌و دیداره‌ی سه‌ره‌وه دا له گه‌ڵ ر.و.ئورکوارت کۆنسوولی بریتانیا له ته‌ورێز کردوویه‌تی به جوانی ده‌یسه‌لمێنی زۆر له بارودۆخی سیاسی ڕۆژ له ناوچه ئاگادار بووه و هه‌ر وه‌ها لایه‌نگری و دۆستایه‌تیشی له گه‌ڵ کوردان داده‌گرێته‌وه.
ویلیا‌م ئیگلتنی کوڕ که بۆ نووسینی کتێبی "The Kurdish Republic of 1946 " به‌ڕێز سیرووسی حه‌بیبی
( ئاغای داڵی) کوڕی یای مارتا داڵ (2) له به‌راییه‌کانی ساڵانی 1960 دا یارمه‌تی داوه و له دیداره نهێنییه‌کانی له گه‌ڵ هێندێک له کاربه‌ده‌ستانی پێشووی کۆماری کوردستان له مه‌هاباد ده‌وری وه‌رگێڕی هه‌بووه سه‌باره‌ت به کۆمه‌ڵه‌ی لووتێری میسیۆنی ڕۆژهه‌ڵات له‌سابڵاغ و یای داڵ ده‌نووسێ (3): " ..... به‌ر له شه‌ڕی یه‌که‌می دنیاگره‌وه میسیۆنێرێکی لووتێری ئه‌مریکایی، ل.ئو. فاسوم له مه‌هاباد دامه‌زرا بۆ کارکردن ده نێو چه‌ند بنه‌ماڵه‌یه‌کی مه‌سیحی و جووله‌که‌ی که له شاره‌که‌دا ده‌ژیان.ده‌ستکه‌وتی هه‌ره مانا و به‌رچاوی وی ئاماده کردنی ڕێزمانێکی به‌که‌لکی کوردی بوو به زمانی ئینگلیسی که ئێستا زۆر به ئه‌سته‌م ده‌ست ده‌که‌وێ. دوای شه‌ڕ میسیۆنێکی فێرکاری و پژیشکی له مه‌هاباد دامه‌زرا، به‌ڵام له وه‌ختێکی خراپ دا و، ئه‌وه هاوکات بوو له گه‌ڵ هێرشی سمکۆ بۆ سه‌ر شاره‌که له ساڵی 1920 دا [ئه‌و ڕووداوه له به‌راییه‌کانی ساڵی 1921 دا بووه. تێبینی ح.ق.] که له‌و هێرشه دا پرۆفێسۆر باشیمۆن کووژرا و ئه‌و خانمانه‌ی له‌وێ کاریان ده‌کرد په‌نایان برده ته‌ورێزێ. دواتر له ساڵی 1932 زۆرداریی ناسیونالیستی ڕه‌زا شا له دژی میسیۆنێری بێگانه بووه هۆی داخستنی میسیۆنه‌که و ڕاگیرانی چالاکی په‌روه‌رده‌یی ئه‌وان.[ ده‌وڵه‌تی ئێران به ڕه‌سمی له ساڵی 1936 کۆتایی به‌کاری میسونێره‌کان دا و پێگه‌ی ئه‌وانی له سابڵا‌غ کۆ کرده‌وه. تێبینی ح.ق.] به پێچه‌وانه‌ی چالاکی میسیۆنێره پرسبیتێرییه‌کان له ورمێ، که له ساڵی 1835 دا چوونه ئه‌وێ و له‌ماوه‌ی سه‌د ساڵی دواتر دا میراتێکی مادییان به‌جێهێشت وه‌ک مه‌دره‌سه و نه‌خۆشخانه و میراتێکی مه‌عنه‌وی بۆ بۆژاندنه‌وه‌ی دینی مه‌سیحی، لووتێرییه‌کانی مه‌هاباد به ئه‌سته‌م ئه‌و ده‌ره‌تانه‌یان ده‌ست که‌وت ڕچه‌ی خۆیان له سه‌ر کۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌وێ به جێ بهێڵن. به‌ڵام ئه‌م قسه‌یه وه‌نه‌بێ به ته‌واوی ڕاست بێ ؛ چونکه Miss Dahl یای داڵ، یه‌ک له نێرسه‌کانی میسیۆنی ئه‌مریکایی که به ڕه‌چه‌ڵه‌ک نۆڕوێژی بوو، له گه‌ڵ پیاوێکی کورد که سه‌ر به بنه‌ماڵه‌یه‌کی کۆنی مه‌هاباد به نێوی حه‌بیبی بوو زه‌واجی کرد و هه‌موو ژیانی خۆی ته‌رخان کرد وه‌ک مامان و نه‌خۆشه‌وان خزمه‌ت به خه‌ڵک بکا...
قازیی محه‌مه‌د هه‌میشه به ڕێزه‌وه له گه‌ڵ ئه‌و بێگانانه‌ی که به‌ده‌گمه‌ن سه‌ردانی مهابادیان ده‌کرد ده‌جووڵاوه و، به تایبه‌تی دۆستایه‌تی و هاموشۆی له گه‌ڵ ئه‌مریکاییه‌کان ده‌کرد.میسیونێره لووتێرییه‌کان و دوکتورێکی ئه‌ڵمانی که له مهاباد ده‌ژیان قازیی محه‌مه‌دیان به دۆستی خۆیان داده‌نا و، کاتێک له ساڵی 1942 هێرشی عه‌شیره‌ته‌کان بۆ سه‌ر سابڵاغێ مه‌ترسییه‌کی هه‌ره گه‌وره بوو، "میس داڵ خانم" تاقه ئوڕووپاییه‌کی که ئه‌و ده‌می له شاری دا ده‌ژیا، بۆ پاراستنی کوڕه‌که‌ی شه‌وانه په‌نای ده‌برد بۆ ماڵی قازی...
.... [ له کاتی هاتنی بارزانییه‌کان بۆ مه‌هاباد] یه‌کێک له‌وخانووبه‌رانه‌ی که تێیدا ده‌ژیان له لایه‌ن میسیۆنێکی ئه‌مریکایی دروست کرابوو و " میس داڵ خانمی حه‌بیبی" چۆلی کرد بوو و له گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌که‌ی له مانگی ئووتی ساڵی 1945 دا چوو بۆ تاران، کاتێک هه‌ستی به ناسیونالیزمی کوردی لایه‌نگری شووڕه‌وی کرد و پێی وابوو مانه‌وه‌ی له مه‌هاباد له سه‌روبه‌ندێکی ئاوا دا له‌وانه‌یه ببێ به بارگرانییه‌ک به سه‌ر شانی قازیی محه‌مه‌ده‌وه...."
له ساڵانی 1960 دا مارتا داڵ ( میس داڵ خانم) له نه‌خۆشخانه‌ی شیروخورشیدی سابڵاغێ کاری ده‌کرد و له‌وانه‌یه به سه‌دان کچ و کوڕی سابڵاغی به یارمه‌تی مامانێکی ئاوا قابیل ڕووی دنیایان دیبێ. ئه‌من وه‌بیرم دێ ناسیاوێکم خانمه‌که‌ی له سه‌ر مانگ و ڕۆژی خۆی بوو و له‌و نه‌خۆشخانه‌یه که‌وتبوو.ده‌یگێڕاوه ڕۆژێک که چووه‌ته نه‌خۆشخانه میس داڵ خانمی دیوه که‌ڕۆژنامه‌یه‌کی ئینگلیسی ده‌خوێنێته‌وه که له لاپه‌ڕه‌ی یه‌که‌می دا وێنه‌ی ژاکلین کێندی و ئۆناسیس که سواری که‌شتی ڕابواردن بوون چاپ کرابوو. ئه‌و براده‌ره‌ی من ئینگلیسی ده‌زانێ، ده‌یگوت میس داڵ خانم ڕۆژنامه‌که‌ی پێشان دام و به کوردی پێی گوتم: " به کوربانت بم ده‌بینی ئه‌وه کسه‌شیان بۆ ژاکلین ساز کرد"!! ئه‌وه‌ش تا ڕاده‌یه‌ک ده‌یسه‌لمێنێ که یای داڵ چه‌نده له زێهنییه‌تی ڕۆژهه‌ڵاتی ئاگادار بووه.
نووسه‌ری کورد سه‌ید محه‌مه‌دی سه‌مه‌دی له کتێبی " نگاهی به تاریخ مهاباد" (4) له به‌شی " کورته مێژووی خزمه‌تی پژیشکی له مه‌هاباد" به کورتی باسی مارتا داڵی کردووه و ده‌نووسێ : " ڕه‌وانشاد میس داڵ خانم له گه‌ڵ که‌سێکی مه‌هابادی (خودالێخۆش‌بوو حوسێنی حه‌بیبی) زه‌واجی کرد و کوڕه‌که‌یان ئاغای سیرووسی حه‌بیبی یه که به‌حه‌ق میله‌تێک ده‌بێ شانازی بکا به هه‌بوونی ئه‌و که‌سایه‌تییه زانستییه" هه‌رله‌و کتێبه‌دا دو وێنه‌ی میس داڵ خانم له دوو بۆنه‌ی جیاواز دا بڵاو کراوه‌ته‌وه.
ڕه‌حمه‌تی سه‌عیدی هومایون له بیره‌وه‌رییه‌کانی دا " بێشوای بیداری" (5) ده‌نووسێ: ..." قازیی محه‌مه‌د به ڕاده‌ی پێویست ئاگای له ڕووداوه‌کانی جیهانی و ڕۆژگار هه‌بوو. ئه‌و بێگانانه‌ی که ئه‌و سه‌روبه‌ندی ڕێگه‌یان ده‌که‌وته شاری مه‌هاباد، سه‌ردانی قازیی محه‌مه‌د یشیان ده‌کرد. ئه‌و زۆر به گه‌رمی و به‌ڕێزه‌وه له گه‌ڵیان ده‌جووڵاوه. ئه‌ندامانی میسیونی دینی ی ئه‌مریکایی که له مه‌هاباد بوون ئه‌وه‌نده له لایه‌ن بنه‌ماڵه‌ی قازییه‌وه پشتیوانیان لێ ده‌کرا که دوو که‌س له یایانی سه‌ر به‌و میسیۆنه به نێوی میس گودهارت و میس داڵ له پێوه‌ندییه‌کانی خۆیان له گه‌ڵ خه‌ڵکی شاری، ماڵی قازی یان به ماڵی بابی خۆیان به نێو ده‌کرد" و له په‌رواێزی ئه‌و نووسینه دا هاتووه:
" ئه‌و دوو یایه خزمه‌تێکی زۆری پژیشکی و ده‌رمانییان کرد. میس داڵ تا کۆتایی ژیانی له مه‌هاباد مایه‌وه. له‌گه‌ڵ لاوێکی بنه‌ماڵه‌یه‌کی به نێوبانگی مه‌هاباد ژیانی هاوسه‌ری پێک هێنا. دانانی په‌یکه‌ری ئه‌و یایه خۆش نێو و خزمه‌تکاره‌ی خه‌ڵک، له یه‌کێک له خیابانه‌کانی مه‌هاباد وه‌ک نیشانه‌ی سپاس و قه‌درزانی پێویسته."
به‌ڕێز محه‌مه‌دی سه‌مه‌دی له نووسینێکی تازه‌تر دا" نیم نگاهی تازه به گذشته‌ی مهاباد – تاریخچه‌ی پزشکی—"
(6) هێندێک درێژتر باسی یای داڵ ده‌کا و ده‌نووسێ: " مارتا داڵ Martha Dahl به ڕه‌چه‌ڵه‌ک ئه‌مریکایی و له دایکبووی نۆڕوێژ بوو و خه‌ڵک به میس داڵ خانم بانگیان ده‌کرد. عومرێک دایکانه خزمه‌تی به خه‌ڵکی مه‌هاباد و ده‌ورو به‌ری کرد. ئه‌و له شاری مه‌هاباد له گه‌ڵ ئاغای حوسێنی حه‌بیبی، خه‌ڵکی مه‌هاباد ژیانی هاوسه‌ری پێک هێنا و کوڕێکیان بوو ئاغای سیرووسی حه‌بیبی که له که‌سایه‌تییه عالم و زاناکانی مه‌هابادییه که به‌ساڵان وه‌ک مامۆستا خزمه‌تی کردووه. میس داڵ خانم له سه‌رده‌می پیریی و به ساڵداچوویی دا، کاتێک به مه‌به‌ستی گه‌ڕانه‌وه بۆ نێو خزمه‌کانی مه‌هابادی به جێهێشت، ڕاگه‌یێندراوێکی ڕووه‌وه خه‌ڵکی شاری و ده‌وروبه‌ری له چه‌ند شوێنی پڕ هاتووچووی شاری به دیواره‌وه هه‌ڵئاوه‌سی بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵک بیبین و بیخوێننه‌وه. ئه‌و هه‌نگاوه‌ی وی کارێکی زۆری له دڵی خه‌ڵک کرد. ئه‌وه‌ی له‌و ڕاگه‌یێندراوه له بیرم دا ماوه که‌متازۆر ئاوایه:
به خه‌تی درشت له سه‌ره‌وه نووسرابوو: " ڕۆله سابڵاغییه‌کانی من ، ماڵاواییتان لێ ده‌که‌م!
سڵاو له مه‌هاباد، سڵاو له کوڕانم، سڵاو له کچانم... ئه‌من دوای نیو سه‌ده خزمه‌ت له شاری خۆشه‌ویستم دا مه‌هاباد، قه‌ت ئێوه له‌بیر ناکه‌م. هه‌میشه دڵم بۆ ئێوه ڕۆڵه‌کانم لێده‌دا.ئێستا که به پێچه‌وانه‌ی ویستی ده‌روونی خۆم پێویست بووه له مه‌هاباد بڕۆم، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بۆم هه‌ڵناسووڕێ بێمه دیده‌نی تاک تاکی ئێوه و ماڵاواییتان لێ بکه‌م به‌ڕێگه‌ی ئه‌م ڕاگه‌یاندنه‌وه ماڵاوایی له هه‌مووتان ده‌که‌م و ده‌مه‌وێ گه‌ردنم ئازا که‌ن و ..."
زۆربه‌ی خه‌ڵکی مه‌هاباد به ڕاستی وه‌ک دایکی خۆیان چاویان له‌و یایه گه‌وره‌یه ده‌کرد و له دڵه‌وه خۆشیان ده‌ویست چونکه ته‌مه‌نی گه‌نجێتی خۆی له سابڵاغێ گه‌یاندبووه پیری،به‌داخه‌وه له تاران ماڵاوایی له ژیان کرد.
ڕه‌وانی شاد و حه‌ساوه بێ. زۆر به جێ و حه‌قناسایه ئه‌گه‌ر به‌شی ژنان و زانی نه‌خۆشخانه‌ی هیلالی ئه‌حمه‌ری مه‌هاباد نێوی ئه‌و دایکه میهره‌وانه‌ی له سه‌ر دابندرێ."
مامۆستا ئه‌میری حه‌سه‌نپوور له به‌شی یه‌که‌می فیلمی به‌ڵگه‌یی " میسیونی کوردستان" که له مانگی مه‌ی ساڵی 2009 له تێلێڤیزیۆنی په‌روه‌رده‌یی Scola دا بڵاو کراوه سه‌باره‌ت به مارتا داڵ گوتی: " ئه‌من له ساڵی 1943 له سابڵا‌غ له دایک بووم و له‌وێ گه‌وره بووم. ئه‌وێ میس داڵ خانمی لێ بوو که ئێمه ده‌مانزانی ئه‌مریکاییه، به‌ڵام زۆر له ئێمه که منداڵ بووین نه‌مانده‌زانی سه‌ر به میسیۆنێکی مه‌زه‌بی بووه به‌ڵام، زۆر له خه‌ڵکی به‌ساڵداچوو له سابڵاغێ ئه‌وه‌یان ده‌زانی ئه‌و له میسیۆنێکی ئه‌مریکایی دا کاری کردووه و دوایه له گه‌ڵ پیاوێکی کورد ژیانی هاوسه‌ریی پێک هێناوه، کوڕێکی لێی بووه و له کاتی ته‌نگانه‌دا یارمه‌تی خه‌ڵکی مهابادی داوه. کاتێک که هیچ ده‌ره‌تانی خزمه‌تی پژیشکی و ده‌رمانی نه‌بوو ئه‌و تاقه که‌سێک بوو که په‌روه‌رده‌ی ده‌رمانیی هه‌بوو و خه‌ڵکی سابڵاغێ به ڕاستی بوون و چاکه‌ی وییان زۆر له چاوی دابوو به شێوه‌یه‌ک که له‌و ساڵانه‌ی دوایی دا له پاش نه‌مانی شاره‌داری مهاباد ئه‌و کۆڵانه یان ئه‌و خیابانه‌ی که ئه‌وی تێدا ژیاوه به نێوی وی کراوه به
میس داڵ خانمه. میسداڵ خانم له شاری سابڵاغێ ماوه له‌گه‌ڵ ئه‌و خه‌ڵکه‌ی ژیا و تا ئاخری ژیانیشی یارمه‌تی ئه‌و خه‌ڵکه‌ی ده‌دا. ئه‌من که بۆخۆم له دایک بووم، خوشکێک و هه‌موو براکانمان ، هه‌میشه میس داڵ خانم ده‌هات یارمه‌تی دایکمی ده‌دا بۆ ئه‌وه‌ی منداڵی ببێ و زۆر ماڵباتی دیکه‌ی سابڵاغێش هه‌روا بوون."
بیره‌وه‌ری ئه‌و ئینسانه‌ی له ڕێنداڵنه‌وه چووه شیکاگۆ و له‌وێوه گه‌یشته کانێشێخان و ئاربابا به زیندوویی ده‌مێنێته‌وه.
* بڕگه‌یه‌ک له سروودێکی نه‌ته‌وه‌ی که ل.ئو.فاسوم له‌سابڵاغ بۆ نه‌ته‌وه‌ی کوردی نووسیوه.
1. بڕوانه: یادادشتی دیدارێک له مه‌هاباد، ر.و.ئورکورات، وه‌رگێڕانی حه‌سه‌نی قازی.گۆڤاری گزینگ،ژماره‌ی 37،زستانی 2003. سوێد، لل 40-45. ئه‌و بابه‌ته بۆ جاری دووه‌م له کتێبی : ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانله به‌ڵگه‌نامه‌کانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی بریتانیا دا (وه‌رگێڕاوی کوردی 130 به‌ڵگه نامه)، ئه‌نوه‌رسوڵتانی، بنکه‌ی ژین، سلێمانی 2005.
2. ئاغای سیرووسی حه‌بیبی کوڕی یای مارتا داڵ و میرزا حوسێنی حه‌بیبی له نێو خه‌ڵکی سابڵا‌غ دا به
'ئاغای داڵی' به نێو بانگه و ڕه‌نگه به ده‌گمه‌ن که‌سێک بێ که هه‌م پاشناوی دایکی و هه‌م ئی بابی خۆی وه‌رگرتووه.
3.بڕوانه: The Kurdish Republic of 1946, William Eagleton Jr, Royal Institute of International Affairs,Oxford University Press 1963
4. بڕوانه: نگاهی به تاریخ مهاباد، سید محمد صمدی،انتشارات رهرو مهاباد 1373
5. بڕوانه: پیشوای بیداری، خاطرات سعید همایون، به کوشش هاشم سلیمی،ناشر: موءسسه چاپ و نشر آراس، هولر، 2004
6.بڕوانه: نیم نگاهی تازه به گذشته‌ی مهاباد _ تاریخچه‌ی پزشکی _، سید محمد صمدی.گۆواری مهاباد، ژماره‌ی97،خاکه‌لێوه‌ی 1388،لل 45،46،47

