دەقی ووتەکانی پرۆفێسۆر "ئەمیر حەسەنپوور" لە سێمیناری: خەباتی سیاسی هەنووکەیی سەبارەت بە دۆخی زمانی کوردی
هەندێک ووشە بەکاردێنم کە پێم وابێ دەبێ لەبەرچاوتان بێ . یەکیان "سۆرانی ئاخێو"ه . من سۆرانی ئاخێو بە کەسێک دەڵێم کە بە سۆرانی قسان دەکا، دە ئاخێوێ، وەک من، من ئەلان سۆرانی ئاخێوێکم. "سۆرانی‌خواز"، مەبەستم لە کەسێکە، کە پێی وایە لەهجەی سۆرانی، لەهجەی سەرەکی زمانی کوردیە، لەهجەی پێشکەوتووی ی زمانی کوردیە و زمانی ڕەسمی و زمانی ستانداردی کوردی دەبێ سۆرانی بێ . کەوابێ جیاوازی ئەوانەتان لەبەرچاو بێ . من کە سۆرانی‌ئاخێوم، سۆرانی‌خواز نێم. بەڵام هێندێک لە سۆرانی‌ئاخێوەکان، سۆرانی‌خوازن. هەروەها من دەڵێم کوردستانی ئێران، عێراق، تورکیا و سووریا، ناڵێم کوردستانی باکوور، باشوور و هتد، لەبەر ئەوەی کە پێوەندی زمانی کوردی لەگەڵ ئەو دەوڵەتانە، بۆ ئەو باسەی کە من دەیکەم گرینگە. باشترە بڵەین کوردستانی ئێران، عێراق، تورکیا و سووریا. مەسەلەکە ڕوونتر دەکاتەوە. من هەروەها دەڵێم "کورمانجی"، نەک کوردی باکوور. دەڵێم "سۆرانی" نەک کوردی ناوەڕاست. بۆیە لەپێش دا ئەوانەم باس کرد، چونکە زۆر جار بەعزە کەسێک ڕەخنە دەگرن و دەڵێن بۆچی تۆ دەڵێی کوردستانی عێراق. یا سۆرانی‌ئاخێو و سۆرانی‌خواز تێکەڵاو دەکەی.
لە پێش دا بڵێم کە کوردی لەبارەی نفووسەوە، ژمارەی ئاخێوەران، 40مین زمانی دنیایەیە. لە دنیادا نیزیکەی 6600 تا 7000 زمان هەیە. زمانی کوردی زۆر زۆر لە سەرێیە. 40مین زمانی دنیایە، ئەگەر بە 20 میلیۆنی دابنێین. ئەوە ئامارێکە کە لە ساڵانی 1980 هەبووە کە ئاخێوەرانی زمانی کوردیان بە 20 میلیۆن داناوە. یانی لە سویدی و هولەندی و نۆڕوێژی و ئیرلەندی و ئەوانە لەپێشترە لە باری نفووسەوە. بەڵام لە باری توانایی کولتووری و لە باری ئەوەی کە زانستی پێ بگووترێ، پێی تۆماربکرێ و لێکۆڵینەوەی لێ بکرێ لە تەواوی ئەو زمانانە لە دواترە زمانی کوردی. لە باسی لەهجەکان دا، زمانی کوردی وەک زۆربەی زمانەکانی دنیا فرە لەهجەییە. بەڵام لە زمانی کورد دا مەسەلەی لەهجەکان بووه‌تە مەسەلەیەکی تەواو سیاسی. ئەوڕۆ باسی سیاسیەتی ئەو لەهجانە دەکەم.
لەهجەی سەرەکی زمانی کوردی، لە باری ئەو کەسانەی کە قسەی پێدەکەن، کورمانجیە کە لە سەتا 70 تا 75ی کورد زمانان بە کورمانجی دەئاخێون. لەهجەی دووهەم سۆرانیە کە لە ئێران و لە عێراق هەیە. کورمانجی لە گشت پارچەکانی کوردستان هەیە. لە قەفقاز، لە تورکیا، لە سووریا. لە سووریا تەنیا کورمانجی هەیە. لە ئێران، لە ئاسیایی ناوەندیش ئەوەندەی کوردی لێ بێ، گشتیان کورمانجی زمانن. بەڵام سۆرانی تەنیا لە ئێران و عێراق قسەی پێدەکرێ. سێهەم دەستە لەهجەی "هەورامی" و "زازایی"ە. زازایی لە تورکیا هەیە و هەورامیش لە سنووری ئێران و عێراق. ئاخێوەرانی هەورامی کەمترن لە زازایی و لەهجەکانی تر. دەکرێ بڵێین دەستە لەهجەیەکی تر هەیە کە من جار وبار پێی دەڵێم "کرماشانی" کە لە خوارەوەی لەهجەی سۆرانیە و ئەویش زۆرتر لە کرماشان و بەڵام جار جار لەوبەری سنووریش قسەی پێدەکرێ. کۆمەڵە لەهجەن ئەوانە. لەو لەهجانە دا سێ لەهجەی ئەدەبی هەن. "هەورامی" لە سەدەی 16ەوە، "کورمانجی" لە سەدەی 16ەوە و دەستیکردووە بە نووسین و ئەدەبیات. زۆرتریش ئەدەبیاتی شێعری بووە تا پەخشان، "سۆرانی" سێ سەدە دوای کورمانجی ئەدەبیاتەکەی دەستیپێکرد. لە سەرەتاکانی سەدەی نۆزدە دا
تا ساڵی 1898 کە هەوەڵ ڕۆژنامەی کوردی بڵاوبۆوە، ئەو سێ لەهجانە، هەر کامەی لە ناوچەی خۆی گەشەی دەکرد و پێوەندییەکی بەرین نەبوو لە نێوان ئەو لەهجانەدا. گەرچی پێوەندی نێوان سۆرانی و هەورامی کەمێک زیاتر بوو. لە 1989، کە هەوەڵ ڕۆژنامەی کوردی چاپ‌کرا، ئەوکات کێشەی لەهجە هاتە گۆرێ بەڵام نەک بە شێوەی سیاسی. ئەوانەی کە ئەو ڕۆژنامەیان بڵاوکردەوە کورمانجی‌ئاخێو بوون و زۆربەی ڕۆژنامەی کوردستان بە لەهجەی کورمانجیە. جار و بار لەو ڕۆژنامانە و گۆڤارانەی کە دواتر بڵاوبوونەوە، ئەوانەی کە سۆرانی ئاخێو بوون، بە سۆرانی شتیان نووسیوە و لەو گۆڤارانەی ساڵانی سەرەتای سەدەی بیست دا دەقی سۆرانیش هەیە. ساڵی 1918 بڕگەیەکی یەکجار گرینگە ئەویش تێکچوونی دەوڵەتی عوسمانیە. بەشی هەرە گەورەی کوردستان لە دەوڵەتی عوسمانی دا‌بوو، کە دەکەوێتە ڕۆژئاوایی ئەو سنوورەی کە ئێستا بەینی عێراق و ئێران و تورکیایە. هەر ئەو سنوورە بەو ئەو زەمانیش. بە تێکچوونی دەوڵەتی عوسمانی، کوردستان دابەشبووه‌وه و بەشی کوردستانی تورکیا و کوردستانی عێراق و کوردستانی سووریا پەیدابوون. لێرە بە کورتی دەڵێم تا ساڵی 1918، لە سەراسەری کوردستان، لەهجەی کورمانجی لەهجەی سەرەکی بوو. هەوەڵ ڕۆژنامە بە کورمانجی بوو. کوردستان، 1898. هەوەڵ کتێب بە کورمانجی بوو، "ئەلفبایێ کورمانجی" ساڵی 1909، "خەلیل خەیاڵی مۆتکی"، بڵاویکردەوە. هەوەڵ قەوانی کوردی بە زمانی کورمانجی بوو، هەوەڵ جار کە دەنگ تۆمارکرا، ساڵی 1902، ئەو دەمی سێ گۆرانی کوردی تۆمار کراوە کە بە زمانی کورمانجین. یەکێک لەو گۆرانیانە دە دوازدە ساڵ لەمەوبەر، لە ئاڵمان بڵاوکرایەوە. هەوەڵ فەرهەنگی وشە "نۆبهار"ی "ئەحمەدی خانی"، لە سەدەی 17 بە کورمانجی بڵاوکرایەوە. هەوەڵ ڕێزمانی کوردی، ئیتالیاییەک بە ناوی "گارزۆنی" نووسی، کە لە سەدەی 18 دا بوو و بە کورمانجی بوو. هەوەڵ وەرگێڕانی "شەڕەفنامە" بە کوردی، بە کورمانجی بوو، "مەلا مەحموودی بایەزیدی"، لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدە دا ئەنجامی دا. هەوەڵ وەرگێڕانی ئینجیلەکان، 1856 بە کورمانجی بوو و بە خەتی ئەرمەنی چاپ‌کرا. هەوەڵ باسی رێفۆرمی ئەلف و بێی کوردی، لە گۆڤارە کورمانجی زمانەکانی سەردەمی عوسمانی بڵاوبۆوە، بە تایبەت لە "ڕۆژی کورد" لە ساڵی 1913 دا، هەوەڵ دیوانی شێعر کە کوردان بۆخۆیان چاپیان نەکرد، ئاڵمانیەک بە ناوی "هارتمەن" لە ساڵی 1906، "دیوانی مەلایێ جزیری" بوو کە چاپی کرد، ئەویش هەر بە کورمانجی بوو. تەواوی ئەو هەوەڵانە بە کورمانجی بوون. لەو ماوەیە دا شتێک بە سۆرانی چاپ نەکراوە. تەنیا یەک شت هەیە، گۆڤاری "پەیژە"، یەک ژمارەی لە ساڵی 1914 لە بەغدایە چاپکراوە، هیچ شتێکی دیکە نەبووە بە سۆرانی.
بەڵام لە ساڵی 1918 دا، پێوەندی لەهجەکان گۆڕا. دابەشبوونی دووهەمی کوردستان، پەیدابوونی تورکیا و عێراق و سووریا، بوو بە هۆی ئەوەی کە لەهجەی کورمانجی، کە لەهجەی سەرەکی بوو، سەرکوت بکرێ، [کورمانجی] بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە، لە ساڵی 1925ەوە سەرکووت کرا، لەهجەی هەرە گەورەی کوردی، لەهجەیەک کە پێشینەی ئەدەبی زۆریش لە سۆرانی زیاتر بوو و ئەو هەموو هەوەڵانه‌ی بوو کە باسم کرد، لە تورکیا سەرکوت کرا. زۆربەی گەلی کورد ئێستاش هەر لە تورکیا، کورمانجی زمانن، بەڵام ڕێژیمی کەماڵیستی تورکیا ئەو لەهجە و زمانی کوردی سەرکوت کرد. لە ئێرانیش، لە ساڵی 1921 بەو لاوە، گشت لەهجەکان سەرکوت کران. لە ئێران گشت لەهجەکان هەن. کورمانجی، سۆرانی، هەورامی، بێجگە لە زازا، لەهجەکانی تر گشتیان هەن. لە ئێرانیش سیاسەتی سەرکوت و زمانکووژی بە تایبەت لە دەورەی پەهلەوی هەوەڵ دا یەکجار زۆر توند و تیژ بوو و لە دەورەی پەهلەوی دووهەمیش دا درێژەی هەبوو.
لە سووریا، کورمانجی، ڕێگەی پێنەدەدرا لە خوێندن و نووسین دا دەکاربێ بەڵام بۆ ماوەیەک بە تایبەت لە شەڕی جیهانی دووهەم دا، سووریە کە لە بەر دەست دەوڵەتی فەڕانسە دا‌بوو، چاپەمەنی کوردی هەبوو، ڕادیۆی کوردی هەبوو کە گشتی ئەوانە بە کورمانجی بوون.
لە کوردستانی عێراق، لە ساڵی 1918 به‌م لایه‌وه، زمانی کوردی هەلی بۆ هەڵکەوت لە خوێندن و چاپەمەنی و ڕادیۆ و دەزگای ئیداری دا بەکاربێ. دیارە لەهجەی سۆرانیان دەکارهێنا. دەوڵەتی بریتانیا که عێراقی لەبەردەست دا‌بوو، لەهجەی سۆرانی دەکارهێنا، ئەوەش لەبەر ئەوەی بوو کە دیارە لە کورستانی عێراق، زۆرتری کوردان بە سۆرانی قسەیان دەکرد، ناوچەی سلێمانی کانگای بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی کورد بوو و شارنشینی لەوێ زیاتر بوو لە چاو ناوچەی بادینان. ناوچەی بادینان زۆرتر ناوچەیەکی عەشیرەیی بوو و خوێندەواری کەمتر تێدا‌بوو. لە ناوچەی سلێمانی، عوسمانیەکان لە زووه‌وه، لە ساڵانی 1860ەوە مەدرەسەیەکی عەسکەریان دانابوو کە لەو مەدرەسە عەسکەرییە دا چینیێکی ڕۆشنبیری مۆدێرنی کورد پەیدا ببوو. من پێموایە ئەگەر دابەشبوونی دووهەم نەبا، کوردستانی تورکیا ئاوا دابەش نەبا، کورمانجی وەک لەهجەی سەرەکی دەماوە. چ ئازادی نووسینی هەبا، چ نەیبا.
لە کوردستانی عێراق، هەلێک هەڵکەوت بۆ ئەوەی زمانی کوردی دەکار بێ . ڕاستی ئەوە بوو دەوڵەتی عێراق کە ئینگلیز دایمەزراند، زۆری پێ خۆش نەبوو کە زمانی کوردی پەرە بستێنێ، پێیان وابوو زمانی کوردی، ناسیۆناڵیزمی کوردی بەرەو پێش دەبا و لەگەڵ ئەوەش دا ، دەوڵەتی عێراق و دەوڵەتی بریتانیا بڕیاریان دا‌بوو، دەبوو کوردان ئازادی ئەوەیان هەبێ لە مەدرەسەی سەرەتایی بە کوردی بخوێنن بەڵام لە باشترین وەخت دا، زیاتر لە 15 مەدرەسە نەبوو. ئەویش زیاتر لە ناوچەی سلێمانی بوو. لە هەولێریش چەند مەدرەسەیەک هەبوو. تەواوی پلەکان و کلاسەکانی ئەو مەدرەسانە بە کوردی نەبوو. چەند پلەیەک بە کوردی بوو و سیاسەتی تەعریب ئەو زەمانیش هەر هەبوو. لە چاپەمەنی دا کتێب زۆر کەم چاپ دەبوو، دەوڵەتی بریتانیا ڕێگەی نەدەدا، ڕۆژنامەی کوردی هەبێ، چون پێیان وابوو، ڕۆژنامەی کوردی، ناسیۆناڵیزمی کورد پەرەپێدەدا بەڵام مەجەلە و گۆڤار هەبوون. بەڵام گۆڤارێک بڵاودەبۆوە و باش ماوەیەک تەواو دەبوو. خوێندەواری زۆر نەبوو و بۆ وێنە گۆڤاری گەلاوێژ کە گۆڤاری هەرەباشی سۆرانی بوو، شەش ساڵان بڵاوبووه‌وه، زۆر بە زەحمەت دەیتوانی ژمارەی دوایەی بڵاوبکاتەوە. چەند جار گۆڤاری گەلاوێژ هەڕەشەی ئەوەی کرد کە ئەوانەی پارەی ئابوونە نادەن، ناویان بڵاودەکاتەوە! تکای دەکرد کە پارەی ئابوونە بدەن، کەم کەس پارەی دەدا، ئاخرەکەشی هێندێک له ئەو کەسانەی کە پارەیان نەدابوو کێشا مه‌حکه‌مه و ناوی بەعزە کەسێکیشی نووسی. لە باری کۆمەڵایەتی و ئابووریەوە، کورد هێشتا کۆمەڵگایەکی دەرەبەگایەتی بوو، خوێندەواری دەورێکی زۆر گرینگی نەبوو و ئەوەندەش کە هەبوو، ناسیۆناڵیستی کورد، ئەوەندەی کە چاپیان پێ خۆش و جوان بوو، بەڵام وەزعەکە ئاوا بوو کە زۆربەی خەڵک لە دێهات دا دەژیان. لە گوندەکانیش دا خوێندەواری و مەدرەسە نەبوو. شارەکانیش، شاری زۆر بچووک بوون. چاپەمەنی هێشتا نەبوو، لە باری ئیقتسادی سەرمایەداریشەوە هێستا وای لێنەهاتبوو کە وەک دیاردەیەکی سەرمایەداری لە سەر پێی خۆی ڕاوەستێ. لە ئیدارەکانیش دا، لە شارەداری سلێمانی، جار و بار شتێکیان بە کوردی دەنووسی بەڵام ڕاستیەکەی، وەختێکی ئاگەهیان دەدا لە گۆڤارەکان دا، زۆرتر بە عەرەبی بوو تا بە کوردی. لەو باروودۆخە دا دیار بوو، ڕۆشنبیری کورد، کە تازە پێکدەهات، زۆرتر بە زمانی عەرەبی، لە کاری ڕۆشنبیری دا‌بوو. زمانی کوردی، زمانێکی ڕۆشنبیری نەبوو.
لە سۆڤیەت، کورمانجی هەلی بۆ هەڵکەوت کە ببووژێتەوە و بە ڕاستیش بووژاوە. لە سۆڤیەت کورد زۆر کەم بوو، نزیکەی 60 هەزار کەسێک بوون، لە ئەرمەنستان و لە ئازەربایجان و گورجستان، بەشێکیشیان لە ئاسیا ی ناوەندی، لە تورکمەنستان بوون. ژمارەیان زۆر کەم بوو بەڵام هەر لە سۆڤیەت، لەهجەی کورمانجی کە بەکارهێنرا و گشت کوردی سۆڤیەت بە کورمانجی قسەیان دەکرد، کتێبێکی زۆر بڵاوبووه‌وە. کە دەڵێم زۆر، مەبەستم لە "زۆر"ێکی نسیبیە. دواتر باس لە ئامارەکە دەکەم. ڕۆژنامەی "ڕێیا تازە" بڵاوبووه‌وە کە تا ساڵی 1991، کە لە کوردستانی عێراق هەلێک هەڵکەوت، "کوردستانی نوێ" و "خەبات، ئۆرگانی حیزبەکان، ڕۆژانە بڵاوببنه‌وه، ڕۆژنامەی "ڕێیا تازە" تا ئەو زەمانی، کۆنترین ڕۆژنامەی کوردی بوو کە هەر حەوتووه‌ی سێ جار بڵاودەبووه‌وه. زۆرتر لە چوار لاپەڕە دا‌بوو بەڵام جاری وابوو زیاتر لە 4 لاپەڕەش بوو، لە گشت ڕۆژنامەی کوردی، زۆرتر دەوامی بوو و دەورێکی گرینگی بوو لە کۆد کردنی زمانی کوردی، لەهجەی کورمانجی.
ڕادیۆ ئیرەڤانیش [کە دواتر باسی دەکەم] دەورێکی یەکجار گرینگی گێڕاوە، شەڕێکی زۆر گەورە سازبوو لە سەر ڕادیۆ ئیرەڤان. نیو سەعات بەرنامەی بە کورمانجی هەبوو، دەوڵەتی ئەمریکا و ئینگلیز و فەرانسە و ئێران و تورکیا و عێراق و تەواوی ئەوانە لە سەر ئەو نیو سەعات بەرنامە بە کورمانجی، شەڕیان بوو. ئەڵبەتە هەر لەبەر لەهجەکەی نەبوو، بەڵکوو لەبەر ئەوەش بوو لە ڕادیۆیەکی سۆڤیەت بوو.
باسی سۆرانی‌خوازان ئەوەیە: دەڵێن سۆرانی ئەوەندە وەپێشکەوتووە کە کورمانجی نایگاتەوە، سۆرانی لە عەرشە، کورمانجی لە چاڵاوێک کەوتووە ناگاتەوە ئەو عەرشەی. باسەکەیان ئەوەیە کە سۆرانی وەها پێشکەوتووە کە ئەگەر بشمانهەوێ، کورمانجی بۆ ئەوەی نابێ دەکاری بهێنین کە خوێندن و نووسین و کاری پەروەردە و لەکاری ئیداری و ڕۆشنبیری دا. من دەڵێم وا نیە. سۆرانی و کورمانجی لە یەک ڕادە دان. سۆرانی لە ئاسمان نیە. نە سۆرانی نە کورمانجی نەیانتوانیوە بەرەنگاری مۆدێرنیتە بن، بەرەنگاری دنیای مۆدێرن. هەر وەها پێم وایە کە بە گەورە دانان و بە پێشکەوتوو دانانی سۆرانی و بە دواکەوتوو دانانی کورمانجی لە باری سیاسییەوە، سیاسەتێکی شۆڤێنیستیە. مەنزوور لە سیاسەتی شۆڤینسیتی هەر ئەوەیە کە بە گەورەدانانی لەهجەی سۆرانی و بە دواکەوتوو دانانی کورمانجی. من تەنانەت دەتوانم ئەوەش بڵێم، لەگەڵ ئەوەشدا، کە لە ماوەی نەوەد ساڵی ڕابردوو دا، سۆرانی هەنگاوی بۆ پێشەوە هەڵگرتووە بەڵام کڵۆڵ کراوە، داماوکراوە، نارۆشنبیر کراوە، یانی بۆتە زمانێک کە کاری ڕۆشنبیری پێناکرێ. دواتر زیاتر باس لەوەش دەکەم.لە کوردستانی عێراق سۆرانی ئەو هەلەی بۆ هەڵکەوت کە بنووسرێتەوە و بخوێندرێ ، لە مێدیا دا دەکاربکرێ بەڵام ئێستا ئەو پرسیارە دێنمە گۆڕ کە زمانی کوردی چۆن تووشی کێشە بوو. باش لە کێشەی زمانی کوردی نەگەیشتن، نەک تێگەیشتن بەڵام بە جۆرێک لە کێشەکە گەیشتن کە زمانەکەی کڵۆڵ کرد.
زۆربەی ڕۆشنبیری کورد پێیان وابوو کە کێشەی زمانی کوردی، کێشەی خۆماڵی و بێگانەیە. ئەوەی کە ئەلفو بێ‌یەکە خۆماڵیە یا بێگانەیە، عەرەبیە یا کوردیە، ئەوەی کە ووشەکان، کوردین یا بێگانەن، هێنایان کێشەکەیان ئاوا لێکرد، بەڵام ئەوە کێشە نەبوو. کێشە ئەوە بوو کە زمانی کوردی دواکەتبوو لە زمانە ئورووپاییەکان، ئێستا پێوەندی هەیە لەگەڵ زمانە ئورووپاییەکان، زمانی کوردی و کۆمەڵگەی کوردی لەگەڵ مۆدێرنیتەی سەرمایەداری، تەنانەت لەگەڵ مۆدێرنیتەی سۆسیالیستیش لە کێشە دایە. دەبێ تەکلیفی خۆی ڕوون بکاتەوە، چ دەکا لەگەڵ دنیای مۆدێرن؟ ئەوە دەگەڕێتەوە بە تایبەتی سەر مەسەلەی ووشەکان. کوردی بە کاری دنیای مۆدێرن نەدەهات لە ساڵی 1918، ئەمن دەڵێم کە تەنانەت کوردی، فارسی و عەرەبیش، کە ئەدەبیاتێکی گەلێک دەوڵەمەندتر لە کوردیان هەبوو، ئەوانیش ئەو کێشەیان هه‌بوو. بەڵام کێشەی زمانی کوردی زۆر جیددی تر بوو. چون زمانی کوردی، ئەدەبیاتی فارسی نەبوو کە هەم پەخشانی هەبوو، هەم شێعر، ئەویش ئەدەبیاتێکی یەکجار دەوڵەمەند و بێ وێنە، زمانی کوردی، ئەدەبیاتی عەرەبی نەبوو. ئەوەیش هەر وا، ئەدەبیاتێکی کلاسیکی بێ وێنە، هەم پەخشان و هەم شێعر و فەلسەفە و مێژوو و ئیقتساد. لە گشت بابەتێک دا، زمانی فارسی و عەرەبی، پێشینەیەکی کلاسیکی دەوڵەمەندیان هەبوو. نەک لە مۆدێرن. تەنانەت تورکی عوسمانیش پێشینەیەکی وای هەبوو، بەڵام کوردی هیچ یەک لەوانەی نەبوو.
لە شەرت و مەرجێکی ئاوادا کە کوردی ئاوا دامابوو، ڕۆشنبیری کورد هاتن لە کوردستانی عێراق کوتیان کە کێشەی زمانی کوردی ئەوەیە کە ئەلف و بێ یەکەمان عەرەبییە یا کوردی. ئایا هەمزە کوردیە یا عەرەبی! ئەوەیان کردە کێشە، فکری لێ بکەوە، حەرفی هەمزە لە ئەلف و بێی کوردی دا ئایا ئەوە عەرەبییە یا کوردی. هاتن وەختێکی زۆریان دانا، هەڵڵایەکی زۆریان سازکرد لە سەر ئەوەی. بەڵام باسی ئەوەی دەکەم کە چیان لە دەنگەکان و ئەلف و بێ کرد. زەرەرێکی زۆر کە لە زمانی کوردی درا، بەو شێوە زمانەکە هەژار کرا، مەسەلەی وشە لە زمانی کوردی دا‌بوو. لە ئەلف و بێ ڕا جارێ باسی ئەوەی بکەم دەستیان کرد بە ئەوەی کە بیکەن بە لاتین بەڵام دە حکوومەتی عەرەبی عێراق دا نەدەکرا. هەوەڵێ دەوڵەتی ئینگلیز بەرنامەی هەبوو کە بیکاتە لاتین بەڵام زۆر زوو لەوەی لایاندا و هەر ئەلف و بێی عەرەبی مایەوە. ڕۆشنبیری کورد، تا ڕادەیەک، ئیمکانی ئەوەی هەبوو کە چاکسازی ئەلف و بێی عەرەبی بکا. ئەو پڕۆسەی کە لە سەنعەتی "فقه اللغه" دا پێیان دەگووت "ئێعراب" بە حرووف کردیان. ئەو حەرفانەی کە پێیان وابوو عەرەبییە، وەک ص و ض و ئەمانەیان لابرد و هەموویان کردە ئەو حەرفانە کە پێیان وابوو کوردییە. ئەوە شتێکی زۆر خەراپ نەبوو بەڵام بە ڕاستی پێویست نەبوو. زمانی عەرەبی ئەو کارەی نەکرد و هیچ موشکلەیەکیشی نیە، زمانی فارسی نەیکرد و هیچ موشکیلەی نیە، زمانی چینی کە کۆنترین زمانی دنیایە کە ئەدەبیاتی نەپساوەی هەیە، هەر ئەلف و بێی نیە. زمانی چینی هەر نیشانەی هەیە نەک ئەلف و بێ، زۆریش لە زمانی کوردی، پێشکەوتووتر بووە. هەر دەمهەوێ ئەوە بڵێم کە پێویست نەبوو، ئەلف و بێ ئاوا بگۆڕن. ئەو هیچ، تەنانەت لەو ساڵانەی دواییدا، ڕیزی ئەلف و بێی کوردیش دەگۆڕن. ئێوە فکری لێبکەنەوە لە سوید بیانهەوێ ڕیزی ئەلف و بێی سویدی بگۆڕن! حەرفێکی ببنە ئەولاتر، سەر و خواری پێبکەن، نەزمی کۆمەڵگای سوید تێکدەچێ چونکە گشت شتێک لە سەر ئەساسی ڕیزی ئەلف و بێیە بەڵام لە کۆمەڵی کوردەواری دا ئەوانە گرینگ نین. کۆمەڵێکی دواکەوتووە، بە کەیفی خۆت وەرە بیگۆڕە. چەند کەس لە فەرهەنگەکان دا گۆڕیویانە. هیچیش نەقەوماوە. تەنانەت دەیانویست کە دەنگەکانیش پەتی بکەن و کردیان. دەنگی /ح/، دەنگی /ع/، دەنگی /ق/، دەنگی /غ/، دەیانگووت ئەوانە دەنگی بێگانەن و عەرەبین و دەبێ وەلایان بنێین. بەڵام زمانی کوردی پڕە لەو دەنگانە، ئەدەبیاتی کلاسیکی کوردی پڕە لەو دەنگانە. هەژاری شاعیر لە بەربەرەکانی ئەو بۆچوونە، لە بەرانبەر ئەوانەی کە دەیانگووت دەنگی /ق/ عەرەبییە و دەبێ فڕێی بدەی گوتبووی: قورقرۆچکەت بگرم، وەک قشقەڵە وە قڕە‌قڕت خەم؟ [بە پێکەنینەوە]. شتێکی ئاوای گووتبوو! بەڵام ئەو جوورە ڕەخنانە هیچ کاریگەری نەبوو و پەتی‌گەران کاری خۆیان کرد.
هەروەک کوتم، کێشەی سەرەکی کە زمانی کوردی کڵۆڵ کرد، سۆرانی کڵۆڵ کرد، مەسەلەی ووشەکان بوو. هەر زمانێکی زیندوو، ئەگەر ووشە نەخوازێ لە زمانی دیکە، دەکرێ بڵێین کە زمانێکی زۆر زیندوو نیە. زمانی زیندوو یانی زمانێک کە پێوەندی لەگەڵ زمانەکانی دیکە هەیە و ووشە دەخوازێ و ووشە دەدا. لە کوردستانی عێراق هاتن، ووشەی خوازراوی تورکی و فارسی و عەرەبیان وەلانا بەڵام زۆرتر ووشەی خوازراوی عەرەبیان وەلانا. چون عەرەبیان بە دوژمن دادەنا، چون دەوڵەتەکە عەرەب بوو. پێیان وابوو، چون فارس بە ڕەچەڵەک لەگەڵ کورد یەکەن، ئاریایین، کەمتر بەرەنگاری زمانی فارسی دەبوونەوە. تا ڕادەیەک بەرەنگاری تورکیش دەبوون. بەو سیاسەتە، من پێموایە، لە هەر شتێکی کە کردیان خەراپتر بوو، زمانی کوردیان هەر تەواو کۆڵەوار کرد. لێکۆڵینەوەیەک هەیە، "جەمال جەلال عەبدووڵا" کردوویەتی، تێزی دوکتۆرایەتی، لەو لێکۆڵینەوە دا دەرکەوت کە لە ساڵی 1924 تا 1939، ووشەی خوازراو لە چاپەمەنی کوردستانی عێراق دا، لە سەدا 46 بووە، چل و شەش خاڵ چوار. لە ساڵی 1939 تا 1958، ئەو لە سەدی چل و شەشە بوو بە سەدی 9. نۆ، خاڵ پێنج، یانی تەواو کەم بووە. یانی زمانەکە تا ساڵی 1958 زۆر پەتی کرا. لە ساڵی 1958 تا ساڵی 1973، ووشەی خوازراو بوو بە 4.4 لە سەد، یانی زمانەکە یەکجار زۆر پەتی کرا! کەوابوو لە ماوەی ئەو پەنجا ساڵە دا، پەتی کردن بە ڕاستی سەرکەوت بەڵام من پێموایە کە لەو سەرکەوتنە دا تۆوی دواکەوتوویی چاندرا. بە بژارکردنی زمانی کوردی، زمانەکەیان هەژار کرد بە بۆچوونی من.
ئێستا کتێبێکی فیزیک، شیمی، ئیقتساد، بیۆلوژی، ئانترۆپۆلۆژی، ئەگەر بتەوێ لە ڕادەی زانکۆ دا بە سۆرانی بنووسی، زۆر زەحمەتە، ناکرێ، کارێکی یەکجار سەختە. زمانێکە کە ناڕۆشنبیری کراوە، کراوەتەوە ئەوەی کە دەوڵەتەکان دەیانەویست بیکەن. لە ئێران دەگوترا، لەهجەی کوردی، گویش کوردی، لەهجەی فارسیەوە و هیچ ئیرادێکی نیە با لە قسەکردن دا خەڵک دەکاری بهێنن، لەهجەی ماڵێیە. ئەوە سیاسەتی ناڕۆشنبیرکردنی زمانی کوردی بوو کە سیاسەتی شای دووەم بوو. شای هەوەڵ کە ڕێگەی نەدا قسەشی پێ‌بکرێ. یانی زمانی کوردی زمانی زانست و کاری فکری نەبوو. بە داخەوە، ڕۆشنبیری ناسیۆنالیستی کورد، تەواو ئەو کارەیان کرد کە دەوڵەتی ئێران دەیەویست بیکا. ئەوەش پێتان وانەبێ تەنیا بیر و بۆچوونی منە. من تا حەوتوویەک لەمەوبەر دەمزانی کە گۆرانی شاعیریش وا فکر دەکاتەوە بەڵام بەڵگەیەکی وام نەبوو، هەر لە نووسینەکانی ڕا دەمزانی. حه‌وتوویەک لەمەوەبەر، هەر بە هەڵکەوت، لە کتێبخانەی هەرزان بووم، ئەو کتێبەم دیتەوە، من ئەوەم نەدیتبوو، ئەوە بەرهەمی پەخشانی گۆرانە. بزانین گۆران، لە ساڵی 1960 لە ڕۆژنامەی ئازادی ژمارە 50، تشرینی یەکەمی 1960 چی نووسیوە. گۆران لەوێدا، سۆرانی لە کوردستانی عێراق بەروارد دەکا لەگەڵ کورمانجی لە هەرمەنستان لە یەکیەتی سۆڤیەت و باسی ناتەواوی وشەی کوردی دەکا و دەڵێ: "بەرابەر بەم ناتەواوییەی ووشەی کوردیە، خۆپاراستن لە بەکارهێنانی ووشەی بێگانە، بەرەو ئەوەی بردووین کە هێزی دەربڕینمان[تەعبیرمان] لە چوارچێوەیەکی تەسکا قەتیس بمێنێ، ئەمە هەر نەک لە بابەتی زانست و فەلسەفە و بیری زانیاری ورد دا، بەڵکوو لە جەرگەی هونەری وێژەییشدا، کە زۆرتر بەری بیر و هەست و نیازەکانی ناو تاقیکردنەوەکانی مرۆڤ خۆیەتی و ...". گۆران دواتر باسی کورمانجی لە سووریا و سۆڤیەتستان دەکا. گۆران دەڵێ: "بە تایبەتی سۆڤیەتییەکان [مەبەست کورمانجەکانی سوۆڤیەت] ڕێگایەکیان گرتووە بۆ گەشە و پێشخستنی زمان و وێژە، بە تەواوی بە پێچەوانەی هی ئێمەیە. ئەوانە بایەخی زۆریان بە پێشخستنی بیر و ناوەڕۆک داوە، لەباتی بایەخدان بە بژاری زمان، لە ووشەی بێگانە".
من چەند نموونەیەکتان بۆ دێنمەوە. من سێ ووشە دەڵێم کە لە فارسی دا هەیە و لەگەڵ ئەوەش دا کە لێک نزیکن بەڵام جیاوازن. یەکیان "قاعدە" کە بە ئینگلیزی دەبێتە "روول". یەکیان "مقررات" کە بە ئینگلیزی دەبێتە "رێگیولەیشن"، یەکیان "قانون" کە بە ئینگلیزی دەبێتە "لۆ". لە هەڤاڵێکم پرسی ئەوانە بە سویدی دەبنە چی، کوتی قاعده دەبێتە "ڕێگێل"، "رێگلێرینگ" و قانوون دەبێتە "لاگ" کە هەر "لۆ"ی ئینگلیزیە. قاعده، مقررات، قانون، هەرسێکی دیارە عەرەبیە، فارسی ئەو سێ ووشەی لە عەرەبی وەرگرتووە، با بزانین فەرهەنگی گیرفانی ئینگلیزی – کوردی جاف چی کردووە لەوەی: هەرسێکی داناوە بە "یاسا"! یاساش لە زمانی موغولی وەرگیراوە. فەرهەنگی جاف، قەبووڵی ناکا، قانوون وەک کوردی دابنێ، یاسای دادەنێ کە موغولییە! بۆچی "یاسا"ی موغولی لە "قانوون"ی عەرەبی باشترە؟ ئەگەر کەسێک ئەوەم بۆ ڕوون بکاتە زۆری سپاس دەکەم! بۆ قانوون کوردی نیە؟ عەرەبی بۆ خۆی لە یونانی وەرگرتووە. ووشەیەکی ناونەتەوەییە، لە زۆر ووڵاتی دنیا دەکاری دێنن، بۆچی ناسیۆناڵیستی کورد، زمانی کوردی لەو وشەیە مەحڕووم دەکات؟ ئەمن زۆرم پێخۆشە ئەوەی بزانم. یا چەند ووشەی دیکە وەک "جرم، جنایت، جریمه، اتهام"، ئەوانە لێک نزیکن بەڵام جیاوازییان یەکجار زۆرە. بۆ کاری دادگا و عەداڵەت و ئەوانە زۆر موهیمە کە جیاوازی ئەوانە بناسین. زۆربەی ڕۆشنبیری کورد، تەنانەت کتێبکی کە فەرهەنگی ووشەی قانوونیە، گشت ئەوانە بە "تاوان" دادەنێ! شتی وا ئەخر چۆن دەبێ؟ چونکە ئەوانە عەرەبین، ڕۆشنبیری کورد تەحەمولیان ناکا! لە جیاتی تەواوی ئەوانە "تاوان" دەکاردێنێ ، ئاخر ئەوە چ زمانێکە کە نەتوانێ ئەو جیاوازییانەی لەبەرچاو بێ ؟
ووشەیەکی تازەتر کە لە زمانە ئورووپاییەکان، لە ئینگلیزی دا پەیدا بووە، "جێندر"ه، زمانی فارسی زۆر زوو، "جنسیت"ی بۆ دانا، با بزانین ڕۆشنبیری کورد چی لێکردووە! ڕۆشنبیری کورد، جێندر دەکاتە ڕەگەز! بەڵام ڕەگەز، نزیکەی حەفتا هەشتا ساڵە لە کوردی دا لە جیاتی "راس" دانراوە کە فارس پێی دەڵێن "نژاد". لەوانەشە "ڕەگەز" و "راس"ی ئورووپایی هاوریشە بن، مومکینە ئاوا بێ، بەڵام ڕۆشنبیری کوردی کە ناتوانێ "جنسیت" قبووڵ بکا چونکە عەرەبیە، جێندر دەکاتە "ڕەگەز"، دەڵێ ڕەگەزی مێ و ڕەگەزی نێر. ڕەگەز، وەک ڕەگەزی سپی و ڕەش دەکار هاتووە لە کوردی دا بەڵام چونکە هیچ چارەیان نیە و عەرەبیشیان پێ گڵاوە، دەڵێن ڕەگەزی مێ و ڕەگەزی نێر! بۆ وا لە زمانی کوردی دەکەن؟ پرسیاری من ئەوەیە، ڕۆشنبیری ناسیۆناڵیستی کورد بۆ بەربینگی زمانی کوردی بەرنادا؟
ووشەیەکی وەک "ئەبستراکت" واتە "مجرد"، زۆر دەکار دێ، هەر ڕۆژنامەیەکی چاوی لێبکەی، لە فیلم ڕا بگرە هەتا شتی تر، وشەی ئەبستراکتی تێدایە. چاو لە فەرهەنگە کوردییەکان بکەن بزانن بۆ ئەبستراک ؛ مجرد، چ دادەنێن! ڕووت! نەبینراو، نادیار، جیا، جیاواز، ئەوانە هیچیان مانای ئەبستراکت نین. چاو لە فەرهەنگە فارسیەکان بکەن بزانن چەندە ووشەی باشیان بۆ داناوە. "مجرد"یان بۆ داناوە، مجردیش لە عەرەبی ڕا هاتووە و هیچ ئیرادێکی نیە. موجەرەد، چوونکە کورد دەکاری هێناوە، بووه‌تە کوردی، عەرەبی نیە ئیتر. هەزار ووشەی تر هەیە، وەک ئیمکان، ئیحتمال. ئیمکان چی بۆ دادەنێی؟ چاو لە فەرهەنگە کوردییەکان بکە! زمانی کوردی‌یان کڵۆڵ کردووە.
چاو لە دوو فەرهەنگی گرینگی کوردی بکەن کە لەو ساڵانەی دواییدا بڵاوبوونه‌تەوە. فەرهەنگی ئازادی ئینگلیسی-کوردی، فەرهەنگێکی هەرەگەورەی دوو زمانییە، دوکتور قەرەداخی تەواوی تەمەنی خۆی خەریکی ئەو فەرهەنگە بووە، زیاتر لە پەنجا ساڵە، ئەمن ئاگام لێیە، چەندە خەریکی بووە. فەرهەنگەکەی دی، لە زانکۆی کوردستان بڵاوبووه‌تەوە لە سێ بەرگ دا، فەرهەنگی فارسی-کوردی، ئەویش لە باری تکنیکی فەرهەنگ نووسینەوە یەکجار پێشکەوتووە. بەڵام بە بۆچوونی من هەردووک فەرهەنگ تووشی کێشەی سیاسەتی پەتی کردن بوونە، بە جۆرێک کە ووشەیەک کە کوردی پەتی بۆ نابینرێتەوە دێن تەعریفی دەکەن! تەعریف کردن بۆ فەرهەنگی یەک زمانی دەبێ ، وەک فەرهەنگی زەبیحی. فەرهەنگی قامووسی زەبیحی ئەگەر بۆ وێنە چاو لە وشەی "ئاوارە" بکەی، بە کوردی پێت دەڵێ کە ئاوارە یانی چی، تەعریفی دەکا لە ڕستەیەک دا و نموونەیەکیشی بۆ دێنێتەوە. لە فەرهەنگی دوو زمانی دا، قەت نەبووە کە ووشەیەکی زمانی ئەسلی کە دەیهێنی، بێی تەعریفی بکەی، دەبێ بەرانبەری بۆ دانێی بەڵام بۆ وێنە فەرهەنگی کوردستان، فارسی-کوردی، کە ئێستا هەیە لە کتێبخانە دا و دەتوانن چاوی لێبکەن، پۆمپی بێنزینی تێدایە، پۆمپی بێنزین فارسیە و فەرهەنگەکە لە بەرانبەر ئەو وشەیە دا هاتووە تەعریفی کردووە و نووسیویەتی، جێگایەکە کە ماشێن دەچێ و لەوێدا بەنزینی هەڵدەگرێ یا لێیدەدا! شتێکی وا. ئەوە فەرهەنگی دوو زمانی نیە ئیتر، وەک فەرهەنگی یەک زمانی لێکردووە.
تاکتیکێکی دیکە کە دەکاری دێنن، فەرهەنگی ئازادی بۆ وێنە. زۆر جار چەند ووشەی هاومانامان هەیە، نزیکن لە مانادا، هەر وەک کووتم وەک جەریمە و جرم و هتد. کاتێک چەند ووشەی ئاوا لێک نزیک هەن، فەرهەنگی ئازادی، چونکە نەیتوانیوە بۆ هەر یەک لەوانە ووشەی کوردی پەتی ببینێتەوە، بۆ چەند ووشەی جیاواز، یەک ووشەی کوردی دەکاردێنێ. لە ڕاستیدا من هەوڵم داوە بۆ نووسینی کوردی و ئینگلیزی ئەو فەرهەنگەی دەکاربهێنم. بەکاری من نەهات. فەرهەنگەکە بێ کەڵکە، بێ فایدەیە. عومرێک هەوڵ و تەقەللای دوکتۆر قەرەداخی بە بۆچوونی من بەفیڕۆ چووە. حەیف بوو، نەدەبوو وای لێبێ. ئەگەر ئەو سیاسەتی پەتیکردنەوەی وەلانابا، فەرهەنگەکە زۆر سەرکەوتوو تر دەبوو. دیارە من زۆر باش دەزانم، زمانی کوردی وەک ئینگلیزی و فارسی نابێ. ئەوان ووشەیان یەکجار زۆرە، بەڵام دەکرا زۆر ووشەی خوازراو کە دوو سەد سێسەد ساڵە بوونە کوردی، دەکرا ئەوانەی تێدا بێ و فەرهەنگەکان باشتر بن.
سۆرانی خوازەکان دەڵێن کورمانجی زۆر لە سۆرانی وەدواکەوتووە، لە باری چەندێتیەوە. هەر لەو ساڵانە دا، لە ساڵی 1921 تا 1980 یانی لە ماوەی 59 ساڵ دا، لە یەکیەتی سۆڤیەت، زۆرتر لە ئەرمەنستان، زیاتر لە 377 کتێب بڵاوبۆتەوە. فکری لێبکەوە لە کوردستانی عێراق، 65 ساڵ، 918 کتێب. ئەوەشتان لەبەر چاو بێ، نفووسی کورد لە یەکیەتی سۆڤیەت لە ساڵانی 1920 نزیکەی 60 هەزار کەس بووە و لە کوردستانی عێراق نزیکەی نیو میلیۆن بووە. یانی کوردی عێراق، زیاتر لە 10 بەرابەری کوردی سۆڤیەت بوون بەڵام 918 کتێبیان بەرانبەر بە 377 کتێبی سۆڤیەتستان هەبووە. ئەگەر ئامارم هەبا و زانیبام تا ساڵی 1985 چەند کتێبی تر لە یەکیەتی سۆڤیەت بڵاوبۆوە، ڕەنگبوو، ژمارەی کتێبی بە کورمانجی سۆڤیەت ببا بە 400. ئەگەر ئەو کتێبانەی بە کورمانجی و لە سووریا و لە دەرەوەی وڵاتیش بڵاوبوونه‌ته‌وه، بێنینە سەری، دەبێتە نزیک بە 400 کتێب. لە عێراقیش چەند کتێبێک بە کورمانجی لەو ماوەیە دا بڵاودەبووه‌وه. بەعزە ساڵێک بوو لە کوردستانی عێراق، کتێب هەر بڵاونەدەبووه‌وه یا جاری وابوو، هەر یەک یا دوو کتێب بڵاودەبووه‌وه. لە 1931 تا 1937 لە ئەرمەنستان 163 کتێب بڵاوبووه‌وه، لە ماوەی شەش ساڵ دا، هەر لەو ماوەیە دا 52 کتێب لە عێراق بڵاوبووه‌ته‌وه. بەداخەوە لە ساڵی 37 و 38ەوە، لە یەکیەتی سۆڤیەت، بەشێک لە کوردەکانی قەفقاز ڕاگوێزران بۆ ئاسیای ناوەندی و چاپەمەنی کوردی لە ساڵی 1938 تا ئاخری شەڕی جیهانی دووهەم ئیتر نەبوو، لە کوردستانی عێراقیش، لە ساڵانی شەڕ، کتێب زۆر زۆر کەم بڵاودەبووه‌وە. بەڵام پێوانەیەک بۆ بەرواردکردنی ئەوانە، ئەوەیە کە ژمارەی کتێب بە پێی هەزار کەس بپێوین. ئەوە دیققەتێکی زۆرتری هەیە. ئەگەر ژمارەی کتێبەکان دابەشبکەین بە سەر نفووسی کوردەکان، لە 1920 تا 1985 لە کوردستانی عێراق، 2.1 لە سەد کتێب چاپ بووە و لە سۆڤیەت 6.4 لە سەد. شەش لە کوێ و دوو لە کوێ! یانی ئەگەر بە گوێرەی نفووس بەراوەردیان بکەین، لەو ماوەیە دا کە باسکرا، لە کوردستانی عێراق 2 کتێب و لە سۆڤیەت 6 کتێب بڵاوبووه‌تەوە. بە گوێرەی ڕۆژنامەش هەر وا. لە سۆڤیەتستان، هەر وەک وتم، "ڕێیا تازە"، هەر سێ ڕۆژ جارێک بڵاودەبووه‌وه و ئەگەر دابەشی بکەین بە سەر نفووسی کوردی سۆڤیەت دا ئەوان زۆرتریان ڕۆژنامە هەبووە لە کوردستانی عێراقێ.
سۆرانی خوازان لە ساڵانی ڕابردوو دا وتوویانە کە زۆربەی کوردستانی عێراقێ بە سۆرانی قسە دەکەن و ئەوە دەبێ ببێتە زمانی ڕەسمی و زمانی ستاندراد و ناڵێن کورمانجی نابێ قسەی پێ بکرێ بەڵام دەڵێن دەبێ کورمانجی بۆ ژیانی ڕۆژانه‌ی ناوماڵ و بازار و مەزرا و ئەوە باشە هەروەها کورمانجی دەبێ ووشەکانی کۆبکرێتەوە بۆ ئەوەی کە سۆرانی پێ دەوڵەمەند بکرێ. تەنانەت ڕۆشنبیرێکی کورد کوتوویەتی کە "ئەگەر کوردی باکوور دەیانەوێ ڕزگار بن، ئازاد بن، دەبێ سۆرانی فێر بن"!. ئەوە زۆر خۆشە ئیدی! بۆخۆتان لێکی بدەنەوە بزانن ئەوە مانای چیە؟ ئەمن بەو بۆچوونانە دەڵێم "شۆڤێنیزمی سۆرانی"! بە گەورە زانین و بە سەرکەوتوو دانانی سۆرانی و بە دواکەوتوو دانانی کورمانجی و ئەوەی کە بگوترێ کە ئازادی بە زمانی سۆرانی دەبێ ئەوە ئیتر یەکجار شۆڤێنسیتیە!
ساڵی 1991 گۆڕانێکی گرینگ بوو لە زمانی کوردی دا. لەو ساڵە دا دەوڵەتی تورکیا ئیجازەی دا کە کوردی تورکیا، جا چ زازا و چ کورمانج، لە ماڵی خۆی بە زمانی خۆی قسە بکا بەڵام قسە کردن لە پارلەمان و لە کاروباری حیزبی و سیاسی قەدەخە بوو. بەو خەباتەی کە کوردی تورکیا کردیان، نەک لەبەر ئەوەی کە سۆرانیان دەزانی، به‌ڵکوو له به‌ر ئەو خەباتەی کە لە پێناو مافی زمانی کردیان، ئێستا لە تورکیا چاپەمەنییەکی یەکجار زۆر بڵاودەبێتەوە بە زمانی کورمانجی، مۆسیقای کوردی بە گشت لەهجەکان، یەکجار زۆر بەرهەم هێنراوە، ڕادیۆ هەیە، تلویزیۆن هەیە، یەکەم تلویزیۆنی ساتاڵایتی کوردی بە کورمانجی بوو. لە خۆراسان، لە ئێرانێ، بە کورمانجی دەنووسن، لە سووریاش تا ڕادەیەک شت بڵاودەبێتەوە. 1991 هەر ئەو ساڵە بوو کە سۆڤیەت تێکچوو، کورمانجیش نشستێکی زۆری بوو. شتێک کە گۆڕاوە ئەوەیە کە تێکنۆلۆژی تازەی زمان پەیدابووە، گشتتان ئاگادارن، زۆربەی ئێمە دەکاری دێنین، ئینتێرنێت و ئەو جۆرە تەلەفۆنە تازانەی کە پەیدابوونە، کە گشت کارێکیان پێدەکرێ و بۆخۆشیان کامپیوتێرن و هتد. تێکنۆلۆژی تازەی زمان، هیچ حەدێکی نیە، لە 10 ساڵی داهاتوو دا، دەکرێ زۆر هاسان، مەتنێکی کوردی کە بە سۆرانی[ئەلف‌وبێی عەرەبی] نووسراوە، زۆر ئاسان دەتوانی بیکەی بە خەتی لاتین و بە پێچەوانەوە، تێکنۆلۆژییەکە کە هیچ سنوورێک ناناسێ. وەزعی زمان لە تەواوی دنیا دا دەگۆڕێ و لە کوردستانیش دەگۆڕێ، بەڵام ئەو کێشە سیاسییانەی کە کوتم دەبێ خەباتی سیاسی لە سەر بکرێ.
شتێکی کە سۆرانی‌خوازەکان دەیڵێن ئەوەیە کە "ئەگەر لە کوردستانی عێراق، کە لە ساڵی 2005 لە قانوونی ئەساسی عێراق دا، زمانی کوردی بووه‌تە زمانی رەسمی سەراسەری عێراق، ئەوەش ڕووداوێکی گرینگە، ئەوان دەڵێن ئەگەر کوردی، هەم سۆرانی و هەم کورمانجی، لەهجەی ستانداردی ڕەسمی بن، ئەو ڕەسمییەتە[لە عێراق] تێکدەچێ، دەڵێن تەنانەت نەتەوەی کورد دەبێتە دوو نەتەوە و دابەش دەبێ! من تەنیا یەک شت دەڵێم و تەواوی دەکەم. زمانی سربی-کرۆ واتی هەبوو، لە یۆگۆسلاوی پێشوو، لە کورمانجی سۆرانیش لە یەکتر نزیکتر بوو، زمانی چێک-سڵۆڤاکی هەبوو، ئەوانە لێک جودا بوونەوە و بوون بە دوو نەتەوەی جودا. من دەڵێم ئیمکانی ئەوەی هەیە کە کورمانجی و سۆرانی لێک جودا ببنەوە بەڵام شتێکی کە زۆر ئەوەی هان دەدا کە لێک جودا ببنەوە، هەر ئەو سیاسەتی سۆرانیخوازییە. ئەوەی کە بە زەبر و زەنگ، سۆرانی دابسەپێنی بە سەر کورمانجی زمانانی بادینان. ئەوە ئەوان هان دەدا بەرەو جوێبوونەوە نەک سیاسەتێکی دێمۆکراتیک. هەتا سیاسەتی زمانی دێمۆکراتیزە تر بێ، ئیمکانی یەکگرتنی گەلان، ئیمکانی یەکگرتنی چینی کرێکار، ئیمکانی یەکگرتنی زەحمەتکێشان زیاتر دەبێ. هەتا زیاتر بڵێی نەتەوە، یانی یەک زمان، یەک ووڵات، یەک لەهجە، زووتر، دووبەرەکی و سەد بەرەکی درووست دەبێ. ڕێگا دێمۆکراتیزە کردنە. کەسێک کە باوەڕی بە دێمۆکراتیزەکردنی ژیانی خەڵک بێ لە کوردستان یا لە ناوچە دا، دەبێ لە باری زمانی دا و هەروەها لە باری سیاسی دا، دەبێ سیاسەتێکی تەواو دێمۆکراتیکی هەبێ. ئەگەر نەیبێ، شۆڤێنیزم سەردەکەوێ. من بە هیچ جۆرێک ناڵێم هەر کەسێکی کە تا ئێستا کوتوویەتی کە سۆرانی دەبێ ڕەسمی بێ و دەبێ زمانی ستانداردی بێ شۆڤێنسیتە، من ئەوەی ناڵێم، بەڵام ئەوەی دەڵێم کە کەسێکی پێی وابێ کورمانجی دواکەوتووە و سۆرانی ئەوەندە وەپێش کەوتووە کە هەموو کورمانجی ئاخێوان دەبێ سۆرانی بکەنە زمانی کولتوری و ئەدەبی و ڕۆشنبیری، من دەڵێم ئەو سیاسەتە، سیاسەتێکی شۆڤێنیستیە. زۆر کەسیش کە ئەو سیاسەتەی ڕەچاو دەکا، نازانێ خەتەری ئەو سیاسەتەی چیە و نازانێ کە ئاڵتێرناتیڤی دی هەیە.
زۆر سپاستان دەکەم و ئومێدەوارم ڕەخنەم لێ بگرن.
بەڕێوەبەری سێمینار: کتێبخانەی کوردی ستۆکهۆڵم/ 4ی ئاپریلی 2012
تۆمارکردنی دەنگ: کەریم مەرەسەنە
وێنە: چالاک محەممەد
نووسینەوەی تێکست: مەسعوود مەناف
*سپاس بۆ ماڵپه‌ڕی "ناوه‌ندی نووچه و شرۆڤه‌ی ڕۆژ" بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگایان دا ئه‌م بابه‌ته ڕاگوێزینه ڕوانگه‌ش
تۆمارکردنی دەنگ: کەریم مەرەسەنە
ئیسلامی جەماوەری، ناسیۆنالیزمی کورد و ڕاپەڕینی دەرەوەی شاران: سەرهەڵدانی شێخ سەعید لە تورکییە (١٩٢٥)
نووسینی: مارتین ڤان بڕاونێسن
وەرگێڕان لە ئینگلیسییەوە: حەسەنی قازی
لە مانگەکانی فێڤرییە و مارسی ١٩٢٥ کۆماری لاوی تورکییە بە ڕاپەڕینێکی جووتیرانی کورد کە بەخێرایی بە بەشێکی گەورەی ئوستانە ڕۆژهەڵاتییەکانیدا بڵاو بووەوە ڕاتڵەکا [ بڕاونێسن ١٩٧٨؛ فرات ١٩٧٠، جەمال ١٩٥٥؛ تۆکەر ١٩٦٨؛ ئولسۆن و تاکر، ١٩٧٨]. دەستە و تیپەنی کەمچەکی جووتێران ، بە سەرۆکایەتی سەرۆکی ئایینی و سەرۆک عەشیرەتان ، یەک بە یەک پەلاماریان بردە سەر شاران، ئیدارەی چڵ و نیوەچڵی خۆیان لێ دامەزراندن و گشت کاربەدستانی نیزامی و مەدەنی یان ڕەپاڵ نا کە هێشتا وەفاداربوون بە حکوومەتی نێوەندی.جووڵانەوەکانی سەرهەڵداوان ڕێبەڕێکی جەماوەری و سەرۆکی تەریقەتێکی دەروێشان،شێخ سەعید رێکی دەخست و، شێخەکانی دیکەی هەمان تەریقەت هەڵکەوت و پلەی سەرەکییان هەبوو لەو ڕاپەڕینە دا.ئامانجی بەڕواڵەتی ئەو ڕاپەڕینە پێش‌گرتن بوو لەو چاکسازییە نادینیانەی کە حکوومەتی تورکییە دەستی پێ‌کرد بوو. ئەگەرچی، دواتر، ڕێبەرانی ئەو بزووتنەوەیە بەوە تاوانبار کران حەولیان داوە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کورد.کپ کردنەوەی ئەو ڕاپەڕینە بە قیمەتی زیاتر لە دوو مانگ تێوەگلانی حکوومەت و بەکارهێنانی هێزی هەوایی و دەنگ دانی ٣٥٠٠٠ عەسکەری پیادە و خوێنڕێژییەکی زۆر لە سەر حکوومەت ڕاوەستا، بە دەم ئەو سەرکوتەوە، بەشی زۆری ئەو دێمۆکڕاسییە کەمەش کە لە تورکییە هەبوو قوربانی کرا.
ئەو ڕاپەڕینە،دەرفەتی ئەوەی ڕەخساند مستەفا کەماڵ (ئاتاتورک) و عیسمەت (ئینێنو) دەستەڵاتی دیکتاتۆریانە بەدەستەوە بگرن.حکوومەتی تاڕادەیەک لیبێڕاڵی فەتحی بەی (ئۆکیار) لە کۆدەتایەک دا کە لە نێو پارتیی فەڕمانڕەوا دا بەڕێوەچوو ناچار کرا لە سەر کار لاچێ و، عیسمەتی توند و تیژ، کە ئۆپۆزیسیۆنی "لێبراڵ"ومیانەڕۆ زۆریان ناخۆش دەویست، جارێکی دیکە وەک سەرۆکوەزیر دەستەڵاتی بە دەست گرتەوە.دوو حەوتوو دوای ئەوەی کە خەبەری ئەو ڕاپەڕینە گەیشتە ئانکارا، ئینێنو کابینەی تازەی خۆی ڕاگەیاند. ڕۆژی دواتر ئەو قانوونێکی بە پەسندی مەجلیسی نەتەوەیی تورک گەیاند بۆ دامەزراندنەوەی هێمنایەتی، قانوونێک کە بە تەواوی دەستی حکوومەتی دەکردەوە چی پێی باشە بیکا. مەحکەمەی تایبەتی، کە بە پێی ئەو قانوونە دامەزران، ڕێبەرانی ئەو ڕاپەڕینە کوردییەیان مەحکەمە کرد و بڕیاری مەرگیان دان و، نەک هەر ئەوان بەڵکوو زۆر دژبەری دیکەی سیاسیش بە دەست ئەو مەحکەمانە دادگایی کران و لە دار دران. لە بەر دەستەڵاتی دیکتاتۆریانەی حکوومەت، هەلی ئەوە ڕەخسا چاکسازییە کەمالیستییەکان بە خێرایی لە زێدە جێبەجێ بکرێن بەبێ کەمترین لا کردنەوە لە ئۆپۆزیسیۆن. یەكێک لەو هەنگاوە چاکسازییانە، کە ڕاستەوڕاست پێوەندی هەبوو بە ڕاپەڕینەکەوە، ئەوە بوو گشت تەریقەتە دەروێشییەکان،ئەوانەی کە بەندی هەناوی ئیسلامی جەماوەری بوون سەرکوت کران.ئاکامێکی دیکە بریتی بوو لە بەڕێوەچوونی سیاسەتی بە تۆبزی تواندنەوەی کوردەکان و بێبەش کردنیان لە مافە کولتوورییەکانیان.
ئەو سیاسەتەی دواتر، ئەگەرچی بۆ چەندین دەساڵان ڕەچاو کراوە، نەیتوانیوە ئامانجە ڕواڵەتییەکەی کە ئەویش لە ڕیشە دەرهاویشتنی جیاوازیخوازیی کورد بێ پپێکێ. لە ماوەی ساڵانی ١٩٧٠ کاندا ناسیۆنالیزمی کورد وێدەچێ پێگەیەکی بەربڵاوی جەماوەری پەیدا کرد بێ هەم لە شاران و هەم لە گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی تورکییە. ئەگەرچی زۆر لە ناسیۆنالیستەکانی ئەم ڕۆژگارەی کورد ڕاپەڕینی شێخ سەعید بە کۆنەپەرستانە دەزانن، بەڵام بیرەوەرییەکانی هێشتاش هەر زیندووە و، زۆری دیکەش لە کوردەکان بە شانازییەکی ئاشکراوە باسی لێوە دەکەن. چەندین گۆواری کوردی جێیەکی زۆریان بۆ ووتاری دوور ودڕیژ سەبارەت بە سەرهەڵدانی شێخ سەعید تەرخان کردووە. ئەو سەرهەڵدانە بووە بە ڕەمزێک هەم بۆ کوردە ناسیۆنالیستەکان و هەم بۆ دژبەرەکانیان.
پاشخان
هۆی هەرە ئاشکرای ساز بوونی ئەو ڕاپەڕینە ئەو بەرنامەیەی لە دین شۆردنەوە بوو کە حکوومەتی کۆماری دەستی پێ کردبوو. هەڵوەشاندنەوەی سوڵتانایەتی لە ساڵی ١٩٢٣ ساڵێک دواتر هەڵوەشاندنەوەی خەلافەتی بە دوو دا هات، کە ئەوە لە نێو هێندێک لە کۆڕ و کۆمەڵی کۆنە پارێز لە نێوخۆ و لە هەندەران ناڕەزایەتییەکی زۆری ساز کرد. بە تایبەتی لە نێو کوردەکان دا خەلافەت جێگایەکی زۆر بەرزی هەبوو. کاتێک، لە دەستپێکی شەڕی جیهانی یەکەم دا، سوڵتان بە سیفەتی خەلیفە یان ڕێبەری هەرە گەورەی موسوڵمانانی نەریتی جیهاد (شەڕی پیرۆز)ی ڕاگەیاند، زۆربەی کوردەکان بە دەنگ بانگەوازەکەیەوە چوون.دراوێکی زۆری کە ڕوسەکان تەخشان پەخشانیان کرد لە حەولێک دا بۆ کڕینی وەفاداری هێندێک لە سەرۆک عەشیرەتە کوردەکان هیچی لێ شین نەبوو و ،داوخوازی سۆزاوی ناسیۆنالیستە کوردەکانیش لە وزەی دا نەبوو لە قورسایی قسەی خەڵیفە کەم کاتەوە.بۆ زۆر کەسان، دەزگای خەلافەت، بڕبڕە پشت و نیشانەی سەرەکی ئیسلام بوو و، هەڵوەشاندنی بە گورزێک دەزاندرا لە ئیسلام درابێ. یەکەم چاکسازییەکان لە پەروەردەش دا وێدەچوو دەگژ دین ڕۆ بێن، چونکە نێوەندە نەریتییەکانی پەروەردەی دینی (مەدرەسە) هەڵوەشێندران و جێیان بە خوێندنگەی مۆدێڕن و شێوە ڕۆژئاوایی پڕ کراوە.بە ماوەیەکی کورت بەر لە ڕاپەڕین شێخ سەعید چەندین وەعزی بۆ خەڵک کرد و لە قسەکانی دا زۆر بە توندی ئەو هەنگاوانەی حکوومەتی شەرمەزار کرد، دواتر، لە مەحکەمە دا، شێخ کورتەی یەکێک لە ووتارەکانی خۆی بەم شێوەیەی خوارەوە گێڕاوە کە لە پیران کرد بووی، ئەو شوێنەی کە ڕاپەڕینەکە پێش وەخت لەوێ دەستی پێ‌کرد:
مەدرەسەکان [حوجرەی خوێندنی دینی] داخراون. وەزاڕەتخانەی دێن و وەقفەکانی ئیمانداران هەڵوەشێندراون.لە ڕۆژنامەکاندا گاڕانێک لە نووسەرانی بێ‌دین بە ئانقەستە سووکایەتی بە دین دەکەن و نێوی گەورەمان پێغەمبەر پەڵەدار دەکەن.ئەمن ئەگەر بتوانم هەر ئەمڕۆ دەست بە خەبات دەکەم و دەبم بە یەکێک لەوانەی کە یارمەتیدەکەن بۆ پار‌استنی دین (جەماڵ، ١٩ دوو: ٢٤؛ تۆکەر ٣٨: ١٩٦٨
دوای ئەوەی ڕاپەڕینەکە دەستی پێ‌کرد، شێخ سەعید بەردەوام بوو لە بە کارهێنانی ئەو جۆرە قسانە بۆ ئەوەی پشتیوانی زیاتر وەدەست بهێنێ. کە وابوو خۆڕاگری بە دژی بەرنامەی سکولاریستی کەماڵیستەکان لایەنێکی گرینگی سەرهەڵدانەکە بوو. یەکەم ئامادەکارییەکان بۆ سازکردنی ڕاپەڕینەکە لە لایەن ڕێکخراوەیەکی نهێنی کە لە کوردی خوێندەوار پێک هاتبوو ، کرابوو و ئامانجەکانی ئەوان بە هیچ جۆر پێوەندی بە دینەوە نەبوو و بە تەواوی ناسیۆنالیستی بوو.ئەوان پێوەندییان بە شێخ سەعید و شێخەکانی دیکەوە کردبوو چونکە دەستڕۆیشتوویی پێویستیان هەبوو کە ئەوان بۆ خۆیان نەیان بوو. بەر لەوەی زیاتر بچینە سەر باسی دەوری ئەوان دەبێ چەند قسەیەک بکەین سەبارەت بە بەشدارانی ڕاستەقینەی سەرهەڵدانەکە و هۆی دەستڕۆیشتووی ئەوەندە زۆری شێخەکان لە نێویان دا.
بارودۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووری ناوچەی سەرهەڵداو
ناوچەی چەقی سەرهەڵدان – ئەو ناوچەیەی سەرهەلدان لەوێ دەستی پێ‌کرد و زۆربەی جووتێرانی ئەوێ لە گەڵی کەوتن – هەرێمێکی شاخاوی بوو بەلای باکووری دیاربەکرەوە ( بڕوانە نەخشەی پەیوەست). لە ناوچەی دوورە دەستریش ڕووداوی توند وتیژی ڕوویدا و ، خەڵک لە دەرەوەی ئەو ناوچانەشەوە هاتن بۆ لەگەڵ کەوتنی سەرهەڵدانەکە. بەڵام هەر لەو ناوچەیە دا خەڵکێکی یەکجار زۆر بەشدارییان تێدا کرد. زۆربەی ئەو کوردانەی لەو ناوچەیە دا دەژین بە زازاکی قسە دەکەن،زمانێکی ئێرانی خزم بەڵام ئەوانەی بە کورمانجی قسە دەکەن تێی ناگەن.هێندێک لە عەشیرەتە زازاکی زمانەکان، بە تایبەتی ئەوانەی لە ناوچەی دەرسیم دەژین، سەر بە دەستەی جوێ بیری عەلەوین، ئەوانی دی موسوڵمانی سونین. تەنێ زازاکی زمانەکانی دەوروبەری دیاربەکر لە سەرهەڵدانەکە دا بەشدار بوون.ئابووری گوندە زازاکان، ئابوورییەکی داخراو بوو و، ئێستاش تا ڕادەیەکی زۆر هەر وایە. تەقریبەن هەر لادێییەک پەڵە زەوی و هێندێک ئاژەڵی هەبوو، ئەوەش تەنێ ژیانێکی مەمرە، مەژی بۆ دەڕەخساندن.شتێکی کە جووتێران نەیان توانیبا خۆیان ڕەنێوی بهێنن ئەوەیان بە گۆڕینەوە وەدەست دەهێنا نەک بە کڕین‌و فرۆشتن، تەنیا ڕێزپەڕ تووتن بوو کە لە هێندێک لە گوندەکانی ناوچە ڕەنێو دەهات و بە بایی کەم بە ئینحیساری دوەڵەتیی تووتن دەفرۆشرا. لەبەر کەم بڕشتی زەوی، لاوە زازاکان بە بەردەوامی دێیەکانیان بە جێ دەهێشت و بۆ کار دۆزینەوە دەچوونە شارۆچکە هەرێمییەکان و شارە گەورەکان.دیاربەکر، ئەلازغ(خارپێت) و ئەستەنبووڵ ژمارەیەکی زۆر لە موهاجیری خەڵکی ئەو گوندانەیان تێوە هاتبوون و، ئەوەش هۆکارێکی گرینگ بوو لە ماوەی سەرهەڵدانەکە دا.زۆربەی زازاکان جووتێری دامەزراو بوون، بە بێ ئەوەی مێژویەکی تازەی کۆچ و کۆچباریان هەبووبێ؛ گوندەکانی ئەوان بە شێوەیەکی توندی عەشیرەتی ڕێک خرابوون. هەر کام لە عەشیرەتە پچووکەکانیان تەنێ لە گوندێک یان چەند گوندێک پێک دەهات ، کە لە لایەن سەرۆکێکەوە بەڕێوە دەچوو کە زۆرکەم لە خەڵکی ئاسایی دەوڵەمەندتر بوو. بڕیاری سەبارەت بە هەموو عەشیرەتەکە، وەکوو پارێزگاری لە خاکی عەشیرەتی، کێشەی عەشیرەتی و، هەر وەها ئەو ڕاپەڕینەی کرا دوای پرس و ڕا و ڕاوێژ بە ئەنجومەنێک دەدرا کە لە ئاغای گوند و خەڵکی بە ساڵداچووی ڕیش سپی و موختاری گوندەکان پێک دەهات.ئەندامانی ئاسایی عەشیرەت بە بێ پرسینەوە ئەو بڕیارانەیان ڕەچاو دەکرد.
لای باکووری هەرە سەرەوەی ناوچەی سەرهەڵداو، بە چیا بەرز و لەوەڕگە دەوڵەمەندەکانییەوە،نیشتگەی عەشیرەتی گەورەی کورمانجی ئاخێوی جیبران بوو، ئەوانیش وەک عەشیرەتە دراوسێیەکانیان، حەسەنان و حەیدەران، کە هێندێک بەشی ئەوانیش لە گەڵ سەرهەڵدانەکە کەوتن. جیبران پێشتر عەشیرەتێکی کۆچەر بوو، بەڵام لە ساڵی ١٩٢٥ تا ڕادەیەکی زۆر دامەزرا بوو و کۆچبەری نەدەکرد،خەڵکی ئاسایی عەشیرەتەکە لەگەڵ کاری کشتوکاڵی سەرەتایی هێندێک مەڕداریشیان دەکرد، بەڵام بنەماڵە سەرەکییەکان، کە هێندێک لکیان لە کارلۆڤا، (کانی ڕەش) ڤارتۆ (گم گم) و بولانک ( کۆپ) دەژیان و فەرمانڕەوای ئەو شوێنانە بوون، خاوەنی ڕانە مەڕی گەورە بوون.شێخ سەعیدیش مەڕدارێکی گەورەی ئاوا بوو، کە سەر بە هیچکام لەو عەشیرەتانە نەبوو، بەڵام لە بنەماڵەی سەرەکی و دەستڕۆیشتووی جیبران ژنی خواستبوو. ئەو لە شوێنی خۆی پالۆ ڕا گوێستبوویەوە بۆ هنس (خنووس) بۆ ئەوەی ڕانەمەڕەکانی لە لەوەڕگەی باشتر دا بحاوێنێتەوە و ده‌سته‌ڵاتی ڕووحی و سیاسی خۆشی ده نێو کورمانجی ئاخێوان دا په‌ره پێ بدا. شێخ و کوڕه‌کانی به ته‌جاڕه‌تی ئاژه‌ڵه‌وه خه‌ریک بوون، که زۆر جار ڕێیان ده‌که‌وته شاره گه‌وره‌کانی وه‌ک ئه‌سته‌نبووڵ و حه‌ڵه‌ب. جگه له کڕین و فرۆشتنی حه‌یوان و مه‌ڕ و ماڵات وێناچێ تەجاڕه‌تێکی دیکه له ناوچەکەدا هه‌بوو بێ. شارۆچکه پچووکه‌کان زیاتر نێوه‌ندی ئیداری بوون تا ئه‌وه‌ی که نێوه‌ندی بازرگانی بن.
زۆربه‌ی لادێیه‌کان له چیاکان دا جووتێری سه‌ربه‌خۆی ئه‌وتۆ بوون که ژیانی مه‌مره و مه‌ژی خۆیان دابین ده‌کرد، به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانه‌ی وا پێده‌شته به پیت و به‌ره‌که‌تانی ده‌ور وبه‌ری دیاربه‌کر و سیلڤان (فارقین)یان ڕه‌نێو ده‌هێنا. له‌و شوێنانه‌ی گه‌نمی لێ ڕه‌عه‌مه‌ل ده‌هات،خاوه‌نموڵکێتی گه‌وره زاڵ بوو و زۆربه‌ی لادێییه‌کان یان جووتبه‌نده‌ی هه‌ژار یان کرێچی بوون، هیچ ڕێکخستنی عه‌شیره‌تییان نه‌بوو و به‌و جۆره خاوه‌نموڵکانه به‌سترابوونه‌وه که خۆیان له گونده‌کان نه‌ده‌ژیان. وێناچێ ئه‌و جۆره لادێییانه به‌شدارییه‌کی چالاکانه‌یان له سه‌رهه‌ڵدانه‌که دا کرد بێ.
شێخه‌کان
سه‌رۆکه هه‌ره سه‌ره‌کییه‌کانی سه‌رهه‌ڵدانه‌که سه‌رۆک عه‌شیره‌ت نه‌بوون، به‌ڵکوو شێخ، واته رێبه‌ری ئایینی بوون. ئه‌وانه بریتین له سه‌رۆکی ته‌ریقه‌ته‌کانی سۆفی یان ده‌روێش و، لەم نموونه تایبه‌تییه دا ئه‌وان سەر بە ته‌ریقه‌تی نه‌خشبه‌ندی بوون که له کوردستان دا جه‌ماوه‌ری زۆره.[ بڕوانە. ئاڵگار، ١٩٧٦؛ حورانی، ١٩٧٢؛بڕاونێسن، ١٩٧٨].ئەوە تەریقەتە دەروێشییەکان بوون و نەک دینی ڕەسمی مزگەوت کە پێداویستی سۆزی دینی و خۆ بەخت کردنی لادێییەکانیان دابین دەکرد.لە گەڵ ئەوەشدا، وەک زۆر بار ودۆخی دیکە. لێرەش دا جیاوازییەکی ئاشکرا لە نێوان دینی ڕەسمی و دینی جەماوەری لە ئارا دا نەبوو، هەر کامێکیان جێی ئەویدی دەگرتەوە، ئەوان وەک نەریتی ڕقەبەر چاو لێنەدەکران بەڵکوو وەک بەشێک لە هەمان دامەزراوە.تەریقەتی نەخشبەندی زیاتر لە هەموو تەریقەتەکانی دی خەڵکی هان دەدا بۆ ئامادە بوون لە مزگەوتان و ڕەچاو کردن و جێبەجێکردنی تەواوی ئەرکە دینییەکان.لە سەرێکی دیکەشەوە مەلا و مجێوری مزگەوتان ئەوپەڕی ڕێز و حورمەتیان لە زۆربەی شێخە نەخشبەندییەکان دەگرت. جا بۆیە کۆمەڵێک لە باوەڕە دینییەکانی نانەریتی و کردەوەی خۆبەختکەرانە بە دەوری ئەو تەریقەتە دا کە وەکی دیکە بەتەواوی تەریقەتێکی نەریتی بوو کۆ ببوونەوە. بۆ زۆرێک لە موریدەکانیان، شێخەکان هەر تەنێ عارفی بەئیمان نەبوون بەڵکوو وەک کەسی پیرۆزی ئیعجازکار چاو لێدەکران و نووشتووی دەستی ئەوان مەترسی و خراپەی ئیبلیسانی لە سەر دەڕەواندنەوە و، تفی زاریان بە دەرمانێکی یەکاویەک دادەندرا.بە ڕێگای هێزی لە سروشت بەدەر ئەوان یارمەتی ئەو جۆرە موریدانەی خۆیان دەدا کە کێشەیان هەبوو. تەنانەت هێندێکان ئیدیعان کرد لە ڕۆژی مەحشەرێ دا ئەوان موریدەکانیان لە پردێ دەپەڕێننەوە و بەرەو بەختەوەری هەمیشەییان دەبەن.لە زۆر لە بەشەکانی کوردستان ئەوە بەپێویست دادەندرا کە ئیماندارێک تەنانەت بە قسەش بێ سەر بە شێخێک بێ. لە زمان خەڵکی بەساڵداچوو دا هێشتاش لەوانەیە مرۆ گوێی لێ بێ بڵێن ' ئەگەر تۆ شێخێکت نەبێ،ئیبلیس دەچێ دە قالبتەوە و خۆی وەکوو تۆ نیشان دەدا'. جا بۆیە ' شێخێک هەبوون' بۆ خەڵکی جیاواز مانای جیاوازی هەبوو. زۆربەی مورید و پێرۆیانی شێخێک تەنێ بە قسە موریدی بوون. ئەوان ساڵێ جارێک یان دوو جار سەری شێخیان دەدا، دەستیان ماچ دەکرد، دیاری‌یان بۆ دەهێنا و شێخ دۆعای بۆ دەکردن، هێندێک جار کە پێیان لە کردەوەیەکی خراپ دەنا و پاشگەزبوونەوەی خۆیان دەدرکاند. لەوەش زیاتر، موریدان بۆ ڕاپەڕاندنی زۆر کێشەی جۆر بە جۆر دەچوونە زیارەتی شێخ لە چاک کردنەوەی نەخۆشییەوە بگرە، تا دەگەیشتە نەزۆک بوونی ژن، کێشە یان شەڕێکی خێزانی، مەسەلەی باوەر، داخوازی تەلیسم یان پرس و ڕاوێژ پێ کردن لە مەڕ کاروباری شەخسی یان گشتی. ئەگەر نێوبانگی شێخێک بۆ پیرۆز بوون و هەبوونی هێزی ئیعجاز زیاتر بایە، یان زۆر بە شێوەیەکی ژیرانە کێشەی خەڵک و گیروگرفتی دیکەی یەکلا کردبایەوە، هەر ئەوەندەش ژمارەی پێڕۆ و موریدانی زیادی دەکرد. شێخی گەورە گەشتی ساڵانەیان دەکرد بۆ ئەوەی دەرفەتی بەڕبڵاو بدەن بە موریدەکانیان بۆ گوێ گرتن لە وەعز و ئامۆژگارییەکانیان و، هەر وەها بۆ کۆکردنەوەی دیاری پچووک و گەورە.
موریدانی زۆر دەمارگرژتر لە کۆبوونەوەی خەلسە و حال هاتنی حەوتووانە یان زۆر زیاتر دا کە لە لایەن شێخ یان نوێنەرێکییەوە (خەڵیفە) بەڕێوە دەچوو بەشدارییان دەکرد. هەر تەریقەتەی ڕیازەت و ڕیوشوێنی ڕووحانی جیاوازی لە مەر خۆی هەیە، کە دەبێ موریدێکی سەر لەپێناو کە لەو ڕێوڕەسمە دا بەشدار دەبێ بەرێتە دۆخی جەزم بوون و خۆ لەبیربردنەوە کە ڕاستەوە ڕاست دەگاتە تەجروبە کردنی بینایی چاوان. ئەو جۆرە ڕێوڕەسمانە بە ئاسایی بەکۆمەڵ و بەهاوبەشی بەڕێوە دەچن.ئامادەبوونی شێخ بۆ خۆی یان ئامادە بوونی ڕوحانەتی بۆ سەرکەوتنی ڕێوڕەسمی ئەوتۆ پێویستە، بە تایبەتی دەنێو تەریقەتی نەخشبەندی دا، چونکە بە ڕێگای شێخە کە پێوەندی لە گەڵ خوڵای عالەمیان دادەمەزێ. کە وابوو ئەو موریدانەی شێخ کە لەو جۆرە ڕێوڕەسمانە دا بەشداری دەکەن پێوەندی و وەفادارییەکی زۆر پتەویان لە ئاست شێخ دا تێدا پێک دێ، ئەوان لە لایەنگرانی هەرە سەرسەخت و بانگەشەدەری سەرلەپێناوی شێخن و دەستکەوتە ڕوحانییەکانی بڵاو دەکەنەوە. شێخێک زۆر کەم وایە بەو پەڕییەوە لە سەدکەس زیاتر لە موریدی ئەوتۆی هەبێ. لە نێو تەریقەتی نەخشبەندییە دا، بە پێچەوانەی تەریقەتەکانی دیکە، کە زیاتر سەربە چێنە نێوەراستە شارنشینە نەریتییەکانن، زۆر لە موریدان لە کوردستان لادێیی ن و، زۆر جار لادێ نشینی هەرە هەژارن. دوو جۆرە لایەنگر و پێڕۆی تایبەتی بە ئاسایی بریتین لە پیاوی بەساڵداچوو کە دەستیان لە ژیانی دنیایی هەڵگرتووە لە پێناو ڕێبازێکی ڕوحانی لە دەور و بەری شێخ دا و، لەو چوارچێوەی دا کە ئێستا باسی لێوە دەکەین ، ئەوانیدی بریتین لە خزمەتکارانی شێخ. ئەوانە پیاوی چەکدارن و وەک پاسەوان ، یان هێندێک جار وەک دابینکەری قانوونی شێخ دەجووڵێنەوە. پەیدا بوونی ئەوانە بەستراوەتەوە بەو دەورە سیاسی و ئابوورییانەی کە شێخەکان لە زۆر لە بەشەکانی کوردستان دا گێڕاویانە.
لە زۆر نموونان دا، شێخەکان لە ناوچەی شوێنی لە دایکبوونی خۆیان دا ناژین و، بەو پێیە ئەوان سەر بە هیچ عەشیرەتێکی خۆجێیی نین. ئەو دەورە، بەیەکەوە لە گەڵ بە پیرۆز دانانیان، ئەوان دەکا بە ناوبژیوانی هەرە بەکار لە گێرە و کێشە عەشیرەتییەکان دا و ئەوە دەستەڵات و سەروەت و سامانێکی بەرچاو دەدا بە شێخێکی بوێر. زۆر جار شێخی هەرە بە دەستەڵات لەو جۆرە ناوچانە دەژین کە سەرۆک عەشیرەتی زۆر بەتوانایان لێ نییە کە لە دەستیان بێ کێشەکان ڕاپەڕێنن، بۆ وێنە لە ناوچەی زازاکان کە ئێمە لێرە دا باسی لێوە دەکەین، لەوێ زۆر جار ڕقەبەری و کێشە لە گۆڕێ دا بوو لە نێوان زۆر لە سەرۆکە پچووکەکان دا. شێخ سەعیدی پاڵۆ، شێخ شەریفی گوێکدەرە و، ژمارەیەک شێخی دیکە، هەر کامەیان توانیبوویان لە هەرکام لە سەرۆک عەشیرەتە زازاکان لە ناوچە دا بەهێزتر ببن. ئەو شێخانە کەسانێک نەبوون کە هەر دەنێو خۆیان دا بن، بەڵکوو لە کاروباری دنیاییش دا بەشدارییان دەکرد وەک شێخانی نەخشبەندی لە شوێنی دیکە.ئەوان ئەوەندی لە سەر زینی ئەسپ بەکار بوون هەر ئاواش لە سەر بەرماڵی نوێژێ، چۆنییان تەسبێح دەگێڕا ئاواش دەیانزانی تفەنگ بەکار بهێنن. نێوبانگی پیرۆز بوونیان لەگەڵ توانایی بەدەنییان یەکی دەگرتەوە. یەک لەوان شێخ شەریف، فەرماندەی هەنگی غەیری ئەڕتەشی کوردانی زازا ببوو لە شەڕی یەکەمی جیهانی دا. دیارە هەموو عەشیرەتەکان دەستەڵاتی شێخەکانیان قەبووڵ نەبوو.لە دەور و بەری ناوچەی بەرباس ژمارەیەک لە عەشیرەتەکان سەر بە ڕێڕەوی شیعە (عەلەوی) بوون. عەلەوییەکان و سونییەکان( نەخشبەندییەکان بە تایبەتی زۆر سوننی ویشکن) گاڵتە بەباوەرە دینی و نەریتەکانی یەکتری دەکەن و، ئەو هۆکارە ئیدێئۆلۆژییە کێشەی نێوان عەشیرەتە سونی و عەلەوییەکانی تەواو توند کردووە.لە ئیمپراتۆری عوسمانی سونی دا دەوڵەت و عەشیرەتە سونییەکان هاوکارییان بەیەکەوە دەکرد بۆ سەپاندنی زۆرداریی سیاسی بە سەر عەلەوییەکان دا.جا بۆیە جێی لێ تێگەیشتنە کە کاردانەوەی عەلەوییەکان لە ئاست حەولی ئاتاتورک بۆ سکولار کردن بە گشتی ئەرێیی بوو. چەندین عەشیرەتی خۆجێیی عەلەوی لە دژی سەرهەڵدانی شێخ سەعید دەرکەوتن و چالاکانە شەڕیان لەگەڵ کرد، یان ڕاستتر بڵێین، لە دژی دوژمنە نەریتییەکان بە شەڕ هاتن، کە لەگەڵ کەوتنی ئەوان لەگەڵ سەرهەڵدانەکە بیانوویەکی چاکی دابوونە دەست.
ناسیۆنالیستەکان
ئەو سەرهەڵدانەی کە بە کردەوە شێخ سەعید ڕێبەرایەتی کرد، لە سەرەتاوە بیری وی نەبوو، بەڵکوو بیری ڕێکخراوەیەکی نهێنی ناسیۆنالیستی بوو بە ناوی ئازادی، کە دەیەویست دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردستان دامەزرێنێ . ئەگەرچی ئازادی یەکەم ڕێکخراوەی ناسیۆنالیستی کورد نەبوو ( بڕوانە جووەیدە، ١٩٦٠؛ سلۆپی،١٩٦٩؛ بڕاونێسن ١٩٧٨)، بەڵام لە ڕێکخراوەکانی پێش خۆی باشتر ڕێک خرابوو. زۆربەی ئەندامەکانی ئەفسەرانی ئەڕتەش بوون کە پاشخانی عەشیرەتییان هەبوو، لە جیات ئاریستۆكراتەکانی شارنشیی پێش خۆیان کە بە تەواوی لە ژیانی لادێ هەڵبڕابوون. ناسیۆنالیزمی ئەوان وەکوو کاردانەوەیەک بوو لە ئاست ناسیونالیزمی تورک کە دە نێو ئەڕتەش دا بڵاو ببووەوە و هەر وەها نیگەرانی لەوەی کە کوردەکانیش چارەنووسێکی وەک هەرمەنییەکان چاوەڕوانیان بکا.ئەگەری دامەزرانی دەوڵەتێکی کوردی سەربەخۆ، هەر وەها دەوڵەتێکی هەرمەنی، لە نێو پەیماننامەی سێڤر لە ساڵی ١٩٢٠ دا نووسرا بوو و ببووە هۆی هێندێک حەولی چڵ و نیوەچڵی بریتانیاییەکان بۆ ساز کردنی دەوڵەتێکی پچووکی کوردی ناوگر لە نێوان عێڕاقی عەڕەب و تورکییە دا. ئەندامانی ئازادی، سەرەڕای شۆر و شەوقی ناسیۆنالیستی خۆیان، زۆر چاک دەیانزانی کە هێشتا پشتیوانی کۆمەڵانی گەلی کوردیان نییە و، ئەو هێز و قورساییە پێویستەشیان نییە بۆ ئەوەی پشتیوانی جەماوەری وەدەست بهێنن. جا بۆیە ئەوان لە بەشە جۆر بە جۆرەکانی کوردستان دا ڕوویان لە ڕێبەرانی بە دەستەڵاتی نەریتی نا. شێخ سەعید لە لایەن خالید بەگەوە بانگ کرا لە گەڵ بزووتنەوەکە بکەوێ. خالید بەگ خزمی هاوسەری شێخ سەعید و سەر بە بنەماڵەی سەرەکی عەشیرەتی جیبران، سەرهەنگی ئەڕتەش و یەکێک لە ئیدێئۆلۆگە سەرەکییەکانی ئازادی بوو.شێخ سەعید بە گەرمی بە دەنگ بانگەوازەکەیەوە هات و بەشدارییەکی سەرەکی کرد لە نەخشە داڕشتنی سەرهەڵدانەکە کە لە ساڵی ١٩٢٤ دەستی پێ‌کرد. لە سەرەتاوە مانگی مەی ١٩٢٥ ئەو بەروارە بوو کە بۆ ڕاپەڕینێکی گەورە داندرابوو کە دەبوو زۆربە یان هەموو ئەیالەتە کوردییەکانی تورکییە بگرێتەوە. ئەو عەمەلییاتەی کە دەبوو بکرێن وا داندرابوو ئەفسەرانی بزووتنەوەی ئازادی ڕێکیان خەن، چونکە ئەوان خاوەن ئەزموونی نیزامی بوون.ڕێبەرایەتی ناوچەیی دەبوو لە لایەن شێخەکان و سەرۆک عەشیرەتەکانەوە دابین بکرێ. بەڵام سەرهەڵدانە ڕاستەقینەکە بە پێی ئەو نەخشەیە بەڕێوە نەچوو . لە بەر بارودۆخی چاوەڕواننەکراو، خراپ بۆچوون و ژمارەیەک هەڵە،هەستی گومان و دڕدۆنگی دەستەڵاتدارانی تورک ورووژا. تا کۆتایی ١٩٢٤، زۆربەی ڕێبەرانی سەرەکی ئازادی گیران و تەنێ چەند کەسێکیان توانیان خۆیان ڕزگار کەن و بچنە عێڕاق، کە لەوێ لە لایەن ئەفسەرانی هەواڵگری بریتانیاییەوە لێپرسینەوەیان لە گەڵ کرا.ناڕەزایەتی ئەوان لە حکوومەتی تورک ووشیاریی مووقەڵێشانەی ئەوان نیشان دەدا لە مەڕ فەرق و جیاوازی و دووچاوکی لە گەڵ کران و، ئەنگیزەیەک کە لە تەبیعەتی خۆی دا ناسیۆنالیستی یە و دینی نییە.١
ڕاپەڕین
بەگیرانی زۆر لە رێبەرە گرینگەکان کە ئیدی یان لە نێو زیندان و یان لە هەندەران بوون، دەبوو چاو بە نەخشەی ڕاپەڕێنەکە دا بخشێندرێتەوە . لەمانگی دیسامبری ١٩٢٤ یان ژانڤییەی ١٩٢٥، کۆبوونەوەیەک پێک هات لە نێوان ئەندامانی ئازادی و شێخەکان و سەرۆک عەشیرەتەکان، کە ئەوانە زۆربەیان خەڵکی ناوچەی زازا بوون.لەو کۆبوونەوەیە دا بڕیار درا سەرهەڵدانەکە دەست پێ بکا و تەنانەت کاتەکەشی هێنرایە پێشەوە و کرا بە مانگی مارس. لە مانگی ژانڤییەدا [ ١٩٢٥] شێخ سەعید دەستی کرد بە سەردانی ساڵانەی خۆی لە ناوچە زازاکی ئاخێوەکان و، ئەوپەڕی حەولی خۆی دا هەر جۆرە کێشەیەکی کە چەت لە یەکێتی ڕاپەڕینەکە بخا یەکلا کاتەوە و، لە گەڵ سەرۆکە عەشیرەتە ناوچەییەکان باسی ستراتێژی بزووتنەوەکە بکا. ووتارە ئاوراوییەکانی بوو بە ئیلهام بۆ لادێیەکان بۆ بیزو قێز هاتنەوەیان لە حکوومەتی کۆماری. [ بڕوانە جەماڵ،٢٤: ١٩٥١؛ تۆکەر، ٣٨: ١٩٦٨] لەو گەشتە دا ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک هاوڕێیەتی شێخ سەعیدیان دەکرد کە دەناویان دا زۆر خەڵکی چەکداریش هەبوو. لە کاتێکدا کە لە پیران دابەزی بوو، ئەو گوندەی کە برایەکەی عەبدولڕەحیم لەوێ دەژیا، ڕووداوێکی پچووک بووە هۆی هەڵ بوونی ناوەخەتی گڕی ئاگری ڕاپەڕینەکە لە ١٣ی فێڤرییەی ساڵی ١٩٢٥ دا [ هەر هەمان شوێنی پێشوو]. هێزی ژاندەرمەری تورک لە گوندی پیران لە نێو ئەو کەسانەی لە گەڵ شێخ بوون چەندین کەسیان ناسییەوە کە لە دەست عەداڵەت هەڵهاتبوون و ، هێندێکیان تاوانی ئینسان کوشتنیان لە سەر بوو. لە حەولێک دا بۆ گرتنی ئەو هەڵاتووانە لە نێوان پیاوانی شێخ و ژاندەرمەکان دا تەقە ڕوویدا، کە لەو ڕووداوە دا بەلانی کەمەوە ژاندارمێک کووژرا. لە بەر ئەوەی ئامادەکاری بۆ ڕاپەڕین هێشتا تەواو نەببوو،شێخ ئەوپەڕی حەولی خۆی دا هەموو رووداوەکە دیزە بە دەرخۆنە بکا بەلام بۆی نەکرا. خەبەری ئەو ڕووداوە بە خێرایی بڵاو بووەوە و، لە شارۆچکەی دراوسێ لە هانی ( هێنە) دانیشتووان قایممقامی ئەوێ و گشت کاربەدەستە تورکەکانیان وەدەر نا. لە نیزیک لجێ پێشی بارهەڵگرێکی ئیدارەی پۆست گیرا. لە بەر ئەوەی ئیدی حکوومەت بەو ڕووداوانە وەخۆ هاتبووەوە سەرهەڵدانی گشتی دەبوو بەڕێوەبچێ. شێخ گورج خۆی گەیاندە داراهێنێ، شارۆچکەیەکی پچووکی ناوچەیی کە دەستوێڕاگەیشتنی ئاستەم بوو ، و لە چوونی بەرەو ئەوێ چەند سەد کەس لە تاکوتەرای عەشیرەتی کۆ کردەوە.داراهێنێ بە هاسانی گیرا و لە بەر ئەوەی زۆربەی هێزی ژاندارمەرییەکەی کورد بوون، ئەوان دڵخوازانە لە گەڵ شێخ کەوتن. شارۆچکەکە کرا بە پێتەختی کاتی سەرهەڵداوان. شێخ سەعید قایممقامی خۆی بۆ ئەوێ دانا، هەر وەها موفتییەک (پسپۆڕی قانوونی ئیسلامی) و، فەرماندەیەکی ژاندارمەری.کاربەدەستانی پلەی خوارەوە لە سەر کارەکانیان بەردەوام بوون لە ژێر فەرمانی ئیداری تازە دا.
لە داراهێنێ ڕا شێخ سەعید چەکدارانی خۆی بە هەموو لایەک دا نارد بۆ ئەوەی کۆنتڕۆلێ نێوەندە ئیدارییەکانی هەرێمەکە بە دەستەوە بگرن. زۆربەی ئەو یەکە غەیری ئەڕتەشییانە شێخەکان ڕێبەرییان دەکردن. شێخەکانی جان چاپاکچور یان گرت و، لەوێوە بەرەو کێغی چوون. شێخ عەبدوڵای خەڵکی ناوچەی سوڵحان (بۆنگلان) ناردرا بۆ ڤارتۆ (گم گم) و ناوچەی باکووری مووش . شێخ شەریف کە پێشتر فەرماندەیی میلیشیای کوردی کرد بوو لە گرتنی چاپاکچور دا بەشداری کرد و، بە دووی دا پاڵۆی گرت و لەوێوە بەرەو شاری گرینگی ئەلازغ (خارپێت) چوو و،بە هەر گوندێک دا تێدەپەڕی هێزی تازەی لە گەڵ دەکەوت. شێخ سەعید بۆ خۆی لە گەڵ ژمارەیەکی زۆر لە لایەنگرانی لە داراهێنێ یەوە بەرەو ناوچەی باشوور چوون.
لە هەمان کات دا، هەنگێکی پیادە و هەنگێکی سواری ئەڕتەش نار درابوو بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی سەرهەڵداوانی شاری سەرەکی هەرێم دیاربەکر. هەنگی پیادەی تورک بە دەستی جووتێرانی ناوچە لە ژێر فەرماندەیی شێخ محەمەد مەهدی گوندی سەردی لە نیزیک هانی ( هێنە) زەبری گورچوو بڕی لێ درا و چەند ڕۆژ دواتر هێزەکانی شێخ سەعید خۆی ئەو هەنگەیان تێک شکاند.تۆپخانەکانی ئەو هەنگە زۆر بەکەلک بوون بۆ سەرهەڵداوان کە هەر چەکی سووکیان هەبوو کە زۆربەشیان چەکی کۆن بوون. لە ٢٨ی فێڤرییەی ١٩٢٥، هەنگی سوارەی تورک کەوتە بۆسەی کوردەکان و تەسلیمیان بوو. لەو دەمە دا هەموو ناوچەی زازا نشین لە ئەرغەنی یەوە بگرە تا قولپ (پاسوور) بە ئاشکرایی لە سەرهەڵدان دا بوون. شارەکانی ئەرغەنی، هانی (هێنە) و لجێ بە دەست لادێییەکانی دەوروبەریان گێرا بوون ئەگەرچی، هێندێک لە شارنشینەکان دەستیان کردبووەوە. شێخ سەعید کە ئێستا باوەڕی بە هێزی خۆی هێنابوو هێزەکانی خۆی کۆ کردەوە بۆ پەلامار بردن بۆ سەر گەورەترین شاری هەرێم واتە دیاربەکر، لە کاتێکدا، برایەکەی عەبدولڕەحیم ، لە گەڵ بەشێک لە هێزە زازاکان بەرەو ڕۆژئاوا چوو بۆ گرتنی مەعدەن، چێرمووک و سیڤەرەک. شێخ سەعید گەشتێکی کرد بۆ ناوچەکانی ئەگیل (گێل) بۆ وەدەستهێنانی پشتیوانی سەرۆک عەشیرەتە خۆجێییەکان. ئەو پەیکی ناردە لای سەرۆک عەشیرەتە سەرەکییەکان لە مەڵبەندەکانی دیکەی کوردستان بۆ وێنە بۆ لای عەشیرەتی بەهێزی میلان لە دەوروبەری وێرانشار و عەشیرەتەکانی دەوروبەری بیتلیس، کە ئەوانە گشتیان لە نەخشەدانانی سەرەتایی ئازادی بۆ ڕاپەڕین بەشدارییان کرد بوو. هیچ ووڵامێک لەو عەشیرەتانەوە نەگەیشتەوە.
لە سەرەتای مانگی مارس دا، دیاربەکر لە لایەن هێزێکی گەورەی سەرهەڵداوان گەمارۆ درا کە ژمارەیان دەگەیشتە ١٠٠٠٠ کەس و بە بەردەوامی لە ژمارەیان زیاد دەبوو. شێخ سەعید بۆخۆی لە گوندێکی نیزیک شارییەوە ئەو عەمەلییاتانەی ڕێک دەخست. دیاربەکر کە سەربازخانەیەکی گەورەی لێ بوو و فەرماندەکەی کەسێکی بە توانا بوو بە نێوی مورسل پاشا و ، بەشوورە پتەوەکانی دەورو بەری بە کردەوە شارێکی لە گیراننەهاتوو بوو. لە پێشدا مورسل پاشا بۆ قایمکاری هەموو خەڵکی مەدەنی چەک کردبوو. لەو ماوەیە دا کە شار گەمارۆ درابوو ئەو جووڵە و هات وچۆی بەتەواوی قەدەغە کرد و، مەترسی ئەگەری هاوکاری خەڵکی مەدەنی شارەکەی لە گەڵ سەرهەڵداوان کەم کردەوە. دوای گەمارۆدانێکی چەندین ڕۆژە و حەولی بێ ئاکامی سەرهەڵداوان بۆ پەلاماردانی شار، دەستەیەکی پچووک توانییان بە شەو بچنە نێو شاری، بە ڕواڵەت بە پشتیوانی دانیشتووانی کوردی زازای نێو شارەکە. هاتنیان بۆ نێو شاری پێی زاندرا و لە شەڕێکی خوێناوییدا سەربازخانەکە هەموویانی لە نێو برد و، تەنێ چەند کەسێک توانییان خۆیان ڕزگار کەن ( ٧-٨ی مارس)، دوای ئەو شکانە شێخ سەعید هێزەکانی خۆی لە دەوری شاری کشاندەوە و چەند ڕۆژێک مەرەخەسی کردن بۆ پشوو دان.
لە بەرەکانی دیکە دا هێندێک سەرکەوتن وەدەست هات. شێخ شەریف ئەلازغی گرت و بڵاوەی بە سەربازخانەکەی ئەوێ کرد. لە باکووری ڕۆژئاوا، ڤارتۆ گیرا و هنس (خنووس) چەندین جار پەلامار درا، ئەگەرچی زۆر لە ئەندامانی عەشیرەتەکانی جیبران و حەسەنەنان لە گەڵ هێزی سەرهەڵداوەکان کەوتن،عەشیرەتە دوژمنە نەریتییەکانیان، کە عەشیرەتەکانی هۆرمەک و لۆلان ی عەلەوی بوون زۆر بە توندی دژایەتییان دەکردن. نەخشەی گرتنی مووش و بیتلیس لە بەر ئەوەی عەشیرەتە خۆجێییەکان لە گەڵ سەرهەڵداوان نەکەوتن هەڵوەشاوە. دانیشتووانی سیلڤان (فارقین) تا ٢٥ی مارس گۆشەگیر بوون، لەو ڕۆژە دا کوردە زازاکان بە ڕێبەرایەتی شێخ شەمسەدین هێڕشیان کردە ئەوێ. لە ماوەی چەند ڕۆژان دا سەربازانی حکوومەت جارێکی دیکە فارقینیان گرتەوە. کەفو و کوڵ و خێرایی سەرەتایی ڕاپەڕینەکە نیشتەوە. بە خۆ باوەڕ بوون و سەروەبەرنەهێنانی ئاشکرا جێی خۆی دا بە ئامادەکاریی بەپەلە بۆ بەرگری لە ئاست دژ پەلامارێکی حکوومەتی تورک کە ئەمڕۆ و سبەی چاوەڕێ دەکرا.
گرتن و لە دەست دانی ئەڵازغ (خارپێت)
ئەو بەڵگانەی بەدەستەوەن زۆر کەم باسی ئەنگێزە و ئاکاری جووتێرە سەرهەڵداوەکان دەکەن کە لە ڕاستیدا ئەوان بوون ڕاپەڕینەکەیان کرد. ئەوانەی ڕووداوەکانی سەرهەڵدانەکەیان لە بیر ماوە زۆر جار حەولیان داوە ڕاستییەکان بە دووی یەکدا بهۆننەوە، بەڵام لە بەسەرهاتەکانیان دا زیاتر باسی ڕێبەرەکانیان دەگێڕنەوە و ناکرێ تێگەیشتنێکی کاریگەرانە سەبارەت بە سەرهەڵدانەکە بەگشتی لەو قسانە بخوێندرێتەوە. جا ئەو چەند ڕاپۆرتەی لە لایەن ئەوانەوە کە شاهیدی گیرانی شاری سەرەکی هەرێم ئەڵازغ (خارپێت) بە دەست سەرهەڵداوان بوون بە تایبەتی گرینگن بۆ نیشاندانی ئەوەی کە چۆن بەشە جیاوازەکانی دانیشتووان جووڵاونەتەوە [ بڕوانە ڕاپۆرتی وەزاڕەتی کار‌و باری دەرەوەی بریتانیا ٣٧١،٦١ / ٣٦٢/٢٣١٩ ئی: ٣٧١،١٩٢٥ ؛ جەماڵ، ٤-٣٢ : ١٩٥١]. لەو شارە دا کەسایەتی گرینگی چینی نێوەڕاست، وەکوو کاربەدەستان، بازرگانان، پارێزەران، سەنعەتکاری سەرەکی و کاڕگێڕانی خوارەوەی خزمەتی گشتی ، زیاتریان تورک بوون، بەڵام ئەوانەی لە پیشە دەستییەکان دا کاریان دەکرد زیاتریان ئەو کۆچبەرە تازانە بوون کە لە گوندە کوردییەکانی دەور و بەڕ ڕا هاتبوونە شاری.
گورج دوای ئەوەی سەرهەڵداوان داراهێنێ و چاپاکچوریان گرت، دەنگۆ گەیشتە ئەڵازغێ کە چەندین سەد جووتێری کورد بەڕێوەن بۆ ڕاهێزانی هێزی سەرهەڵداوان دەنێو شاری دا. ئەوانەی کە گەیشتن دەستەیەکی زۆر بە هەڵپە و ترسێنەر بوون، ئاڵای سەوزیان ڕادەوشاند و قورئانیان بە دەستەوە بوو و هاواریان دەکرد" خودا پێغەمبەرمان بۆ ڕاوەستاو کا" و هەر کەس هاتبا سەر ڕێیان بە نێوی خودا داوایان لێدەکرد خۆی ڕا دەست کا. شارۆچکەی پالۆ تەسلیم بوو و سەرهەڵداوان بە هەڵپەیەکی زۆر و ماندوو نەناسانە بەرەو ئەڵازغ چوون.داوایان لە هەمووان کرد لە گەڵیان کەون. کاتێک یەکەم سێسەد کوردی سەرهەڵداو ڕووبەڕووی خەتی ئەڕتەش لە دەرەوی ئەڵازغ دەرکەوتن ، ئەوان دیمەنی زۆر ترسێنەریان لە خۆیانەوە نیشان دا و سەربازەکان لە جیات ئەوەی تەقە لە سەرهەڵداوان بکەن لەبەریان هەڵاتن چونکە ئەوان قورئانیان لە نووکی سەرنێزەکانیان شەتەک دا‌بوو. کوردەکان لە لایەن زۆربەی دانیشتووانی شارییەوە بە گەرمی پێشوازییان لێ کرا و، ئەوان پۆستی ژاندارمەری وخانووی دادگەیان تاڵان کرد، هێرشیان کردە سەر زیندان و ئەو پەروەندەی هەبوو سووتاندیانن. ئەو زیندانیانەی بەردرابوون ماڵی ئەفسەران و دەوڵەمەندانیان بە سەرهەڵداوان نیشان دا، بۆ " ئەوەی ئەوانەی پێشوو زیندانی بکرێن و ئەوانی دوایی تاڵان بکرێن". کۆڵبەر و دارشکێنی نێو شاری بە داوخوازی دڵی خۆیان لەگەڵ سەرهەڵداوان کەوتن. دواتر لەو ڕۆژە دا، فەرماندەی سەرهەڵداوان لەو بەرەیە دا، واتە شێخ شەریف، هاتە نێو شاری و پەڵێنی دا هێمنایەتی دابمەزرێنێتەوە.ئەو فەرمانی کوشتنی تاڵانکەرانی دا، بەڵام ئەو هەڕەشەیە هیچی لێ شین نەبوو، بۆ ڕۆژی دواتر تاڵانی ئەنباری ئەڕتەش و ئینحیساری تووتن بە زەبرو زەنگێکی زۆرترەوە ئەنجام درا. زۆر لە خەڵکی مەدەنی لە ئاست ئەو تاڵان و دزییە هیچ دەستیان نەکردەوە، چونکە ئەوان سەرهەڵداوانیان بە ئەڕتەشێکی ئیسلامی دەزانی. بە سەدان جووتێر لە گوندەکانی دەورو بەرەوە هاتنە نێو شاری بۆ پیرۆزبایی گوتن و قەدەم مبارەکی بە سەرهەڵداوان و، هێندێک لەوان لە گەڵ ئەڕتەشی سەرهەڵداوان کەوتن لە پەڵاماری دا بۆ سەر ماڵاتییە. بەڵام شێخ شەریف کارێکی زۆر کەمی کرد بۆ پتەو کردنی دەستکەوتی سەرهەڵداوان، هەر ئەوەندەی کرد بەرپرسیارەتی کار‌و باری ئیداری دا دەست موفتی یەک (پسپۆڕی قانوونی ئیسلامی) و سەربازگەیەکی پچووکی لە دوای خۆی بەجێهێشت. کاتێک ئەوانە درێژەیان دا بە تاڵانکاری، کەسایەتیە ناسراوەکانی شاری دەستەی خۆڕاگرییان ڕێک خست بۆ دەرپەڕاندنیان لە شاری. دوای ئەڵازغ، سەرهەڵداوانی ژێر فەرماندەیی شێخ شەریف ئیدی چ سەرکەوتنیان وەدەست نەهێنا. ( تۆکەر، ٨٧: ١٩٦٨) بە ڕواڵەت سەرهەڵداوان قەت نەگەیشتنە ماڵاتییە.
سەرکوتکردنی ڕاپەڕینەکە
حکوومەت بە لەسەرخۆیی خۆی بۆ دژە-پەلامار ئامادە دەکرد، بە ناردنی ڕەنگە نیزیکەی ٣٥٠٠٠ سەرباز بۆ ناوچەکە. دەوڵەت داوای لە سەرۆک عەشیرەتە کوردەکانی ناوچەکانی دیکە کرد وەفاداری خۆیان لە ئاست کۆمار نیشان بدەن بە لە بەر دەست دانی نەفەرات بۆ شەڕ بەدژی سەرهەڵداوە کوردە هاوکووفەکانیان.هێندێک لە سەرۆک عەشیرەتان بە دەم ئەو بانگەوازەوە هاتن، ئەگەرچی وا وێناچێ ئەوان بەدژی دەستوپێوەندی شێخ سەعید شەڕیان کردبێ. لە کۆتاییەکانی مانگی مارس دا ئەڕتەشی تورکییە دەستی کرد بە پەلامار دانی ناوچەی سەرهەڵداو لە سێ قۆڵەوە، بە پشتیوانی یارمەتیی زۆر بەنرخی هێزی هەوایی. بۆمبارانەکان ترسێکی گەورەی خستە نێو کوردەکان، کە زۆربەیان تا ئەو دەمی فڕۆکەی شەریان نەدیبوو. لە ماوەی چەند ڕۆژێک دا شارەکانی هانی (هێنە)،سیلڤان (فارقین)،پاڵۆ، پیران و لجێ گیرانەوە و سەرهەڵداوان ناچار کران پاشە بکەن بۆ جێگەی ئاستەم کە بەزحمەت دەستیان وێڕادەگەیشت، واتە ناوچە شاخاوییەکانی چاپاکچور و گەنج ( داراهێنێ). سەڕەڕای بەفری درەنگی زستان ئەرتەش وەشوێنیان کەوت و لە چەند نەبەرد و تێکهەڵچوونی بە زەبروزەنگی کراوە دا هێزە کوردەکانی تێک شکاند. ئەو سەرهەڵداوانەی کە مابوونەوە بە یەکەی پچووکی پارتیزانی دابەش بوون و بۆ چەند ساڵان درێژەیان دا بە عەمەلییات. شێخ سەعید چەند ڕۆژ دواتر لە نیزیک مووش گیرا، بە ڕواڵەت لە بەر خیانەتی هاوپەیمانێکی پێشووی کە بەو کارە دەیەویست گیانی خۆی بپارێزێ. لە دوای مەحکەمەیەکی کورت، شێخ سەعید و چل و حەوت ڕێبەری دیکەی ڕاپەڕینەکە، کە بەلانی کەمەوە حەوت کەسیان شێخ بوون مەحکووم بە مەرگ کران و لە ٤ی سێپتامبری ١٩٢٥ لە سێدارە دران. بە دوای ئەوە دا قانوونێک پەسند کرا و هەموو تەریقەتە دەروێشییەکان، نزاگە و شوێنە پیرۆزەکانیان قەدەغە کران [ ئاڵبایراک، ٢٠٦-١٨٦ : ١٩٧٣].
خەسڵەتی ناسیۆنالیستی سەرهەڵدانەکە لە بەرانبەر خەسلەتە دینییەکەی دا
لە مەحکەمە دا دەستەڵاتدارانی تورک پێکێشیان کرد کە دنەی ئەو سەرهەڵدانە ناسیۆنالیستی بووە و، ڕێبەرەکانی مەبەستیان بووە دەوڵەتێکی سەربەخۆی کورد دامەزرێنن. ناسیۆنالیستە کوردەکانی ئەو سەرو بەندیش خەسلەتی سەرهەڵدانەکەیان هەر وا ناساند [ بۆ وێنە شێرگۆ، ١٩٣٠].هیچ گومان لە پێوەندییەکان شێخ سەعید لە گەڵ ئەندامانی ئازادی و هەر وەها، ناسیۆنالیستی زۆر میانەڕۆتر دا نییە . زانیاریدەری زارەکی سەرەکی من کە لە ماوەی سەرهەلدانەکە دا لە شێخ نیزیک بووە، دەلێ بۆ شەخسی شێخ سەعیدیش، ئەنگێزەی دینی بە ڕوونی لە چاو ویستی ناسیۆنالیستی لە پلەی دووەم دا بوو. لە ڕاستیدا، یەکێک لە هاوکارە هەرە نیزیکەکانی شێخ، فەهمی بیلال ئەفەندی، بێ ئیمانێک بوو کە بە ئاشکرایی کفری دەکرد و تەنیا لە بەر ئازایەتی و ناسیۆنالیزمی فیداکارانەی خۆی شێخ تەحەمولی دەکرد. نە شێخە سەرەکییەکانی دیکە و نە لادێییە ئاساییەکانی دیکە وێناچێ هەست وسۆزی وەها ڕوون و بەهێزی ناسیۆنالیستییان بووبێ.
لە گوندەکان دا شێخ سەعید بە مەبەستی بانگەشە و خەڵک ورووژاندن بە شێوەی سەرەکی قسەی دینی بەکار دەهێنا کە ' هێرش کراوەتە سەر ئیسلام و دەبێ بپارێزدرێ'. ڕەمز و هێماکانی سەرهەڵداوان خەسلەتی ئایینی‌یان هەبوو – ئاڵای کەسک و قورئان، هاواری ئیسلامی لە مەیدانی نەبەرد دا و، بەکارهێنانی زاراوەی شەڕی پیرۆز یان جیهاد.جۆرە بۆن و بەرامەیەکی مەهدەوییەت لە سەرهەڵدانەکە دەهات، ئەگەرچی وا وەبەرچاو دێ هیچ هێمایەکی ئاشکرا بە بیر‌و ڕای مەهدەوییەت نەکرابێ. شێوەی ئاکاری سەرهەڵداوان بە توندی ئەوە دەدرکێنێ ئەوان چاوەرێی ئەوەیان کردووە هەر بە چوونیان بۆ نێو شارەکان ئیسلام دەبووژێندرێتەوە و حوکمی عادڵانە دادەمەزرێندرێ. لە نێو لیستی درێژی ناڕەزایەتییەکانی ناسیۆنالیستە کوردەکان دا تەنێ چەند شت مانای هەبوو بۆ جووتێران - بە تایبەتی هەڵوەشاندنەوەی خەلافەت - . ناڕەزایەتییەکان بە شێوەی سەرەکی داوخوازی و نیگەرانییەکانی کوردە خوێندەوارەکانی دەدرکاند و، تا ڕادەیەکیش بەرژەوەندییەکانی توێژاڵکی نەریتی
فەرمانڕەوا. بیر و باوەڕی حوکمی خۆیی زۆر تازە بوو تەنانەت لە نێو سەرۆک عەشیرەتەکانیش دا.لەماوەی شەڕی یەکەمی جیهانی دا، ئەو لاو ڕووناکبیرە کوردانەی خەریکی بانگەشەی ناسیۆنالیستی بوون بۆیان دەرکەوت سەرۆک عەشیرەتەکان بە دژی ئەو شتانەن ئاوان باسی لێوە دەکەن. وەفاداری لە ئاست سوڵتانی عوسمانی بە سیفەتی خەڵیفەی موسوڵمانان هێشتا لە پلەی یەکەمی گرینگی دا بوو [ سلۆپی، ٩-٣٨ : ١٩٦٩]. هێزە
هاوپەیمانە سەرکەوتووەکان لە دوای شەڕ وێدەچوو کەمتر لە دژی بیری دەوڵەتێکی کوردی بن، کە زۆر لە سەرۆک عەشیرەتەکانی سەبارەت بە ئەگەرەکانی پڕۆژەیەکی ئەوتۆ وەخۆ هێنابووەوە. بەڵام پشتیوانی هاوپەیمانان لەو پڕۆژەیە قەت وەدی نەهات و، مستەفا کەماڵ توانی وەفاداری زۆر لە سەرۆک عەشیرەتە گەورەکان بەرەو لای خۆی ڕابکێشێ بە پێشنیاز کردنی دانی پلەو کورسی بەوان لە مەجلیسی نەتەوەیی تورکییە دا. ناڕەزایەتی و دڵمەندی ڕاستەقینە بەتایبەتی لە نێو سەرۆک عەشیرەتی پچووکتر دا خۆی دەرخست، کە لە دەرەوەی سیستمی سیاسی دا مابوونەوە.زۆر لەوانە پڕۆپاگا‌ندای ئازادی یان لە دڵ دەنیشت. لە بەر ئەوەی جووتێران زۆر زیاتر بە دەنگ پەیامی دینیی ئیسلامییەوە دەهاتن تا شاپە وگاپەی ناسیۆنالیزمی کوردی،ئازادی پێی باش بوو لە پشت پەردەوە وەک دەزگایەکی نەخشە داڕێژ و ڕێکخەر کار بکا و، ئەرکی دەنگدانی ڕاستەوخۆ و فەرماندەیی مەیدانی بە سەرۆک عەشیرەتە خۆجێیەکان و شێخەکان بسپێرێ.کاتێک ئازادی هەڵوەشا، تەنێ ڕێکخراوەیەکی سەرەوەی عەشیرەتی مابووەوە کە ئەگەری ئەوە هەبوو بتوانێ ئەو دەوری رێک خستنە وەئەستۆ بگرێ: ئەویش تۆڕی پێوەندی شێخانی نەخشبەندی بوو. لەوەش زیاتر، لە نێو ڕێبەرە دەسترۆیشتووەکان دا کە لە سەرەتاوە ئازادی ڕووی لێنان، تەنێ شێخ سەعید بوو بڕیاری دا بەردەوام بێ لە سەر وەگەڕخستنی سەرهەڵدانەکە. شێخ سەعیدیش بە نۆرەی خۆی جگە لە شێخە پچووکترەکان و سەرۆک عەشێرەتەکانی ناوچەی خۆی نەبێ کە ئامادەبوون لەگەڵی کەون کەسی دیکەی بۆ نەدۆزراوە.
ئەو دەورە سیاسییەی کە ئەو شێخانە لە ڕووی نەریتییەوە گێڕابوویان جێیەکی هەڵکەتووی بۆ مسۆگەر کردبوون بۆ ئەوەی لە گەڵ سەرهەڵدانەکە بکەون یان نەکەون. لە ناوچەی مووش، کە سەرۆک عەشیرەتەکان بەهێزتر بوون لە ناوچە زازاکان، شێخی سەرەکی بە دەرەجەی یەکەم دەستەڵاتێکی ڕووحی بوو تا ئەوەی کە دەستەڵاتێکی سیاسی بێ و قەبووڵی نەکرد لە گەڵ بکەوێ. سەرۆک عەشیرەتەکانی مووش و هەر وەها ئی دەرسیمیش هەر ئاوایان کرد، ئەگەرچی چەند لەو عەشیرەتانە لە پێوەندی ڕاستەوخۆ دا بوون لەگەڵ ئازادی. تۆکەر [١٩٦٨:٨٣]
ئەوە بەو ڕاستییە دەبەستێتەوە ئەو سەرۆک عەشیرەتانە زیاتر بیری ناسیۆنالیستییان هەبووە و، بە توندی دژی خەسلەتی دینی ڕاپەڕینەکە بوون لە ژێر رێبەرایەتی شێخەکان دا. لە ڕاستییدا،عەشیرەتەکانی دەرسیم لە بەر عەلەوی بوونیان، چ هۆیەک لە گۆڕێ دا نەبوو لەگەڵ ئەو بزووتنەوە ویشکە سونییە بکەون کە دەکرا بە هاسانی لە دژی ئەوانیش هەڵگەڕێتەوە،سەڕەرای نامەی شێخ سەعید بۆ بانگهێشتنی عەشیرەتی عەلەوی هۆرمەک بۆ ئەوەی لە گەڵ سەرهەڵدانەکە بکەون[فرات، ٢٠٠: ١٩٧٠].ئەو عەشیرەتانە دواتربە پێی بۆچوونی خۆیان ڕاپەڕین.
لەبەر ئەوەی مەشڕووعییەتی دەستەڵاتی شێخەکان بە دەرەجەی یەکەم دین بوو، ئاشکرایە بانگەشە و خەڵک دەنگ دان لە لایەن شێخەکانەوە بە ڕواڵەت لە سەر هەڕەشە لە سەر ئیسلام و ئەرکی دینی بۆ پار‌استنی کۆ ببووەوە. ئەوان هۆی باشیان بەدەستەوە بوو ئاوا بکەن:تەنانەت ئەگەر چاکسازییەکانی کەماڵیستی هەموو ئیسلامیشی نەهاویشتبا مەترسییەوە؛ هەڕەشە بۆ سەر هەڵکەوت و پلە و پایەی شێخەکان بە ڕاستی هەڕەشەیەکی زۆر ڕاستەقینە بوو. لادێییە کوردەکان، کە زۆر بە توندی بە ئیسلامەوە بەسترابوونەوە ، قسەی شێخەکان دە نێو ئەوان دا قورساییەکی زۆر زۆر گەورەی هەبوو و، بە هاسانی جێبەجێیان دەکرد، بەتایبەتی ئەگەر شێخەکان قسەی ئاوایان کرد با کە بۆنی شەڕی پیرۆزی (جیهاد) لێوە هاتبا.جا بۆیە شێخ سەعید نێوی ئەمیرولموجاهیدین ی لە خۆی نا و ڕایگەیاند هەر سەرهەڵداوێک بکوژرێ شەهیدە و یەکسەر دەچێتە بەهەشت.
لەگەڵ ئەوەشدا، شۆر و شەوقی دینی تەنیا هێز نەبوو بۆ وەجووڵە خستنی جووتێرە سەرهەڵداوەکان. لە ئەڵازغ و شارەکانی دیکە دادگەکان تاڵان کران، پۆستەکانی ژاندارمەری پەلامار دران، زیندانیان ئازاد کران و ئینحیساری تووتنیش تاڵان کرا.ئەوانە هەر نیشانەی مەیلی تەماع و تالان نەبوون، شاهیدان دەڵێن ئەوە نیشانەی هەست کردنی توند و ئاشکرا بە جیاوازی نێوان پێوانە نەریتییە عەشیرەتی و ئیسلامییەکان لە لایەکەوە و، سیستمی قەزایی بیگانە و بە ئوڕووپایی کراو و هەر وەها ناڕەزایەتی تووتنکارەکان بوو لە سەرێکی دیکەوە.هەر هەمان جیاوازیش لە جەردەیی کۆمەڵایەتی باو لە هەرێمەکە دا بە جوانی لە بەر چاو بوو. چەندین جەردە لە گەڵ هاوڕێیانی شێخ سەعید کەوتن. لە چوونی بەرەو ئەلازغ شێخ شەریف،فەرماندەیی لە گەڵ یادۆ دابەش کرد، کە جەردەیەکی بەنێوبانگ بوو و وەک قارەمانێکی گەڵ چاوی لێ دەکرا.دوای شکانی ئەڕتەشی سەرهەڵداوان، یەکەی پچووکی پارتیزانی هەر وا چالاک بوون و، شێوازی جەردەی نەریتی کۆمەڵایەتیی ناوچەیان وەخۆ کرد. هۆکاری سەرەکی کە لە ڕەگ و ڕیشەی ئەو سەرهەڵدانە دا بوو بریتی بوو لە کێشەی نێوان ئیدە و بیری ڕۆژئاوایی و سکوولاریستی کە دەوڵەتی نوێی تورک وەخۆی کرد بوو و بە زۆر جێبەجێی دەکرد و سیستمی نەریتی نرخی کوردی بە شێوە ئیسلامییە جەماوەرییەکانی خۆیەوە. هەڵوەشاندنەوەی خەلافەت، کە هەتا ئەو دواییانە خاڵێکی بەهێز بوو بۆ کۆ کردنەوەی عەشیرەتە کوردەکان لە دەوری یەکتر و یەکگرتنیان لە پێناو خەباتێکی هاوبەش دا، لە لایەن جووتێرانەوە وا هەست دەکرا هێرشێکی ڕەمزی سەرەکی بێ بۆ سەر باوەڕەکانیان. شێخە خەباتکار و چالاکەکانی کوردی ناوچە زازاکان بوون بە ڕەمز و دەرخەری ئەو نرخە نەریتییانە. ئەوان ئەو ڕێبەرە لەبارانە بوون کە دەیانتوانی شەپۆلی بێ باوەڕی و ئەخلاقی بێگانە قەمتەر بکەن و، عەداڵەتی نەریتی دامەزرێننەوە. لە بۆنەی دیکە لە بەشەکانی دیکەی کوردستان دا ، ئەوە ڕێبەرانی دیکە بوون کە ئەو دەورەیان گێڕا، کە خەسڵەتێکی کەمتر دینی دا بەو ڕاپەڕینانە. بۆ خەڵکی سادە و ئاسایی ئەوە لەوانەیە هیچ مانای نەبووبێ چونکە ئەوان خەباتیان دەکرد بۆ ڕاگرتنی ناسێنەی نەریتی خۆیان ، بە بێ لەبەر چاوگرتنی ئەوەی لەو تێکۆشانە دا لایەنی دینی یان ئێتنیکی زەق دەکرێتەوە.
ئەنجام
تەریقەتی نەخشبەندی دەورێکی گرینگی ڕيکخراوەیی گێڕا لەو سەرهەڵدانە دا. ناڕەزایەتی کوردەکان لە نێوەڕاست ساڵانی ١٩٢٠ کاندا، وێدەچێ وێکچوونێکی سەرنجڕاکێش نیشان بدا لە گەڵ هێزە پارتیزانییە ئیسلامییە ئەفغانییەکان لە ساڵانی ١٩٨٠ کاندا. تەنانەت ئەگەر ئێمە جیاوازییە ئاشکرا‌کانی نێوان ئەو دوو هەلومەرجانەش لەبەرچاو بگرین، ئەوە ڕوونە کە عەمەلییاتی کوردە سەرهەڵداوەکان لە سەرەتاوە زۆر زیاتر هاو ئاهەنگی و سەرکەوتنی لە خۆیەوە نیشان دا بە بەراورد کردن لە گەڵ هاوتا ئەفغانییەکانیان. ئەو جیاوازییە ڕەنگە لە بەر ئامادە بوونی تۆڕی پێوەندی نەخشبەندی بووبێ لە نموونەی کوردی دا. دەوری شێخانی کورد بە تایبەتی لە سێ ڕووەوە گرینگ بوو. یەکەم، پرێستیژی دینی ئەوان، کە بریتی بوو لە باوەری بە هێزی لە سروشت بەدەری ئەوان کە بانگەشە و بانگەوازی ئەوانی ئەوەندەی دیکەش کاریگەرتر دەکرد و بەرپرسی ساز بونی شۆروشەقی مەهدەوییەت بوو لە نێو زۆر لە موریدەکانیان دا. دووەم، شێخەکان لە ناو زیاتر لە عەشێرەتێک دا قسەیان دەڕۆیی، ئەوەش هەلی بۆ دەڕەخساندن کێشە و گیروگرفتان یەکلا کەنەوە و بتوانن زوو خەڵکی ئاسایی و سەرهەڵداوی ڕەش و ڕووت یەکگرتوو کەن.سێیەم، شێخە سەرهەڵداوەکان هەموویان سەر بە هەمان بەش لە تەریقەتی نەخشبەندی بوون کە پێشتر هاوکاری یەکتریان کرد بوو، ئەوەش هاوکاری لە ناوچەیەکی هەراوتر دا بۆ ڕەخساندن. دەوری گرینگی شێخان لە پێش‌گرتن لە نەسازانی عەشیرەتی کە سەرهەڵدان بکاتە کاری نەکران هاوشێوەیەکی لە بزووتنەوەکانی سانوسی بەر لە سەربەخۆیی لیبی دا دەبێندرێ [ ئێڤانس – پریتچارد، ١٩٤٩].
سانووسییەش تەریقەتێکی عارفانەی جەماوەری بوو. تۆڕێک لە خەڵیفەکانی شێخی هەرە بەرز عەشێرەتە بیدویینەکانیان لە خەباتێکی هاوبەشی دژی کۆلۆنیال دا ڕێک خست و بناخەی سەربەخۆیی لیبی یان دامەزراند. لە کاتێکدا کە لیبیاییەکان سەرکەوتن، کوردەکان سەرنەکەوتن. هۆکارەکانی دەرەوەیی و دەوروبەری زیاتر لە بەرژەوەندی لیبیاییەکان دا بوون. بەڵام هۆیەکی زۆر گرینگی دیکەش بۆ سەرنەکەوتنی کوردەکان هەبوو. وەک لە بزووتنەوە مەهدەوییەتەکان دا هەمیشەباو بووە، کارەکانی کوردەکان هەتابلێی تەبیعەتی ڕەمزی یان هەبوو و هیچ نەخشەیەکی ستراتێژیک لە گۆڕێ دا نەبوو بۆ پێشبینی کردن و هەنگاو نانی یەک لە دوای یەک بەرەو ئامانجی یەکجارەکی. کاتێک شوورەکانی دیاربەکر درزیان تێ نەبوو وەک ئەوەی لە جێریکۆی ئینجیل دا ڕوویدا، زۆر لە جووتێرە کوردەکان وورەیان بەردا. دوایە بەهێزی تورکەکان باوەڕی ئەوانی بە ئەرکی ئیلاهی خۆیان ئەوەندەی دیکەش بنکۆڵ کرد. بۆ خۆڕاگری سەرکەتووانە لە بەرانبەر دەوڵەتێکی مۆدێڕن‌دا، وێدەچێ هەبوونی ئیدێئۆلۆژی و ڕێکخستنێکی ' مۆدێڕن' پێویستییەکی خۆ لێنەبوێر بێ. دە ڕاستییدا لە ڕاپەڕینەکانی دواتری کوردی دا ئەوە پەیدا بوو.
١.بڕوانە بەڵگەکانی:
Public Records Office, London, FO 371, 1924:E 11093/11093/65.
ئه‌وه یه‌کێک له چه‌ند سه‌رچاوه‌ی زۆر که‌می هاوچه‌رخه سه‌باره‌ت به گله‌یی و گازه‌نده و دواخوازی کورده‌کان. زۆربه‌ی سه‌رچاوه کوردییه‌کان سه‌باره‌ت به‌و سه‌روبه‌نده دوای سه‌رهه‌ڵدانه‌که نووسراون و لایه‌نگرانه‌ن به دژی تۆڵه سه‌ندنه‌وه‌کانی تورکان به دوای شکانی ڕاپه‌ڕینه‌که دا. ئه‌ندامانی ئازادی ئه‌م ناڕه‌زایه‌تییانه‌ی خواره‌وه‌یان گه‌ڵاڵه کردووه:
١-قانوونێکی تازە سەبارەت بە کەمایەتییان بووەتە هۆی دڕدۆنگی. داخودا حکوومەت دەیەوێ کوردەکان لە ڕۆژئاوای تورکییە دامەزرێنێ و شوێنی ئەوان بە تورکەکان بگرێتەوە؟
٢-بە هەڵوەشاندنەوەی خەلافەت، یەک لەو دوایین تایانەی کە تورکەکان و کوردەکانی لە یەکدی گرێ دەدا و یەکگرتووی دەکردن پساوە.
٣-بەکار هێنانی زمانی کوردی لە دادگە و لە مەدرەسە بەرتەنگ کراوە. لە بەر قەدەغە کردنی پەروەردەی کوردی، ئیدی لە نێو کوردان دا بە کردەوە هیچ خوێندنگە و مەدرەسە نییە.
٤-نێوی 'کوردستان' لە گشت کتێبەکانی لە مەڕ جوگرافیادا پاک کراوەتەوە.
٥-هەموو کاربەدەستە پایە بەرزەکان لە ئەیالەتە کوردییەکان دا تورکن، مووچە خۆری خوارەوە کوردن، بەڵام ئەوانیش زۆر بە تایبەتی دەستبژێر دەکرێن.
٦-لە بری ئەو خاوە و ماڵیاتانەی دەدرێن بە حکوومەت هیچ یارمەتییەک ناگەڕێتەوە بۆ خەڵک.
٧-حکوومەت لە هەڵبژاردنەکانی نوێنەرانی مەجلیسی نەتەوەیی لە ئەیالەتە کوردییەکان دا دەستێوەردان دەکا.
٨-حکوومەت بە بەردەوامی سیاسەتی بەکارهێنان و بەگژ داکردنی عەشێرەتێک بە دژی عەشیرەتێکی دی دەگرێتە بەر.
٩-زۆرجار هێرشی نیزامی دەکرێتە سەر گوندە کوردییەکان، دەست بە سەر ئاژەڵی خەڵک دا دەگیرێ و گەندەڵییەکی بەربڵاو لە گۆڕێ دایە لە پێوەندی لە گەڵ ڕەسید دان و دانی دراوی ئەو پێداویستییانەی کە وەردەگیرێن.
١٠-لە ئەڕتەش دا بە خراپ لە گەڵ کوردی ئاسایی دەبزوونەوە و سووکایەتییان پێ دەکرێ؛ بە ئاسایی ئەوان کاری هەرە قورس و ناخۆشیان پێ دەئەسپێردرێ.
١١-حکوومەتی تورک حەولی دا بۆ کەلک وەرگرتن لە سەروەتی کانگای ژێر زەوی کورد بە یارمەتی سەرمایەی ئەڵمانی.
تێبینی وەرگێڕ
ئەم بابەتەی بڕاونێسن لەم کتێبەی خوارەوە دا کە لە ساڵی ٢٠٠٠ لە ئەستەنبووڵ چاپکراوە وەرگیراوە:
Martin van Bruinessen,Mullas,Sufis and Heretics:The role of Religion in Kurdish society,’Popular Islam,Kurdish Nationalism and Rural revolt. The Rebellion of Shaikh Said in Turkey (1925)’, Collected articles, The ISIS Press, Istanbul,first printing 2000. 143-157
له‌م وه‌رگێڕانه دا ژێده‌ره‌کان نه‌هاتوون. وێنه‌کان له کتێبی ' کوردستان له سێبه‌ری مێژوو دا' و له گووگل وه‌رگیراون.

ساداتی نه‌هری یان گه‌یلانیزاده‌ی کوردستانی نێوه‌ندی
نووسینی: مارتین ڤان بڕاونێسن
وه‌رگێڕان له ئینگلیسییه‌وه: حه‌سه‌نی قازی
بنه‌ماڵه‌یه‌ک له عوله‌ما که خۆیان به تۆره‌مه‌ی عه‌بدولقادری گه‌یلانی ده‌زانن ده‌ورێکی به‌رچاویان گێڕا له مێژووی کووردستانی نێوه‌ندی دا له کۆتاییه‌کانی سه‌ده‌ی 19هه‌م و به‌رایی سه‌ده‌ی 20مدا. ئه‌وان به ساداتی نه‌هری به‌نێوبانگن، نه‌هری نێوی گوندی شوێنی نیشته‌جێ بوونیان بووه له مه‌ڵبه‌ندی شه‌مزینان. شێخ عوبه‌یدوڵای نه‌هری سه‌رۆکایه‌تی ڕاپه‌ڕێنی 1880ی کرد که کوردان به گشتی به یه‌که‌م ڕاپه‌ڕینی کوردی داده‌نێن به نێوه‌رۆک و داوخوازی ناسیۆنالیستیه‌وه. کوڕه‌کانی و نه‌وه‌کانیشی، جگه له به‌هێزکردنی هه‌ڵکه‌وتی سیاسی و ئابووری خۆیان ده‌وری سه‌ره‌کییان له بزووتنه‌وه‌ی کوردی دا گێڕاوه.
ئێمه بۆ زانیاری خۆمان سه‌باره‌ت به مێژوو و شه‌جه‌ره‌نامه‌ی ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه زۆر قه‌رزداری باسیل نیکیتینین، که له‌نێوان ساڵانی 1918- 1915، کۆنسوولی ڕووسییه بوو له ورمێ، که له‌وێ له نێو په‌نابه‌رانی شه‌ڕ دا که له تورکییه‌وه هاتبوون مه‌لایه‌کی کوردی خه‌ڵکی نه‌هری ناسی، به نێوی مه‌لا سه‌عیدی قازی. مه‌لا سه‌عید بوو به مامۆستای زمانی کوردی نیکیتین و له سه‌ر داوخوازی وی زنجیره‌یه‌ک ده‌قی نووسییه‌وه سه‌باره‌ت به ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی و دینی کوردستانی نێوه‌ندی، که دوایه نیکیتین وه‌ریگێڕان و بڵاوی کردنه‌وه ( نیکیتین و سۆن 1923؛ نیکیتین 1925ئا و 1928بێ). دیاره سه‌یر نییه که له‌و ریوایه‌تانه‌ی مه‌لاسه‌عید دا ساداتی نه‌هری ده‌وری نێوه‌ندی ده‌گێڕن، چونکه مه‌لا سه‌عید له سه‌روبه‌ندی ژیانی محه‌مه‌د سدیق کوڕی عوبه‌یدوڵا دا له نه‌هری مه‌لایه‌تی کرد بوو.
ڕه‌چه‌ڵه‌ک
ساداتی نه‌هری خۆیان به تۆره‌مه‌ی عه‌بدولقادری کوڕی عه‌بدولعه‌زیز ده‌زانن، که به به‌پێی نه‌ریتی بنه‌ماڵه‌یه‌یی، له ئاکرێ ( له باکووری ڕۆژهه‌ڵاتی مووسڵ) دامه‌زرا و له‌وێوه فێرکرده‌کانی بابی خۆی بڵاو کرده‌وه. له دوای مه‌رگی، له ئاکرێ نێژرا، که له‌وێ به پێی قسه‌ی مه‌لا سه‌عید له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی 20میشدا گۆڕه‌که‌ی هێشتا زیاره‌گه‌یه‌ک بوو. کوڕه‌که‌ی عه‌بدولعه‌زیز، ئه‌بووبه‌کر هێندێک به‌ره‌و باکوورتر، واته له ناوچه‌ی شاخاوی عه‌شیره‌تی هه‌رکی له شه‌مزینان دامه‌زرا.سێ یان چوار وه‌چه دواتر، یه‌ک له تۆره‌مه‌کانی مه‌لا حاجی له گوندێکی دیکه له مه‌ڵبه‌ندی شه‌مزینان ماڵی دانا، له نێو عه‌شیره‌تی درواسێی خوماروو دا. دیسان چه‌ند وه‌چه‌ی دیکه دواتر ، سه‌رۆکی بنه‌ماڵه‌که مه‌لا ساڵح له گه‌ڵ کوڕه‌کانی عه‌بدوڵا و ئه‌حمه‌د ماڵی بار کرد بۆ گوندی نه‌هری. ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه ده‌ڵێ له زنجیره‌یه‌کی نه‌پساوه دا تا سه‌رده‌می عه‌بدولعه‌زیز ته‌ریقه‌تی قادرییه‌ی بڵاو کردووه‌ته‌وه. گواستنه‌وه‌یان بۆ نه‌هری، هاوکاته له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌ردان له ته‌ریقه‌تی بنه‌ماڵه‌ییان قادرییه و وه‌خۆ کردنی ته‌ریقه‌تی نه‌خشبه‌ندییه - خالیدییه.1 سه‌یید عه‌بدوڵا ( و به پێی هێندێک سه‌رچاوه، براکه‌ی سه‌یید ئه‌حمه‌د) بوون به خه‌ڵیفه‌ی ته‌ریقه‌ت دانه‌ری گه‌وره‌ی، نه‌خشبه‌ندییه، مه‌ولانا خالید، که خۆی پێشتر به ده‌ستی سه‌یید عه‌بدولا هێنرابووه نێو ته‌ریقه‌تی قادرییه.دوای مردنی عه‌بدوڵا، برازاکه‌ی سه‌یید ته‌ها جێی گرته‌وه، که ئه‌ویش له مه‌ولانا خالید ئیجازه‌ی وه‌رگرت ( مه‌کێنزی 3-162 :1962).
چه‌ندین لکی دیکه‌ی قادرییه سلسله‌ی خۆیان ده‌بنه‌وه سه‌ر عه‌بدولعه‌زیز، به‌ڵام له هه‌موو نموونه‌کاندا لایه‌نی مێژوویی ئه‌و پێوه‌ندییه به‌به‌ڵگه‌وه ناسه‌لمێ – وه‌ک سه‌باره‌ت به به‌راییه‌کانی په‌یدا بوونی ته‌ریقه‌تی قادرییه به گشتی.جه‌ماعه‌تی جه‌لیله‌ی ئه‌فریقای باکووری، که ڕێز له شێخ عه‌بدولقادر ده‌گرن، وه‌فاداریی خۆیان ده‌به‌ستنه‌وه به بنه‌ماڵه‌یه‌کی پیرۆزی فێز به نێوی شوره‌فای جه‌لیله که ئه‌وانیش خۆیان به تۆره‌مه‌ی عه‌بدولقادر ده‌زانن به ڕێگای عه‌بدولعه‌زیز و برایه‌که‌ی ئیبڕاهیم وه (مارگۆلیوت 382: 1974). ئه‌و لکه‌ی ته‌ریقه‌تی قادرییه‌ش که ئێستا له ئێندۆنێزی زاڵه سلسله‌ی خۆی ده‌باته‌وه سه‌ر عه‌بدولعه‌زیز و جێنشینێکی به نێوی محه‌مه‌د ئه‌لهه‌تتاک.2
له سه‌رچاوه به‌راییه‌کانی عه‌ڕه‌بی دا ئاماژه به عه‌بدولعه‌زیز کراوه ( ئه‌گه‌رچی، ئه‌وانه ده‌گه‌ڕێنه‌وه زیاتر له سه‌ده‌یه‌ک له دوای مردنی)، که ئه‌وه‌ش ئه‌گه‌ری ئه‌وه ده‌هێنێته گۆڕێ ئه‌و درێژه‌ی دابێ به فێرکرده‌کانی بابی – جا نێوه‌رۆکیان هه‌رچییه‌کی بووبێ. ئه‌لوه‌سیتی(مێژووی مردن 1343/744)ئه‌وه داده‌گرێته‌وه که عه‌بدولڕه‌ززاق و عه‌بدولعه‌زیز ته‌نیا ئه‌و کوڕانه بوون که پیشه‌یه‌کی دنیاییان نه‌گرته به‌ر( تریمینگام 42 : 1971). مارگۆلیوت ، هه‌ر وه‌ها – دیار نییه به پاڵپشتی چ سه‌رچاوه‌یه‌ک – ئاماژه ده‌کا به گوندی جه‌یال له سنجار (ڕۆژئاوای مووسڵ) و نه‌ک ئاکرێ وه‌کوو ئه‌و شوێنه‌ی که عه‌بدولعه‌زیزی لێ مرد بێ ( مارگۆلیوت 382: 1974).
ئه‌و شه‌جه‌ره‌ی له گه‌ڵ ئه‌م بابه‌ته‌یه به‌ره‌بابی سه‌ره‌کی بنه‌ماڵه‌که نیشان ده‌دا، واته ئه‌و باڵه‌ی که ئه‌ندامانی هه‌ره هه‌ڵکه‌وتوو سه‌ر به وی بوون.3 ئه‌من هیچ ئاماژه‌یه‌کم به نێوی ساداتی نه‌هری نه‌دۆزیوه‌ته‌وه به‌ر له "وه‌رگه‌ڕانیان" به‌ره‌و نه‌خشبه‌ندییه. ئه‌وان له نێوه‌ڕاست سه‌ده‌ی 18هه‌مدا نێوبانگیان بڵاو بووه‌وه، له ئاکامی ئه‌و گۆڕانانه‌ی له پارسه‌نگی هێز دا هاتنه گۆڕێ و هه‌ر وه‌ها بوونی میسیۆنێران له ناوچه‌که، که بۆ ئه‌وان ساداتی نه‌هری وه‌کوو بنه‌ماڵه‌یه‌کی سه‌ره‌کی موسوڵمانی ده‌سترۆیشتوو له هه‌رێمه‌که دا، ئاشکرا بوو هێزێک بوون که ده‌بوو حیسابیان له سه‌ر بکه‌ن و به به‌رده‌وامی باسی کاروباری خۆیانیان له گه‌ڵ بهێننه گۆڕێ.
چاکسازی ئیداری له ئیمپراتۆری عوسمانی له سه‌رده‌می سوڵتان مه‌حموودی دووهه‌م ( 1839- 1808) و عه‌بدولحه‌مید دا (1888 – 1839) کوتایی هێنا به خۆسه‌ری سلسله کورده‌کان که به چه‌ند پشت و وه‌چه حکوومه‌تیان کرد بوو به سه‌ر به‌شه ده‌ستوێڕانه‌گه‌یشتووه‌کانی کوردستان دا. له‌وانه سلسله‌ی شاملوو له حه‌کاری ( که دوایین فه‌رمانڕه‌واکه‌ی، نه‌سروڵابه‌گ ، له سه‌ر کار لا درا و له ساڵی1849 دا دورخراوه بۆ دوڕگه‌ی کرێت) و سلسله‌ی عه‌بباسی به‌گزاده‌ی شه‌مزینان. هه‌ر وه‌ک له جێی دیکه‌ی کوردستانیش دا ڕوویدا، ئه‌و کاربه‌دستانه‌ی له سه‌ر کار داندران بۆ ئه‌وه‌ی جێگای فه‌رمانڕه‌وا " فئۆداڵ" ه‌کان بگرنه‌وه، نه ڕه‌وایه‌تی و نه تێگه‌یشتنیان هه‌بوو سه‌باره‌ت به هه‌لومه‌رجی ناوچه‌یی که پێویست بوو بۆ ئه‌وه‌ی جێی خاڵی فه‌رمانڕه‌وا لادراوه‌کان بگرنه‌وه و، ئه‌وه‌ش رێبه‌رانی دینی به‌ره‌و گێڕانی ده‌وری سیاسی کشاند.4 ده‌سته‌ڵاتی ڕاسته‌قینه له ناوچه‌یه‌کی به‌ربڵاوی کوردستانی نێوه‌ندی به شێخ سه‌یید ته‌ها ئه‌سپێردرا ، که له ڕاستیدا له‌ماوه‌ی حوکماتی ساڵانی دوایی نه‌سروڵا به‌گ دا ناوبژیوان بوو له نێوان ئه‌و و ده‌سته‌ڵاتدارانی عوسمانی دا5.
شێخ سه‌یید ته‌ها زۆر به ووردی ئاگای له به‌ره‌وپێشجوونه جوگرافیاییه‌کان له هه‌رێمێکی به‌ربڵاوتر دا هه‌بوو و به تایبه‌تی نیگه‌ران بوو له گه‌وره‌بوونه‌ی بێ ئه‌ملاو ئه‌ولای ڕووسییه به‌ره‌و باشوور و ده‌سته‌ڵاتی له زێده‌ی هێزه سه‌ره‌کییه ئیمپریالیستییه‌کان ( بریتانیا،ڕووسییه و فه‌ڕانسه) به سه‌ر ئیمپراتۆری عوسمانی دا. له ماوه‌ی شه‌ڕی کڕه‌یمه دا (56- 1854) شێخ سه‌یید ته‌ها به شه‌خسه به‌شداری کرد له جیهاد به دژی ڕووسه‌کان دا.6 ئه‌و هه‌ر وه‌ها پێوه‌ندی دامه‌زراند له گه‌ڵ قاره‌مانی خۆڕاگری دژی ڕووسییه له داغستان، شێخ شامیل ( له ساڵی 1871 کۆچی دوایی کرد) و ته‌نانه‌ت وا دیاره شه‌رکه‌ری کوردیشی نارد بێ بۆ داغستان بۆ به‌شداریکردن له بزووتنه‌وه‌ی خۆڕاگری دا.7
شێخ عوبه‌یدوڵا
شێخ عوبه‌یدوڵاش نیگه‌رانییه‌کانی وه‌ک ئی بابی وا بوو، ئه‌ویش شه‌ڕی ڕووسییه - عوسمانی ساڵانی 78- 1877 بوو، که له‌و شه‌ڕه دا حکوومه‌تی عوسمانی شێخی کرده فه‌رمانده‌ی هێزه عه‌شێره‌ته کورده‌کان که ئه‌وه‌ش ئه‌وی کێشایه نێو چاڵاکیی سیاسی. ساڵێک دوای شه‌ڕ ئه‌و بۆ ماوه‌یه‌کی کورت له دژی ئیداره‌ی هه‌رێمیی عوسمانی ڕاپه‌ڕی و، سه‌لماندی له ووزه‌ی داهه‌یه له کوردستانی نێوه‌ندی دا ده‌سته‌ڵاتێکی کاریگه‌ر دامه‌زرێنێ و، له ساڵی 1880 دا ئه‌ڕته‌شی عه‌شیره‌تی وه‌فادار به شێخ په‌لاماریان کرده سه‌ر ناوچه دراوسێیه‌کانی ئێران، به مه‌به‌ستی لا بردنی ئیداره‌ی نابه‌جێ و بێکه‌لکی ئێرانی و دامه‌زراندنی حوكمی شێخ عوبه‌یدوڵا له جیاتیان. به‌ڵگه‌به‌ده‌سته‌وه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ڕاپه‌ڕینه وه‌کوو یه‌که‌م ڕاپه‌ڕینی کوردی به هه‌بوونی لایه‌نێکی ئاشکرای ناسیونالیستی دابندرێ. له پێوه‌ندیی نامه‌یی له گه‌ڵ بێگانان دا شێخ باس له کورده‌کان وه‌ک گه‌ڵێکی جوێ ده‌کا – به‌تایبه‌تی ده‌بێ مه‌به‌ستی له جوێ بوون له هه‌رمه‌نییان بکا، که ئاوری ناسیونالیسمه‌که‌یان له لایه‌ن ڕووسه‌کانه‌وه خۆش ده‌کرا – و گله‌یی و گازه‌نده ده‌کا له ئیداره‌ی گه‌نده‌ڵی ئێران و عوسمانی. کاربه‌ده‌ستانی عوسمانی و میسیۆنێر و کۆنسووله بێگانه‌کانیش له هه‌رێمه‌که‌دا له سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه بوون که شێخ مه‌به‌ستی دامه‌زراندنی ئه‌میرنشینێکی سه‌ربه‌خۆی کوردی بوو.
ده‌وری نیزامی شێخ له شه‌ڕی ڕووسیه- عوسمانی دا هه‌ڵکه‌وتی وی ( هه‌ر وه‌ها ته‌سه‌وری وی له سه‌ر خۆی) داگرته‌وه وه‌کوو ڕێبه‌رێکی کوردی ئه‌و په‌ڕی جێی ڕێز و حورمه‌ت له نێو خه‌ڵک دا. زۆربه‌ی ئه‌و چه‌ک وچۆڵه‌ی له‌ماوه‌ی شه‌ڕی نێوبراو دا درا بوو به عه‌شیره‌ته‌کان له کوردستان مابووه‌وه، ئه‌وه‌ش هه‌ڵکه‌وتی شێخی ئه‌وه‌نده‌ی دیکه به‌هێزتر کرد.هۆکاری سه‌ره‌كی که بووه هۆی ڕاپه‌ڕینی وی ڕه‌نگه ئه‌و ته‌سه‌وره‌ی بووبێ که هه‌رمه‌نییه‌کانی وان، به پاڵپشتی نێونه‌ته‌وه‌یی، خه‌ریکی خۆ ئاماده کردن بن بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆ و ئه‌وه‌ی که نه‌ستووررییه‌کانی ناوچه‌ی خۆشی داوخوازی پاراستنیان کرد له بریتانیا.8 هۆیه‌کی دیکه‌ش که ئه‌و به به‌رده‌وامی ئاماژه‌ی پێ ده‌کرد،حوکمداری خراپ و زوڵم و زۆرداری ئیداره‌ی ناوچه‌یی و ده‌سته‌وه‌ستان بوونی بۆ پێشگیری له تاڵان وبڕۆی عه‌شیره‌ته کۆچه‌ره گه‌وره‌کانی هه‌رکی و شکاک بوو. له ساڵی 1879 ئه‌و بۆ ماوه‌یه‌کی کورت له دژی ئیداره‌ی هه‌رێمیی عوسمانی ڕاپه‌ڕی له‌به‌ر کێشه‌یه‌ک له گه‌ڵ حاکمی گه‌وه‌ر.سه‌ره‌ڕای دژپه‌لامارێکی کوردی بۆ سه‌ر گوردانێکی عوسمانی که بۆ دامه‌زراندنه‌وه‌ی نه‌زم و ئارامی ناردرابوو، ئه‌و مه‌سه‌له‌یه به شێوه‌یه‌کی دۆستانه یه‌کلا کرایه‌وه، کاربه‌ده‌ستی هێرشکار له سه‌ر کار لادرا و نیشانی فه‌خری درا به شێخ و مووچه‌ی بۆ بڕدراوه له به‌ر خزمه‌ته‌کانی له شه‌ڕی ڕابردوو دا.
به له به‌ر چاو گرتنی دژایه‌تییه‌کانی شێخ له گه‌ڵ ئاواته‌کانی هه‌رمه‌نییه‌کان، ئه‌وه چاوڕاکێشه که پێوه‌ندی و دان و ستاندنه‌کانی وی له گه‌ڵ ئه‌و عیساییانه‌ی له نیزیکه‌وه دراوسێی بوون، واته نه‌ستوورییه‌کان، له ماوه‌ی ڕاپه‌ڕینی 1880 دا زۆر باش بوو؛ له ڕاستییدا، له به‌ر هه‌ر هۆیه‌ک بووبێ، له‌و ڕاپه‌ڕینه‌دا نه‌ستوورییه‌کان پشتیوانی‌یان لێ ده‌کرد.ئه‌و هه‌ر وه‌ها پێوه‌ندی له گه‌ڵ ئه‌و میسیۆنێره بێگانانه‌ی له هه‌رێمه‌که دا کاریان ده‌کرد دامه‌زراند، که به‌گشتی بیر‌و ڕایان له سه‌ر وی باش بوو.له ماوه‌ی په‌لامار دانی ئێران دا،ژن براکه‌ی که خه‌ڵیفه‌شی بوو، واته شێخ محه‌مه‌د سه‌عید به کۆنسوولی گشتی بریتانیا و ئه‌و میسیۆنێره ئه‌مه‌ریکاییانه‌ی که له ورمێ بوون گوت که ئامانجی عوبه‌یدوڵا "نه‌هێشتی ڕێگری و چه‌ته‌یی، دامه‌زراندنه‌وه‌ی هێمنی و ئاسایشت له سنووره‌کانی تورکییه و ئێران، ده‌سته‌به‌رکردنی یه‌کسانی مه‌سیحییه‌کان و موسوڵمانه‌کان، لایه‌نگری له په‌روه‌رده و، ڕێگا دانه بۆ ساز کردنی کلیسا و مه‌دره‌سان"و، ئه‌و داوخوازی پشتیوانی مه‌عنه‌وی ئوڕووپاییه بۆ وه‌دیهێنانی پڕۆژه‌که‌ی (جووه‌یده: 239: 1960).
که وابوو ئه‌و ڕاپه‌ڕینه هه‌ر ئه‌وه نه‌بوو که کورده‌کان بخاته هه‌ڵکه‌وتی دژایه‌تی له گه‌ڵ مه‌سیحییه‌کانی ناوچه یان گرووپه ئێتنیکییه‌کانی دیکه.سه‌ربازانی شێخ که له سێ ئه‌ڕته‌ش دا ڕێک خرابوون له لایه‌ن دوو کوڕه‌کانی محه‌مه‌د سدیق و عه‌بدولقادر و ژن براکه‌ی محه‌مه‌د سه‌عیده‌وه فه‌رمانده‌یی ده‌کران، و ئه‌و له‌شکرانه له‌ئه‌ندامانی زۆربه‌ی عه‌شیره‌ته‌کانی هه‌رێمه‌که پێک هاتبوون و ئه‌وه‌ش دیسان ده‌یسه‌لماند ده‌سته‌ڵاتی شێخ ده‌توانێ له سه‌رووی دابه‌شبوون و کێشه عه‌شیره‌تییه‌کان دا بێ.9 یه‌ک له ئامانجه‌کانی په‌لاماردانی ئێران که ڕاگه‌یاندرا ته‌نبێ کردنی عه‌شیره‌تی گه‌وره‌ی شکاک بوو که زۆرجار جووتێرانی کورد، ئازه‌ری و نه‌ستووری ده‌شتی ورمێی تاڵان ده‌کرد. ، وه‌ک ڕوویدا له‌شکری شێخ‌یش ده‌ستیان له تاڵان نه‌گێڕایه‌وه، به‌ڵام له شارۆچه‌که‌کانی کوردنشینی ناوچه‌که پێشوازییان لێ کرا و عه‌شیره‌ته کورده‌کانی ناوچه له‌گه‌ڵیان که‌وتن و کاربه‌ده‌ستانی ئێرانی هه‌موو هه‌ڵاتن.
دوای ئه‌وه‌ی دانیشتوانی ئازه‌ری (شیعه‌ی) شارۆچکه‌ی میاندواو دژایه‌تی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یان کرد و نوێنه‌رانی کوردیان کوشت که هاتبوون بۆ داوخوازی پیتاک بۆ له‌شکریانی شێخ بزووتنه‌وه‌که خه‌سڵه‌تێکی دژی شیعه‌ی په‌یدا کرد. ده‌گوترێ مه‌لای سه‌ره‌کی ساوجبولاغ (مه‌هاباد) فتوایه‌کی ده‌رکرد،تێیدا بانگه‌وازی جیهادی کرد به دژی شیعان و، ئه‌وه‌ش ده‌توانێ ده‌ورێکی گرینگی گێڕا بێ.10 میاندواو په‌لامار درا و چه‌ندین هه‌زار که‌س له دانیشتوانی قه‌تڵی عام کران. له‌شکریانی کورد له‌و به‌ره‌یه دا که شێخ عه‌بدولقادر فه‌رمانده‌یی ده‌کردن به‌رده‌وام بوون له په‌لامار دانی زیاتری خاکی ئازه‌ری و ده‌ره‌وه‌ی شارانیان تا نیزیک مه‌راغه چه‌پاند و تاڵان کرد.
سه‌رکوت کردنی ئه‌و ڕاپه‌ڕینه به ده‌ست له‌شکری ئێران هه‌ر ئاوا خوێناوی بوو ئه‌گه‌ر زیاتر نه‌بووبێ. ئه‌رته‌شی ئێران بێ فه‌رق و جیاوازی دانان خه‌ڵکی ده‌کوشت، نه‌ک هه‌ر کورده‌کان، به‌ڵکوو نه‌ستوورییه‌کانی ده‌شتی ورمێ‌ش. ئه‌وه‌ی که تا ئه‌و ده‌می له هێزه عه‌شیره‌تییه‌کانی شێخ مابووه‌وه هه‌ڵوه‌شا و چوونه‌وه ماڵێ له‌و به‌ری سنوور. شێخ و کوڕه‌کانیشی گه‌ڕانه‌وه بۆ شه‌مزینان. بۆچوونی شێخ عوبه‌یدوڵا له ئاست حکوومه‌تی عوسمانی و هه‌ر وه‌ها بۆچوونی حکوومه‌ت له ئاست شێخ، له کاتی ئه‌و ڕاپه‌ڕینه دا وا وێده‌چێ ڕارایانه بووبێ. شێخ هیچ کاتێک باسی نه‌مانی وه‌فاداری خۆی له ئاست سولتانی نه‌کرد (که دیاره ئه‌وی وه‌ک خه‌ڵیفه ده‌ناسی)، به‌ڵام هێندێک له کاربه‌ده‌ستانی عوسمانی و هه‌ر وه‌ها میسیۆنێره‌کان له سه‌ر ئه‌و باوه‌ره بوون که ئه‌و حه‌ول ده‌دا بۆ جوێبوونه‌وه له ئه‌سته‌نبوولیش. حکوومه‌ت هه‌تا بڵێی به نه‌رمی له گه‌ڵی جووڵایه‌وه‌و هێندێک له چاوه‌دێران له‌و بڕوایه دابوون حکوومه‌ت ناڕاسته‌وخۆ پشتیوانی لێ ده‌کا بۆ وه‌گه‌رخستنی کورده‌کان وه‌کوو ده‌سته‌به‌رێک له ئاست مه‌ترسی گه‌وره‌تری ناسیۆنالیسمی هه‌رمه‌نی.11
له دوای ته‌واو بوونی ڕاپه‌ڕینه‌که شێخ بانگ کرا بۆ ئه‌سته‌نبووڵ، به‌ڵام ئه‌و پێشوازییه‌ی که وه‌ک قاره‌مانێک لێ کرا له هه‌موو جێیه‌ک له سه‌ر ڕێگا ئه‌وه‌ی سه‌لماند که ئه‌و وه‌ک ڕاپه‌ڕیوێکی ئاسایی مامڵه‌ی له‌گه‌ڵ ناکرێ. دوای مانه‌وه‌یه‌کی تۆبزی یه‌ک ساڵه له ئه‌سته‌نبووڵ ئه‌و دیسان چووه‌وه شه‌مزینان. له ژێر گوشاری ده‌ره‌وه‌یی دا، دیسان ده‌سته‌ڵاتداران گرتیانه‌وه، ئه‌وجار دووریان خسته‌وه بۆ مه‌که و له‌وێ له ساڵی 1883 دا سه‌ری نایه‌وه.12
شێخ محه‌مه‌د سدیق (کۆچی دوایی 1911)
محه‌مه‌د سدیق، کوڕی گه‌وره‌ی عوبه‌یدوڵا، ڕێگای درا بگه‌ڕێته‌وه نه‌هری و له‌وێ جێی بابی بگرێته‌وه وه‌کوو که‌سی هه‌ر ده‌سترۆیشتووی کوردستانی نێوه‌ندی – هه‌ڵکه‌وتێکی که ئه‌و ده‌بوو به به‌رده‌وامی له ئاست شێخ و سه‌رۆک عه‌شیره‌ته ڕقه‌به‌ره‌کان دا بی پارێزێ. دیکسۆن (1910) وه‌ک ڕێبوارێک باسی ئه‌و ڕقه‌به‌رییانه ده‌گێڕێته‌وه، به‌ڵام سه‌رچاوه‌ی هه‌ره چاوڕاکێش سه‌باره‌ت به به‌سه‌رهاته‌کانی محه‌مه‌د سدیق، بێگومان ریوایه‌تی مه‌لا سه‌عید، میرزای پێشوویه‌تی ، که بۆ نیکیتینی نووسیوه ( نیکیتین و سۆن 1923) ئه‌وه ڕیوایه‌تێکی به‌رزه که باسی ئه‌وه ده‌کا شێخ چ شێوازێکی به‌کار هێناوه بۆ ئه‌وه‌ی ڕقه‌به‌رایه‌تی بخاته نێوان سوتۆ و تاتۆ بۆ ئه‌وه‌ی وه‌فاداری هه‌ر دووکیان به‌ره‌و لای خۆی مسۆگه‌ر بکا.
مێسیۆنێر و.ئه‌ی. ویگرامیش ڕیوایه‌تێکی سه‌رنجڕاکێشی هه‌یه سه‌باره‌ت به کار و چالاکی ئابووری شێخ محه‌مه‌د سدیق و پێوه‌ندی وی له گه‌ڵ ده‌سته‌ڵاتدارانی عوسمانی. " [ شێخ محه‌مه‌د سدیق] که، له‌بابی زیره‌کتر بوو، له ڕاسته‌قینه‌ی هێز ڕازی بوو و به‌ڕێگای قاچاغی تووتن له ئاستێکی به‌ربڵاو دا سه‌روه‌ت و سامانێکی زۆری وه‌سه‌ر یه‌ک نابوو.کاروانه‌کانی به‌ره‌و خوار ده‌چوون بۆ ئێرانێ، که زۆر جار له سه‌د یه‌ستر پێک ده‌هاتن؛ ئه‌وه‌ش به سه‌روه‌به‌رنه‌هێنانی ئاشکرای کاربه‌ده‌ستانی حکوومه‌ت و؛ به‌شێکی زۆر له داهاتی ئه‌وه ده‌درا به تفه‌نگ که به قاچاغی له ڕووسییه‌وه ده‌هێندرا بۆ ورمێ." 13 شێخ هێندێک له دراوی خۆی له بانکێکی بریتانیای دا پاشکه‌وت کرد ( که داوای له ویگرام کرد بۆی هه‌ڵبژێرێ) ؛ ئه‌و ده‌بێ یه‌که‌م سه‌رۆکی کورد بوو بێ که دراوی له هه‌نده‌ران دانابێ. هه‌م قایممقام (حاکمی ناوچه‌یی) و هه‌م پشکنێری قۆرغی تووتنی ده‌وڵه‌تی (ڕێژی) له شوێنی ئاوا ده‌ژیان که شێخ به ده‌ستئاواڵه‌ییه‌وه پێی دابوون و ئه‌وه‌ش ئه‌وانی خستبووه دۆخێکه‌وه که نه‌یان ده‌توانێ به شێوه‌یه‌کی جیدی ده‌ست له کاروباره‌کانی شێخ وه‌رده‌ن.14
سه‌یید عه‌بدولقادر ( کۆچی دوایی 1925)
برای چکۆڵه‌تری محه‌مه‌د سدیق که له‌گه‌ڵ بابی دوورخرابووه‌وه بۆ مه‌که هه‌تا کوده‌تای تورکه گه‌نجه‌کان له ساڵی 1908 له‌وێ مایه‌وه و ئه‌و کوده‌تایه هه‌لی ئه‌وه‌ی بۆ ڕه‌خساند له ئه‌سته‌نبووڵ دامه‌زرێ. نیوبانگی بنه‌ماڵه‌که‌ی هه‌م له نێو ئاریستۆکڕاسی کورد و هه‌م له نێو "پڕۆلێتاریا"ی کورد، حه‌ماڵی کورد دا ڕێز و حورمه‌تێکی زۆری بۆ په‌یدا کرد.ئه‌و کرا به ئه‌ندامی شوورایی دێڤله‌ت ( شووڕای ده‌وڵه‌ت، مه‌جلیسی سه‌نای عوسمانی)، که دواتر ته‌نانه‌ت بوو به سه‌رۆکی ئه‌و شووڕایه‌ش. ئه‌و هه‌ر وه‌ها کرا به که‌سایه‌تی سه‌ره‌کی، یان یه‌کێک له که‌سایه‌تییه سه‌ره‌کییه‌کانی یه‌که‌م کۆمه‌ڵه‌ی کوردی واته، کورد ته‌عاون و ته‌ره‌قی جه‌معییه‌تی که هه‌ر هه‌مان ساڵ، واته ساڵی 1908 له ئه‌سته‌نبووڵ دامه‌زرا. ئه‌وه ڕێکخراوه‌یه‌کی ناپایه‌دار بوو و دوای ئه‌وه‌ی ڕێژیمی نوێ ڕووی له ده‌سته‌ڵاخوازی نا،نه‌ما، به‌ڵام هه‌ڵوێستی سه‌یید عه‌بدولقادر وه‌کوو ڕێبه‌ری مه‌عنه‌وی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی له ئه‌سته‌نبووڵ وه‌کوو خۆی مایه‌وه. به دوای کۆچی دوایی براکه‌ی شێخ محه‌مه‌د سدیق له ساڵی 1911، بۆ ماوه‌یه‌کی کورت گه‌ڕاوه نه‌هری بۆ ئه‌وه‌ی خۆی وه‌ک جێنشینی وی دامه‌زرێنێ به‌ڵام دواتر ناچار بوو سه‌ر وه‌به‌ر برازاکه‌ی ته‌های دووهه‌م بهێنێ که به‌ڵێنی دایه له‌وه‌و دواوه نێو به نێو به‌شه داهاتی باشی بۆ بنێرێ بۆ ئه‌سته‌نبووڵ.
له دوای بڕانه‌وه‌ی شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی کاتێک سه‌رۆک کۆماری ئه‌مه‌ریکا ویلسۆن فکری دیاریکردنی چاره‌نووسی نه‌ته‌وانی ڕاگه‌یاند ، ئه‌وه کاردانه‌وه‌یه‌کی قووڵی کرده سه‌ر نوخبه‌ی ده‌سته جۆر به‌جۆره ئێتنیکییه‌کانی نێو ئیمپڕاتۆری، ئێمه دیسان سه‌یید عه‌بدولقادر له ڕێبه‌ری کۆمه‌ڵه‌ی کوردی، کورد ته‌عالی جه‌معییه‌تی دا ده‌بینن. ئه‌وه زۆر ڕێکخراوه‌یه‌کی ڕاسته‌قینه‌تر بوو له ئه‌وه‌ی پێشوو و، زنجیره‌یه‌کی زۆر چالاکی کولتووری و په‌روه‌رده‌یی ئه‌نجام دا. ئه‌ندامه‌کانی ئه‌و کۆمه‌ڵه‌یه بیر‌و ڕای جیاوازیان هه‌بوو سه‌باره‌ت به ئه‌وه‌ی که کامه‌یه‌ک له به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی کوردان ده‌بێ بپارێزدرێ. هێندێکیان بیریان له ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆی کوردی ده‌کرده‌وه، سه‌یید عه‌بدولقادر سه‌رۆکی ئه‌ولایه‌نه بوو که لایه‌نگری ده‌ره‌جه‌یه‌ک له لامه‌رکه‌زی بوو به‌ڵام له به‌ر هۆی دینی و مه‌سه‌له‌ی دیکه دژی جوێبوونه‌وه له پاشماوه‌ی ئیمپراتۆری بوو.15
به دوای سه‌رکه‌وتنی یه‌کجاره‌کی که‌ماڵیسته‌کان دا، سه‌یید عه‌بدولقادر په پێچه‌وانه‌ی زۆربه‌ی لایه‌نگرانی باڵی کوردی جیاوزیخواز که هه‌ڵاتن بۆ هه‌نده‌ران، له ئه‌سته‌نبووڵ مایه‌وه. بڕیاره‌که‌ی بۆ مانه‌وه به قیمه‌تی گیانی خۆی و کوڕه‌که‌ی محه‌مه‌د ته‌واو بوو. به دوای تێک شکانی یه‌که‌م ڕاپه‌ڕینی کوردی له تورکییه‌ی کۆماری دا، واته، ڕاپه‌ڕینی شێخ سه‌عید له ساڵی 1925، شێخ عه‌بدولقادر و کوڕه‌که‌ی هه‌ردووکیان له سێداره دران، ئه‌گه‌رچی به ڕواڵه‌ت ئه‌وان هیچ به‌شدارییه‌کیان له‌و ڕاپه‌ڕینه دا نه‌ببوو. ده‌ستڕۆیشتوویی و خۆشه‌ویستی زۆری سه‌یید عه‌بدولقادر له نێو کورده‌کان دا بۆی ببوو به سه‌رئێشه‌یه‌کی گه‌وره. کوڕێکی دیکه‌ی ، عه‌بدوڵا گه‌ڕاوه بۆ شه‌مزینان ( که سه‌رۆکی بنه‌ماڵه، واته سه‌یید ته‌های دووهه‌م، ئیدی له‌وێ نه‌ده‌ژیا) و له‌وێ، به یارمه‌تی شه‌ڕکه‌رانی عه‌شیره‌تی گه‌ردی ، بۆ ماوه‌یه‌کی کورت گوندی نێوه‌ندی نێوچیای داگیر کرد و شه‌ش ئه‌فسه‌ری تورکی کوشت. ماوه‌یه‌کی دڕێژی پێ نه‌چوو که ئه‌و ڕای کرد و په‌نای برده ئه‌و شوێنانه‌ی که له ژێر کۆنتڕۆڵی بریتانیاییه‌کان دا بوون.16
له ساڵی 1926 ئاخره‌که‌ی مه‌سه‌له‌ی سنووری نێوان تورکییه و عێڕاق یه‌کلا کرایه‌وه،ویلایه‌تی پێشووی عوسمانی مووسڵ، که که‌متازۆر بریتی بوو له باشووری کوردستان، خرا سه‌ر عێڕاق. ناوچه‌ی شه‌مزینان ده نێو تورکییه دا مایه‌وه، به‌ڵام ئه‌و ناوچانه‌ی که شه‌مزینان هه‌میشه تێکه‌ڵی و پێوه‌ندییه‌کی زۆر نیزیکی له‌گه‌ڵیان هه‌بوو واته برادۆست و بارزان، له‌وه‌و دواوه به‌شێک له عێڕاق بوون. نه‌هری که‌وته سه‌ر سنووری سێ ده‌وڵه‌تان که له هه‌ر سێکیان دا ساداتی نه‌هری زه‌وی وزار و موڵکی زۆریان هه‌بوو.17 له ساڵه‌کانی دواتر دا ئێمه ئه‌ندامانی ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه ده‌بینن که له عێڕاق و هه‌ر وه‌ها تورکییه و ئێران له چالاکی سیاسی دا به‌شدار بوون.
سه‌یید ته‌های دووهه‌م ( کۆچی دوایی. 1939)
سه‌یید ته‌های دووهه‌م. کوڕی گه‌وره‌ی محه‌مه‌د سدیق،بۆچوون و مه‌یلی سیاسی له باپیری خۆی به ئیرس پێ بڕابوو و ده‌یزانی چلۆن په‌ره به به‌رژه‌وه‌ندی شه‌خسی خۆی بدا،له هه‌مان کاتدا نوێنه‌رایه‌تی به‌رژه‌وه‌ندی کورده‌کان وه‌کوو گه‌لێک بکا. به‌ر له شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی و له ماوه‌ی شه‌ڕ دا ئه‌و چه‌ندین جار پێوه‌ندی به ڕووسه‌کانه‌وه کرد به‌مه‌به‌ستی ڕاکێشانی پشتیوانیان بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێکی کوردی.18 وا وێده‌چێ ئه‌و ماوه‌یه‌کی به‌رچاو له خاکی ڕووسییه دا ژیا بێ،چونکه ئه‌فسه‌رێکی بریتانیایی که دواتر له عێڕاق چاوی پێی که‌وت هه‌ستی پێ‌کرد ئه‌و به ڕووسییه‌کی باش و هێندێکیش به زمانی فه‌رانسه‌یی قسه ده‌کا.( هه‌ی 353: 1921)
دوای شه‌ڕی یه‌که‌م، که‌مالیسته‌کان که مه‌به‌ستیان ئه‌وه بوو کوردستان له کۆنتڕۆڵی بریتانیاییه‌کان ده‌ر بهێنن، پێوه‌ندییان پێوه کرد و پێشنیازیان پێ کرد له مه‌جلیسی نه‌ته‌وه‌یی دا کورسییه‌ک وه‌ربگرێ، به‌ڵام سه‌یید ته‌ها له‌و بڕوایه دا بوو به‌رژه‌وه‌ندی وی زیاتر له سه‌ربه‌خۆیی کورد دایه.ئه‌و له ساڵی 1919 له عێڕاق پێوه‌ندی کرد له‌گه‌ڵ بریتانیاییه‌کان بۆ ئه‌وه‌ی داوای پشتیوانی‌یان لێ بکا بۆ پڕۆژه‌یه‌کی ئه‌وتۆ و هێزی خۆی له‌گه‌ڵ سمکۆ سه‌رۆک عه‌شیره‌تی شکاک یه‌ک خست ، که بۆ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێک ناوچه‌یه‌کی به‌ربڵاوی له به‌ری سنووری ئێران کۆنتڕۆڵ ده‌کرد له سه‌ر وه‌به‌رنه‌هێنانه‌کی ته‌واو دا به دژی ده‌سته‌ڵاداریی نێوه‌ندی. دوای شکانی سمکۆ به ده‌ست ئه‌ڕته‌شی ئێران له مانگی ئووتی ساڵی 1922 دا، سه‌یید ته‌ها له سنوور په‌ڕییه‌وه و چووه عێڕاق و له وێ پێشنیازی خۆی به بریتانیاییه‌کان ڕاگه‌یاند که ئاماده‌یه دژی که‌ماڵیسته‌کان هاوکاریان بکا ( ئه‌و ده‌می بریتانیاییه‌کان له ڕه‌واندز حوزووری نیزامی‌یان دامه‌زراندبوو و عه‌شیره‌تی جۆر به جۆری کوردیان له هه‌رێم به‌ره‌و لای خۆیان ڕاده‌کێشا). بریتانیاییه‌کان که ته‌سه‌ورێکی باشیان له مه‌ر وی هه‌بوو و بۆ ماوه‌یه‌ک ئه‌ویان به هاوپه‌یمانێکی زۆر باشتر ده‌زانی له شێخ مه‌حموودی سلێمانی که له ڕوانگه‌ی ئه‌وانه‌وه جێی باوه‌ر نه‌بوو، کردیان به قایممقامی (حاکم) مه‌ڵبه‌ندی ڕه‌واندز. دوای کۆتایی هاتنی ئینتیدابی بریتانیا سه‌یید ته‌ها له گه‌ڵ ده‌سته‌ڵاتدارانی عێڕاق نێوانی تێک چوو و له ساڵی 1932 ئاودیوی ئێران بوو. ڕه‌زا شا به زۆر له تاران ڕای گرت و له وێ له ساڵی 1939 دوای نه‌خۆشییه‌کی جێی گومان سه‌ری نایه‌وه.19
شێخ عه‌بدوڵا ئه‌فه‌ندی و کۆلۆنێل عه‌بدولعه‌زیز
دوای ڕاپه‌ڕینێکی کورت له شه‌مزینان، کوڕی سه‌یید عه‌بدولقادر، عه‌بدوڵا له عێڕاق ده‌ژیا و کوڕه‌که‌ی خۆی عه‌بدولعه‌زیزی نارد بۆ کالیجی عه‌سکه‌ری له به‌غدا، ئه‌وه‌ش نیشان ده‌دا ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه له‌وێ ئه‌زموونی دژواریی سیاسی‌یان نه‌بووه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، له ساڵی 1941، شێخ عه‌بدوڵا عێڕاقی به‌جێ هێشت و له ئێران له ناوچه‌ی مه‌رگه‌وه‌ڕ له باشووری ڕۆژئاوای ورمێ دامه‌زرا، که له‌وێ خێزانه‌که موڵک و زه‌وی و زاڕێکی زۆریان هه‌بوو.20 تا ئه‌و ده‌می عه‌بدولعه‌زیز ببوو به ئه‌فسه‌رێکی ئه‌ڕته‌شی عێڕاق و له ساڵی 1945 له گه‌ڵ چه‌ند ئه‌فسه‌ری دیکه‌ی به ڕه‌چه‌ڵه‌ک کورد له پێوه‌ندی که‌وتن له گه‌ڵ کۆڕ وکۆمه‌ڵه کوردییه ناسیۆنالیسته‌کان.
هه‌م شێخ عه‌بدوڵا و هه‌م شێخ عه‌بدولعه‌زیزچالاکانه به‌شدارییان کرد له جمهووری که‌م ته‌مه‌نی مه‌هاباد (1946) دا ، ئه‌گه‌رچی ده‌وری سه‌ره‌کییان نه‌بوو.عه‌شیره‌ته‌کانی هه‌رێمه‌که لایه‌نگری ڕێبه‌ری شێخ عه‌بدوڵا بوون، به‌ڵام ناسیونالیسته شارنشینه‌کان لایه‌نگرییان له قازیی محه‌مه‌د کرد وه‌کوو ڕه‌ئیسی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان و ڕه‌ئیس جمهووری کوردستان. ( شێخ عه‌بدوڵا به که‌سێکی لایه‌نگری بریتانیا داده‌ندرا، که ئه‌وه نه به‌دڵی لاوه ناسیۆنالیسته‌کانی مه‌هاباد و نه به‌دڵی ڕووسه‌کان بوو که هۆکارێکی هه‌میشه‌یی بوون له پشتی په‌رده دا).
چه‌کدارانی لایه‌نگری شێخ ته‌نێ هێزێکی پچووک بوون له هێزه چه‌کداره‌کانی جمهووری 21. ئه‌و گۆشه‌گیرییه‌ی شێخ عه‌بدوڵا هه‌لی ئه‌وه‌ی ڕه‌خساند دوای شکانی جمهووری به ده‌ست ئه‌ڕته‌شی ئێران، ئه‌و هه‌ڵکه‌وت و ده‌سته‌ڵاتی خۆی بپارێزێ – به پێچه‌وانه‌ی قازیی محه‌مه‌د، که له سێداره درا و، فه‌رمانده‌ی نیزامی مه‌لا مسته‌فای بارزانی، که به شه‌ڕ ڕێی خۆی ده‌رکرد به‌ره‌و تاراوگه له یه‌کێتیی شووڕه‌وی. شێخ عه‌بدوڵا ته‌نانه‌ت وه‌ک ناوبژیوان له وتووێژه‌کانی نێوان ئه‌ڕته‌شی ئێران و عه‌شێره‌تی بارزانی که جێیه‌که‌یان به‌جێ ده‌هێشت ده‌وری گێڕا.
عه‌بدولعه‌زیز که هه‌رچییه‌ک بێ ئه‌فسه‌ڕێک بوو که ئه‌ڕته‌شی عێڕاقی به جێ هێشتبوو، له گه‌ڵ مه‌لا مسته‌فا و پیاوه‌کانی چوو بۆ یه‌کێتیی شووڕه‌وی. [ تێبینی وه‌رگێڕ: سه‌یید عه‌بدولعه‌زیز نه‌ک له کاتی چوونی بارزانییه‌کان به‌ره‌و ئازه‌ربایجانی شووره‌وی، به‌ڵکوو له زه‌مانی جمهووری کوردستان له گه‌ڵ خوێندکارانی دیکه‌ی کورد دا له مانگی ئاوریلی ساڵی 1946 بۆ په‌روه‌رده نێردرا بۆ باکۆ] ئه‌و دووساڵ به تۆبزی ناچار کرا له سیبری بژی و وه‌ک کرێکاری فابریک کار بکا، به‌ڵام دوای نه‌مانی ستالین توانی له لێنینگڕاد درێژه به‌خوێندن بدا.دوای کوده‌تای قاسم له ساڵی 1958 له گه‌ڵ مه‌لا مسته‌فا گه‌ڕاوه عێڕاق و دیسان له سیاسه‌تی ناسیۆنالیستی کوردی دا ده‌ستی به‌چالاکی کرده‌وه.وه‌کوو ئه‌ندامێکی مه‌کته‌بی سیاسی پارتیی دێمۆکڕاتی کوردستان له‌و دووبه‌ره‌کییه‌ی دا که هاته گۆڕێ ئه‌و لایه‌نی ئیبراهیم ئه‌حمه‌د و جه‌لال تاڵه‌بانی گرت به دژی بارزانی له کێشه‌یه‌ک دا که له به‌راییه‌کانی ساڵانی 1960کانه‌وه بزووتنه‌وه‌ی به دوو باڵ دابه‌ش کرد. له ساڵی 1964 بارزانی سه‌یید عه‌بدولعه‌زیزی زیندانی کرد و، شێخ عه‌بدوڵا ناچار بوو هه‌موو قسه ڕۆیشتوویی خۆی لای ده‌سته‌ڵاتدارانی ئێران به‌کاربهێنێ بۆ ئه‌وه‌ی گوشار بهێنن بۆ سه‌ر بارزانی بۆ به‌ردانی سه‌ید عه‌بدولعه‌زیز. له‌و ده‌مییه‌وه ئه‌و له ورمێ (ڕه‌زائییه) و دوایین گوندی که له مه‌رگه‌وه‌ڕ به‌ده‌ست بنه‌ماڵه‌که‌وه ماوه ده‌ژی.22
[ تێبینی وه‌رگێڕ: سه‌ید عه‌بدوڵا ئه‌فه‌ندی له رۆژی شه‌مۆ 3/4/ 1346 ی هه‌تاوی [ 24ی ژووه‌نی 1967ی زایینی] له ته‌مه‌نی 77 ساڵی دا وه‌فاتی کردووه و له دێی " دزه‌ی مه‌رگه‌وه‌ڕ" نێژراوه.( سه‌مه‌دی. 348: 1373ی هه‌تاوی) سه‌ید عه‌بدولعه‌زیزی شه‌مزینی له به‌رواری 23/12/ 1377ی هه‌تاوی [ 14ی مارسی 1999ی زایینی] له ته‌مه‌نی 84 ساڵی دا له شاری ورمێ وه‌فاتی کرد و ئه‌ویش له گوندی دزه‌ی مه‌رگه‌وه‌ڕ له گۆڕستانی بنه‌ماڵه‌یی دا نێژراوه. له ساڵی 2010 بنکه‌ی ژین له سلێمانی کتێبێکی بڵاو کردووه‌ته‌وه به نێوی " بیره‌وه‌رییه‌کانی سه‌یید عه‌زیزی شه‌مزینی، زینده‌گی من، ئاماده کردن و ساخکردنه‌وه‌ی محه‌مه‌د حه‌مه باقی". له‌و کتێبه دا ئاماده‌کار زۆر شتی بێ به‌ڵگه‌ی سه‌باره‌ت به سه‌رده‌می جمهووری کوردستان و ته‌نانه‌ت بنه‌ماڵه‌ی ساداتی نه‌هری هێناوه‌ته گۆڕێ، بۆ وێنه به‌شداری سه‌یید عه‌بدولقادر و محه‌مه‌دی کوڕی له بزووتنه‌وه‌ی شێخ سه‌عیدی پیران دا، حه‌مه‌باقی له مه‌ڕ مه‌رگی ته‌ماوی سه‌یید عه‌بدولعه‌زیز ده‌نووسێ:" به‌ره‌به‌یانی ڕۆژی (14/3/1999)، کاتێک په‌روین خانمی خێزانی، له خه‌و هه‌ستاوه و چاوی بۆ دوکتور سه‌یید عه‌زیز گێڕاوه،دوکتور سه‌یید عه‌زیزی له حه‌وشه‌ی ماڵه‌که‌ی خۆیاندا به کووژراوی بینیوه، گولله به سه‌ریه‌وه نراوه و هێشتاش خوێنی لێ ده‌چۆڕا!!
( محه‌مه‌د حه‌مه باقی 76: 2010)]
گه‌یلانی له تورکییه
له‌چوارچێوه‌ی سنووره‌کانی تورکییه دا، ئه‌ندامانی لکه جیاوازاه‌کانی ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه له‌و دواییانه دا له سیاسه‌تی ناوچه‌یی و له ئاستی سه‌رتاسه‌ری دا ده‌وری به‌رچاویان گێڕاوه. نه‌عیم گه‌یلانی پارێزه‌رێک بوو له حه‌کاری و سه‌رده‌مایه‌ک له ساڵانی 1960کاندا بۆ به نوێنه‌ری پارتیی (ئاناپ) له پارڵمانی تورکییه دا.ئامۆزاکه‌ی حه‌مید گه‌یلانی، که ئه‌ویش پارێزه‌ره له پارتییه سیاسییه‌کانی لایه‌نگری کوردی هه‌پ، ده‌پ، هاده‌پ له ساڵانی 1990کاندا چالاک بوو، له سه‌ره‌تاوه له کۆمیته‌ی ناوچه‌ی شه‌مزینان و دواتر له ئاستی سه‌رتاسه‌ری دا.ئه‌وانه هه‌ر دووکیان سه‌ر به لکێک له بنه‌ماڵه‌که‌ن که له به‌ره‌بابی "نێوه‌ندی" چوار وه‌چه به‌ر له مه‌لا حاجی جوێ ده‌بێته‌وه، جا بۆیه له دووره‌وه خزمه‌یه‌تیان هه‌یه له گه‌ڵ ئه‌و شێخانه‌ی ڕێبه‌ڕی بنه‌ماڵه‌که بوون و موڵک و ماڵه‌که‌یان ئیداره ده‌کرد.23
په‌راوێزه‌کان
1-نیکیتین 1925ب : 7-156 ؛ 4- 211 : 1956
2- بڕوانه ڤان بڕاونێسن ساڵی 1999. زۆر نێو له‌و سلسله‌یه دا ناناسرێنه‌وه، ئه‌وه‌ش له دووی شک و گومانی ئێمه ده‌دا له مه‌ڕ مێژوو بوونی پێوه‌ندییه‌کانی یه‌که‌م سه‌ده‌کان به دوای سه‌رده‌می شێخ عه‌بدولقادر دا،له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، نێوه‌کانی یه‌که‌م حه‌وت یان هه‌شت وه‌چه‌کان له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی که به‌ته‌واوی سلسله‌ی سه‌ربه‌خۆی قادرییه‌ن جۆر دێنه‌وه که له‌کتێبه‌که‌ی برتۆن، زیاره‌ت دا باسیان لێوه کراوه.
3- له کتێبه‌که‌ی نیکیتین یش دا 156 : 1925 ب و دیسان 213: 1956 دا هه‌ر هه‌مان چارت هه‌یه، که ژماره‌یه‌ک لکی هاوته‌ریبیش ده‌نوێنێ. هه‌ر وه‌ها بڕوانه چارته‌کان له بڕاونێسن 331-329، 321 : 1992
و یالچین هێکمان 296: 1991
4- ئه‌و پێشوه‌چوونه له لایه‌ن بڕاونێسنه‌وه شی کراوه‌ته‌وه 34-224: 1992
5- بڕوانه یاڵچین – هێکمان 61- 57 : 1991 بۆ ڕیوایه‌تێک سه‌باره‌ت به دوایین ساڵانی ژیانی نه‌سڕوڵا به‌گ، که تا ڕاده‌یه‌کی زۆر به پاڵپشتی به‌ڵگه‌نامه‌کانی عوسمانی ئاماده کراوه که له لایه‌ن نه‌زمی سێڤگه‌ن ڕا بڵاو کراونه‌ته‌وه.
6- یاڵچین – هێکمان 63: 1991، به پێی یورت ئه‌نسیکڵۆپێده‌سی.
7- گامه‌ر 251: 1994 . شێخ شامیل و عوله‌مای چالاکی جۆر به‌جۆری دیکه‌ی قه‌وقازی باکووری ، وه‌کوو سه‌یید ته‌ها، سه‌ر به ته‌ریقه‌تی نه‌خشبه‌ندییه - خالیدییه بوون.
8- ماده‌ی 51ی ڕێکه‌وتنامه‌ی بێرلین ، که دوای شه‌ڕی ڕووسییه- عوسمانی له نێوان هێزه ئوڕووپاییه‌کان و ئیمپڕاتۆری عوسمانی ئیمزا کرا، بابی عالی به‌رعۆده ده‌کرد" به بێ وه‌خرانی زیاتر ، ئه‌و چاکسازی و باشتر کردنانه‌ی که داوخوازی پێداویستییه‌کانی ناوچه‌یی بوون جێ به‌جێ بکا له‌و ویلایه‌تانه‌ی که هه‌رمه‌نییه‌کان تێیاندا ده‌ژیان و،هێمنی و ئاسایشتی ئه‌وان ده‌سته‌به‌ر بکا له ئاست چه‌رکه‌سه‌کان و کورده‌کان" ( جووه‌یده ن282: 1960) هاتنی کۆنسووله نیزامییه‌کانی بریتانیایی بۆ هه‌رێمه‌که له لایه‌ن زۆر له کورده‌کانه‌وه به ده‌ستێوه‌ردانی ڕاسته‌وڕاست داده‌ندرا. ده‌گێڕنه‌وه که له ساڵی 1880 عوبه‌یدوڵا به ئه‌فسه‌رێکی تورکی گوتبێ:" ئه‌وه چییه من ده‌یبیسم که هه‌رمه‌نییه‌کان له وانێ ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆیان ده‌بێ و، نه‌ستوورییه‌کان ئاڵای بریتانیا هه‌ڵده‌ده‌ن و خۆیان به ڕه‌عییه‌تی بریتانیا ڕاده‌گه‌یێنن. ئه‌من قه‌ت ڕێگا به شتێکی ئاوا ناده‌م ، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ناچار بم ژنانیش چه‌کدار که‌م" ( له ڕاپۆرتێکی کونسوول کلایتۆن وه، که جووه‌یده له کتێبه‌که‌ی دا هێناویه 233: 1960).
9- ته‌خمین سه‌باره‌ت به ئه‌ندازه‌ی ئه‌و هێزانه له‌لایه‌ن چاوه‌دێرانی هاوچه‌رخه‌وه هه‌تا بڵێی له‌یه‌ک جیاوازه
(جوویده له کتێبه‌که‌ی دا به‌ووردییه‌کی زۆره‌وه لیسته‌ی ئه‌وانه‌ی به‌ده‌سته‌وه داوه 5-260: 1960) ئی هه‌ره گه‌وره‌یان ژماره‌ی ده‌گه‌یشته نێوان 10000 تا 40000 که‌س به‌ڵام به ده‌م شه‌ڕه‌وه ئه‌و ژماره‌یه داکشا بۆ 1500 که‌س ، چونکه خه‌ڵکه‌که به‌ره‌و گونده‌کانیان چوونه‌وه.
10- ته‌نیا سه‌رچاوه‌یه‌ک که باسی ئه‌و فتوایه‌ی کردبێ واوێده‌چێ ویلسۆن بێ 111: 1895. ساوجبولاغی کورد و میاندواوی ئازه‌ری شاری دراوسێن و مێژووی گرژیان ده‌نێو دا بووه و زه‌مینه‌ی فتواکه ده‌کرێ پێوه‌ندی به په‌لاماری شێخ عوبه‌یدوڵاوه نه‌بووبێ. له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌وه شێخ عه‌بدولقادر فه‌رمانده‌ی هێزه هێرشبه‌ره‌کانی کورد له هه‌رێمی ساوجبولاغ بوو که بڕیاری هێرش کردنه سه‌ر میاندواوی دا.
11- کۆنسوولی گشتی بریتانیا له ته‌ورێز،ئابۆت و ، زۆر له‌وی توندتر ئۆسقۆفی گه‌وره‌ی پێشووی هه‌رمه‌نییه‌کان، خریمیان ، له ڕاپۆرت و له نامه‌کانیان دا که جوویده له کتێبه‌که‌یدا ئاماژه‌یان پێده‌کا، جوویده 47-239 : 1960، ده‌نووسن شێخ به دنه‌ی حکوومه‌ت " هاوپه‌یمانی کورد" ی دامه‌زراندوه. کۆنسوولێکی گشتی دیکه‌ی بریتانیا تڕۆتر له وان، هه‌ر ئاوا به توندی فکری ده‌ستێدابوونی عوسمانی له‌و بزووتنه‌وه‌یه دا وه‌دوا ده‌داته‌وه. هه‌ڵبه‌ت، نابێ له بیر بکرێ ، ئه‌و ده‌می له هه‌رێمه‌که دا به‌زه‌حمه‌ت شتێک هه‌بوو که پێی بگوترێ حکوومه‌تی عوسمانی. ئیداره و ئه‌رته‌ش کێشه‌یان زۆر ده‌ناو دا‌بوو و سوڵتان به به‌رده‌وامی باڵه جیاوازه‌کانی له ئاست یه‌کدی و له ئاست ده‌سترۆیشتووانی ناوچه‌یی دا سه‌نگ و سووک ده‌کرد ( بڕوانه دوگاید 1973)
12-باشترین لێکۆڵینه‌وه سه‌باره‌ت به ڕاپه‌ڕینی عوبه‌یدوڵا و چوارچێوه‌ی ناوچه‌یی و به‌ستێنه نێونه‌ته‌وه‌یه‌که‌ی کتێبه‌که‌ی جووه‌یده یه 89-212: 1960.، که ئه‌من له‌م نووسینه‌ی ئێره دا زۆرم پشت پێی به‌ستووه، بۆ ڕوانگه‌یه‌کی دیکه بڕوانه جۆزێف 13- 107 : 1961
13- ویگڕام و ویگڕام 163: 1914
14-هه‌رله‌وێ.به‌پێی زانیاریده‌ره‌کانی ئه‌ردۆست، شێخ به‌و دراوه‌ی پاشه‌که‌وتی ده‌کرد زیاتر زه‌وی ده‌کڕی. (ئه‌ردۆست 6-184 : 1971)
15- سه‌باره‌ت به‌و کۆمه‌ڵه کوردییانه و ڕێبازی جۆربه‌جۆری ئیدێئۆلۆژی ده نێویان دا و ده‌وری سه‌یید عه‌بدولقادر بڕوانه بڕاونێسن 9- 275 : 1992 ؛ ئولسۆن 9- 136 : [ 1991] 1996
16-ئه‌ردۆست 61-49 : 1987
17- لیسته‌کی به وورده‌ڕیشاڵ به‌ڵام ناته‌واوی زه‌وی و زاری ساداتی نه‌هری ئه‌ردۆست به ده‌سته‌وه‌ی ده‌دا.
5-181: 1971
18-ئیگلتن (7: 1963) باسی دیدارێکی سه‌یید ته‌ها له ڕووسییه ده‌کا له ساڵی 1889 دا،له گه‌ڵ دوو که‌سایه‌تی دیکه‌ی هه‌ڵکه‌وتووی کورد عه‌بدولڕه‌زاق به‌درخان و جه‌عفه‌رئاغای عه‌شیره‌تی شکاک.ئه‌وه ده‌بێ هه‌ڵه بێ، سه‌یید ته‌ها له ساڵی 1892 یان ده‌ور و به‌ری ئه‌و ساڵه هاتووه‌ته دنیاوه و جه‌عفه‌ر ئاغا له ساڵی 1905 دا کووژرا و ئه‌وه‌ش کارێکی وا ده‌کا ناکڕێ ئه‌وان قه‌ت به‌یه‌که‌وه سه‌ری ڕووسییه‌یان دابێ. له کۆتاییه‌کانی ساڵی 1917 دا سه‌یید ته‌ها نامه‌یه‌کی نارد بۆ باسیل نیکیتین، کۆنسوولی ڕووسییه له ورمێ و له‌و نامه‌یه دا داوخوازی چاوپێکه‌وتنی کرد له گه‌ڵ کاربه‌ده‌ستانی نیزامی ڕووسییه بۆ ئه‌وه‌ی باسی کرده‌وه‌ی هاوبه‌شیان له گه‌ڵ بکا به دژی ئه‌ڕته‌شی تورک ( نیکیتین 195: 1956)
19- سه‌باره‌ت به سه‌ید ته‌های دووهه‌م بڕاونه: ویگرام و ویگرام 7-165: 1914 ؛ هه‌ی 4-352 : 1921 ؛ ئێدمۆدندس 8- 305 : 1957 ؛ ئیگلتن 18، 7: 1963، ئه‌ردۆست 8- 44 : 1987 ؛ بڕاونێسن 1- 330 : 1991؛ یاڵچین – هێکمان 7-65 : 1991
20-ئیگلتن 20-18 : 1963. له ڕیوایه‌تی کورتی ئیگلتن را ده‌رناکه‌وێ داخودا ئه‌و ماڵ گوێستنه‌وه‌یه له به‌ر کوده‌تای ڕه‌شید عالی له عێڕاق له ساڵی 1941 یان له به‌ر هۆی دیکه بووه.
21-هه‌موو هێزه چه‌کداره‌کانی جمهووری بریتی بوون له نیزیک 2000 هه‌زار شه‌ڕکه‌ری به‌ئه‌زموونی گریلایی عه‌شیره‌تی بارزانی (له عێڕاقی دراوسێ یه‌وه) و زیاتر له 10000 سواره‌ی جه‌نگاوه‌ری عه‌شیره‌تی. ده نێو ئه‌وانه دا ته‌نیا 200 که‌سیان ڕاسته‌وڕاسته له پێرۆیانی بنه‌ماڵه‌ی شێخ عه‌بدوڵای گه‌یلانی بوون، به فه‌رمانده‌یی سه‌یید فه‌هیم نێوێک ( ئیگلتن 2-91 : 1963) عه‌بدولعه‌زیز به‌ڕواڵه‌ت وه‌ک ئه‌فسه‌رێک له ئه‌ڕته‌شی مه‌هاباد دا خزمه‌تی ده‌کرد( بڕوانه مارگارێت کان 141: 1980، که له‌وێدا به هه‌ڵه به ئه‌ڤدڵا نێوی هاتووه).
22- کان 6-140: 1980. له چاکسازی زه‌وی وزاری محه‌مه‌د ڕه‌زا شا له به‌رایی 1960 کاندا موڵک و دێیه‌کانی بنه‌ماڵه‌که ده‌ستی به‌سه‌ردا گیرا به‌ڵام شێخ عه‌بدوڵا توانی گوندێکی ته‌واو و شه‌ش دانگ بکڕێته‌وه.
23-پێوه‌ندیی نامه‌یی له‌گه‌ڵ لاله یاڵچین – هێکمان، له سه‌ر بنه‌مای شه‌جه‌ره‌یه‌کی بنه‌ماڵه‌یی که حه‌مید گه‌یلانی بۆی کۆپی کردووه.باپیری نه‌عیم و حه‌مید گه‌یلانی ، سه‌ید ئیسلام گه‌یلانی ، به موزه‌فه‌ر ئه‌ردۆستی گوتووه که ئه‌و وه‌ک موباشیری (هێندێک) له زه‌وی وزاری شێخ محه‌مه‌د سدیق کاری کردووه، چاوه‌دێری کردووه به سه‌ر چاندنی پڕ له داهاتی تووتن دا، له بری وه‌رگرتنی هه‌شت له سه‌دی ئه‌وه‌ی لێی که‌وتووه‌ته‌وه(ئه‌ردۆست 183: 1971)
نووسینی: ئێمانوێل سێڤروگیان
ئارشیوی گالێری هونه‌ری ئازادتر و گالێری ئارتوور م. ساکلر،ئه‌نیستیتووی سمیتسۆنیان، ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا
وه‌رگێڕان له ئینگلیسییه‌وه: حه‌سه‌نی قازی
ئه‌م وه‌رگێڕانه پێشکێشه به کاک عه‌مماری گوڵی له‌به‌ر هۆگر بوونی به وێنه‌کانی سێڤروگوین
ئانتوان سێڤروگوین (1933-1830) وێنه‌گرێکی ڕه‌سمی ده‌رباری سه‌لته‌نه‌تی ئێران بوو و ئه‌و ستودیۆی وێنه‌گرییه‌ی که له تاران هه‌یبوو له ساڵانی 1870 کانه‌وه تا ساڵی 1934 زۆر به‌ڕمێن ، به‌نێوبانگ وسه‌رکه‌وتوو بوو. ئه‌م وێنانه‌ی له‌م کۆلێکسیۆنه دا ده‌یبینن به‌ڵگه‌ی وێنه‌یی سه‌روبه‌ندی سلسله‌ی قاجار و به‌راییه‌کانی سلسله‌ی په‌هله‌وی یه له ئێران. به‌ربڵاوی و جۆراوجۆری جێی تێڕامانی وێنه‌کانی ئانتوان سێڤروگوین و، ئه‌و به‌رهه‌مه به‌رچاوانه‌ی وا له ستودیۆکه‌ی دا ئاماده کراون، سه‌رچاوه‌یه‌کی گرینگ له به‌ر ده‌ست ئه‌و که‌سانه ده‌نێن که له‌م ڕۆژگاره دا ته‌ماشای ئه‌و وێنانه ده‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ی مێژووه کولتوورییه‌کان و تاکوته‌رای هێڕاڕشی کۆمه‌ڵی ئێران لێکاڵاکه‌نه‌وه. ئه‌و وێنانه هه‌ر وه‌ها یارمه‌تیده‌ریشن بۆ ئه‌و زانستکارانه‌ی له‌و شوێنه‌واره مێعمارییانه ده‌کۆڵنه‌وه که سه‌ده‌مه‌یان پێگه‌یشتووه یان تێکڕووخاون و، سه‌رچاوه‌ی ده‌ستی یه‌که‌میان له به‌ر ده‌ست دا نییه. هه‌تا دێ زیاتر وێنه‌کان له ڕووی هونه‌رییه‌وه ده‌نرخێندرێن و ئه‌وه‌ش جار جار بایه‌خی به‌ڵگه‌یی وێنه‌کان ده‌شارێته‌وه. ئه‌وه‌ی له هه‌موو شت گرینگترئه‌وه‌یه،وێنه‌کانی سێڤروگوین به‌شێکن له مێژوویه‌کی ڕووداو و ڕابردوو و شوێنی کۆن به ئێستاوه ده‌لکێنن.
زانیاری له مه‌ڕ وێنه‌کان
ئانتوان سێڤروگوین (1933-1830 یه‌کان) ستودیۆیه‌کی پیشه‌یی وێنه هه‌ڵگرتنی هه‌ره به ڕمێنی له تاران به‌ڕێوه ده‌برد له کۆتاییه‌کانی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م و به‌راییه‌کانی سه‌ده‌ی بیسته‌م دا. پیشه‌که‌ی و کاره‌که‌ی وه‌کوو وێنه‌گر هاوکات بوو له‌گه‌ڵ سه‌روبه‌ندێکی گرینگی میژووی مۆدێڕنی ئێران، واته سه‌روبه‌ندی گۆڕانی به شێنه‌یی واته له زه‌مانی شایه‌تی ناسره‌دین شا ( له نێوان 1896-1848 دا له سه‌ر ته‌ختی شایه‌تی بوو) تا ده‌گاته سه‌رو به‌ندی ڕه‌زا شای په‌هله‌وی ( له نێوان 1941- 1925 دا شایه‌تی کرد). وێنه‌کانی سێڤروگوین ڕه‌نگه زیاترله هه‌موو وێنه‌ی دیکه‌ی له مه‌ڕ ئێران له ڕۆژئاوا بڵاو بووبنه‌ته‌وه.
ستودیۆیه ته‌جاڕه‌تییه‌کان له‌وه تێگه‌یشتبوون وێنه ئامرازێکی هه‌ر به‌که‌لکه بۆ بازاڕ په‌یدا کردن و دابین کردنی هه‌ستی به پرسیاری و ڕۆئیای ڕۆژئاواییه‌کان سه‌باره‌ت به ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست. سێڤروگوین، وه‌کوو زۆر که‌سی دیکه‌ی که به‌ر له‌وی و به دوای ئه‌و دا کردبوویان و کردیان، وێنه‌یه‌کی سه‌باره‌ت به ڕۆژهه‌ڵاتی نیزیک له زه‌ینی ته‌ماشاکارانی بێگانه دا نه‌خشاند که هێندێک له پێشداوه‌رییه ڕۆژهه‌ڵاتناسییه‌کانی داده‌گرته‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئه‌و وه‌کوو که‌سێک که زۆربه‌ی ژیانی له تاران ژیا، سه‌رنج و خۆشه‌ویستییه‌کی تایبه‌تیشی له سه‌ر ئێران و کولتووری ئێرانی ده دڵ دا‌بوو. ئه‌و نه‌ک وه‌کوو چاوه‌دێرێکی دووره‌په‌ڕێز، به‌ڵکوو وه‌ک که‌سێکی نیزیک پێوه‌ندییه‌کی شه‌خسی و زانیاریانه‌ی له گه‌ڵ ووڵاتێک دامه‌زراند که بۆ لێ ژیان و وێنه لێ هه‌ڵگرتنی هه‌ڵی بژارد بوو. وێنه‌کانی هه‌م خزمه‌ت بوون به به‌رده‌نگی خۆماڵی و هه‌م ڕۆژئاوایی.
سێڤروگوین، هه‌رمه‌نییه‌کی عیسایی و ڕه‌چه‌ڵه‌کی ده‌گه‌یشته‌وه ڕووسییه، ئه‌و له کۆتاییه‌کانی 1830 یه‌کاندا له ( به ته‌واوی دیار نییه چ ساڵێک) له سه‌فاڕه‌تخانه‌ی ڕووسییه له تاران له دایک بوو. بابی، قاسیل دۆ سێڤروگوین ، دیپڵۆماتێک بوو له سه‌فاڕه‌تخانه‌ی ڕووسییه له تاران، که له گه‌ڵ خانمێک به نێوی ئاچین خانم زه‌واجی کرد و 7 منداڵیان هه‌بوو – 4 کوڕ ( ئیڤان، ئانتوان، کۆلیا و ئێمانوێل) و سێ کچ ( نێوه‌کانیان نازانین). له دوای مه‌رگی ناوه‌ختی ڤاسیل دۆ سێڤروگوین له به‌ر ڕووداوێکی له ئه‌سپ به‌ربوونه‌وه دا ، ژنه‌که‌ی چووه‌وه شاره‌که‌ی خۆی واته تیفلیس، پێته‌ختی ئێستای گورجستان. بارودۆخی ماڵی و گوشاری به‌ڕێچوون ئه‌و خێزانه‌ی ناچار کرد بار که‌ن بۆ شاری هه‌رێمی ئاکۆولیس و له‌وێ براکان چوونه مه‌دره‌سه، دوای ته‌واو کردنی خوێندن، ئانتوان گه‌ڕاوه تفلیس و ده‌ستی کرد به کاری نه‌ققاشی و زۆر زوو سه‌رنجی به‌ره‌و ئامرازی نوێی وێنه‌کێشان ڕاکێشرا. له‌وێ بوو که له‌گه‌ڵ وێنه‌گری ڕووسی دیمیتری ئیڤانۆڤیچ ئێرماکۆڤ (1916-1845) کاری کرد و ئه‌و وێنه زۆر و زه‌وه‌ندانه‌ی وا ئێرماکۆڤ له سه‌فه‌رکانی دا بۆ ئێران ،کڕێیمه، ئاسیای نێوه‌ندی و قه‌وقاز هه‌ڵیگرتبوون زۆری کار له سه‌ر کرد.
ئه‌وه سه‌رده‌مێک له ساڵانی 1870 دا بوو که سێڤروگوین بڕیاری دا هه‌ڵسه‌نگاندنی وێنه‌یی خه‌ڵک، دیمه‌نی خۆڕست و مێعماری ئێران بکا و براکانی کۆلیا و ئێمانولیشی ڕازی کرد له‌و کاره دا یارمه‌تی بده‌ن. ئه‌وان له گه‌ڵ کاروانێک به‌ره‌و ئازه‌ربایجان وه‌ڕێ که‌وتن و له‌وێوه له کوردستان و له لوڕستان درێژه‌یان به پڕۆژه‌که دا. ئه‌وه یه‌که‌م گه‌ڕانی سێڤروگوین بوو به نێو ئێران دا و به دوای ئه‌وه‌شدا له ماوه‌ی ژیانی دا زۆرجاری دیکه به ئێران دا گه‌ڕا بۆ ئاسته‌کردنی نرخاندنێکی وێنه‌ییی به‌ربڵاوی ئێران، ئاخره‌که‌ی ئه‌و سێ برایه له ساڵی 1883 دا چوونه تارانێ و له‌وێ ستودیۆیه‌کی وێنه‌گرتنیان له خه‌یابانی عه‌لائوده‌وله ( خه‌یابانی فیرده‌وسی دواتر) کرده‌وه. ئانتوان مێشکی هونه‌ری کاره‌که بوو و براکانی، به‌تایبه‌تی ئێمانوێل کار‌و باری به‌ڕێوبه‌ریان هه‌ڵده‌سووڕاند.
له‌تاران سێڤروگوین له گه‌ڵ لویز گورگینیان، که ژنێکی هه‌رمه‌نی – ئێرانی بوو زه‌واجی کرد و 7 منداڵیان بوو- چوار کوڕ ساشا، ئاندرێ، ئیڤان و میشا) و سێ کچ ( ئۆڵگای یه‌که‌م، ماری و ئۆڵگای دووه‌م)، کاری هونه‌ری وێنه‌گری و پۆرتره کێشانی سێڤروگوین هه‌تا ده‌هات بره‌وی په‌یدا ده‌کرد و موشته‌ری زیاتر ده‌بوو به‌تایبه‌تی له نێو چینی سه‌رده‌ست دا و ئه‌وه‌ش بووه هۆی ئه‌وه‌ی پله‌ی یه‌ک له وێنه‌گره ڕه‌سمییه‌کانی ده‌رباری ناسره‌دین شای بدرێتێ. سێڤروگوین بۆ ئه‌وه‌ی له پێشکه‌وتنی زانستی وێنه‌هه‌ڵگرتن دوا نه‌که‌وێ هه‌موو ساڵێک سه‌فه‌رێکی ڤییه‌ننا و شاره‌کانی دیکه‌ی ئوڕووپای ده‌کرد بۆ کڕینی کامێرا و هه‌روه‌ها که‌لوپه‌لی پێویستی وێنه شوتنه‌وه.
قۆناخێکی تایبه‌تی له ژیانی پیشه‌یی سێڤروگوین ئه‌و ئه‌رکه بوو که فریدڕ‌یش سار (1945-1865) مێژوو نووسی ئه‌ڵمانی بواری هونه‌ر پێی ئه‌سپارد. سار له گه‌ڵ ئانتوان و برایه‌که‌ی ئێمانوێل په‌یمانی به‌ست ئه‌وان کارێکی هه‌موولایه‌نه‌ی له باشوور و باشووری ڕۆژئاوای ئێران بۆ ئه‌نجام بده‌ن و وێنه‌ی کێڵ و شوێنه‌واره‌کانی سه‌رده‌می هه‌خامه‌نشییه‌کان و ساسانییه‌کانی بۆ بگرن.نائارامی له نێو زۆربه‌ی عه‌شیره‌ته‌کانی باشوور کارێکی وای کرد سار ده‌ست له‌و ئه‌رگه به مه‌ترسییه هه‌ڵگرێ، به‌ڵام له به‌ر ئه‌وه‌ی ئانتوان له گه‌ڵ سه‌رۆک عه‌شیره‌تی جۆر به جۆر دۆستایه‌تی هه‌بوو و زۆر له‌وان موشته‌ری بوون ئه‌وه به قازانجی ڕاپه‌ڕاندی کاره‌که‌ی بوو له‌وێندرێ. وا وێده‌چێ سار هه‌موو وێنه‌کانی سێڤروگوین ی له کاره‌که‌ی ( ڕه‌وه‌زه به‌رجه‌سته‌کانی ئێرانی) دا به‌کار هێنابێ که له ساڵی 1910 به هاوکاری له‌گه‌ڵ ئێرنێست هێرتزفێڵد له بێرلین چاپی کرد. ڕه‌نگه له به‌ر شێوازی په‌یمان به‌ستنه‌که بووبێ که له کتێبه‌که دا هیچ سپاسی سێڤروگوین نه‌کراوه و ئه‌وه‌ش زۆر به قووڵی کاری لێکرد که سه‌ڕه‌رای حه‌وله گرینگه‌کانی و شان وه‌به‌ردانی ئه‌ركێکی ئاوا ئاڵۆز و پڕ له مه‌ترسی چاو له زه‌حمه‌ته‌کانی پۆشراوه.
دیاره دواتر ئه‌و پێزانییه به دره‌نگیش بێ کرا، له پێشانگه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کانی وێنه‌گران دا، واته ئه‌و کاتانه‌ی سێڤروگوین خه‌ڵات و مێداڵی وه‌رده‌گرت بۆ کاره‌کانی، له‌وانه ئه‌و خه‌ڵاتانه‌ی له ساڵی 1897 له برووکسێل و له ساڵی 1900 له پاریس وه‌ده‌ستی هێنا. ناسردین شاش سێڤروگوین ی به نیشانی شێر‌و خورشیدی ده‌رباری ئێران خه‌ڵات کرد له به‌ر خزمه‌ته‌کانی به ده‌رباری سه‌لته‌نه‌تی، هه‌ر وه‌ها نازناوی "خان" (شازاده) شی درایه و له‌وه دوا له تاران به ئانتوان خان ده‌ناسرا، هونه‌ر به سه‌ر هه‌موو ژیانی سێڤروگوین دا زاڵ بوو و ئه‌و به مرخه‌وه سه‌باره‌ت به مێژوو،شێعر و ئه‌ده‌بیات به زمانی فارسی، ڕوسی، فه‌ڕانسه‌یی و هه‌رمه‌نی بابه‌تی ده‌خوێنده‌وه. وه‌ک که‌سێکی دۆست و شیاوی خۆشه‌ویستی، ده‌ست ئاواڵه باسی ده‌کرێ و ده‌ڵێن له مه‌جلیس و میوانییان دا زۆر جار بڕگه‌ی دوور و درێژی کتێبی شانامه‌ی فیرده‌وسی له‌به‌ر ده‌خوێنده‌وه. دۆستانی بریتی بوون له کارگێڕانی ده‌ربار، ده‌روێشان، سه‌رۆک عه‌شیره‌تان، ڕووناکبیران و دیپڵۆماتان. ئه‌و وه‌کوو نه‌ققاشێکیش له سه‌ر نیگارکێشی نه‌ریتی ئێران لێکۆڵینه‌وه‌ی کرد و په‌سنی قوتابخانه‌ی ئێمپێرسیونیسمی فه‌ڕانسه‌یی و کاره‌کانی ڕامبراند ی ده‌دا، حه‌ولی ده‌دا له وێنه‌کانی دا ڕووناکی ئاوا به‌کار بهێنێ که ڕامبراند له تابڵۆ نه‌ققاشییه‌کانی دا کردوویه‌تی.
گرژیی سیاسیی نێوخۆیی له نێوان مه‌شڕووته‌خوازان و کۆنه‌په‌رستان گه‌یشته نائارامی گشتی له تاران له ساڵی 1908 دا. زه‌هیروده‌وله حاکمی ڕه‌شت، که مه‌شڕووته‌خوازێکی سه‌ر له پێناو بوو ماڵی له ته‌نیشت ستودیۆکه‌ی سێڤروگوین بو. له به‌ر زه‌هیروده‌وله گشت خه‌یابانه‌که به ده‌ست سه‌ربازانی شا تاڵان کرا، ماڵی زه‌هیروده‌وله وه‌به‌ر بۆمبان درا. ئه‌و تاڵان و بۆمبارانه سه‌ده‌مه‌یه‌کی زۆری به کۆلێکسیۆنی وێنه‌کانی سێڤروگوین گه‌یاند. له نیزیکه‌ی 7000 شوشه‌ی وێنه ، دواتر ته‌نێ کرا 2000 یان کۆبکرێنه‌وه و ڕێک بخڕ‌ێنه‌وه. له ماوه‌ی سه‌لته‌نه‌تی ڕه‌زا شا دا، بنه‌ماڵه‌ی سێرڤوگوین دووهه‌م زیانی مادی زۆر گه‌وره‌یان وێکه‌وت. شا له حه‌وله‌کانی دا بۆ مۆدێڕن کردنی ووڵاته‌که‌ی فه‌رمانی دا ئه‌و 2000 شووشه وێنه‌یه‌ی کۆلێکسیۆنی وێنه‌کانی سێڤروگوین که مابوونه‌وه ده‌ستیان به سه‌ردا بگیرێ چونکه پێی وابوو ئه‌وانه " ئێرانی کۆن و ناپه‌سند" نیشان ده‌ده‌ن. ئه‌وه‌ش کۆتایی دا به حه‌ولێکی چاوڕاکێشی وێنه‌گرتن که سه‌رده‌مایه‌ک به‌ڕێوه‌چوو بوو. له ساڵی 1933،ئانتوان سێڤروگوین که له سه‌ره‌وه‌ی 90 ساڵی دا بوو، له به‌ر هه‌وی گورچیله ژیانی له ده‌ست دا و له تاران له گۆڕستانی بنه‌ماڵه‌ییدا به خاک ئه‌سپێردرا.
هێندێک زانیاری زیاتر له BINT PHOTOBOOKS ON INTERNET وه‌رگیراوه که ئه‌وه له خواره‌وه ده‌یخوێننه‌وه :
به ڕواڵه‌ت ئه‌وه کچی سێڤروگوین ماری بووه، که به ڕێگه‌ی پێوه‌ندی و خه‌ڵک ناسین دا توانی له شووشه‌ی ئه‌و 2000 وێنانه‌ی ده‌ستیان به‌سه‌دا گیرابوو 696 دانه‌یان وه‌ربگرێته‌وه، دوای مه‌رگی سێڤروگوین ئه‌و ئه‌م شووشه‌ی وێنانه‌ی پێشکێش کرد به میسیۆنی پڕێسبێتێرییه ئه‌مه‌ریکاییه‌کان له تاران و ئاخره‌که‌ی ئه‌وانه گه‌یشتنه ئه‌نیستیتووی سمیتسۆنیان له واشنگتۆن، دی سی، بۆ نێو ئاڕشیوی گالێری ئارتوور م.ساکلر. ئه‌وه گه‌وره‌ترین کۆلێکسیۆنی کاره‌کانی سێڤروگوین ه که ماوه‌ته‌وه، جگه له ژماره‌یه‌کی دیکه‌ش که له ئاڕشیوی مه‌ردمناسیی نه‌ته‌وه‌یی دا هه‌ن له ئه‌نستیتووی سمیتسۆنیان. وه‌ک زاندراوه هێندێک له کاره‌کانی سێڤروگوین له هۆله‌ندیش هه‌ن له کۆلێکسیۆنی زانکۆی له‌یده‌ن که بریتن له زیاتر له 170 زینک و وێنه و له مووزه‌خانه‌ی نه‌ته‌وه‌یی ئێتنۆلۆژی له له‌یده‌ن پارێزراون.له ڕاپۆڕتی ساڵانه‌ی ئه‌و مووزه‌خانه‌یه بۆ ساڵی 1900 / 1899 دا له ژێر باسی "ئه‌وه‌ی وه‌ده‌ست هاتوون" دا ئاماژه کراوه به کۆلێکسیۆنێکی گه‌وره‌ی وێنه‌ی ئامووزشی و دیمه‌نی خۆڕست و خه‌ڵکی خۆجێی شوێنی جۆر به جۆری ئێران. گوتراوه ئه‌م وێنانه بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ خایه‌ن به قه‌رز وه‌رگیران له ئاغای و.ل. بۆسخارت، کۆنسوولی گشتی هۆله‌ند له مێلبۆرن، ڤیکتۆریا له ئوسترالیا. له ڕاپۆرتی ساڵانه‌ی دواتر دا له ژێر باسی " ئه‌وه‌ی بزر بوون" دا هاتووه. بۆسخارت داوای وێنه‌کانی خۆی کرده‌وه. له به‌ر ئه‌وه‌ی مووزه‌خانه ده‌یه‌ویست وێنه‌کان بپارێزێ، به‌ر له‌وه‌ی بیانداته‌وه به خاوه‌نه‌که‌ی به دیقه‌تێکی زۆره‌وه له به‌ر زینکه‌کانی هه‌ڵگرته‌وه. ئه‌گه‌رچی ئه‌م کۆلێکسیۆنه‌ی ئێستا هیچ شوشه‌ی وێنه‌ی ماکی تێدانییه . به‌ڵام له سایه‌ی ئه‌و ته‌گبیره‌وه ئه‌و وێنانه‌ی سێڤروگوین پارێزراون و شووشه‌ی وێنه ماکه‌کانیش بزر بوون. ئه‌وه نازاندرێ ئاغای بۆسخارت وێنه ماکه‌کانی چ لێکردووه یان ئه‌وه‌ی ئێستا له کوێن.




ئەنجامنامەی کۆتایی کۆنفڕانسی زمان
20120304
کۆنفڕانسی زمانی نەتەوەیی لە ڕۆژانی ٢، ٣ و ٤ی مانگی مارس لە شاری ئامەد بە بەشداریی ٣٠٠ زمان‌زان، پەروەردەکار، سیاسەتمەدار و نوێنەرانی کۆمەڵگەی مەدەنی، لە هەموو بەشەکانی کوردستان و جیهانەوە پێک هات.لەو کۆنفرانسە دا لە سەر بابەتی وەک دەوری زمان لە یەکێتی نەتەوەیی دا،ئەلفووبێ و لەهجە کوردییەکان، سیستمی پەروەردە و ئاکادێمی زمان ووتار پێشکێش کران. لە ئاکامی لە سەر دوان و هەڵسه‌نگاندنی نوێنەرانی بەشدار لە کۆنفڕانس دا بڕیار درا ئەو داوخواز و پێشنیازانەی خوارەوە پێشکێشی بیروڕای گشتی، کۆنگرەی نەتەوەیی و لایەنی پێوەندیدار بکرێن. کۆنگرەی جڤاکی دێمۆکڕاتیک، ئەو خاڵانەی خوارەوەی کە لە ئەنجامنامە دا هەن ئاشکرا کرد:
1-هەبوونی زاراوە کوردییەکان دەوڵەمەندییە،پاراستن و گەشەپێدانیشیان ئەرکێکی نەتەوەییە.
2-لەم ڕۆژانە دا کە بەسترانی کۆنفڕانسی نەتەوەیی کورد دە ڕۆژەڤ دایە، دەبێ کوردیش خاوەنی بەرنامە و سیاسەتێکی نەتەوەیی زمانی بێ.
3-ئەم کۆنفڕانسە بە ستاندار بوونی هەرکام لە زاراوەکان بە پێویست دەزانێ، بەڵام لە کاتی ئاستە کردنی زاراوەکان دا دەبێ هەر شت بەپێی شێوەی خۆی ئاستە بکرێ.
4-بۆ ئەوەی کورد لە یەکتری تێبگەن و بۆ پێکهاتنی ووشیاریی نەتەوەیی پێویستی بە هەبوونی یەک ئەلفووبێ هەیە. هەتا گەیشتن بەو قوناخە، لە بەر گونجاو بوونی هەلومەرجی باشوور، پێویستە لەوێ هەر دوو ئەلفووبێ لە سیستمی پەروەردە و لە هەموو بوارێکی دیکە دا بەکار بهێندرێن.
5-ئەم کۆنفڕانسە پەروەردە بە زمانی کوردی بە مافێکی تەبیعی و نەتەوەیی دەزانێ بۆیە لە پلەی بەر لە خوێندنگە تا زانکۆ داوخوازی پەروەردە بە زمانی کوردی دەکا، دیارە ئەوەش بە هەبوونی ستاتوسێکی سیاسی پێک دی.
6-کۆنفڕانسی ئێمە لە پێناو ساز کردنی کۆمەڵێکی دێمۆکڕاتیک و پلوڕالیست پێشنیازی سیستمێکی وەهای پەورەردە دەکا کە بەختەوەری و بەرەوپێشبردنی ئینسان بە ئەساس دابنێ.
7-بۆ گەڵاڵە کردنی بەرنامەیەکی زمانیی نەتەوەیی پێویستی بە سازکردنی جووڵانەوەیەکی زمانیی کوردستانی هەیە، بۆ ئەوەی بتوانێ کار و پێویستییەکانی زمانی کوردی جێبەجێ بکا. لەو کۆنفڕانسە دا بۆ سازکردنی جووڵانەوەیەکی ئەوتۆ دەستەیەک کە لە ٣١ کەسان پێک دێ، هەڵبژێردرا.
8-کۆنفڕانس بانگەوازی کوردان دەکا لە هەموو بوارەکانی ژیان دا زمانی کوردی بەکاربهێنن و پێوەی بژین.
9-کۆنفڕانس سڵاو دەکا لە خەبات و تێکۆشینی گەلەکەمان لە باشووری ڕۆژئاوا لە بواری زمان و پەروەردە دا و پشتیوانی خۆی لەوان دەردەبڕێ.
10-ئێمە پشتیوانی خۆمان دەردەبڕین لە داوخوازی زیندانیانی سیاسی کورد بۆ هەبوونی مافی پارێزگاری لە خۆ کردن بە زمانی کوردی.
11-ئێمە سیاسەتی ئاکەپە و هەڵوێستی کاربەدەستەکانی سەبارەت بە زمان و کولتووری کوردی شەرمەزار دەکەین و ئەو سیاسەتە بە بەردەوامکردنی سیاسەتی تواندنەوە و حاشالێکردن دەزانین. هەر بە هەمان شێوە سیاسەتی ڕێژیمەکانی دیکەش لە ئاست کوردان بە هیچ جۆر ناپەژرێنین.
12-کۆنفڕانسی ئێمە ئەو ئۆپێڕاسیۆنە نیزامی و سیاسییانەی کە لە سەر کوردان بەڕێوەدەچن شەرمەزار دەکا و بۆ چارەسەری پێشنیازی دیالۆگ و موزاکەرە دەکا.
13-منداڵ بۆ بەرەوپێشبردنی زمانی کوردی زۆر گرینگن. بۆیە لە سیاسەت و بەرنامەی زمانی نەتەوەیی دا دەبێ جێیەکی تایبەت تەرخان بکرێ بۆ منداڵان
سەرچاوە: ئاژانسی دەنگوباسی دیجلە



سیاسه‌تی زمانیی له نێوان بزووتنه‌وه كوردییه‌كان و ده‌وڵه‌تی مۆدیرندا
د.عرفان مسته‌فا هه‌ورامی
مامۆستای زانستی زمان- به‌شی كوردی
زانكۆی سه‌لاحه‌دین - هه‌ولێر
1/1) سه‌رهه‌ڵدانی ده‌وڵه‌تی مۆدێرن
دۆخی سیاسی كورد له دنیای مۆدێرندا دۆخێكی تایبه‌ته، بۆ تێگه‌یشتن له‌م دۆخه ده‌بێت له مۆدێلی ئه‌و جۆره له ده‌وڵه‌ت تێبگه‌ین كه به‌ده‌وڵه‌تی مۆدێرن ناسراوه. ده‌وڵه‌تی مۆدێرن یان ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه مۆدێلێكی تایبه‌ته له‌ده‌وڵه‌ت و به په‌یڕه‌وكردن له سیسته‌مێكی سیاسی و حوكمڕانی دروستكراوه كه ته‌مه‌نی دووسه‌ده زیاتر تێناپه‌ڕێت. كه‌واته مه‌به‌ستمان له ده‌وڵه‌تی مۆدێرن ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌یه كه له‌دوای شۆڕشی فه‌ره‌نسی -1789-و شۆڕشی پیشه‌سازی له بریتانیا (1780-1800)سه‌رهه‌ڵده‌دات و وه‌ك مۆدێلێكی نوێ له ده‌وڵه‌ت داده‌مه‌زرێت. ئه‌م دوو شۆڕه‌شه هه‌ریه‌كه‌یان بنه‌مایه‌كی سه‌ره‌كی ئه‌و ده‌وڵه‌ته مۆدیرنه داده‌مه‌زرێنن. (بڕوانه:1/126)
به هۆی شۆڕشه پیشه‌سازییه‌كه‌وه ئه‌م ده‌وڵه‌ته ده‌بێته خاوه‌نی سیسته‌مێكی ئابوری نوێ، كه پێشتر بوونی نه‌بووه. به هۆی شۆڕشی فه‌ره‌نساشه‌وه ئه‌م ده‌وڵه‌ته ده‌بێته خاوه‌نی ئایدیۆلۆجیایه‌كی سیاسی نوێ كه به ناسیونالیزم ناسراوه و سازه له‌گه‌ل ئه‌و گۆڕانه‌دا كه شۆڕشی پیشه‌سازی به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگاكانی ناو جیهاندا ده‌هێنێ و له كۆمه‌ڵگای كشتوكاڵییه‌وه به‌رو كۆمه‌ڵگایه‌كی نوێیان ده‌بات كه به كۆمه‌ڵگای پیشه‌سازی ناسراوه.
له فه‌رنسا له‌دوای شۆڕشه‌وه، یه‌كه‌م نموونه‌ی ئه‌م جۆره له ده‌وڵه‌ت دێته ئاراوه، دواتر ئه‌م مۆدێله له ده‌وڵه‌ت ده‌بێته مۆدێلێكی جیهانی و له‌سه‌رانسه‌ری جیهاندا ده‌وڵه‌ته‌كان به‌پێی ئه‌م مۆدێله‌ی داده‌مه‌زرێن. ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ش كه كوردیان به‌سه‌ردا دابه‌شكراوه به هه‌مان شێوه سه‌ر به‌و جۆره له مۆدێلی ده‌وڵه‌تن و ده‌وڵه‌تی توركیاش له ناو چوار ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی تردا نموونه‌یه‌كی به‌رزی ئه‌و مۆدێله‌یه.
دوای ئه‌وه‌ی به هۆی سه‌رهه‌ڵدانی زانست و ته‌كنۆلۆجیاوه وه‌سیله‌كانی كاركردن له كۆمه‌ڵه وه‌سیله‌یه‌كی ساده‌ی كۆمه‌ڵگای كشتوكاڵییه‌وه ده‌گۆڕێن بۆ ئامێره ته‌كنیكییه پێشكه‌وتووه‌كان، له كۆمه‌ڵگاكاندا سیسته‌می دابه‌شبوونی كار گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت و سیسته‌مێكی نوێ دێته ئاراوه كه جیاوازه له‌و سیسته‌مه‌ی كه له‌كۆمه‌ڵگا كشتوكاڵییه باوه‌كاندا هه‌یه. ئه‌م گۆڕانه له سیسته‌می دابه‌شكردنی كاردا ده‌بێته هۆی گۆڕینی سیسته‌می په‌روه‌ده‌و فێركردنی پیشه‌یی.
ئه‌و ئامێره نوێیانه‌ی كه له‌و سه‌رده‌مه‌دا به‌هۆی زانسته‌وه په‌یدا ده‌بن، وه‌ك ئامێره كۆنه‌كان نین كه به ئاسانی مرۆڤ بتوانێت فێری ئه‌وه ببێت به‌كاریان بهێنێ. بۆ نموونه له‌كۆمه‌ڵگای كشتوكاڵیدا زه‌وی كێڵان كارێك نییه بۆ فێربوونی پێویستمان به فێركردنێكی له‌و جۆره بێت كه بۆ به‌كارهێنان و دروستكردنی كارگه‌یه‌ك یان هه‌ر ئامێرێكی تری ته‌كنیكی پێویستمان پێیه‌تی. كاتێك كه كارگه‌كان به ئامێره ته‌كنیكییه ئاڵۆزه‌كانیانه‌وه سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن بۆ دروستكردنی ئه‌م ئامێرانه و به‌كارهێنانیان پێویسته هه‌ر تاكێكی ناو كۆمه‌ڵگا له رێگه‌ی داموده‌زگایه‌كی رێكخراوه‌وه فێربكرێت و ئاماده بكرێت بۆ به‌كارهینان و دروستكردنیان.(بڕوانه: 2/72-73)
پێداویستی دروستكردن و به‌كارهێنانی ئه‌م ئامێرانه، پێویستی به سیاسه‌تێكی په‌روه‌ردیی و خوێندنێكی درێژ خایه‌ن هه‌یه. له پێناو ئه‌م مه‌به‌سته‌شدا گۆڕان به‌سه‌ر سیسته‌می خوێندن و په‌روه‌رده‌دا دێت و جۆرێكی تر له قوتابخانه ده‌ێته ئاراوه كه تێیدا ته‌نها فێری ئایین و ئاكار نابین به‌ڵكو فێری ئه‌و پیشانه‌ش ده‌بین كه كۆمه‌ڵگا پیشه‌سازییه‌كه داوای ده‌كات. هه‌ر به‌هۆی ئه‌م گۆڕانه‌وه سیسته‌می په‌روه‌رده و فێركردنیش له سیسته‌مێكی ئاینی و ئاكارییه‌وه ده‌گۆڕێت بۆ سییسته‌مێكی دنیایی و پیشه‌یی. ئه‌م گۆڕانه‌ش ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی كه سیسته‌می سیاسی و حكومڕانی ناو ده‌وڵه‌تیش گۆڕانی به‌سه‌ردا بێت و ده‌وڵه‌تێكی ته‌واو نوێ بێته ئاراوه كه جیاوازه له‌و جۆرانه له ده‌وڵه‌ت كه له‌سه‌رده‌مه‌كانی پێشودا بوونیان هه‌بووه.
ئێرنێست گێلنر كه یه‌كێكه له تییوریزه‌كارانی ناسیونالیزم باس له ده‌وڵه‌تی مۆدێرن ده‌كات و پێی وایه ده‌وڵه‌تی مۆدێرن به هۆی گۆڕانی كۆمه‌ڵگا له كۆمه‌ڵگایه‌كی كشتوكاڵیه‌وه بۆ كۆمه‌ڵگایه‌كی پیشه‌سازی سه‌رهه‌ڵده‌دات. ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ش له‌به‌ر رۆشنایی بۆچوونی ماكس وێبێر دا پێناسه ده‌كات و ده‌ڵێت ده‌وڵه‌تی مۆدێرن بریكارییه‌كه كه له ناو خودی كۆمه‌ڵگادا ده‌بێته خاوه‌نی قورخكردنی توندوتیژییه‌كی ره‌وا (بڕوانه :2/18).
ئه‌م بۆچوونه ئه‌وه راده‌گه‌یێنێ كه له كۆمه‌ڵگای كشتوكاڵیدا توند‌و تیژی به‌رامبه‌ر تاكێكی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه یان گروپێكی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه توندوتیژییه‌كی تایبه‌تی بووه و ئه‌ندامێكی ناو كۆمه‌ڵگا یان گروپێكی ناو كۆمه‌ڵگا دژی ئه‌وانی تر به‌كاری هێناوه بۆ گه‌یشتن به به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌تییه‌كانی خۆی. به‌ڵام له ده‌وڵه‌تی مۆدێرندا توندوتیژی له پێناو به‌رژه‌وه‌ندی گشتی كۆمه‌ڵگایه‌وته‌نها ده‌وڵه‌ت ره‌وایه‌تی ئه‌وه‌ی هه‌یه له پێناو ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌دا توندووتیژی به‌رامبه‌ر تاكێكی ناو كۆمه‌ڵگا یان گروپێكی دیاری كراوی ناو كۆمه‌ڵگا به‌كار بهێنێ. واته گه‌ر حزبێكی سیاسی له ناو ده‌وڵه‌تی مۆدێرندا له هه‌ڵبژاردندا سه‌ركه‌وت و حكومه‌تی دامه‌زراند، ئه‌وه له‌لایه‌ن خه‌ڵكی ناو سنووری سیاسی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌وه ره‌وایه‌تی پێده‌درێت كه له بری گروپێكی كۆمه‌ڵایه‌تی یان تاكێكی كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی توندووتیژی به‌رامبه‌ر گرووپه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ناو سنووری سیاسی ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی به‌كا بهێنێ.
ئه‌و سیسته‌مه سیاسییه‌ی كه له ناو ده‌وڵه‌تی مۆدێرندا په‌یڕه‌و ده‌كرێت، ره‌وایه‌تی ده‌دات به‌و ده‌سه‌ڵاته سیاسیه‌ی كه له‌و ده‌وڵه‌ته‌دا حكومڕانی ده‌كات كه له ڕیگه‌ی داموده‌زگا حكومییه‌كانییه‌وه به ناوی پار‌استنی ده‌وڵه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندی گشتی توند‌و تیژی به‌رامبه‌ر گروپه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و تاكه‌كانی ناو ئه‌و كۆمه‌لگایانه به‌كار بهێنێ و گه‌ر پێویستیش بكات له ناویان به‌رێت.(توندووتیژی ناكرێت موماره‌سه بكرێت له رێگه‌ی ده‌سه‌ڵاتێكی سیاسی مه‌ركه‌زییه‌وه نه‌بێت، واته له لایه‌ن ئه‌و كه‌سانه‌ی كه ئه‌و هه‌قه‌یان پێدراوه. ناكرێت سزای گه‌وره و سزاكانی تر كه بۆ پارستنی رژێمه جێبه‌جێ بكرێن ته‌نها له رێگه‌ی بریكارییه‌كی له‌و جۆره‌وه نه‌بێت كه به روونی دیاریكراوه‌و به ته‌واوه‌تیش له ناو كۆمه‌ڵگادا مه‌ركه‌زی كراوه‌ته‌وه، ئه‌و بریكارییه یان ئه‌و كۆمه‌ڵه بریكارییه به ده‌وڵه‌ت ناو ده‌برێت).(هه.س:18).
به پێی ئه‌م بۆچوونه له ده‌وڵه‌ته فیوداله‌كاندا گروپێكی خێڵه‌كی توانیویه‌تی توند‌و تیژی به‌رامبه‌ر گروپێكی خێڵه‌كی تر به‌كار بهێنێ به بێ ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت رێگری له‌م توندوو تیژییه‌ی بكات، به‌ڵام ئه‌مه مه‌رجدار كراوه به‌وه‌ی كه نابێت ئه‌و توندوتیژییه ده‌رچوون بێت له فه‌رامانڕه‌وایه‌تی میری ناو ئه‌و ده‌وڵه‌ته فیوداله. له ده‌وڵه‌تی مۆدێرندا ئه‌و مافه له گروپه‌كانی ناو سنوری سیاسی ئه‌و ده‌وڵه‌ته ده‌سێنرێته‌وه ده‌سپێردرێت به‌وهێزه سیاسییه‌ی كه مافی ئه‌وه‌ی پێدرواوه ببێت به خاوه‌نی ده‌سه‌ڵات. تاكه هێزێكیش كه بۆی هه‌یه توندوتیژی به‌كار بهێنێ ته‌نها ئه‌م ده‌سه‌ڵاته سیاسییه‌یه. ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ده‌گه‌یێنێ كه توندوتیژی له گرووپه جیاوازه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگا سه‌نراوه‌ته‌وه‌و خراوه‌ته به‌ر ده‌ستی یه‌ك گرووپی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌ویش حزبی حاكمی ناو ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌یه.
ده‌وڵه‌تی مۆدێرن خاوه‌نی داموده‌زگایه‌كه بۆ به‌كارهێنانی توندوو تیژی، به‌ڵام به‌كارهێنانی توندوتیژی له پێناوی چیدا؟ بیگومان له پێناو پار‌استنی ئه‌و سیسته‌مه‌دا كه ده‌وڵه‌ت به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگادا ده‌یسه‌پێنێ. واته ئه‌م داموده‌زگایه هه‌ر كاری ئه‌وه نییه كه توندوتیژی ئه‌نجام بدات، به‌ڵكو كاره سه‌ركییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كه سیسته‌مه‌كه‌ی خۆی به‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و ئه‌و گرووپه كۆمه‌ڵایه‌تییه جیاوازانه‌ی كه له سنوری سیاسی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌دان بسه‌پێنێ. كه‌واته (ده‌وڵه‌ت كاتێك بوونی ده‌بێت كه ئه‌و داموده‌زگایانه بوونیان هه‌بێت كه پسپۆڕن له سه‌پاندنی سیسته‌مدا وه‌ك هیزی پۆلیس و دادگاكان كه ده‌كه‌ونه ده‌روه‌ی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه. ئه‌م داموده‌زگایانه‌ش به ده‌وڵه‌ت ناو ده‌بڕێن).(هه.س:19)
گرنگه لێره‌دا بزانین مه‌به‌ست له سیسته‌م و سه‌پاندنی سیسته‌م له‌ڕێگه‌ی ئه‌م داموده‌زگایانه‌وه چییه‌و بۆچی ئه‌م داموده‌زگایانه ده‌كه‌ونه ده‌ره‌وه‌ی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌وه كه له سنووری سیاسی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌دا هه‌یه؟.
سیسته‌م چه‌مكێكی سه‌ره‌كی ئه‌و رێبازه‌یه كه به دروسته‌خوازی ناسراوه، سیسته‌م به‌و مانایه‌ی كه گێلنر به‌كاری هیناوه، یه‌كه‌مجار زمان‌ناسی سویسری(دۆ سۆسۆر) له وانه‌كانی خۆیدا له باره‌ی زانستی گشتی زماندا به‌كاری هیناوه و زمانی به‌وه پێناسه‌كردووه كه سیسته‌می ئاماژه‌كانه‌و ئاماژه‌كانیش به‌ر له‌وه‌ی به‌پێی ئه‌وسیسته‌مه به‌كاربهینرێن كه‌سانێك به شێوه‌یه‌كی هه‌ڕه‌مه‌كی و به بی بوونی بنه‌مایه‌كی لۆجیكی دایانناون و دواتر خه‌ڵكی ناو كۆمه‌ڵگا زمانیییه‌كه ره‌زا‌مه‌ندییان له‌سه‌رداون به‌كاریان هێناون.(بڕوانه:5/34)
سیسته‌م یان كۆمه‌ڵه یاسایه‌ك پێكی ده‌هینن یان كۆمه‌له نه‌ریتێك. جیاوازی نێوان یاسا‌و نه‌ریتیش ئه‌وه‌یه یاسا ده‌بێت هۆكاری هه‌بێت به‌لام نه‌ریت به‌بی هۆكاره. بۆنموونه كوڵانی ئاو هۆكارێكی هه‌یه هۆكاره‌كه‌ش رێژه‌یه‌كی دیاریكراو له‌گه‌رمییه كه سه‌د پله‌یه، گه‌ر ئێمه بپرسین ئاوه‌كه بۆ كولا وه‌ڵامه‌كه ئه‌وه‌یه كه گه‌رمبووه. به‌ڵام نه‌ریت هیچ هۆكارێكی نییه، بۆ نموونه گه ربپرسین بۆچی له زمانی كوردیدا به (درخت) ده‌وترێت دره‌خت و له زمانی عه‌ره‌بیدا ده‌وترێت (شه‌جه‌ره)، بیگومان وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره ئه‌وه ده‌بێت كه ئه‌وه نه‌ریته‌و ده‌بێت په‌یڕه‌و بكریت و كورد له كۆنه‌وه به‌دره‌ختی وتووه دره‌خت و عه‌ره‌بیش پیی وتووه شه‌جه‌ره‌و ئێستاش په‌یڕه‌وی له‌و نه‌ریته ده‌كرێت.
سیسته‌مێكی نه‌ریتی له‌گه‌ل سیسته‌مێكی یاساییدا به‌وه له‌یه‌كتر جیا ده‌كرێنه‌وه كه سیسته‌مه نه‌ریتییه‌كه كۆمه‌ڵه ئه‌بێت و نابێتێك به‌سه‌ر به‌كارهینه‌ره‌كانیدا ده‌سه‌پێنی كه هیچ لۆجیكیك له پشتیانه‌وه نییه، به‌ڵام سیسته‌می یاسایی له كۆمه‌ڵه یاسایه‌ك پێكهاتووه كه هه‌ر یه‌كه‌یان هۆكارێک بۆ بوونی هه‌یه. كاتێك ئه‌و سیسته‌مه به یاسایه‌ك له یاساكانی شتیك قه‌ده‌غه ده‌كات هۆكارێك بۆ قه‌ده‌غه‌كردنه‌كه‌ی هه‌یه، كاتیكیش شتیك رێگه به شتێكیش ده‌دات هۆكاریك بۆ ریپێدانی هه‌یه.
بۆ نموونه كاتیك سیسته‌می ته‌ندروستی به یاسایه‌ك خواردنیك له بازاردا قه‌ده‌غه ده‌كات به هۆی هۆكارێكی پزیشكیییه‌وه قه‌ده‌غه‌ی ده‌كات. به‌ڵام كاتیك له ناو خێڵێكدا هه‌ڵسوكه‌وتیك قه‌ده‌غه ده‌كرێت به هۆكارێك قه‌ده‌غه نه‌كراوه، به‌ڵكوو ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌ریتی ئه‌و كۆمه‌لگایه‌یه قه‌ده‌غه‌كراوه. جاری وا هه‌یه نه‌ریتێك له ناو خێڵیكدا هه‌یه كه زیان به‌و خیڵه ده‌گه‌یێنێ به‌ڵام تاكه‌كانی سه‌ر به سیسته‌می ئه‌و خێڵه ناكریت په‌یڕه‌وی لێنه‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش هۆكه‌ی ته‌نها ئه‌وه‌یه كه نه‌ریته. یاسا ده‌كرێت موناقه‌شه‌بكرێت و ده‌ستكاری بكرێت به‌ڵام نه‌ریت ناكرێت موناقشه بكرێت یان ده‌ستكاری بكرێت. ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یێنی سیسته‌می نه‌ریتی سیسته‌میكی نه‌گۆڕه به‌ڵام سیسته‌می یاسایی سیسته‌میكی گۆڕاوه.
كاتێك گێلنر له وه‌سفكردنی ده‌وڵه‌تی مۆدیرندا ده‌ڵێت ئه‌م ده‌وڵه‌ته كاری پار‌استنی سیسته‌مه، ئه‌وه‌ی روون نه‌كردووه‌ته‌وه مه‌به‌ستی له سیسته‌م سیسته‌می نه‌ریته‌كانی ده‌وڵه‌ته كه خۆی له ده‌ستوردا ده‌بینێته‌وه یان مه‌به‌ستی له سیسته‌می یاساكانی حكوومه‌ته؟ بێگومان ده‌وڵه‌ت هه‌ردوو سیسته‌مه‌كه ده‌پارێزیت، به‌ڵام پار‌استنی ئه‌م دوو سیسته‌مه جیاوازه. سیسته‌می نه‌ریتی به‌وه ده‌پاریزێت كه به نه‌گۆڕی بیهێڵیته‌وه به‌ڵام سیسته‌می یاساكان به‌وه ده‌پاریزێت كه له‌گه‌ڵ بارودۆخه‌كان و گۆڕانه ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا چاكسازیان تێدا بكات و بیانگۆڕێت.
ئه‌وه‌ی له ده‌وڵه‌تی مۆدیرندا په‌یوه‌ندی به سیاسه‌تی زمانییه‌وه هه‌یه له راستیدا ده‌كه‌وێته ناو نه‌ریته‌كانی ده‌وڵه‌ته‌وه نه‌ك ناو یاساكانی. واته ده‌كه‌وێته ناو ئه‌و سیسته‌مه‌وه كه سیسته‌می نه‌ریته‌كانه‌و نه‌گۆڕه‌و ده‌بێت ده‌وڵه‌ت به‌وه بیپارێزێت كه به نه‌گوڕی بیهێڵێته‌وه. هه‌ر ده‌وڵه‌تێك كه دروستده‌كرێت كۆمه‌له نه‌ریتێكی جێگیری بۆ داده‌نرێت، كه هیچ هۆكاریكی لۆژیكی له پشته‌ییه‌وه نییه‌و یه‌كێك له‌و نه‌ریتانه ئه‌وه‌یه كه زمانی ره‌سمی ده‌وڵه‌ت دیاری ده‌كات. گه‌ر زمانی ره‌سمی ده‌وڵه‌ت به نه‌ریتێكی نه‌گۆڕ دیاری كرا بێت و به‌یاسا گۆڕاوه‌كانی حكومه‌ت دیاری نه‌كرابێت ئه‌وه سیاسه‌تی زمانی له ده‌وڵه‌تی مۆدیرندا به‌و ئاراسته كارده‌كات كه زمانی ره‌سمی ئه‌و ده‌وڵه‌ته به نه‌گۆڕی بهێڵیته‌وه وببێته رێگر له به‌رده‌م هه‌ر هێزیكدا كه ده‌یه‌ویت ده‌ستكاری ئه‌و نه‌ریته بكرێت كه سیسته‌مه نه‌ریتییه‌كه‌ی ده‌وڵه‌ت سه‌پاندوویه‌تی.
به‌ر له‌وه‌ی ئێمه شه‌تره‌نج فێر ببین شه‌تره‌نج وه‌ك سیسته‌می یارییه‌ك بوونی هه‌بووه. ئه‌م سیسته‌مه‌ش بێگومان له رابردوودا كه‌سێك دایناوه. دانانی یاساكانی ئه‌و سیسته‌مه‌ش به شێوه‌یه‌كی هه‌ڕه‌مه‌كی بووه. بۆ نمونه ژماره‌ی خانه‌كانی شه‌تره‌نج یان یاسای جوڵاندنی داشه‌كانی یارییه‌كه ناكرێت بنه‌مایه‌كی لۆجیكییان هه‌بێت، به‌ڵكوو ئه‌و كه‌سه‌ی كه دایناوه به ئاره‌زووی خۆی دایناوه‌و له دانانیدا پرسی به‌كه‌س نه‌كردووه، ئه‌وانه‌ش كه ئاره‌زووی ئه‌و یارییه‌یان هه‌یه‌و فێری ده‌بن ناپرسن بۆچی خانه‌كانی یاری شه‌تره‌نج له‌وه زیاتر یان له‌وه كه‌متر نین؟ چوونكه ئه‌مه ده‌كه‌وێته ناوسیسته‌مه نه‌ریتییه‌كه‌ی شه‌تره‌نجه‌وه. به‌ڵام ئێمه ده‌توانین له یاری شه‌تره‌نجدا ده‌ستكاری شتانێكی تر بكه‌ین كه له‌ده‌روه‌ی دستوره نه‌ریتییه‌كه‌ی یارییه‌كه‌ن. بۆ نموونه ئێمه ده‌توانین داشه‌كانی شه‌تره‌نجه‌كه له‌و ماده‌یه دروست بكه‌ین كه خۆمان به گونجاوی ده‌زانین، ده‌توانین شێوه داشه‌كان له رووی هونه‌رییه‌وه بگۆڕین فیل یاقه‌ڵا به‌و شێوه‌یه دروستبكه‌ین كه خۆمان ده‌مانه‌وێت. به‌ڵام ناتوانی ئه‌و نه‌ریته بگۆڕین كه دستووره‌كه بۆ فیله‌كه یان ئه‌سپه‌كه‌ی داناوه. ئه‌وانه ئاره‌زوومه‌ندی ئه‌م یارییه‌ن ته‌نها له‌كاتی فێربووندا بۆیان هه‌یه یاساكان فێرببن و له یارییه‌كه‌دا به‌كارییان بهێنن بۆیان نییه یاسای نوێ دانێن بۆ یاریییه‌كه یان یاسایه‌ك له یاساكانی بگۆڕن. ئه‌وان ته‌نها یاسابه‌كارهێنی یارییه‌كه‌ن و یاسادانه‌ری یارییه‌كه نین.
له ڕیگه‌ی ئه‌م نموونه‌یه‌وه ده‌توانین له مه‌به‌ستی گێلنر تێبگه‌ین كه ده‌ڵێت ده‌وڵه‌ت ئه‌و دامووده‌زگایه‌یه كه ده‌كه‌وێته ده‌ره‌وی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و خه‌ڵكه‌ی كه له سنووری سیاسی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌دا ده‌ژین و ئه‌ركیشیان ئه‌وه‌یه كه سیسته‌می ئه‌و ده‌وڵه‌ته به‌سه‌ر كه‌سانی ناو كۆمه‌ڵگادا بسه‌پێنن له هه‌مان كاتدا پارێزگاریش له‌سیسته‌مه‌كه بكه‌ن له رێگه‌ی توندوتیژێیه‌كی ره‌واوه.
ده‌كرێت بپرسین ئه‌و سیسته‌مه كامه‌یه كه ئه‌و داموده‌زگایانه‌ی كه پێیان ده‌وترێت ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ر خه‌ڵكی ناو سنووری ئه‌و ده‌وڵه‌ته ده‌یسه‌پێنن و له رێگه‌ی توندوتیژیشه‌وه ده‌یپارێزن له‌هه‌ر تاكێك یان گروپێكی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه كه ده‌یه‌وێت سیسته‌مه‌كه بگۆڕێت یان ده‌یه‌وێت یاسایه‌ك له یاساكانی بگۆڕێت یان ده‌یه‌وێت هه‌ر په‌یڕه‌وی لێنه‌كات؟ له راستیدا سیسته‌م له ده‌وڵه‌تی مۆدێرندا ئه‌و ده‌ستووره‌یه كه له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تدا ده‌بێت به ده‌ستووری ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌و تێیدا سنووری سیاسی و شوناسی نه‌ته‌وه‌ی ئاینی و زمانی و كو‌لتوری ئه‌و ده‌وڵه‌ته دیاریده‌كرێت و هه‌وڵی سه‌پاندنی ده‌درێت له سه‌رانسه‌ری ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌دا، بۆ سه‌پاندنیشی رێگه‌ده‌درێت توندوتیژی به‌رابه‌ر هه‌رگروپێكی كۆمه‌ڵایه‌تی یان هه‌ر تاكێكی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌كار بهێنرێت كه دژی ئه‌م سه‌پاندنه‌یه.
گه‌ر ته‌ماشای نه‌خشه‌ی سیاسی جیهان بكه‌ین ئه‌مه باشتر ده‌رده‌كه‌وێت. له راستیدا كه‌س ناتوانێت وه‌ڵامێكی لۆژیكی ئه‌و پرسیاره بداته‌وه كه بۆچی سنووری سیاسی ده‌ڵه‌تێكی وه‌ك كوێت ئه‌وه‌نده كه‌مه‌و سنووری سیاسی ده‌وڵه‌تێكی وه‌ك ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان ئه‌وه‌نده زۆره؟ لۆجیكترین وه‌ڵام بۆ ئه‌م پرسیاره ئه‌وه‌یه كه وا دانراوه‌و زلهێزكانی جیهان وا له‌سه‌ری رێككه‌وتوون؟ گه‌ر بپرسین بۆچی له ده‌ستووری ئێران‌دا ده‌ستوور دراوه به‌وه‌ی كه مه‌زهه‌بی شیعه مه‌زهه‌بی ره‌سمی وه‌ڵات بێت له‌كاتیكدا مه‌زهه‌بی شیعه مه‌زهه‌بی كه‌مینه‌یه‌كه؟ وه‌ڵامی ئه‌م پرسه هه‌روه‌ك وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌ی تره؟ به هه‌مان شێوه گه‌ر بپرسین بۆچی له‌كاتی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی فه‌ره‌نسادا له دوای شۆڕشی فه‌رنسی زمانی فه‌ره‌نسی كرا به‌زمانی ئه‌و ده‌وڵه‌ته، له كاتێكدا له‌و سه‌رده‌مه‌دا ته‌نها له‌سه‌دا نۆزده‌ی خه‌ڵكی ناوسنوری ئه‌و ده‌وڵه‌ته به‌و زمانه ده‌دوان؟ ئه‌م پرسیاره‌ش وه‌ك پرسیاره‌كانی پێشوو هه‌مان وه‌ڵامی هه‌یه. گه‌ر بپرسین بۆچی ژماره‌یه‌كی چه‌ند هه‌زار كه‌سی بوونه‌ته خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی خۆیان و كورد كه ژماره‌یان چل ملیۆنه تا ئێستا نه‌بوونه‌ته خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی خۆیان؟ ئه‌وه سیاسه‌تمه‌دارێكی وه‌ك كیسنجر وه‌ڵامده‌داته‌وه‌و ده‌ڵێت: زلهێزه‌كانی جیهان كه ئه‌و كات چاره‌نووسی نه‌ته‌وه‌كان له‌ده‌ستیان بوو بیریان چوو كورد بكه‌ن به ده‌وڵه‌ت.ئه‌م وه‌ڵامه‌ش به هه‌مان شێوه ده‌چێته ریزی وه‌ڵامه‌كانی پێشووه‌وه.
ئه‌مه ئه‌وه ده‌گه‌یێنێ كه جوگرافیای سیاسی ده‌وڵه‌ته مۆدێرنه‌كان و شوناسه زمانی و ئاینی و ئێتنیكییه‌كانیان له ناو ده‌ستوورێكی نه‌گۆڕدا بڕیار له سه‌ر دیاریكردنیان دراوه‌و ئه‌و بڕیارانه بوونه‌ته نه‌ریتی ئه‌و ده‌ستووره‌و نه ده‌بێت پرسیار له باره‌یانه‌وه بكرێت نه‌ده‌بێت كه‌س بیر له گۆڕانیان بكاته‌وه. ئه‌م نه‌ریتانه له‌لایه‌ن گرووپه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه به بێ پرسیاركردن و بیركردنه‌وه ده‌بێت په‌یره‌وییان لێبكرێت. ئه‌مانه نه‌ریتی ده‌وڵه‌تی مۆدیرنن و یاسا نین تا بیر له گۆڕانیان بكڕێته‌وه.دیاری كردنی زمانی فه‌رمی ده‌وڵه‌تی مۆدیرنیش ده‌كه‌وێته ناو نه‌ریته نه‌گۆڕه‌كانی سیسته‌می ده‌وڵه‌ته‌وه نه‌ك یاسا گۆڕدراوه‌كانی. سیاسه‌تی زمانیش له ناو ده‌وڵه‌تی مۆدێرندا سه‌پاندن و پار‌استنی ئه‌و نه‌ریته زمانییه‌یه كه ده‌وڵه‌ت بڕیاری داوه وه‌ك نه‌ریتێكی خۆی له سه‌رانسه‌ری جوگرافیا سیاسییه‌كه‌ی خۆیدا وه‌ك تاكه نه‌ریتێك بیسه‌پێنی.
کاک عرفان و کاک جه‌عفه‌ر له ئامه‌د
1/1-1) ده‌وڵه‌تی مۆدێرن ناسیۆنالیزم
ئێمه تا له په‌یوه‌ندی ده‌وڵه‌تی مۆدێرن و ناسیۆنالیزم تێنه‌گه‌ین له‌و سیاسه‌ته زمانییه تێناگه‌ین كه ده‌وڵه‌تی مۆدێرن په‌ێڕه‌وی ده‌كات. بۆیه به‌ر له‌وه‌ی باس له‌سیاسه‌تی ده‌وڵه‌تی مۆدیرن بكه‌ین ده‌بێت باس له په‌یوه‌ندی ناسیونالیزم به ده‌وله‌تی مۆدیرنه‌وه بكه‌ین. بۆ پێناسه‌كردنی ناسیۆنالیزم ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ دوو ژێده‌ری ئه‌كادیمی گرنگ كه له بواری سۆسیۆپۆله‌تیكدا به دووژێده‌ری لێكۆڵینه‌وه ئه‌كادیمییه‌كانی بواری ناسیونالیزم ناسراون.
ناسیونالیزم به‌پێی دیاریكردنه‌كه‌ی گێلنر ( بنه‌مایه‌كه سیاسییه بڕوای وایه كه یه‌كه‌ی سیاسی (ده‌وڵه‌ت)و یه‌كه‌ی نه‌ته‌وه‌یی(نه‌ته‌وه) پێویسته پڕبه پێستی یه‌ك بن)(2/15) بزوتنه‌وه‌ه ناسیونالیستیه‌كه‌ش هێزێكه كار بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌م بنه‌مایه ده‌كات له ڕێگه‌ی سیاسه‌تێكی زمانی و كو‌لتوری و په‌روه‌رده‌یی تایبه‌ته‌وه، ئه‌و سیاسه‌ته‌ش ئه‌وه‌یه كه جیاوازییه زمانی و كو‌لتورییه‌كانی نێوان كۆمه‌ڵگا زمانی و ئێتنیكییه‌كانی ناو سنووری سیاسی ئه‌و ده‌وڵه‌ته نه‌هێڵێ له رێگه‌ی سه‌پاندنی ئه‌و زمان وكو‌لتوره‌وه كه ده‌وڵه‌ته‌كه به ره‌سمی له ده‌ستووری خۆیدا ناساندوویه‌تی بڕیاری له‌سه‌ر سه‌پاندنی داوه.
بۆ نموونه له دوای روخانی ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی له توركیادا و بردنه‌وه‌ی هێزێكی سیاسی وه‌ك ئیتحادوته‌رقی و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی مۆدێرن و بڕیاردانی ئه‌م هێزه له‌سه‌ر سه‌پاندنی زمان و كو‌لتوری توركی به‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و كۆمه‌ڵگا زمان و كو‌لتوره جیاوازانه‌ی كه ده‌كه‌ونه ناو سنووری سیاسی ئه‌و ده‌وڵه‌ته، ناسیونالیزمی توركی له ناو ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌دا وه‌ك هێزێكی مه‌ده‌نی كه له ده‌سته‌بژێره خوینده‌واره‌كه‌ی ئه‌وكاته پێكهاتووه، له ڕێگه‌ی سیسته‌مێكی په‌روه‌رده‌ییه‌وه و به‌هۆی داموده‌زگا مۆدێرنه‌كانی په‌روه‌رده‌و فێركردنه‌وه، ده‌ستده‌كات به‌سه‌پاندنی زمان و كو‌لتوری توركی به‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و گروپه كۆمه‌ڵایه‌تییه زمان و كو‌لتوره جیاوازانه‌ی كه ده‌كه‌ونه ناو سنووری سیاسی ده‌وڵه‌تی توركیاوه.
ناسیونالیزم به په‌ێڕه‌ویكردن له‌م سیاسه‌ته زمانی و په‌روه‌رده‌ییه هه‌وڵده‌دات یه‌كه‌ی كو‌لتوری و زمانی له‌گه‌ل سنووری سیاسی‌دا بكاته‌وه به‌یه‌ك. ناسیۆنالیزم بۆ ره‌وایه‌تی دان به كاره‌كه‌ی بانگهێشتی ئه‌وه ده‌كات به‌م كاره‌ی نه‌ته‌وه دروستده‌كات و ده‌وڵه‌ته‌كه له ده‌وڵه‌تێكی مۆدێرنه‌وه كه ده‌سه‌ڵاتیكی سیاسی تاكانه‌و مه‌ركه‌زی هه‌یه ده‌كات به‌ده‌وڵه‌تێكی نه‌ته‌وه‌یی كه له‌یه‌ك كاتدا خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتیكی سیاسی تاكانه‌و ناوه‌ندییه له‌گه‌ڵ زمان و كو‌لتورێكی تاكانه‌و ناوه‌ندیدا.ئه‌مه‌ش تاكه رێگایه‌كه بۆ ئه‌وه‌ی كه شوناسی نه‌ته‌وه‌و شوناسی ده‌وڵه‌ت ببنه‌وه به‌یه‌ك بۆ هه‌میشه له‌گه‌ل یه‌كدا وه‌ك یه‌ك شوناس بمێننه‌وه كه شوناسی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌كه‌یه.
نه‌ته‌وه له‌ده‌وڵه‌تی مۆدێرندا بوونی نییه‌و ده‌بێت ده‌وڵه‌ت له‌ڕێگه‌ی سه‌پاندنی یه‌كزمان و یه‌ك كو‌لتوره‌وه له ناو ده‌وڵه‌تدا دروستی بكات، به‌بێ ره‌چاو كردنی ئه‌وه‌ی كه كۆمه‌ڵگا زمان و كو‌لتور جیاوازه‌كانی ناو سنووری سیاسی ئه‌و ده‌وڵه‌ته به‌م سه‌پاندنه رازین یان نا. ده‌وڵه‌ت خاوه‌نی توند‌و تیژییه‌كی ره‌وایه‌و هه‌ر گروپێكی كۆمه‌ڵایه‌تی دژی سه‌پاندنی ئه‌و زمان و كو‌لتوره تاكانه‌یه ببێته‌وه كه ناسیونالیزم له‌سه‌رانسه‌ری ده‌وڵه‌تدا له رێگه‌ی داموده‌زگا په‌روه‌رده‌ییه‌كانه‌وه ده‌یسه‌پێنێ ئه‌وه دژی سیسته‌می ده‌وڵه‌ته‌و ده‌وڵه‌ت بۆی هه‌یه توندوتیژی دژی به‌كاربهێنی و سیسته‌مه‌كه‌ی خۆی بپارێزێت. بۆیه قه‌ده‌غه‌كردنی هه‌ركۆمه‌ڵگایه‌ك له زمان و كولتورهكهی خۆی بۆ ده‌وڵه‌ت كارێكی ره‌وایه‌و به به‌شێك له پارێزگاریكردن له سیسته‌می ده‌وڵه‌ت ده‌زانرێت.
ئه‌مه‌ی سه‌ره‌وه ئه‌وه ده‌گه‌یێنێ كه ده‌بێت له ناو هه‌رده‌وڵه‌تیكدا ته‌نها یه‌ك نه‌ته‌وه بوونی هه‌بێت ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌ش نه‌ته‌وه‌یه‌ك نییه كه به‌ر له‌دروستبونی ئه‌و ده‌وڵه‌ته مۆدێرنه بوونی هه‌بێت، به‌ڵكوو ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه نه‌ته‌وه‌یه‌كه ئه‌و ده‌سه‌ڵاته سیاسییه بڕیاری له‌سه‌ربوونی دروستكردنی داوه كه بووه‌ته خاوه‌نی ده‌وڵه‌ته‌كه. ئه‌م سیسته‌مه یه‌كیه‌تی نه‌ته‌وه په‌یوه‌ست ده‌كات به یه‌كیه‌تی ده‌وڵه‌ته‌وه‌و هه‌ر هێزێك دژی یه‌كیبونی نه‌ته‌وه دروستكراوه‌كه بوه‌ستێته‌وه ئه‌وه دژی یه‌كیبوونی ده‌وڵه‌ته‌كه وه‌ستاوه‌و هه‌ر هێزێكیش دژی یه‌كبوونی ده‌وڵه‌ته‌كه بوه‌ستێت ئه‌وه دژی یه‌كبوونی نه‌ته‌وه‌كه وه‌ستاوه. ئه‌م به‌یه‌ككردنه‌ی نه‌ته‌وه‌و ده‌وڵه‌ت ره‌وایه‌تی ده‌دات به‌ده‌وڵه‌ت بۆ نه‌هێشتنی فره‌زمانی و فره‌كو‌لتوریی له سنووره سیاسییه‌كه‌ی خۆیدا هه‌موو رێگایه‌ك بگڕێته‌به‌ر.
ئه‌م جۆره له‌ده‌وڵه‌ت كه به درێژایی دووسه‌دساڵه دامه‌زراوه‌و سیسته‌مه‌كه‌ی بووه‌ته هۆی سه‌رهه‌ڵدانی توندوتیژی به‌رده‌وام و هۆی ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كه له‌م جۆره له ده‌وڵه‌تدا نه‌ته‌وه‌و ده‌وڵه‌ت كراوه‌نه‌ته‌وه به‌یه‌ك و به هۆی ئه‌مه‌شه‌وه كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی كراوه به زه‌مینه‌ی ململانێی سیاسی و سه‌رهه‌ڵدانی توندوو تیژی.
به‌هۆی ئه‌م سیسته‌مه‌وه زمان و كو‌لتورو ئاین كه پێوه‌ندییان به كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نییه‌وه هه‌یه كراون به زه‌مینه‌یه‌ك بۆ ململانێی سیاسی و ئه‌مه‌ش وایكردووه كه ره‌وابێت بۆ ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی كه ئاین و كو‌لتورو زمان له‌گرووپێك قه‌ده‌غه بكات و له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه ده‌یه‌وێت به زمانی خۆی بدوێت یان له په‌روه‌رده‌كردنی منداڵه‌كانیدا په‌یڕه‌وی له ئاین و كولتورهكهی خۆی بكات كۆمه‌ڵكوژی بكات و له ناوی به‌رێت. كاتێك میلله‌تێك له سه‌ر زمانه‌كه‌ی یان كولتورهكهی له ناو ده‌برێت و توندوتیژی دژی به‌كار ده‌هێنریت، له‌وه‌وه‌یه كه ئه‌و میلله‌ته قبووڵی ئه‌وه ناكات له ناو ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌دا یه‌كه‌ی كو‌لتوری له‌گه‌ل یه‌كه‌ی سیاسی‌دا بكرێنه‌وه به‌یه‌ك.
مه‌رج نییه دژایه‌تی كردنی جێبه‌جێكردنی بنه‌مای ناسیونالیزم له‌لایه‌ن میلله‌تێكه‌وه دژایه‌تی كردنی ده‌وڵه‌ت بێت و هه‌وڵدان بێت بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌و دروستكردنی ده‌وڵه‌تیكی جیابووه‌وه له‌و ده‌وڵه‌ته. به‌ڵام دژایه‌تیكردنی جێبه‌جێكردنی ئه‌و بنه‌مایه له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی مۆدێرن و ده‌سه‌ڵاته سیاسییه‌كه‌یه‌وه ته‌نها یه‌ك ته‌فسیری بۆ ده‌كرێت ئه‌ویش ئه‌وه‌یه: كه ئه‌مه هه‌وڵێكه بۆ دژی دابه‌شكردنی ده‌وڵه‌ته‌كه بۆ دوو ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ. ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌یه كه له ناو ئه‌م ده‌وڵه‌ته مۆدێرنانه‌دا هه‌موو دابه‌شبوونێكی یه‌كه‌ی كو‌لتوری و زمانی بۆ چه‌ند یه‌كه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ له‌هه‌مان كاتدا به‌دابه‌شبوونی یه‌كه سیاسییه‌كه بۆ چه‌ند ده‌وڵه‌تیكی سه‌ربه‌خۆ ده‌زانرێت.
لێره‌دا ئه‌و هێزه سیاسیانه‌ی كه دژی بنه‌مای یه‌كزمانی و یه‌ككو‌لتوری و یه‌ك ئاینین و ئامانجیان ئه‌وه نییه كه ده‌وڵه‌ته‌كه دابه‌ش بكه‌ن بۆ چه‌ند ده‌وڵه‌تێك، مامه‌ڵه‌ی هه‌مان ئه‌و هیزه سیاسیانه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت كه به ناوی دژایه‌تی كردنی ئه‌و بنه‌مایه‌وه ئامانجیان دابه‌شكردن و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ته بۆ دوو ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ. له راستیدا بوونی چه‌ند یه‌كه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆی كو‌لتوری و زمانی له ناو سنووری یه‌ك ده‌وڵه‌تدا مومكینه‌و ده‌كرێت له ناو یه‌ك ده‌وڵه‌تدا چه‌ند نه‌ته‌وه‌یه‌كی زمان و كو‌لتور جیاواز هه‌بن و ده‌وڵه‌ته‌كه‌ش به هۆی بوونی ئه‌و چه‌ند یه‌كه كو‌لتوریی و زمانییه سه‌ربه‌خۆیه‌وه دابه‌ش نه‌بێت بۆ چه‌ند ده‌وڵه‌تیكی سه‌ربه‌خۆ، له‌وانه‌یه ده‌وڵه‌تی سویسری نموونه‌یه‌كی باش بێت بۆ سه‌لماندنی ئه‌م راستییه.
1/3)ده‌وڵه‌تی مۆدێرن و سیاسه‌تی زمانی و په‌روه‌رده‌یی
ده‌وڵه‌تی مۆدێرن به هۆی ئه‌وه‌وه كه په‌ێڕه‌وی له‌و سیسته‌مه ده‌كات كه ده‌وڵه‌ت و نه‌ته‌وه ده‌كاته‌وه به‌یه‌ك ناتوانێت ده‌وڵه‌تێكی ته‌واو دیموكرات بێت. ئه‌م ده‌وڵه‌ته له باڵاترین به‌رجه‌سته‌بوونی خۆیدا ته‌نها به‌رابه‌ر ئه‌و پارته سیاسییانه په‌ێڕه‌وی له دیموكراسیه‌ت ده‌كات كه د‌ستووری ره‌سمی ده‌وڵه‌تیان وه‌ك دستوورێكی ره‌هاو هه‌میشه‌یی قبوڵه. بۆ نموونه له ده‌وڵه‌تێكی وه‌ك فه‌ره‌نسادا كه له ده‌ستووردا زمانه‌كه‌ی و ئاینه‌كه‌ی و سنووره سیاسییه‌كه‌ی به شێوه‌یه‌كی هه‌میشه‌یی دیاریكراوه، ته‌نها به‌رامبه‌ر ئه‌و گرووپه سیاسیانه په‌ێڕه‌وی له دیمكراسیه‌ت ده‌كات كه ئه‌و نه‌ریته ده‌ستوریانه‌یان وه‌ك كۆمه‌ڵه نه‌ریتێکی هه‌میشه‌یی و نه‌گۆڕ قبووڵه. له ده‌وڵه‌تێكی وه‌ك توركیادا ته‌نها ئه‌و گروپه سیاسیانه ده‌توانن بچنه ناو گه‌مه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه كه نه‌ریته بنچنه‌ییه‌كانی ناو ده‌ستووری ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌یان قبولكردووه‌و له چوارچێوه‌ی ئه‌و ده‌ستوره‌دا كاری سیاسی ده‌كه‌ن. هه‌ر گرووپێكی سیاسی له ناو فه‌رنسادا یان له ناو هه‌ر ده‌وڵه‌تێكی تردا سه‌رهه‌ڵبدات و داوای ئه‌وه بكات كه‌سنووری سیاسی ده‌وڵه‌ته‌كه یان شوناسه سیاسییه‌كه‌ی یان شوناسه زمانییه‌كه یان شوناسه ئاینی بگۆڕێت، ده‌وڵه‌ت به هه‌موو شێوه‌یه‌ك دژی راده‌وه‌ستێت و هه‌موو رێگایه‌ك ده‌گرێته به‌ر له پێناو ئه‌وه‌دا نه‌یێته ناو گه‌مه‌ی هه‌ڵبژاردن و پرۆسه‌ی سیاسییه‌كه‌یه‌وه.
له ناو ده‌وڵه‌تی مۆدێرندا ئه‌وه‌ی شیاوه بخرێته ناو گه‌مه دیموكراسییه‌كه‌وه ده‌ستوور نییه به‌ڵكو یاساكانی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ته. گه‌ر له ده‌ستوریشدا گۆڕان رووبدات ئه‌و گۆڕانه نابێت پایه‌كانی ده‌ستوور بگرێته‌وه، بۆ نموونه نابێت ده‌ست له بڕیاره بدرێت كه له‌سه‌ر زمانی فه‌رمی ده‌وڵه‌ته‌كه دراوه، یان نابێت ده‌ست له‌و بڕیاره بدرێت كه له‌سه‌ر سیسته‌می سیاسی ده‌وڵه‌ته‌كه دراوه. بۆ نموونه له توركیادا له ده‌ستووردا وا بڕیار دراوه كه توركیا ده‌وڵه‌تیكی عه‌لمانییه. كاتێك پارتییه‌كی ئیسلامی له‌گه‌مه دیموكراسییه‌كه‌دا ده‌باته‌وه بۆی نییه توركیا له ده‌وڵه‌تێكی عه‌لمانییه‌وه بكات به ده‌وڵه‌تێكی ئیسلامی. له توركیادا پارتییه‌كی كوردی گه‌ر له گه‌مه سیاسییه‌كه‌شدا بباته‌وه بۆی نییه زمانی ره‌سمی ئه‌و ده‌وڵه‌ته كه توركییه بگۆڕێت بۆ زمانی كوردی. ئه‌م بڕیارانه‌ی ناو ده‌ستوور بڕیاری هه‌میشه‌یین و له‌گه‌ل دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی توركیدا دامه‌زراون و هه‌تا ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ش بمێنه ئه‌وانیش ده‌مینن. ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یێنێ كه دێموكراسیه‌ت له ده‌وڵه‌تی مۆدیرندا ته‌نها بۆ ئه‌و گرووپه سیاسیانه‌یه كه بنه‌ماكانی ده‌ستووری ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌یان وه‌ك كۆمه‌ڵه نه‌ریتێكی هه‌میشه‌یی قبوڵكردووه. ئه‌مه‌ش بۆ خۆی ئه‌وه ئاشكرا ده‌كات كه دێمۆكراسیه‌ت له ده‌وڵه‌تی مۆدێرندا ته‌نها دیموكراسیه‌تیكی سیاسییه‌و ته‌نها ئاڵوگۆر له نێوان پارتییه سیاسیه‌كاندا روو ده‌دات و له نێوان كو‌لتورو زمانه جیاوازه‌كاندا روو نادات.
بۆ نموونه ناكرێت له هیچ ده‌وڵه‌تیكی مۆدێرن ئه‌وه چاوه‌ڕی بكرێت كه گروپێكی زمانی و كو‌لتوری رێگه‌ی پێ بدرێت زمان و كولتورهكهی خۆی بخاته شوێنی ئه‌و زمان‌و كو‌لتوره‌ی كه له ده‌ستووردا وه‌ك زمان و كو‌لتوری فه‌رمی ئه‌و ده‌وڵه‌ته ناسراوه. بۆ نموونه ناكرێت چاوه‌رێی ئه‌وه بكرێت گه‌ر له گه‌مه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی بریتانیادا پارتییه‌ك كه له‌ناو سوكتله‌ندییه‌كاندا یان وێڵزییه‌كاندا سه‌ری هه‌ڵداوه گه‌مه‌كه به‌رێته‌وه، بۆی هه‌بێت زمانی ئه‌و ناوچه‌یه‌و كو‌لتوره ناوچه‌ییه‌كه‌ی بخاته شوێنی زمانی ئینگلیزی و كولتورهكهی كه له بنچینه‌دا زمان و كو‌لتوری ناوچه‌یه‌كه له ناوچه‌كانی بریتانیا. ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یێنێ كه ده‌وڵه‌تی مۆدێرن ته‌نها له سیاسه‌تدا په‌یڕه‌وی له دیموكراسیه‌ت ده‌كات و له كو‌لتورو زماندا په‌یڕه‌وی له تۆتالیتاریه‌ت ده‌كات.
له‌مه‌شه‌وه ده‌گه‌ینه ئه‌و ده‌ر ئه‌نجامه‌ی كه سیاسه‌تی زمانی و په‌روه‌رده‌یی له ده‌وڵه‌تی مۆدێرندا سیاسه‌تیكی تۆتالیتاره‌وه په‌یڕه‌وی له بنه‌مای شوناس و سه‌پاندنی یه‌كزمانی و یه‌كکولتوری ده‌كات له سه‌رانسه‌ری سنووری سیاسی ده‌وڵه‌تدا و رێگره له‌به‌رده‌م هه‌ر زمان و كو‌لتورێكدا كه ده‌یه‌وێت په‌ره‌بسینێ و ببێت به زمانی كو‌لتوره مۆدیرنه‌كه‌و داموده‌زگا ره‌سمییه‌كانی ناو ئه‌و ده‌وڵه‌ته. ئه‌مه‌ش هۆیه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كه ده‌وڵه‌تی مۆدێرن له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه دامه‌زراوه كه نه‌ته‌وه ده‌وڵه‌ت ده‌كاته‌وه به‌یه‌ك و داوا ده‌كات له سنووری سیاسی ده‌وڵه‌تدا یه‌ك زمان و یه‌ك كو‌لتورو یه‌ك په‌روه‌رده هه‌بێت تا نه‌ته‌وه له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تدا ببێته‌وه به‌یه‌ك.
ئه‌مه‌ی سه‌ره‌وه ده‌مانگه‌یێنێ به‌وه‌ی كه ده‌وڵه‌تی مۆدێرن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی په‌یڕه‌وی له‌و بنه‌ما سیاسییه‌ی ناسیونالیزم ده‌كات كه ده‌ڵێت ده‌بێت یه‌كه‌ی كو‌لتوری پڕ به پێستی یه‌كه‌ی سیاسی بێت و له ناو یه‌ك ده‌وڵه‌تدا یه‌ك نه‌ته‌وه‌و یه‌ك زمان و یه‌ك كو‌لتوری ره‌سمی هه‌بێت. سیاسه‌ته زمانییه‌كه‌شی په‌یڕه‌وی كردنه‌و له بنه‌مای تاكزمانی و رێگه گرتنه له‌وه له ناو سنووری سیاسی ده‌وڵه‌تدا فره زمانی بێته ئاراوه.
2/1) بزووتنه‌وه كوردییه‌كان و ده‌وڵه‌تی مۆدێرن
به‌ر له‌وه‌ی باس له سیاسه‌تی زمانی له‌لای بزووتنه‌وه كوردییه‌كان بكرێ ده‌بێت بزووتنه‌وه كوردییه‌كان له بزووتنه‌وه ناكوردییه‌كان جیا بكڕێنه‌وه، چونكه سیاسه‌تی زمانی له ناو ئه‌م بزووتنه‌وانه‌دا په‌یوه‌سته به‌و بنه‌مایه‌وه كه ئه‌و بزووتنه‌وانه ده‌كات به بزووتنه‌وه‌ی كوردی. بۆیه له‌سه‌ره‌تاوه ده‌بێت بپرسین: مه‌به‌ستمان له بزووتنه‌وه كوردییه‌كان چییه ؟ كام له‌و بزووتنه‌وه مۆدێرنانه‌ی كه له ناو كۆمه‌ڵگای كوردیدا له‌سه‌رده‌مه مۆدێرنه‌كه‌دا سه‌ر هه‌ڵده‌ده‌ن ده‌توانین به بزووتنه‌وه‌ی كوردی ناویان به‌رین و كامانه‌یان ناتوانین به بزووتنه‌وه‌ی كوردی ناویان به‌رین؟ ئه‌و بنه‌مایه كامه‌یه كه بزوتنه‌وه‌یه‌كی مۆدێرن پێی ده‌بێت به بزووتنه‌وه‌یه‌كی كوردی؟
مه‌به‌ستمان له بزوتنه‌وه كوردییه مۆدێرنه‌كان ته‌نها ئه‌و بزووتنه‌وه سیاسییانه نین كه له فۆرمی پارتییه‌كی سیاسی‌دا به‌رجه‌سته‌بوون، به‌ڵكوو مه‌به‌ستمان له‌و بزووتنه‌وه رۆشنبیری و ئاینی و كۆمه‌ڵایه‌تییا‌نه‌ی ناو كۆمه‌ڵگا كوردییه مۆدیرنه‌كه‌شه كه له كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی نۆزده‌و سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌مه‌وه سه‌ر هه‌ڵده‌ده‌ن. هه‌موو ئه‌و بزووتنه‌وانه‌ی كه له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا سه‌رهه‌لده‌ده‌ن بزووتنه‌وه‌ی مۆدێرنن، به‌ڵام مه‌رج نییه هه‌موو ئه‌و بزووتنه‌وانه بزووتنه‌وه‌ی كوردی بن.
بنه‌مای مۆدێرن بوونی بزووتنه‌وه‌یه‌ك جیاوازه له بنه‌مای كوردبوونی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه. بنه‌مای مۆدێرنبوونی بزووتنه‌وه‌یه‌ك ئه‌وه‌یه كه بانگهێشت بۆ گۆڕینی كۆمه‌ڵگای كوردی بكات له كۆمه‌ڵگایه‌كی پریمۆدێرنه‌وه بۆ كۆمه‌لگایه‌كی مۆدێرن، له كۆمه‌ڵگایه‌كی كشتوكاڵییه‌وه بۆ كۆمه‌ڵگایه‌كی پیشه‌سازی، له خوێندن و په‌روه‌رده‌یه‌كی ئاینی ناو مزگه‌وته‌كانه‌وه بۆ خوێندن و په‌روه‌رده‌یه‌كی عه‌لمانی ناو زانكۆكان. به‌ڵام بنه‌مای كوردبوونی بزووتنه‌وه‌یه‌ك ئه‌وه‌یه كه بانگهێشت بكات بۆ دیموكراسیه‌ت و ئازادی له بوارێكدا كه له ده‌وڵه‌تی مۆدیرندا قه‌ده‌غه‌كراوه. ئه‌و ئازادییه‌ش ئازادی زمانی و كو‌لتورییه.
گه‌ر ناسیونالیزم وه‌ك گێلنرده‌ڵێت پره‌نسیپێكی سیاسی بێت و داوای ئه‌وه بكات یه‌كه‌ی سیاسی كه ده‌وڵه‌ته له‌گه‌ڵ یه‌كه‌ی زمانیی و كو‌لتوره كه نه‌ته‌وه‌یه بكرێنه‌وه به‌یه‌ك و له ناو جوگرافیای سیاسی ده‌وڵه‌تدا یه‌كزمان و یه‌ك كو‌لتور رێگه‌ی پێ بدرێت و بسه‌پێنرێ، ئه‌وه پره‌نسیپی كوردبوون داوا له هه‌ر بزووتنه‌وه‌یه‌كی كوردی ده‌كات كه له ناو سنووری سیاسی ده‌وڵه‌تدا یه‌كه‌ی سیاسی كه ده‌وڵه‌ته له‌گه‌ڵ یه‌كه‌ی زمانی و كو‌لتوری كه نه‌ته‌وه‌یه له یه‌كتر جیا بكرێنه‌وه و هه‌رمیلله‌تێكی ناو سنووری سیاسی ئه‌و ده‌وڵه‌ته ئازادبێت له‌وه‌ی كه چ زمانێك به‌كار بهێنی و په‌یڕه‌وی له چ كو‌لتورێك بكات. واته گه‌ر ده‌وڵه‌تی مۆدێرن له رێگه‌ی پره‌نسیپی سیاسی ناسیونالیزمه‌وه داوای ئه‌وه بكات له سنووری سیاسی ده‌وڵه‌تدا یه‌ك زمان و یه‌ك په‌ره‌وه‌ده‌و یه‌ك كو‌لتور هه‌بێت. ئه‌وه پره‌نسیپی كوردبوون داوای ئه‌وه ده‌كات له ناو ئه‌و سنووره سیاسییه‌دا په‌یڕه‌وی له فره‌زمانی و فره‌كو‌لتوری بكرێت.
پره‌نسیپی كوردبوون له سیاسه‌تی زمانی‌دا دژی ئه‌و سیاسه‌ته زمانییه‌یه كه ناسیونالیزم وه‌ك پره‌نسیپێكی سیاسی له‌ناو ده‌وڵه‌تی مۆدیرندا په‌یڕه‌وی لێده‌كات. ئه‌م لێكدژییه‌ی نێوان كوردبوون و ناسیونالیزم، بزووتنه‌وه مۆدیرنه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگای كوردی ده‌خاته به‌رده‌م دوو رێیانێك و ئه‌ویش ئه‌وه‌یه یان ده‌بێت وه‌ك بزووتنه‌وه مۆدێرنه‌كانی میلله‌تانی تر به تورك و فارس و عه‌ره‌بیشه‌وه په‌یڕه‌وی له‌و پڕه‌نسیپه سیاسییه بكه‌ن كه ناسیونالیزم داوای ده‌كات و به‌مه ببن به بزووتنه‌وه‌یه‌كی ناسیونالیستی. یان ئه‌وه‌یه په‌یره‌وی له بنه‌مای كوردبوون بكه‌ن و ببن به بزووتنه‌وه‌یه‌كی كوردی.
هه‌ر بزووتنه‌وه‌یه‌كی مۆدێرنی ناو كۆمه‌ڵگای كوردی وه‌ك بزووتنه‌وه فارسی و توركی و عه‌ره‌بییه‌كان په‌یڕه‌وی له پرنسیپه‌كه‌ی ناسیونالیزم كرد‌و بوو به بزوتنه‌وه‌یه‌كی ناسیونالیستی ئه‌وه ناتوانێت له‌هه‌مان كاتدا بووتنه‌وه‌یه‌كی كوردی بێت. به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه هه‌ربزووتنه‌وه‌یه‌ك له‌و بزووتنه‌وانه په‌یڕه‌وی له‌و پره‌نسیپه نه‌كردوو به پره‌نسیپی كوردبوون رووبه‌ڕووی جێبه‌جێكردنی ئه‌و پره‌نسیپه بوویه‌وه كه ناسیونالیزم جێ به‌جێی ده‌كات ئه‌وه بزووتنه‌وه‌یه‌كی كوردییه و به‌وه‌ش كه بزووتنه‌وه‌یه‌كی كوردییه ناتوانێت وه‌ك بزووتنه‌وه ناسیونالیسته‌كانی ناوچه‌كه بزوتنه‌وه‌یه‌كی ناسیونالیستی بێت.
ئه‌م كێشه‌یه رووبه‌رووی ئه‌و بزووتنه‌وه مۆدێرنانه نابێته‌وه كه له كۆمه‌ڵگا توركی و عه‌ربی و فارسییه‌كاندا سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن. ئه‌مه‌ش له‌به‌ر یه‌ك هۆیه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه فارسیبوون و عه‌ره‌بی بوون و توركی بون له‌گه‌ڵ پره‌نسیپه سیاسییه‌كه‌ی ناسیونالیزمدا یه‌كن و لێكدژ نین. بۆیه بزوتنه‌وه‌یه‌كی مۆدێرنی ناو كۆمه‌ڵگای توركی ده‌توانێت له هه‌مان كاتدا بزووتنه‌وه‌یه‌كی ناسیونالیستیش بێت و بزووتنه‌وه‌یه‌كی توركیش بێت. چوونكه توركیبوون و ناسیونالیزم هه‌ردووكیان له زمان و كو‌لتوردا په‌یڕه‌وی له تاك كزمانی و تاك كو‌لتوری ده‌كه‌ن.(بڕوانه: 3/ 531).
2/2) كوردبوون و بزووتنه‌وه كوردییه‌كان
هه‌ربزووتنه‌وه‌یه‌ك له‌ناو كۆمه‌ڵگای كوردیدا سه‌ر هه‌ڵده‌دات ئیتر بزووتنه‌وه‌كه هه‌رچی بێت، به‌وه ده‌بێت به بزووتنه‌وه‌یه‌كی كوردی كه پره‌نسیپی كوردبوون جێ به‌جێ بكات. كوردبوونیش پره‌نسیپێكه داوای یه‌كبوون ده‌كات له ناو جیاوازیدا. واته پارێزه‌ری جیاوازییه له‌ناو هه‌موو یه‌كبوونێكدا. ئیتر ئه‌و یه‌كبوونه یه‌كبوونی سیاسی بێت یان كو‌لتوری یان ئاینی یان زمانی. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه باس له سیاسه‌تی زمانی ده‌كه‌ین ده‌بێت باس له یه‌كبوونی زمانی كوردی له ناو جیاوازی زمانی‌دا بكه‌ین و بزانین چۆن كوردبوون زمانی كوردی له مێژووی په‌ره‌سه‌ندنی خۆیدا به ئاراسته‌ی یه‌كبوونی زمانی كوردی له جیاوازییه‌كانیدا ئاراسته‌كردووه.
زمانی كوردی به پێی ئه‌و ده‌قه‌نووسراوانه‌ی كه له‌به‌رده‌ستدا هه‌ن و ماونه‌ته‌وه, له دوای هاتنی ئیسلامه‌وه تا ئێستا به سێ قوناغی په‌ره‌سه‌ندنی خۆیدا تیپه‌ڕیوه‌و له‌و سێ قوناغه مێژووییه‌دا به پێچه‌وانه‌ی زمانه‌كانی تری ناوچه‌كه په‌یڕه‌وی له‌و پره‌نسیپه زمانییه كردووه كه جیاوازییه زمانییه‌كان له‌ناو یه‌كبوونی زمانی‌دا ده‌پارێزێت، بۆیه هیچ سیاسه‌تێكی زمانییه له واقعدا سه‌رناگرێت گه‌ر په‌یڕه‌وی له هه‌مان نه‌ریت و پره‌نسیپ نه‌كات كه زمانی كوردی له‌م سێ قۆناغه مێژووییه‌ی په‌ره‌سه‌ندنی خۆیدا په‌یڕه‌وی كردووه. ئه‌مه‌ش سێ قۆناغه مێژووییه‌كه‌یه:(بڕوانه:4/به‌شی سێهه‌م)
1)قوناغی بوونی زمانی كوردی به زمانی ده‌قه ئاینییه‌كان: ئه‌م قوناغه به ده‌قه ئاینییه‌كانی ئاینی حه‌قیقه‌ت به هه‌ردوو لقه‌كه‌یه‌وه واته ئاینی یارسان و ئاینی یه‌زیدی ده‌ست پێ ده‌كات و تا كۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده‌و هاتنی سه‌رده‌مه مۆدێرنه‌كه به‌رده‌وامه. یه‌كه‌م ده‌قی نوسراو له‌و ده‌قه ئاینیانه‌ی ماوه‌ته‌وه كه‌لامی ده‌وره‌ی (به‌هلوای ماهی)یه‌و به دیالێكتی هه‌ورامی نووسراوه. ئاینی حه‌قیقه‌ت به هه‌ردوو لقه‌كه‌یه‌وه واته به ئاینی یارسان و یه‌زیدیه‌وه له سه‌ده‌ی هه‌شتی كۆچی ده‌گاته لووتكه‌ی په‌ره‌سه‌ندنی خۆی. له‌م سه‌رده‌مه‌دا زمانی كوردی له ڕێگه چوار دیالێكتی جیاوازه‌وه ده‌قه ئاینییه‌كانی پێ تۆمار ده‌كرێت و یه‌كبوونی خۆی له ناو ئه‌م چوار دیالێكته جیاوازه‌دا ده‌پارێزێ و به‌مه بنه‌مای كوردبوون كه داوای یه‌كبوون ده‌كات له ناو جیاوازیدا، جێ به‌جێی ده‌كات. دیاڵیكته‌كانیش ئه‌مانه‌ن: هه‌ورامی ، لوڕی، سۆرانی، كرمانجی.
له باره‌ی بوونی زمانه‌كانی ناوچه‌كه به‌زمانی ده‌قی ئاینیی پیرۆز ته‌نها ده‌توانین باس له زمانی عه‌ره‌بی بكه‌ین چونكه زمانی فارسی و توركی نه‌بوونه‌ته زمانی ده‌قی ئاینیی پیرۆز. زمانی عه‌ره‌بی كه ده‌قی پیرۆزی قورئانی پێ تۆماركراوه په‌یڕه‌وی له‌م پره‌نسیپه نه‌كردووه‌و به پێچه‌وانه‌وه په‌یڕه‌و له پره‌نسیپێكی تر كردووه كه نه‌هێشتنی جیاوازی زمانییه له ده‌قی پیرۆزی تۆمار كراودا. قورئانی پیرۆز به‌ر له‌وه‌ی تۆمار بكرێت به چه‌ند شێوازێكی فۆنۆلۆژی جیاواز خوێنراوه‌ته‌وه كه زمانه‌وانه عه‌ره‌به‌كان به له‌حن ناویان بردوون. ئه‌م جیاوازیانه جیاوازی زمانی نه‌بوون به‌ڵكوو جیاوازی فۆنۆلۆجی بوون، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌كاتی تۆماركردنی قورئاندا بۆ پار‌استنی زمانی قورئان فۆنۆلۆژییه‌كی ستاندارد كه به ته‌جویدی قورئان ناونراوه له‌لایه‌ن پسپۆڕانی زمانی عه‌ره‌بی و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی خه‌لافه‌ته‌وه داده‌نرێت و كۆتایی به جیاوازییه ده‌نگیانه‌ش ده‌هێنرێت. كه‌چی زمانی كوردی كه ده‌بێت به‌زمانی ده‌قه پیرۆزه‌كان له لووتكه‌ی په‌ره‌سه‌ندنی خۆیدا له بری ئه‌وه‌ی كۆتایی به جیاوازییه‌كان بهێنی و ده‌قێكی ستاندارد له رووی زمانه‌وه دروستبكات په‌ره به جیاوازییه زمانییه‌كان ده‌دات و له‌و سه‌رده‌مه‌دا ده‌قه ئاینییه‌كانی ئاینی حه‌قیقه‌ت به چوار دیاڵێكتی جیاواز تۆمارده‌كرێن. ئه‌مه‌ش به‌لگه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه زمانی كوردی له بوونیدا به زمانی ده‌قی پیرۆز په‌یڕه‌وی له بنه‌مای فره‌یی كردووه، به‌ڵام زمانی عه‌ره‌بی به پێچه‌وانه‌ی زمانی كوردییه‌وه له بوونیدا به‌زمانی ده‌قی پیرۆز په‌یڕه‌وی له تاكزمانی و ستانداردێكی زمانی كردووه.
1)قۆناغی بوونی زمانی كوردی به زمانی ده‌قه ئه‌ده‌بییه‌كان: زمانی كوردی وه‌ك زمانه باڵاده‌سته‌كانی ناوچه‌كه له‌سه‌ده‌ی چواره‌می كۆچیییه‌وه ده‌بێت به زمانی تۆماركردنی ده‌قه ئه‌دبییه كلاسیكییه‌كان. له‌م قوناغه‌دا واته قۆناغی تۆماركردنی ده‌قه ئه‌ده‌بییه كلاسیكیه‌كان زمانی عه‌ره‌بی و فارسی و توركی په‌یڕه‌وی له سیاسه‌تێكی زمانی ده‌كه‌ن كه جیاوازه له‌و سیاسه‌ته‌ی كه زمانی كوردی په‌یڕه‌وی ده‌كات. ئه‌و سێ زمانه له تۆماركردنی ده‌قه ئه‌ده‌بییه‌كاندا په‌یڕه‌وییان له بنه‌مای یه‌كبوونی زمانی كردووه‌و له‌ڕیگه تاكه زارێكه‌وه بوون به زمانی ئه‌ده‌بیات، به‌ڵام زمانی كوردی به درێژای په‌ره‌سه‌ندنی ئه‌و قۆناغه په‌یڕه‌وی له‌و بنه‌ماو نه‌ریته كردووه كه له ده‌قه ئاینییه تۆماركراوه‌كاندا په‌ێره‌وی كردووه، زمانی كوردی له بری ئه‌وه‌ی له رێگه‌ی تاكه شێوه‌زارێكه‌وه ببێت به زمانی ئه‌ده‌بیاتی كلاسیكی كوردی جارێكی تر له ڕێگه‌ی چوار زاری جیاوازه‌وه ده‌قه ئه‌ده‌بییه‌كانی پێ تۆمارده‌كرێت كه ئه‌مانه‌ن: لوڕی، هه‌ورامی، كرمانجی، سۆرانی. به‌مه‌ش زمانی كوردی یه‌كبوونی خۆی له ناو جیاوازیییه زمانییه‌كاندا دووپاتكردوه‌ته‌وه‌و له‌بری ئه‌وه‌ی به یه‌كبوونی خۆی كۆتایی به جیاواییه زمانییه‌كانی ناو ده‌قه ئه‌ده‌بییه‌كان بهێنێ، به یه‌كبوونی خۆی پارێزگاری له جیاوازییه‌كان كردووه‌و بنه‌مای كوردبوونی له خۆیدا به‌رجه‌سته كردووه. له‌مه‌وه جارێكی تر ده‌گه‌ین به‌و ئه‌نجامه‌ی كه زمانی كوردی له مێژووی په‌ره‌سه‌ندنی خۆیدا په‌یڕه‌وی له سیاسه‌تی فره‌زمانی كردووه‌و وه‌ك زمانی عه‌ره‌بی و فارسی و توركی په‌یڕه‌وی له سیاسه‌تی تاكزمانی نه‌كردووه.
1)قۆناغی بوونی زمانی كوردی به زمانی خوێندنی و نوسینی مۆدێرن: دوای هاتنی مۆدێرنه بۆ ناو خه‌لافه‌تی عوسمانی و درووستبوونی ده‌وڵه‌ته مۆدێرنه‌كان له سنووری سیاسی ئه‌و خه‌لافه‌ته‌دا، میلله‌تانی ناوچه‌كه ده‌بنه خاوه‌نی ده‌وڵه‌ت و داموده‌زگای په‌روه‌رده‌یی مۆدێرنی خۆیان و كوردیش به هۆی ئه‌وه‌وه كه بێبه‌شده‌كرێت له درووستكردنی ده‌وڵه‌ت و داموده‌زگای خوێندن و په‌روه‌رده‌ی مۆدێرن. به‌ڵام زمانه‌كه‌ی شانبه‌شانی زمانی ئه‌و میلله‌تانه ده‌كه‌وێته ناو قوناغه مێژووییه نوێكه‌وه‌و له‌و پرۆسه مێژووییه‌دا وه‌ك زمانی ئه‌و میلله‌تانه‌ی كه‌بوونه خاوه‌نی ده‌وڵه‌ت زمانه‌كه‌ی ده‌بێته زمانی خوێندنه‌وه‌و نوسینی كو‌لتوره مۆدێرنه‌كه. زمانی كوردی له‌م قۆناغه‌شدا به پێچه‌وانه‌ی زمانی ئه‌و میلله‌تانه‌وه په‌یڕه‌وی له پار‌استنی جیاوازییه زمانییه‌كانی خۆی ده‌كات و یه‌كبوونی خۆی له رێگه‌ی ئه‌و جیاوازیانه‌وه ده‌پارێزێت. ئه‌مه‌ش په‌یڕه‌وكردنی سیاسه‌تێكی زمانیی ته‌واو پێچه‌وانه‌ی ئه‌و سیاسه‌ته زمانییه‌یه كه ناسیونالیزم له ده‌وڵه‌ته مۆدیرنه‌كانی جیهاندا په‌یڕه‌وی كردووه.
له ده‌وڵه‌تی مۆدیرندا بزووتنه‌وه ناسیونالیستییه‌كه په‌یڕه‌وی له‌و سیاسه‌ته زمانییه ده‌كات كه یه‌كبوونی زمانی به نه‌هێشتنی جیاوازی زمانی دروستده‌كات و ده‌یپارێزێت. به‌ڵام بزووتنه‌وه كوردییه‌كان له سیاسه‌تی زمانیی خۆیاندا تا ئێستاش په‌یڕه‌وی له‌و سیاسه‌ته زمانییه ده‌كه‌ن كه بنه‌مای كوردبوون ده‌یخوازێت. ئه‌و سیاسه‌ته‌ش پار‌استنی یه‌كبوونی زمانییه به پار‌استنی جیاوازیییه زمانییه‌كان.
ئه‌و بزووتنه‌وانه‌ی كه له كۆمه‌ڵگای كوردیدا له سیاسه‌تی زمانیی خۆیاندا وازیان له بنه‌مای كوردبوون هێناوه‌و و به ناوی یه‌كبوونی زمانی كوردی، یان به ناوی به ستانداردكردنی زمانی كوردییه‌وه ویستویانه وه‌ك بزووتنه‌وه ناسیونالستییه ده‌وڵه‌تییه‌كانی ناوچه‌كه په‌یڕه‌وی له پره‌نسیپی ناسیونالیزم بكه‌ن و كۆتایی به جیاوازییه زمانییه‌كانی ناو زمانی كوردی بهێنن شكستیان هێناوه‌و بۆ مانه‌وه‌ی خۆیان ناچار بوون بگه‌ڕینه‌وه سه‌ر ئه‌و سیاسه‌ته زمانییه‌ی كه بنه‌مای كوردبوون ده‌یخوازێت. له ئێستاشدا هه‌ربزووتنه‌وه‌یه‌كی سیاسی له ناو كۆمه‌لگای كوردیدا سه‌رهه‌ڵبدات ناچاره له راگه‌یاندنه‌كانی خۆیدا په‌یڕه‌وی له فره‌زمانی بكات و په‌ره به‌جیاوازییه زمانیییه‌كان بدات له پێناو مانه‌وه‌ی خۆیدا. به‌درێژایی ئه‌م سه‌ده‌یه هیچ بزووتنه‌وه‌یه‌كی سیاسی نه‌یتوانیوه له سیاسه‌تی زمانیی خۆیدا په‌یڕه‌وی له‌و سیاسه‌ته زمانییه بكات كه بنه‌مای ناسیونالیزم داوای ده‌كات. گه‌ر بۆ ماوه‌یه‌كیش په‌یڕه‌وی له‌و سیاسه‌ته كردبێت له قۆناغێكدا ناچار بووه بۆ مانه‌وه‌ی خۆی له ناو كۆمه‌ڵگادا ده‌ستبه‌رداری ئه‌و سیاسه‌ته زمانییه ببێت و بگه‌ریته‌وه بۆ ئه‌و سیاسه‌ته زمانییه‌ی كه سه‌رچاوه له بنه‌مای كوردبوونه‌وه ده‌گرێت.
2/3) سیاسه‌تی زمانیی له نێوان كوردبوون و ناسیونالیزمدا
له ئێستادا له‌ناو لێكۆڵه‌راندا دوو ڕوانگه‌ی جیاواز هه‌یه بۆ داڕشتنی سیاسه‌تێكی زمانی بۆ په‌ره‌پیدان به زمانی كوردی. روانگه‌یه‌كیان روانگه‌ی زۆربه‌ی ئه‌و مامۆستایانه‌یه كه له به‌شی كوردی زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستاندا مامۆستای زانستێك له زانسته‌كانی زمانن. به‌پێێ ئه‌م بۆچوونه ده‌بێت به‌رامبه‌ر زمانی كوردی هه‌مان ئه‌و سیاسه‌ته زمانییه په‌یڕه‌و بكرێت كه سه‌رچاوه له‌بنه‌مای ناسیونالیزمه‌وه ده‌گرێت و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ده‌وڵه‌ته مۆدێرنه‌كان له جیهاندا په‌یڕه‌وی ده‌كه‌ن .ئه‌و سیاسه‌ته‌ش دروستكردنی زمانێكی ستانداردی سه‌رتاسه‌رییه‌و نه‌هێشتنی جیاوازییه زمانییه‌كانه له زمانی خوێندن و نوسین و په‌روه‌رده‌دا. روانگه‌یه‌كی تریش بۆ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه هه‌یه، ئه‌ویش روانگه‌ی زۆربه‌ی ئه‌و لێكۆڵه‌رانه‌یه كه له باكووری كوردستان سه‌رقاڵن به زیندووراگرتن و په‌ره پێدانی زمانی كوردی. به پێ ئه‌م روانگه‌یه ده‌بێت سیاسه‌تێكی زمانی جیاواز له‌و سیاسه‌ته بگیرێته به‌ر كه ده‌وڵه‌تە مۆدێرنه‌كان به‌پێی جێبه‌جیكردنی پرێنسیپی ناسیونالیزم گرتویانه‌ته‌به‌ر. به‌پێی ئه‌م روانگه‌یه ده‌بێت په‌ره به‌و دیالێكته كوردیانه بدرێت كه بوونه‌ته زمانی خوێندن و نوسینی مۆدێرن و به هه‌ر ناوێك و هه‌ر پاساوێكه‌وه بێت رێگه نه‌گیرێت له هیچ دیاڵیكتێك له دیالێكته‌كان كه په‌ره به خۆی بدات و پێش بكه‌وێت. ئه‌م روانگه‌یان له‌گه‌ڵ پرێنسیپی كوردبووندا یه‌كده‌گرێته‌وه چونكه داوای یه‌كبوونی زمانی كوردی ده‌كات له رێگه‌ی پار‌استنی جیاوازییه زمانییه‌كانی دیالێكته‌كانه‌وه.
له‌مه‌وه بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه ئێمه له به‌رده‌م دوو پره‌نسیپی جیاوازداین بۆ دانانی سیاسه‌تێكی زمانی بۆ په‌ره‌پێدان به زمانی كوردیی. یه‌كه‌میان پره‌نسیپی كوردبوونه‌و ئه‌مه‌ش هه‌مان ئه‌و پره‌نسیپه‌یه كه زمانی كوردی به درێژایی ئه‌و سێ قۆناغه‌ی په‌ره‌سه‌ندنی خۆی كاری پێكردووه. به‌پێی ئه‌م پره‌نسیپه ده‌بێت سیاسه‌تیكی زمانی په‌یره‌و بكرێت كه ئازادی بدات به هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌كی زمانی ناو كۆمه‌ڵگای كوردی دیاڵێكته‌كه‌ی خۆی له پرۆسه‌ی خوێندن و نوسینی مۆدێرندا په‌ره پێبدات و رێگه بگرێت له هه‌ر هێزێك بیه‌وێت تاكه دیالێكتێك وه‌ك زمانی كوردی پێناسه‌بكات و وه‌ك زمانی خوێندن و نوسین و په‌روه‌رده‌ی مۆدێرن بیهێڵێته‌وه‌و دیالێكته‌كانی تریش وه‌ك شێوه‌زار پێناسه بكات و رێگه‌یان له پرۆسه مێژووییه‌كه‌ی په‌ره‌سه‌ندنیان بگرێت.
دووه‌میان پره‌نسیپی ناسیونالیزمه و به‌پێ ئه‌م پره‌نسیپه ده‌بێت یه‌كێك له‌و چوار دیالێكته‌ی كه له ئێستادا خوێندن و نوسینیان پێده‌كرێت. دیاری بكرێت و وه‌ك زمانی كوردی پێناسه بكرێت و دیالێكته‌كانی تریش رێگه‌یان لی بگیرێت له‌وه‌ی كه خوێندن و نوسینیان پێ بكرێت و بكرێنه‌وه به زمانی قسه‌كردن. ئه‌م سیاسه‌ته‌ش دژی ئه‌و ره‌وته مێژووییه‌ی په‌ره‌سه‌ندنی زمانی كوردییه‌و په‌یڕه‌وكردنی ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی زمانی كوردی په‌رته‌وازه‌بكات و هه‌ر دیالێكتێك له دیالێكته‌كان بۆ پار‌استنی بوونی خۆی له‌به‌رامبه‌ر دیالێكته‌كانی تردا خۆی وه‌ك زمانێكی سه‌ر به‌خۆ پێناسه بكاته‌وه.
سه‌رچاوه‌كان:
1- ایریك هوبسباوم: عصر الثوره، ت:د.فایز الصیاغ، المنڤمه العربیه لترجمة،بیروت 2008.
2- ایرنست غیلنر: الامم والقومیه،ت:د.مجید رضی،دار المدی، سوریا1999.
3- د. عرفان مسته‌فا:بوونی نه‌ته‌وه‌یی كورد له نێوان فه‌لسه‌فه‌و سۆسیۆپۆله‌تیكدا، چاپخانه‌ی ره‌نج، سلێمانی 2011.
4- د. عرفان مسته‌فا : كێشه‌ی زمان و دیالێكته كوردیه‌كان له روانگه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی زمانه‌وه، نامه‌ی دكتورا ، زانكۆی سه‌لاحه‌دین، 2009هه‌ولێر.
5- فردینان دو سۆسور: علم اللغه العام، ت:الدكتور یوئیل یوسف عزیز، دار افاق عربیة،بغداد،1985.
تێبینی: ئه‌م باسه‌ی سه‌ره‌وه یه‌کێک له‌و بابه‌تانه‌یه که له کۆنگره‌ی زمانی له ئامه‌د (دیاربه‌کر) 2-4ی مانگی مارسی 2012 پێشکێش کراوه. ئێمه زۆر سپاسی به‌ڕێز دوکتور عرفان مسته‌فا هه‌ورامی ده‌که‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگه‌ی پێداین ئه‌م بابه‌ته له "ڕوانگه" دا بڵاو بکه‌ینه‌وه. بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م ووتاره به مانای له دوودان و داگرتنه‌وه‌ی ئه‌و چوارچێوه تیورییه نییه که نووسه‌ر بۆچوونه‌کانی تێدا شی کردوونه‌ته‌وه.
وتووێژی سه‌بری ئاکگونوڵ له گه‌ڵ جه‌عفه‌ری شیخولئیسلامی پرۆفێسۆری یاریده‌ده‌ر و ڕاوێژکاری خوێندکارانی خولی لیسانس له زانکۆی کارلتون، ئۆتاوا، کانادا له کۆنفڕانسی زمانی کوردی له ئامه‌د (دیاربه‌کر) بۆ ڕۆژنامه‌ی ئینگلیسی زمانی "کوردیش گلۆب" که له هه‌ولێر بڵاو ده‌بێته‌وه.
ئه‌م چاوپێکه‌وتنه له ڕۆژی دووشه‌مۆ، 26ی مارسی 2012 له‌و ڕۆژنامه‌یه دا بڵاو کراوه‌ته‌وه
وه‌رگێڕان له ئینگلیسییه‌وه: حه‌سه‌نی قازی
گلۆب: بۆچوونت سه‌باره‌ت به ئەو کۆنفرانسە، بە تایبەتی ناوەکەی " کۆنفڕانسی زمانی نه‌ته‌وه‌یی کورد" چییه؟ ئه‌من به‌ڕاستی پێم خۆشه دیتنی ئێوه سه‌باره‌ت به ناسێنه و زمانی نه‌ته‌وه‌یی بزانم؟ پێوه‌ندی ئه‌وانه به‌یه‌که‌وه چییه؟جه‌عفه‌ری شێخولئیسلامی: ئه‌مه کۆنفرانسێکی زۆر باشه. به‌ر له‌هه‌موو شت زۆر به چاکی ڕێک خراوه. به شه‌خسه من ئه‌و ده‌رفه‌ته‌م بۆ هه‌ڵکه‌وت ئامه‌د ببینم. لێره له کۆنفڕانس زۆر چاک به‌دەو‌ری به‌شداران دا دێن. بابه‌تگه‌لی زۆر پێشکێش کران و ئه‌من به شه‌خسه زۆر شت سه‌باره‌ت به زۆر لایه‌نی زمانی کوردی فێر بووم که پێشتر نه‌مده‌زانین . نووسراوه‌ی ئاواش هه‌بوون که ئینسانی نا‌ئومێد ده‌کرد، چونکه که‌سه‌که هێندێک شتی ڕاکێشابوو و حه‌ولی دا‌بوو مانای پێ ببخه‌شێ،به‌ڵام هه‌مووشیان ئه‌وه‌یان به سه‌رکه‌توویی پێ جێبه‌جێ نه‌کرابوو. شتی ئاوا له زۆر کۆنفڕانسان دا ده‌بیندرێ، ته‌نانه‌ت له ڕۆژئاواش ئێمه خه‌ڵک ده‌بینین که کاری وا ده‌که‌ن. به‌ڵام کێشه‌یه‌کی وا نییه. من بۆخۆم بچمه هه‌ر کۆنفڕانسێک به مه‌به‌ستێکی ڕوونه‌وه ده‌چم. ئه‌ویش ئه‌وه نییە کە کۆنفڕانسه‌که چ بڕیارێک بدا و لە سەر چی ساغ بێتەوە. بۆ من ئامانجی کۆنفراسێکی ئەوتۆ ئەوەیە کە بیر‌و ڕا ئاڵوگۆڕ بکرێن و به‌کار بهێندرێن بۆ ئه‌وه‌ی من و تۆ له‌گه‌ڵ یه‌کتری بدوێین و یه‌کتری بناسین. له‌وانه‌یه بتوانین کارتی ویزیت له گه‌ڵ یه‌کتری بگۆڕینه‌وه یان هێندێک سه‌رچاوه بە یەکتر بناسێنین کە بە سوود بن بۆ لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی له‌وانه‌یه هه‌ردووکمان له سه‌ر هه‌مان بابه‌ت بیکه‌ین... بۆ نموونه،له به‌ر ئه‌وه‌ی به کوردیی سۆرانی بابه‌ته‌که‌م پێشکێش کرد زۆر کوردی سۆرانی ئاخێوی خه‌ڵکی باشووری کوردستان پرسیارم لێده‌که‌ن: ئه‌وه چۆنه تاکوو ئێستا ئه‌وان منیان نه‌ناسیوه. به‌ڕاستیش ئه‌وه ئه‌و خاڵه‌یه که مانا به کۆنفڕانس به‌ستن ده‌دا.
با بگه‌ڕێمه‌وه سه‌ر به‌شی دووهه‌می پرسیاره‌که‌ت. ئه‌و مه‌سه‌له‌ی زمان و ناسێنه‌ی نه‌ته‌وه‌یی یان نه‌ته‌وه، چ پێمان خۆش بێ و چ پێمان ناخۆش بێ، زۆر گرینگه. ئه‌وه له ژیانی هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌ک دا هه‌بووه؛ هێشتاش بۆ نمونه، له ژیانی نه‌ته‌وه‌یه‌کی وه‌ک ئه‌ڵمان دا دوای مێژووییه‌کی درێژ له دامه‌زرانی هه‌ر ماوه. هه‌ر له ساڵی ١٩٩٦-١٩٩٧ دا‌بوو ئه‌وان چاکسازییه‌کی نوێیان له ڕێنووس دا کرد! زمان هه‌میشه به‌شێکی سه‌ره‌کییه له ژیانی نه‌ته‌وه‌یه‌ک. بۆ کوردان من له‌وه دڵنیا نیم که ده‌بێ پێی بگوترێ زمانێکی نه‌ته‌وه‌یی یان نا. جا ئێمه هه‌رچۆنێکی نێوزه‌د بکه‌ین، پێم وا نییه ئه‌وه زۆر گرینگ بێ؛ هۆی ئه‌وه‌ی من وا ده‌ڵێم ئه‌وه‌یه کوردستان هێشتا ده‌وڵه‌ت- نه‌ته‌وه نییه. له ڕاستییدا هه‌تا مرۆ ده‌وڵه‌ت- نه‌ته‌وه‌یه‌کی نه‌بێ، به ڕاستی زه‌حمه‌ته ڕێککه‌وتنێکی گشتی بکرێ له‌و ڕووه‌وه؛ به ڕاستی به‌ته‌واوی دژواره. به‌ڵام [قسە کردن لە سەر ستاندارد کردنی زمان] قه‌ت زوو نییه. ئه‌من له‌و باوه‌ڕه دام کە قسه کردن له سه‌ر ئه‌وشتانه باشه، چونکه مه‌ترسی ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر شتێکی وا نه‌بێ و، باشووری کوردستان ێ سه‌ربه‌خۆیی ڕابگه‌یێنێ، ئەو کاتە رەنگە باسکردن لە بابەتی وەکوو رەسمی کردنی زمان ئاڵۆزییه‌کی زۆر و دژبه‌رییه‌کی زۆریش بێنێتە گۆڕێ؛ ئه‌وه له‌وانه‌یه باش نه‌بێ، جا بۆیه ئه‌وه باشه له ئێستاوه له سه‌ر دوان و قسه له سه‌ر کردنی ئه‌و جۆره بابه‌ته هه‌بێ.
گلۆب:هه‌ر وه‌ک ده‌زانی دروشمی کۆنفڕانس ئه‌وه‌یه که زمانی کوردی زمانی شارستانییه‌تی دێمۆكڕاتیکه. ئه‌و دروشمه‌ی کۆنفڕانس کاردانه‌وه‌یه‌که له ووڵامی ده‌ربڕینێکی ئه‌و دواییانه‌ی جێگری سه‌رۆکوه‌زیری تورکییه بوله‌نت ئارنج، که گوتبووی: " زمانی کوردی زمانی شارستانییه‌ت نییه".شێخولئیسلامی: له کۆنفڕانس دا باسێکی زۆر له سه‌ر ئه‌و ده‌ربڕینه کرا. ڕێکخه‌رانی ئه‌و کۆنفڕانسه هه‌ر له جێ‌دا گاڵته‌یان به‌و قسه‌یه ده‌هات. ئه‌وان سه‌لماندیان ئێستا کوردی ده‌توانێ زمانی شارستانییه‌ت، شارستانییه‌تی دێمۆکڕاتیک بێ، چونکه له‌م سه‌روبه‌نده دا مرۆ هه‌رچی بیهه‌وێ ده‌توانێ به زمانی کوردی بکا. نموونه‌یه‌ک له‌وه ئه‌مه‌یه که له باشووری کوردستان هه‌یه. له‌وێ کوردی زمانی پارلمانه، زمانی ده‌وڵه‌ته، زمانی زانکۆیه و ده‌کرێ به‌و زمانه پله‌ی دوکتورا وه‌ربگیرێ.
دوایه باسێکی دیکه‌ش هه‌یه که ئایا ئه‌وان چه‌نده به‌باشی له‌و زمانه که‌لک وه‌رده‌گرن؟ بۆ نموونه زۆر له کوردان، دۆستی زۆر باشی من، که زۆر له ئه‌ده‌بی کوردی چاک ده‌زانن و سی تا چل ساڵ کاریان له سه‌ر کردووه، به هیچجۆر له شێوه‌ی پێوه‌چاران به شێوه‌زاری کوردیی سۆرانییه‌وه ڕازی نین. پێم وایه ئێستا له باشووری کوردستان کورده‌کان پێویسته ده‌ورێکی ڕووناک‌بیری بده‌ن به‌زمان ، واته به ئاکادێمی کردنی زمان و ئه‌وه‌ش هه‌ڵده‌سووڕێ.
گلۆب: وه‌ک ده‌زانی قسه کردن و مشت‌ومڕ سه‌باره‌ت به ستاندارد کردنی له‌هجه‌کان کرا. بۆچوونت له‌و باره‌یه‌وه چییه؟شێخولئیسلامی: ئه‌من له‌و باره‌یه‌وه بابه‌تێکم به زمانی ئینگلیسی بڵاو کردووه‌ته‌وه. به‌ڕاستی ئه‌وه باشه که ئه‌و دیالۆگ و قسه‌له‌سه‌ر کردنه هه‌بێ.له‌وباره‌یه‌وه چه‌ندین بیر‌و ڕا هه‌ن. ئه‌وه سه‌رنجڕاکێشه کە بۆچوونی له‌مه‌ڕ ستاندارد کردنی زمانی کوردی ته‌نێ به وێژمانی سیاسیی کوردی به‌رته‌نگ نابێ. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر مرۆ بە وردی چاو له فکری هردر و و فیشتە ی [ئاڵمانیی] بکا سه‌باره‌ت به پێوه‌ندی نێوان زمان و نه‌ته‌وه، بۆی دەردەکەوێ کە [لە ناو کوردان دا] که‌سی وامان هه‌ن باوه‌ڕیان به بۆچوونی ئه‌وان هه‌یه. له‌وانه‌یه ئه‌وان هردر و و فیشته ش نه‌ناسن به‌ڵام بۆچوونیان به ته‌واوی وه‌ک ئه‌وان وایه-- ئه‌ویش ئه‌م باوه‌ڕه‌یه کە ئه‌گه‌ر گەلێک بیهەوێ به خۆی بڵێ نه‌ته‌وه ده‌بێ زمانێکی هه‌بێ، ئه‌ویش نه‌ک هه‌ر زمانێک، به‌ڵکوو زمانێکی تاقانه که هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌کی دیکه نه‌یبێ. بۆ نمونه، ته‌نانه‌ت ئێستآش ئه‌ڵمانییه‌کان پێیان وا نییه ئوتریش [کە زمانەکەی ئاڵمانییە] نه‌ته‌وه‌یه‌کی ڕه‌سه‌ن بێ. به نه‌ته‌وه‌یه‌کی ساخته‌ی داده‌نێن. جا ئێمه‌ش له باشووری کوردستان خه‌ڵکی ئاوامان هه‌یه که ئاوا بیر ده‌که‌نه‌وه. ئه‌وان پێیان وایه ده‌بێ بەس یه‌ک زمان هه‌بێ و ئه‌و زمانه‌ش زمانی یه‌کگرتووی کوردی یه؛ لە راستیدا، مەبەستی ئەوانیش له‌و زمانه یه‌کگرتووه کوردیی سۆرانییه. جا بۆیه لێره که‌ڵه‌کێکی زاراوه‌یی، پەیڤیی، له گۆڕێ دایه.
بۆچوونی دووهه‌م ڕوانگه‌ی فه‌ڕانسه‌یی یه. ئێڕنێست ڕێنان ، له ووتاره مێژووییه‌که‌یدا گوتی: زمان ده‌توانێ بانگه‌وازمان بکا بۆ یه‌ک گرتن به‌ڵام ناتوانێ یه‌کمان بخا—زمان لێره دا هۆکاری بڕیارده‌ر نییه. رێنان پێی وابوو کە هۆکاری بڕیارده‌ر " ئیراده" یه که له‌وانه‌یه گەلێک به‌ره‌و یەک چاره‌نووس و له پێناو ئامانجی وه‌ک یه‌ک ببا، بۆ نموونە هه‌بوونی " ده‌وڵه‌تێک" که " نه‌ته‌وه‌یه‌ک" دروست ده‌کا. هه‌ڵبه‌ت لێره دا که‌ڵه‌کێک، فێڵیک هه‌یه که من باسم نه‌کرد. ئه‌گه‌ر مرۆ لێی خورد بێته‌وه، ڕێنان یش هه‌ر هه‌مان فکری فیشته‌ی هه‌یه به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌کی زۆر زیره‌کانه ده‌ری بڕیوه؛ ده‌نا ئه‌گه‌ر وایه [و زمان ئەوەندە گرینگ نییە] ئه‌وان [واتە باڵادەستەکانی فەرانسەیی] بۆچی زمانی باسک یان نه‌کرد به زمانی فه‌رانسه، ئه‌وان فه‌ڕانسه‌یی یان کرد به زمانی ڕه‌سمی، که له ڕاستیدا ته‌نێ زمانی 40 له سه‌دی خه‌ڵکی ئەو وڵاتە بوو.
بۆچوونێکی سێهه‌میش هه‌یه که ئه‌من باوه‌ڕم به‌م بۆچوونه‌یه. ئه‌من پێم وایه پێوه‌ندی نێوان نه‌ته‌وه و زمان پێوه‌ندییه‌کی موتڵەق نییه، چونکه پێوه‌ندییه‌کی ئه‌وتۆ بوونی نییه. نه‌ته‌وه‌ی ئاوا هه‌ن که زمانێکی تاقانه یان ته‌نانه‌ت یه‌ک زمانیشیان نییه. ئه‌وان دوو یان سێ زمانیان هه‌یه، وه‌ک ئه‌فریقای باشوور که 11 زمانی هه‌یه، هیندووستان 19 زمان و، هەروەکی دەشزانی بێلژیک دوو زمان و نۆڕوێژیش دوو زمانیان هەیە. نموونه‌ی هه‌ره پڕ له ئاشتی سویس ه که چوار زمانی هه‌یه. له‌گه‌ڵ ئه‌وانه هه‌مووشیاندا، کاتێک باس دێته سه‌ر کورده‌کان، ئه‌من پێم وایه هه‌موو کوردێک پێداویستی به‌وه ده‌بینێ له ڕوانگه‌ی خۆیه‌وه باسی زمان و ناسێنه بکا، ده‌با بیکه‌ن و ئه‌وه زۆریش باشه. ئه‌گه‌ر بۆی هه‌ڵسووڕێ، ئێمه پێمان خۆش بێ و پێمان ناخۆش بێ ئه‌و به‌شداری له باسێکی ئاوا دا ده‌کا. به‌ڵام ئه‌گه‌ر خۆی له‌و باسه بدزێته‌وه به‌ڕاستی نابێ گوێی به شتێک ببزوێ یان ڕه‌چاوی کا هه‌رله به‌ر ئه‌وه کە هردر وای گوتوویه. به‌ر له هه‌موو شت ئه‌و قسه‌یه نزیکەی 200 ساڵ له‌مه‌و به‌ر گوتراوه. ده‌کرێ بگۆڕدرێ، چونکه ئێستا له دنیایه‌کی به‌ته‌واوی جیاواز دا ده‌ژین. با هه‌ر له تورکییه بڕوانین. ئه‌م تورکییه‌ی که من 25 ساڵ له‌وه‌ی پێش سه‌رم لێدا، ئێستا جیاوازه. مرۆ ده‌کرێ ببینه که شت چۆن ده‌کرێ بگۆڕێن. با ته‌ماشای باشووری کوردستان بکه‌ین. که‌وابوو، مرۆ ناتوانێ هه‌ر هه‌مان بۆچوونی هه‌بێ و پێڕه‌وی له هه‌مان سیاسه‌ت بکا که له کۆن دا هه‌بووه. ئه‌من پێم وایه له کۆنفڕانس دا قسه‌یه‌کی زۆر ژیرانه و له ڕاستیدا زۆر ڕوون هاته گۆرێ، بۆ نموونه، یه‌كێک له وێ گوتی، له ناوچه‌ی سۆرانی ئاخێو، ئێوه سۆرانی به‌کار بهێنن وه‌ک زمانی سه‌ره‌کی به‌ڵام زاراوەکانی دیکەش فێری منداڵان بکەن، با هەردوو ئەلفوبێ فێر بن. له جێی دی با زاراوەی دیکە دەکار بکرێ بەلام زاراوەکانی دیکە فێری منداڵان بکرێن. له ڕاستیدا منداڵان سه‌رنج ناده‌نه شتی ئاوا[وەکوو زەحمەتێک]، به‌ڵکوو به ئاسایی وه‌ری ده‌گرن. با ته‌ماشای خۆمان بکه‌ین، ئێمه چۆن زمانی یه‌که‌می خۆمان فێر بووین و [چەندین زمانی دیکەش]. به‌ڕاستی هه‌تا ئێمه فێری زمانی دووهه‌م نه‌بووین پرسێکی ئاوامان به مێشکی دا ڕانه‌برد. وا نییه؟ مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه بڵێم کاتێک ئه‌من چوومه خوێندنگه و به فارسی ده‌رسیان پێ ده‌گوتم، له‌وانه‌یه ڕنجم چێشتبێ و دڵنیام له ڕووی فێربوونه‌وه سه‌ده‌مه‌م پێ گه‌یشتووه چونکه زانست ئه‌وه به ئێمه ده‌ڵێ. به‌ڵام من وه‌بیرم نایه ئه‌و ده‌می چووبێتمه‌وه ماڵ و له دایکم پرسیبێ: " ئێمه بۆچی به زمانی کوردی ناخوێنین"؟ من وه‌بیرم نایه پرسیارێکی ئاوام کرد بێ. منداڵ گوێ ناداتە شتی وا. منداڵان باوه‌ر به ئێمه ده‌که‌ن و باوه‌ڕ به مامۆستاکانیان ده‌که‌ن. ئه‌وان پێیان وایه و، مرۆ ده‌بێ هیوادار بێ که وابێ ، کە ئه‌وه‌ی ئێمه ده‌یکه‌ین بۆ ئه‌وان باشه. که وابوو ئه‌وان بخه‌نه به‌ر کاردانه‌وه‌ی زمان، ده‌رفه‌تیان پێ بده‌ن با هه‌ر دوو ئه‌لفووبێیان فێر بن. ئه‌وان وه‌ری ده‌گرن و فێریان ده‌بن.
گلۆب: ئه‌تۆ له‌و بابه‌ته‌ی دا پێشکێشت کرد باسی ده‌وری مێدیایت کرد له سه‌ر ناسێنه‌ی کوردی. ده‌وری مێدیا له‌مه‌ڕ به‌ره‌وپێشبردنی زمان و له گه‌شه‌پێدانی ناسێنه‌ی نه‌ته‌وه‌یی کورد دا چییه؟شێخولئیسلامی: له ڕاستیدا ئه‌و بابه‌ته‌ی پێشکێشم کرد پوخته‌یه‌کی زۆر کورتکراوه‌ی کتێبه‌که‌م بوو،: Kurdish Identity, Discourse, and New Media (ناسێنه‌ی کورد، وێژمان و مێدیای نوێ." تێزی دوکتورایه‌که‌م نیزیکه‌ی 400 لاپه‌ڕه بوو. ڕاستت بوێ، وه‌شانخانه‌ی The Palgrave Macmillan که کاری ئاکادێمی بڵاو ده‌کاته‌وه پێیان گوتم ئه‌وه زۆردرێژه ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ وه‌ک کتێب چاپی بکه‌ین و به‌شی ئاوای تێدایه که لایه‌نی تیۆری زۆره و ئه‌وه شتێک نییه ئێمه بمانهه‌وێ؛ ئێمه بابه‌تێکمان ده‌وێ بۆ خوێنه‌ره‌وه‌ی ئاسایی. جا بۆیه ئه‌من 200 لاپه‌ڕه‌م لێ لابرد. و له کۆنفڕانسیش دا 200 لاپه‌ره‌که‌م کورت کرده‌وه بۆ 4 لاپه‌ڕه. بابه‌ته زۆر کورتکراوه‌که‌م و تێزی دوکتورایه‌که‌م سه‌باره‌ت به‌و مه‌سه‌له‌یه بوون: ده‌وری مێدیای گشتی،به تایبه‌تی له مه‌ڕ ده‌وری مێدیای نوێ وه‌ک تێلێڤیزیۆنی مانگیله و ئینترنێت، له سه‌ر ناسێنه‌ی کوردی. له لێکۆڵینه‌وه‌که‌م دا ئه‌و پرسه سه‌ره‌کییه‌ی که ده‌بوو ووڵامه‌که‌ی بدۆزمه‌وه ئه‌وه بوو کە چونکە کوردان هه‌میشه گله‌و گازنده‌یان کردووه له ده‌وڵه‌تان ( تورکییه، ئێران، عێڕاق و سوورییه) کە ئیزن ناده‌ن ناسێنه‌ی خۆیان هه‌بێ. بۆیه هیچ ڕێگایه‌کیان نەبووە کە بڵێن ئه‌وان کێن و چی‌یان ده‌وێ. جا ئێستا کە ئه‌و ده‌رفه‌ته‌یان ده‌ست که‌وتووه، کوردەکان به‌و مێدیایه چ ده‌که‌ن؟ کورده‌کان چۆن باسی خۆیان ده‌که‌ن؟ ئه‌وان سه‌باره‌ت به پێداویستییه‌کانی خۆیان و سه‌باره‌ت به ده‌رد و کوڵ و شادی و خۆشییه‌کانیان ده‌ڵێن چی ؟ ئه‌وان خۆیان چۆن ده‌ناسێنن و خه‌ڵکی دیکه چۆن ده‌ناسێنن؟ دۆزینه‌وه‌کانی من نیشان ده‌ده‌ن کە به له‌به‌ر چاو گرتنی هه‌موو شت و هەموو ئەو پڕۆسه و کرده‌وه کۆمه‌ڵایه‌تییانەی کە بە میدیایەوە گرێ دراون، کورده‌کان له‌و بواره دا کاری زۆر باشیان کردووه، سه‌ره‌رای ئه‌و ڕاستییه‌ی ئه‌وان هێشتا گوشاری سیاسی و ئابوورییان له سه‌ره. لایه‌نی سیاسی و ئابووری بۆ مێدیا هه‌تا بڵێی گرینگن، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر به مه‌به‌ستی سازدانی پێوه‌ندیی ده‌کار بکرێن. ئه‌گه‌ر مرۆ نه‌توانێ له ڕووی سیاسییه‌وه شتێک بکا یان ده‌ره‌تانی دارایی نه‌بێ، ئه‌و ده‌می چی له ده‌ست نایه و ناتوانێ ئه‌و پێوه‌ندییه دامه‌زرێنێ و، ئه‌و دوو هۆکاره‌ی سیاسی و ئابووریی تا ڕاده‌یه‌کی زۆر نێوه‌رۆک و شێوه‌ی مێدیا و ئه‌و زمانه‌ی به‌کاری ده‌هێنن دیاری ده‌که‌ن. جا به له‌به‌رچاوگرتنی هه‌موو شت، کورده‌کان توانیویانه بڵێن ئه‌وان کێن و ئه‌من سه‌باره‌ت به‌و شتانه به درێژیی دواوم. کاكڵی قسه‌که ئه‌وه‌یه: ئه‌من له‌و باوه‌ڕه دام تێلێڤیزیۆنی مانگیله، واته تێلێڤیزیۆنی ساتاڵایت، ئه‌و کاته‌ی که ته‌نیا هه‌ر MED-TV بوو ، بۆ ماوه‌یه‌ک هه‌ستێکی یه‌کێتی کوردی ساز کرد. ماوه‌یه‌کی کورت به دوای ئه‌وه دا به‌شه‌کانی دیکه‌ی کوردستانیش ده‌زگای تێلێڤیزیۆنی ساتاڵایتی دیکه‌یان وه‌کار خست و ئه‌وه‌ش جۆراوجۆرێتی زیاتر کرد. لێره دا ئه‌من مه‌به‌ستم ئه‌وه نییه بڵێم ئه‌وه شتێکی باش یان خراپ بوو. من ته‌نیا باسی ئه‌وه ده‌که‌م که دیتوومه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تێلێڤیزیۆنی مانگیله له‌سه‌ر بنه‌مای چاپ کردن هه‌ڵنه‌نراوه و له سه‌ر بناغه‌ی موسیقا و دەنگ و وێنان داندراوه، جا بۆیه، ئه‌من له‌و باوه‌ڕه دام توانیویەتی هێندێک له سنووره‌کانی خوێنده‌واریی، جینسییه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی، چینایه‌تی و سه‌رحه‌دی ده‌وڵه‌تی تێپه‌ڕێنێ – و ئه‌گه‌ر چی هه‌ر پارتییه سیاسییه‌ی هێشتا تێلێڤیزیۆنی مانگیله‌ی له مه‌ڕ خۆی هه‌یه ، ئه‌و ساتاڵایتانه یارمه‌تی ده‌که‌ن به وێژمانی ناسێنه‌یه‌کی به‌کۆمه‌ڵی پان کوردی. ئه‌وان هه‌ر وه‌ها یارمه‌تی ده‌که‌ن به--شتێکی زۆر چاوڕاکێش له ڕوانگه‌ی زمانناسیی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه -- که پێی ده‌گوترێ له‌یه‌ک تێگه‌یشتنی دوولایه‌نه. بۆ نموونه، ئه‌گه‌ر من بتوانم به سۆرانی قسه بکه‌م، ئه‌گه‌ر به ووردی و له سه‌ره‌خۆ قسه بکه‌م و ئه‌گه‌ر ئه‌تۆ بتوانی کورمانجی قسه بکه‌ی و ئێمه له یه‌کتری تێبگه‌ین، ئه‌وه له‌یه‌ک تێگه‌یشتنی دوولایه‌نه یه.
ئینترنێت ده‌ره‌تانی داوه به ده‌نگی نوێ بۆ ئه‌وه‌ی ببیسترێن: ده‌نگی ژنان، ده‌نگی کۆمه‌ڵگه پچووکتره‌کانی زمانیی، وه‌کوو هه‌ورامی و زازاکی/دملی. گه‌لی کوردیش ، وه‌کوو هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌کی دیکه، ئیدی چیتر هه‌ر به کار هێنه‌ری زانیاری نییه، به‌ڵکوو ده‌توانێ زانیاریش ئاماده بکا و بڵاویشی بکاته‌وه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، به دیتنی من ئینترنێت جۆراوجۆریی شێوه‌زاره کوردییه‌کانی خێراتر کردووه. بۆ نموونه، ئه‌من زۆر که‌م تووشی کورمانجی ئاخێوی ئاوا هاتووم که سه‌ر له ماڵپه‌ڕه سۆرانییه‌کانیش بدا، یان به پێچه‌وانه سۆرانی ئاخێوێک سه‌رله ماڵپه‌ڕه کورمانجییه‌کان هه‌ڵێنێ. پێم وانییه ئه‌وان بتوانن نووسینی یه‌کتری بخوێننه‌وه. دیاره ئه‌وه زۆر جیاوازه بۆ که‌سێکی وه‌کوو من یان پرۆفێسۆر حه‌سه‌نپوور. ئه‌وه کاری ئێمه‌یه. له به‌ر ئه‌وه‌ی کورمانجی ده‌زانین سه‌ری ماڵپه‌ڕه کورمانجییه‌کانیش ده‌ده‌ین، به‌ڵام زۆربه‌ی خه‌ڵک ئه‌وه ناکه‌ن. ئینترنێت وه‌ک تێلێڤیزیۆن نییە چونکە لە سەر بنەمای چاپ دامەزرا، دەنگ و رەنگی بەو شێوەیە نەبوو لە سەرەتا دا. بەڵام، ئینترنێت هه‌تا لایه‌نی بیستنی و دیتنی زیاتر بێ زیاتر وه‌ک تێلێڤزیۆنی لێ دێ. هەڵبەت له‌و بواره دا هێشتا زۆر کار ماوه که ده‌بێ بکرێ. هیوادارم حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان یان ته‌نانه‌ت دامه‌زراوه‌یه‌کی وه‌ک Kurdî-Der یان ئه‌نیستیتووی کورد له ئه‌سته‌نبووڵ مێدیای نوێ به‌کار بهێنن بۆ پێشخستنی زمان و ناسێنه‌ی کوردی و ئه‌وه به ڕێگای ئینترنێت دا بکه‌ن. من له خۆشیان شاگه‌شکه بووم کاتێک بیستم دۆستان له سوێد له ئای فۆن دا وانەی فێربوونی ئه‌لفووبێی کۆرمانجی یان ساز کردووه.
گلۆب: ئێستا ده‌مه‌وێ پرسیارێکت لێ بکه‌م سه‌باره‌ت به سیاسه‌تی کوردی له مێدیای کۆمه‌ڵایه‌تی دا وه‌کوو فه‌یس بووک و تویتر، نه سیاسه‌ت له پارڵمان و له سه‌ر کۆڵانان. وه‌ک ده‌زانی، پرۆفێسۆر ئه‌میری حه‌سه‌نپوور ووتارێکی نووسی له‌مه‌ڕ ساتاڵایه‌ته کوردییه‌کان و گه‌ڕان به دوای به ده‌ست هێنانی حاکمییه‌ت له ئاسمان دا . نه‌ته‌وه‌ی کورد نه‌یتوانی له سه‌ر زه‌وی واقع کوردستان ساز کا، مه‌به‌ستم ده‌وڵه‌تی کوردییه، به‌ڵام به ڕێگای ده‌زگا تێلێڤیزیۆنه‌کانی و لاپه‌ڕه‌کانی ئینترنێت وه‌کوو فه‌یس بووک ئه‌وه‌ی کرد.له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی وا هه‌ر یه‌که‌وه به‌شێکی کوردستانیان داگیر کردووه به‌وه ده‌زانن و حه‌ول ده‌ده‌ن پێشی بگرن. بۆ نموونه، نه‌خشه‌ی کوردستان و ئاڵای کوردستان له به‌ر گوشاره‌کانی تورکییه ئیزن نادرێ له فه‌یس بووک دا پۆست بکرێن و بڵاو بکرێنه‌وه.بۆچوونت له‌و باره‌یه‌وه چییه؟
شێخولئیسلامی: ئه‌من چیرۆکێکت بۆ ده‌گێڕمه‌وه سه‌باره‌ت به سه‌فاڕه‌تخانه‌ی تورکییه له ئۆتاوا. له ساڵی 2003، خوێندکارێکی کورد هاته لام و زۆر تووڕه بوو. خوێندکاره کورده‌کان کۆمه‌ڵه‌یه‌کی خوێندکاری زۆر باش و چالاکیان هه‌بوو؛ له‌وێدا هه‌م به کورمانجی و هه‌م به سۆرانی قسه‌یان ده‌کرد. هەموو بەشەکانی زانستگەکەمان بە تونێلێک بە یەکەوە گرێ دراون کە بە وەرزی سەرما بە تایبەت یەکجار قەرەباڵخ دەبێ. کۆمه‌ڵه خوێندکارییه‌کان ژماره‌یه‌کی زۆر بولته‌نیان لە سەر دیواری تۆنێلەکە هەبوو. بڵاویان ده‌کردنه‌وه و هه‌رلایه‌ی بانگه‌شه‌ی ده‌کرد بۆ کۆمه‌ڵه‌که‌ی خۆی. کورده‌کانیش بولته‌نێکیان هه‌بوو و نه‌خشه‌یه‌کی کوردستانیان تێدا بڵاو کردبووه‌وه. سه‌فاڕه‌تخانه‌ی تورکییه له ئۆتاوا—ئه‌وه‌ت له بیر دا بێ که ئۆتاوا ووڵاتی ئه‌وان نییه، ، بە زانستگەی گوتبوو کە ئەو خوێندکارانە دەبێ ئەو نەخشەیە (هەروەها ئاڵای کوردستانیش) لا ببەن. به‌ڵام کەسی بەرپرسی بەشی خوێندکارانی زانستگە، لیۆنارد لێبراندێ، پێی گوتبوون کە به هیچ جۆر کاری ئاوا ناکا و جه‌ختی کردبووه‌وه که خوێندکاره‌کانمان ئازادن هه‌رچییه‌کی ده‌یانه‌وێ بینووسن. پێی گوتبوون کە ئێره ووڵاتێکی ئازاده. ئێوه له نێو خۆی تورکییه دا گیروگرفتتان هه‌یه، نه‌ک لێره. ئه‌و زۆر ژیرانه بۆی نووسیبوون ئه‌وان لێره له کانادا ئیزن ناده‌ن که‌س په‌لامار به‌رێ بۆ سه‌ر سه‌فاڕه‌تخانه‌ی تورکییە و، هه‌ر ئاواش رێگا ناده‌ن لێره تورکییه هێرش بکاته سه‌ر بیری شارۆمه‌ندانی کانادا بە کوردەکانییەوە. جا بۆیە پێم سەیر نییە کە تورکیە ئەو خۆف و ترسەی هەبێ لە وشە و نەخشەی کوردستان لە سەر فەیسبوک. لە چەرخی ٢١ دا ئەمە جێگای سەرسوڕمانە. بەڵام، داخودا هه‌نگاوێکی ئاوا چ شوێنی ده‌بێ؟ من پێم وایه ئه‌وه کارێکی گه‌وجانه‌یه و زیاتر وه‌ک نوکته ده‌چێ، چونکه ناتوانن ئه‌و قه‌ده‌غه‌یه به‌رده‌وام بکه‌ن. به‌ڵام ئێمه‌ش ده‌بێ له کاره‌کانمان دا وورد بین چونکه فه‌یس بووکیش له زۆر ڕوویانه‌وه له سه‌ر بنه‌مای چاپ هه‌ڵنراوه؛ [دەکرێ سانسۆر و کۆنتڕۆڵ بکرێ]هێشتا ئه‌وه‌ی له ده‌ست نایه که تێلێڤیزیۆن ده‌یکا. تێلێڤیزیۆن ئامرازی هه‌ره کاریگه‌ره بۆ ساز کردنی ناسێنه‌ی نه‌ته‌وه‌یی به کۆمه‌ڵیی کورد.

هاوپرسه‌کی محه‌مه‌د سه‌بری ئاکگونول له گه‌ڵ دوکتور میخێل لیزنبێرگ سه‌رۆکی به‌شی فه‌لسه‌فه‌ی زانست له دیپارتمانی فه‌لسه‌فه‌ی زانکۆی ئامستردام- هوله‌ند، بۆ ڕۆژنامه‌ی ئینگلیسی زمانی گلۆب (هه‌ولێر) سه‌باره‌ت به کۆنفڕانسی زمانی کوردی له ئامه‌د. 2-4 ی مارسی 2012
ئه‌م هاوپرسه‌کییه له ژماره‌ی ڕۆژی سێشه‌مۆ 13ی مارسی 2012ی گلۆب دا بڵاو کراوه‌ته‌وه
وه‌رگێڕان له ئینگلیسییه‌وه: حه‌سه‌نی قازی
گلۆب: بۆچوونتان سه‌باره‌ت به کۆنفڕانسی زمانی نه‌ته‌وه‌یی کورد له دیاربه‌کر و ئه‌نجامنامه‌ی ئه‌و کۆنفڕانسه چییه؟ لیزنبێڕگ: ئه‌من پێم وایه ئه‌و کۆنفڕانسه گرینگییه‌کی یه‌کجار زۆری هه‌بوو. ئه‌وه نه ته‌نیا یه‌که‌م کۆنفڕانس بوو به‌و گه‌وره‌ییه له دیاربه‌کر، که هه‌تا ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر هه‌ر به خه‌یالیش دا نه‌ده‌هات بکرێ له‌وێ کۆنفڕانسێکی ئاوا ببه‌سترێ،به‌ڵکوو ڕووناکبیرانی هه‌موو پارچه‌کانی کوردستانیشی له ده‌وری یه‌کتری کۆ کرده‌وه که به هه‌موو له‌هجه جیاوازه‌کان قسه‌یان ده‌کرد. ئه‌وه نیشان ده‌دا له ماوه‌ی بیست ساڵی ڕابردوو دا، به‌ره‌پێشچوونێکی یه‌کجار زۆر ڕوویداوه.
سه‌باره‌ت به ئه‌نجامنامه‌ی کۆنفڕانس، ئه‌من پێم وایه جه‌خت کردن له سه‌ر پار‌استنی شێوه‌زاره جۆر به جۆره‌کان و پێداویستی به لێکۆڵینه‌وه‌ی زیاتری مه‌یدانی له سه‌ریان ته‌واو بڕیاری گرینگ بوون ، ئه‌نجامنامه به دروستی جه‌خت ده‌کا له سه‌ر ده‌وری منداڵان و په‌روه‌رده‌ی ئاستی سه‌ره‌تایی له پار‌استنی زمانی دایکی دا.
گلۆب: دوو بابه‌تی سه‌ره‌کی که له‌و کۆنفرانسه دا قسه‌یان له سه‌ر کرا" جیاوازی نێوان له‌هجه کوردییه‌کان وجیاوازی سیستمی ڕێنووس" و " یه‌کێتی زمانی نه‌ته‌وه‌یی کوردی" بوو، باشه کوردی، به چوار له‌هجه‌ی خۆیه‌وه چۆن ده‌توانێ ببێ به زمانێکی نه‌ته‌وه‌یی له کاتێک دا کورده‌کان پشتیوانی بناخه‌یی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌یه‌کیان نییه؟
لیزنبێرگ: ئه‌وه چیرۆکێکی زۆر ئاڵۆزه.به گشتی، بنه‌مای زمانه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان له ئیمپراتۆری عوسمانی دا له سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م دا داندرا، به‌ر له دامه‌زرانی ئه‌و ده‌وڵه‌ته تازه سه‌ربه‌خۆیانه‌ی که جێیان گرته‌وه. له کۆتاییه‌کانی حوکمی ئیمپراتۆری عوسمانی و به‌راییه‌کانی ده‌سته‌ڵاتی تورکییه، ژماره‌یه‌کی له زێده شوێنه‌وار به له‌هجه‌ی کورمانجی نووسران تا ئه‌وه‌ی که قسه کردن و نووسین به زمانه‌که له ساڵانی 1920کاندا به‌ته‌واوی قه‌ده‌غه کرا، به‌ربڵاوی تواندنه‌وه‌ی زمانی له‌و ده‌مییه‌وه به‌ڕوونی ده‌رده‌که‌وێ ئه‌گه‌رمرۆ ته‌نانه‌ت له زمانی ڕۆماننووسانی کورد بڕوانێ که ڕچه‌ی ئاشکرای ڕێزمانی تورکی به سه‌ر کاره‌کانیانه‌وه ده‌بیندرێ. بووژانه‌وه‌ی زمانی کوردی، به ته‌قریب له 1980کانه‌وه به کار و تێکۆشانی ژماره‌یه‌ک له ڕووناکبیران له هه‌نده‌ران مه‌یسه‌ر بووه.له‌وه‌تا ساڵانی 1990کانه‌وه، ژماره‌یه‌کی له زێده‌ی خه‌ڵک کاریان کردووه بۆ وه‌خۆ کردنه‌وه‌ی کوردی وه‌کوو زمانێکی قسه پێکردن و نووسێن له نێوخۆی تورکییه‌دا.
دوو پێشوه‌چوونی گرینگ—ئه‌گه‌رچی تا ڕاده‌یه‌ک ڕه‌مزی – دامه‌زراندنی کاناڵی تێلێڤیزیۆنی ده‌وڵه‌تیی کوردی زمانی ته‌ره‌ته‌شه‌ش و دانانی به‌شی کوردی له ژماره‌یه‌ک له زانکۆکانی تورکییه بووه؛ به‌ڵام پرسیاری گه‌وره ئه‌وه‌یه گه‌ڵۆ چۆن و که‌نگێ په‌روه‌رده‌ی زمانی دایکی کوردی ده‌توانێ ببێ به ڕاسته‌قینه‌یه‌ک له خوێندنگه سه‌ره‌تاییه‌کانی تورکییه دا. سیاسه‌ته‌کانی ده‌وڵه‌تیی تورکییه هه‌تاکوو ئێستا زۆر چه‌ق ناوه‌ند و تاکزمانانه بوون؛ ڕه‌نگه تێکۆشانی زیاتر پێویست بکا بۆ ناساندنی مۆدێله‌کانی فره زمانێتی ( وه‌کوو ئێسپانیا، کانادا و ئه‌فریقای باشوور) که هه‌ڕه‌شه نین له سه‌ر یه‌کپارچه‌یی ده‌وڵه‌ت.
له عێراق،سۆرانی ستاندارد بووه، به‌ڵام هه‌ر له سه‌رتاوه ئاشکرا بوو که ئاخێوانی بادینی به گشتی مه‌یڵی ئه‌وه‌یان تێدا نه‌بوو سۆرانی وه‌ک زمانی ستانداردی خۆیان قه‌بووڵ بکه‌ن. له حاڵی حازر دا وا وه‌به‌رچاو دێ که کوردی به‌ره‌و بارودۆخێکی جووتستانداردی بچێ ته‌نانه‌ت له کوردستانی عێڕاقیش، چ ده‌گا به‌وه‌ی له نێو کوردان له شوێنی دیکه دا.دیاره ده‌بێ ئه‌وه‌شمان له بیر بێ،بادینی چ له ڕووی رێزمان و چ له ڕووی ئه‌لفوبێوه ته‌واو وه‌ک کورمانجیش نییه. که‌وابوو، ئێستا زمانی کورد راسته‌قینه‌یه‌کی فره ستانداردی هه‌یه و هیچ سه‌به‌بێک به ده‌سته‌وه نییه چاوه‌ڕوانی یه‌کایه‌یه‌تییه‌کی به‌رچاو و هه‌موولایه‌نه له ڕێزمان و ئه‌لفووبێ دا بکرێ، هێندێک له ناسیۆنالیستی کورد له‌وانه‌یه داخ بۆ ئه‌وه بخۆن، به‌ڵام ئه‌و گریمانه‌یه که گۆیا یه‌کێتییه‌کی ته‌واوی زمانی پێویسته بۆ هوشیاری و هه‌ست و نه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌گه‌ر ڕه‌پ و ڕوو بیڵێم بێ بناغه‌یه و پاساوی بۆ نییه. بزووتنه‌وه‌ی به‌کارهێنانی زمانی کوردی تا ڕاده‌یه‌ک له خه‌بات به دژی ناوه‌ندی کردن و تواندنه‌وه‌ی زمانی دا گه‌شه‌ی کردووه، جا بۆیه چ پاساوێک نییه بۆ وه‌به‌ر گرتنی هه‌مان سیاسه‌تی چه‌ق ناوه‌ند له نێو کورده‌کان خۆیان دا. بۆ کورده‌کانی تورکییه ، وه‌خۆ کردنی ئه‌لفوبێی عه‌ڕه‌بی هه‌ر ئه‌وه‌نده واقیع بینانه نییه که وه‌خۆ کردنی ئه‌لفوبێی لاتین له لایه‌ن کورده‌کانی عێڕاق یان شوێنی دیکه.
گلۆب:ئێوه له‌و بابه‌ته‌ی دا که پێشکێشتان کرد باسی حوجره و مه‌دره‌سه ئایینیه‌کانتان کرد. ده‌وری ئه‌و مه‌دره‌سانه سه‌باره‌ت به به‌ره‌وپێشبردنی زمانی کوردی و ناسێنه‌ی نه‌ته‌وه‌یی کورد چ بوو؟
لیزنبێرگ: له مه‌دره‌سه‌کاندا له باکووری کوردستان، کوردی هه‌م وه‌ک زمانی قسه پێکردن و هه‌م زمانی نووسینی ده‌رس پێگوتنه‌وه هه‌ر نه‌بێ له سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌مه‌وه باو بووه. نیشانه‌ی ئه‌وتۆ به ده‌سته‌وه‌ن ده‌یسه‌لمێنن که هه‌م کوردی قسه پێکردن و هه‌م به‌کارهێنانی کتێبی خوێندن به زمانی کوردی و سه‌باره‌ت به کورد له لایه‌ن نووسه‌رانی وه‌ک عه‌لی ته‌ره‌ماخی و یۆنس خالقاتینی کراوه و یارمه‌تییان کردووه به ساز کردنی شێوه‌یه‌کی ستانداردی کورمانجی، که ئێستا ده‌کرێ له هه‌موو باکووری کوردستان دا ببیندرێ. ئه‌گه‌ر ئه‌وه ڕاست بێ( ئێمه به‌ڕاستی پێویستیمان به لێکۆڵینه‌وه‌ی زیاتر هه‌یه له سه‌ر ئه‌و پرسه)، که وا بوو، له‌وانه‌یه مه‌دره‌سه‌کان ده‌وڕێکی زۆر گرینگتریان گێڕابێ له ساز کردن و پار‌استنی زمانێکی یه‌کگرتووی کوردیی باکوور له‌وه‌ی که هه‌تا ئێستا پێی زاندراوه.
گلۆب:له که‌نگێوه ده‌کرێ بگوترێ کورده‌کان سیاسه‌تێکی زمانییان هه‌یه؟ و ئه‌و سیاسه‌ته‌له ڕووی مێژووییه‌وه چه‌نده کۆنه؟
لیزنبێرگ: نووسه‌رانی به‌رایی کورد وه‌کوو ئه‌حمه‌دی خانی و عه‌لی ته‌ره‌ماخی ووشیارییه‌کی زۆریان تێدا بووه سه‌باره‌ت به زمانه‌که‌یان، به‌ڵام شتێکیان نه‌بووه که بکرێ نێوی سیاسه‌تی زمانی لێ بندرێ. تێکۆشانی زۆر شێلگیرتر و نه‌پساوه‌تر له لایه‌ن تاکوته‌را و ڕێکخراوه کوردییه‌کان له کۆتاییه‌کانی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م دا کران. ته‌نێ له عێڕاقێ، که کوردی بوو به زمانێکی ڕه‌سمی،شتێک وه‌کوو سیاسه‌تی زمانیی کوردی پێش که‌وت. به‌ڵام ئه‌وه تائێستا کاردانه‌وه‌یه‌کی که‌می بووه له سه‌ر کورده‌کان له شوێنی دیکه.له‌وه‌تا ساڵانی 1980کان،ئه‌نیستیووی کورد له پاریس حه‌ولی داوه بۆ ساز کردنی په‌یڤی تێکنیکی یه‌کگرتووی کوردی و،ئه‌و کاره له لایه‌ن کاناڵه جۆره به‌جۆره مانگیله کوردییه‌کانیشه‌وه به شێوه‌ی له زێده کراوه ( ئه‌گه‌رچی به شێوه‌یه‌کی که‌متر ڕێک وپێک، چ ده‌گا به هه‌ره‌وه‌زی و یه‌کگرتووانه). که وابوو ئه‌و بانگه‌وازه به‌نێوبانگه ( یان به‌د ناوه) که ژماره‌یه‌ک له نووسه‌ران و ڕوناکبیران له ساڵی 2008 بڵاویان کرده‌وه که شێوه‌زاری سۆرانیی سوله‌یمانی وه‌کوو زمانی ستاندارد وه‌خۆ بکرێ بووه هۆی ساز بوونی دمه‌ته‌قه و دمه‌قاڵه‌ی زۆر گه‌رم. ئێستا ئه‌و سێناریۆیه‌ی که له هه‌مووان زیاتر وێده‌چێ هه‌بێ ئه‌وه‌یه کوردی وه‌ک زمانێکی فره ستاندارد ده‌مێنێته‌وه به هه‌بوونی چه‌ندین له‌هجه و ڕێنووسی جیاوازه‌وه و، ڕه‌نگه هێندێک یه‌کێتیی له ساز کردنی په‌یڤ و داڕشتنی ووشه‌ی تازه دا بکرێ ئه‌نجام بدرێ، به‌ڵام که‌متر له رێزمان یان ئه‌لفوبێ دا. به بۆچوونی من مه‌سه‌له‌ی زۆر گرینگتر و خێراتر ئه‌وه‌یه که کوردی به چ شێوه‌یه‌ک بکرێ به زمانێکی ته‌واو کارپێکراو له په‌روه‌رده، مێدیای گشتی و ته‌نانه‌ت له کار و باری ئیداری له ئه‌ستانه کوردنشینه‌کانی تورکییه دا.















